بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵی سۆمەریە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە گەندەڵییەکانی تری حکومەتەکەی مستەفا کازمی ئەوەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەبێ ھیچ رێگەپێدان و گرێبەستێکی رەسمی، پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکەیان بە کۆمپانیایەک سپاردووە بە ناوی (بسنز ئەنتڵ).
ئاماژە بەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ کە راستەوخۆ سەرپەشتی ئەو کۆمپانیا ئەمنییانە دەکات کە لە عێراق کاردەکەن، ئاگاداری چۆنێتی پێسپاردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد نییە بەو کۆمپانیا، کە ئەوەش بە گەندەڵییەکی گەورە دادەنرێت و بڕی پارە و قازانجەکەشی تەنھا مستەفا کازمی و کۆمپانیاکە و بەڕێوەبەری پێشووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد دەیزانن.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە پێناو بەرژەوەندی ھەژاران و ئەو کەسانەی کە داھاتیان کەم و سنوردارە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاساییدا بڕیاردیدا پێنج جۆر لەو بەشەخۆراکانەی مانگانە بە ھاووڵاتیان دەدرێت، بڕەکەیان زیاتر بکرێت.
روونیشیکردەوە، بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا بۆ ھەر ھاووڵاتییەک کیلۆیەک شەکر و زەیتێکی یەک لیتری و ٢٠٠ گرام چا و ٢٥٠ گرام شیر و کیلۆیەک ئاردی سفر دابین بکرێت.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەدواداچوون و وردبینی پێویستیان ئەنجامداوە لە لیستەکانی دابینکردنی نەوتی سپی لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانی کەرکوک بۆ خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک لە ماوەی نێوان ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ تا ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، کە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ دەکات.
روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی پەنجەمۆریان لە لیستەکانی دابەشکردندا وەرگرتووە، تێبینی ئەوە کراوە پەنجەمۆری ھاوشێوە کە بەھۆی دەستکاریکردن و ساختەکردنەوە تێکچووە ھەبووە، ھەروەھا جگە لە خەڵکی ئاوارە ناوی دیکەیان دۆزیەوەتەوە کە نەوتیان پێدراوە.
دەستەی دەستپاکی دەشڵێت، لەسەر ئەو دۆسیەیە و بەفەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دابەشکردنی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانی لە پارێزگای کەرکوک و دەستگیرکراون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری گوندی سەفرە لە ناحیەی دیاز کە دەکەوێتە سنوری زنجیرە چیای حەمرین لە سنوری پارێزگای کەرکوک، بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی لیوای دووی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقدا تەقییەوە و بەھۆیەوە نۆ پۆلیسی فیدراڵی کوژران و دوو پۆلیسی تریش بریندار بوون.
تەقیینەوەکە لە کاتێکدایە کە ناو بە ناو سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانی تر ئۆپەراسیۆن بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە سنووری قەزای حەویجە ئەنجام دەدەن، لە ئۆپەراسیۆنەکانیشدا چەندین مۆڵگەی تیرۆریستان لەناوبراون و ژمارەیەک تیرۆریستیش کوژراون، بەڵام تا ئێستا ناوچەکە بە تەواوی لە تیرۆریستان پاک نەکراوەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراون و ھێزی ئەمنی بڵاوکراونەتەوە، تەنھا رێگە بەو کەسانە دەدرێت بچنە ناوچەکە کە باج و مۆڵەتی رێگەپێدانیان پێیە.
وتیشی، ھۆکاری داخستنی ناوچەکە بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ دەگەڕێتەوە، کە چەند رۆژێکە بەردەوامە و داوای دامەزراندن دەکەن.
ھەر ئەمڕۆ لە بەغداد، کارمەندانی گرێبەستی ھێڵی ئاسمانی عێراق لەبەردەم بینای وەزارەتی گواستنەوە گردبوونەوە و داوایانکرد بکرێنە ھەمیشەیی.
لە بەسرەش فەرمانبەرانی گرێبەستی شارەوانی زوبێر لە گردبوونەوەیەکدا داوای بە ھەمیشەیی کردنیان کرد.
لە نەجەف و دیوانیەش جووتیاران خۆپیشاندانیان رێکخست و رێگای سەرەکی نەجەف و دیوانەیان داخست و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان کرد.
بە پێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق،"سودانی" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "برێت مەکگۆرک"رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا جەختی کردەوە لەوەی، عێراق وڵاتێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە، کاری لەپێشینەی حکومەتیش پاراستنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دروستکردنی ھاوپەیمانی ئابوری لە ناوچەکە و جیھان.
"سودانی" وتیشی، بە نیازە وەفدێک بنێرنە ئەمریکا، لە پێناو پتەوکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و روبەڕوبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و ھەروەھا وەبەرھێنان لە بواری وزە لە عێراق.
لای خۆشیەوە "مەکگۆرک" جەختی کردەوە لە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری و سەروەری عێراق، وتیشی "جۆ بایدن" ویستی پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدادی ھەیە.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بەڵێنیان داوە بەھیچ شێوەیەک دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق نادەن، تائەو کاتەی بڕگەیەکی تێدا جێگیر نەکرێت بۆ پابەندکردنی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەھای دۆلار.
راشیگەیاندووە، بەو پێیەی ئەرکی سەرەکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاران چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە، بە وردی چاودێری کارەکانی بانکی ناوەندیش دەکەن بەتایبەتی لەم چەند رۆژەدا کە لە بازاڕەکانی عێراق ناجێگیرییەکی زۆر لە بەھای دراوەکاندا ھەیە.
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی نێوانیان و بەچاودێری لیژنەیەکی رێکخراوی مانگی سوری نێودەوڵەتی، روفاتی ٢٩ سەبازی ئێرانییان رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و ئێرانیش روفاتی ٢٠ سەربازی رادەستی عێراق کردووەتەوە و سەرجەمیشیان لە جەنگی نێوان ھەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ کوژراون، جگە لە یەک روفات، ئەوانی تر نەناسراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاڵوگۆڕی روفاتەکان لە خاڵی سنوری زەرباتیە بەڕێوەچووە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەساڵی ٢٠٠٨ لە نێوان عێراق و ئێران ئیمزا کراوە.
بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق پەیوەستە بە ھەڵبژاردنی چەند ژمارەیەکی دیاریکراو، کە دەبنە ھۆی بردنەوەی خەڵاتێکی ماددیی گرانبەھا، ئەم پڕۆژەیە بە رەزامەندی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و بە نووسراوی یاسایی یانسیبی چاودێری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت.
بلیتی بەرنامەکە لە دوکان و مارکێتەکان دەفرۆشرێت و بەشداربوو لە ژمارە یەک تاکو ٤٢، شەش ژمارە ھەڵدەبژێرێت و ھەموو رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەیەک، تیروپشک بۆ ژمارەی بلیتەکان دەکرێت و براوەکان ئاشکرا دەکرێن، کە خەڵاتەکەی لە پێنج ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات و ٥٠٠ ملیۆن دینار دەڕوات.
بەشێک لە داھاتی بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق بەپێی یاسای لۆتۆی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بۆ پشتیوانیکردنی یەکەکانی داڵدەدان و پەیمانگاکانی خاوەنپێداویستی تایبەت و باخچەکانی ساوایان لە پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
نوسینگەی سودانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی پاڵپشتیکردن لە سەقامگیریی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار، بۆئەوەش پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی دەکەن.
روونیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار کاتییە و ھۆکارەکەی گۆڕانکارییە لە میکانیزمی کڕین و فرۆشتنی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و ھەموو ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کە رەوشی ئابووریی عێراق لە باشترین حاڵدایە.
نوسینگەی سودانی جەختیشیکردەوە، پێویستە ھەموو وەبەرھێنەر و بازرگانان، مامەڵە لەگەڵ بانکەکان و بانکی ناوەندی بکەن، بۆ گەرەنتیکردن و پاراستنی مافەکانیان بۆ ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی دەکەن، بەوەش سوودمەند دەبن لەو ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆیان دەکەن لە دانانی نرخ.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە نوسراوێکدا رایگەیاند، دوای پێکھێنانی لیژنەیەک لە دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بانکی رافیدەین و کۆمپانیایەکی جیھانی کارتی زیرەک، لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی سندوقی وەبەرھێنانی خانەنشینی کراوە بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرزو سولفە دراوەو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ھەژماری بانکی سندوقی وەبەرھێنانی خانەنشینی لە بانکی رافیدەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێک و ١٥٨ ملیار دیناری دەستەی خانەنشینی لە ھەژمارەکەدا ھەیە و بڕیاردراوە بڕە پارەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
عالیە نسەیف جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا رێکخستنی پرۆژە یاسایەکی بودجە پەیوەست دەکرێت بە بەرنامەی کاری حکومەتەوە کە ئەویش پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، جەختیشیکردەوە، پەیوەستکردنی بودجە بە بەرنامەی کاری حکومییەوە جۆرێک لە راستگۆی پیشاندەدات.
وتیشی، دوو ھۆکاری سەرەکی دواکەوتنی رەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کێشە و ناکۆکییە لەسەر بەھای دۆلار کە زۆربەی لایەنەکان و پەرلەمانتاران داوای کەمکردنەوەی دەکەن، لەگەڵ بۆچوونی جیاواز لەسەر خەمڵاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣دا.
ماھر حەماد جوھان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران راسپاردەی دەرکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕینی بەھای فرۆشی دۆلار، لە رێگەی رەخساندنی ھەلی کار و پاراستنی ھەژاران و گرنگیدانی زیاتر بە ماددەکانی کۆبوونی خۆراک.
وتیشی، لێکەوتەکانی گۆڕینی بەھای فرۆشی دۆلار ھەمووی نەرێنی نییە.
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق دووپاتیشیکردەوە، ھیچ رێککەوتنێک لە ئەنجومەنی نوێنەران و بانکی ناوەندی نییە بۆ دەستکاریکردنی بەھای فرۆشی دۆلار.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە بەغداد کۆبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای ھەڵبژاردن تاوتوێ کراون.
لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە و ھاوپەیمانیی سەروەریی سووننەکان و یەکێتی و پارتی بەشدارن لە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ھاوپەیمانێتییەکە کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکھێناوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، نزیکەی یەک ملیۆن و ١٧٠ ھەزار کەس لە عێراق کە بەھۆی شەڕی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانیان ئاوارەبوون، ھێشتا لە ئاوارەییدا دەژین، بەڵام زیاتر لە ٥٨ ھەزار ئاوارە کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین و ئەنبار و نەینەوان، لە رەوشێکی سەختدان و بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکان و ترسی ئەمنییەوە دەناڵێنن.
رێکخراوی کۆچ راشیگەیاند، لەو ٥٨ ھەزار کەسە، ٢٠ ھەزار و ٤٨٤ ھەزار کەسیان لە پارێزگای سەڵاحەددین و ١٦ ھەزار و ٩٦٢ کەسیان لە پارێزگای ئەنبار و ١٠ ھەزار و ٥١٢ کەسیان لە پارێزگای نەینەوا دەژین.