لیوا یەحیا رەسووڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا بە پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری بەڕێوەبەرایەتیی ھەواڵگریی سەربازیی و ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، دوو حەشارگەی داعش لە رۆژھەڵاتی دەریاچەی حەمرین لە سنووری دیالە کرانە ئامانج.
وتیشی، ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دیالە دوای گەیشتنیان بە شوێنی بەئامانجگیراو، تەرمی شەش تیرۆریستیان دۆزیەوە و تیرۆریستێکی تریشیان کوشت.
ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتێکدایە، ماوەیەکە جموجوڵ و پەلامارەکانی داعش زیادیانکردووەتەوە و تەنھا لەم مانگەدا چەند پەلامارێکی خوێناوییان لە سنووری کەرکوک و دیالە ئەنجامداوە.
میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە ئاشکرایان کرد، جارێکیتر پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی ھیشام ھاشمی پسپۆڕی بواری ئەمنی و گرووپە توندڕەوەکان، بۆ هەشتی مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو دواخراوە، چونکە داواکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە وەرنەگیراوە.
ھیشام عەبدولجەبار ھاشمی پسپۆڕی بواری ئەمنی و ستراتیژی و لێکۆڵەری بواری گرووپە توندڕەوەکان، رۆژی شەشی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەیوونەی شاری بەغداد لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، دوای زیاتر لە یەک ساڵ لە تیرۆرکردنی و لە رۆژی ١٦ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کەسێکیان پلەی ملازمی یەک سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە تۆمەتی کوشتنی ھیشام ھاشمی دەستگیر کرد.
سوعاد مالیکی ئەندامی لیژنەی ستراتیژی بۆ چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت رایگەیاند، ھەنگاوەکانی حکومەت دژی سپیکردنەوەی پارە و رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ رێگری لە قاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی عێراق، ھۆکاری دابەزینی بەھای دینارن.
راشیگەیاند، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دینار دابەشکردنی مووچەیە بە دۆلار، بەڵام ئەوەش چارەسەرێکی بنەڕەتی نییە.
سوعاد مالیکی وتیشی، ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لەبارەی دابەزینی بەھای دینار کردووە، بەڵام تائێستا وادەی ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە.
وائیل عەبدولەتیف لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دابەزینی بەردەوامی بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار، ھۆکارەکەی بۆ شکستی رێکارەکانی بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە و پێویستە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی رۆڵی کرداری خۆی بگێڕێت لە ھاوسەنگکردنی بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار.
وتیشی، دەستوەردانی دەرەکی رۆڵی ھەبووە لە قوڵکردنەوەی قەیرانەکە و ھۆشداریشیدا لە بەردەوامی ئەو ترسەی لە مامەڵە بازرگانییەکانی ھاوردەکرندا ھەیە و پێویستە لەچەند رۆژی داھاتوودا بەھای خستنەرووی دۆلار جێگیر بکرێت.
ئەمرۆ سەرۆک کۆمار بە یاوەری وەزیرانی رۆشنبیری و پەروەردە و ژینگە و کۆچ و کۆچبەران و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق گەیشتە موسڵ و لەگەڵ پارێزگار و یەکە ئیداریی و ئەمنییەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگاکە کۆبووەوە و دوای گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەیەکی نەجم جبوری پارێزگار سەبارەت بە دۆخی پارێزگاکە و ئاستەنگییەکانی بەردەم پێشخستنی دۆخی شارەکە لە رووی خزمەتگوزاری و بواری ئەمنی و ئابوری، لەوتەیەکدا جەختیکردەوە لە پێویستی خستنەگەری ھەوڵی ھەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان بۆ بوژاندنەوەی شارەکە لە رووی ئابوری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانەوە.
وتیشی، موسڵ توانای تێپەڕاندنی قۆناغە تاریکەکانی سەردەمی چەتەکانی تەکفیری ھەیە و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پێگە و دۆخی پێشووی خۆی و کێشەکانی چارەسەربکرێت و پەرە بە سەقامگیری ئەمنی و یەکڕیزی دانیشتووانەکەی بدرێت.
دواتریش سەرۆک کۆمار سەردانی خانەی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان و زانکۆی موسڵی کرد و کۆمەڵێک کتێبی پێشکەش بە زانکۆکە کرد.
سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، فراکسیۆنەکان لەسەر دابەشکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان رێککەوتوون و بە پێی میکانیزمەکانی پێشوو سەرۆکایەتی لیژنەکان دابەشدەکرێن.
وتیشی، بەر لە دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە مانگی داھاتوودا ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە و پەرلەمانتارانی نوێ لە شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەکارکێشاوەی رەوتی سەدر دەخرێنە ناو لیژنەکان. لە قۆناغی دواتریشدا سەرۆکایەتی لیژنەکان بەپێی ژمارەی کورسی فراکسیۆنەکان دابەشدەکرێت و ناکۆکییەکی گەورە لەو بارەیەوە نییە.
ئیحسان یاسری جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی لە ھەفتەی رابردووەوە کۆمەڵێک رێوشوێنی بۆ جێگیرکردنی بەھای دۆلار دەستپێکردووە و رێنمایش بۆ ئەو بانکانە دەردەکات کە دیاریکردوون بۆ فرۆشتنی دۆلار لە پشووی رۆژانی ( پێنجشەممە و ھەینی و شەممە و یەکشەممە) تاکو خستنەڕووی دۆلار بەردەوام بێت، ھەروەھا کاردەکەن بۆ دەستبەرکردنی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە بە مەبەستی گەشت و خوێندن و چارەسەر.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی دووپاتیشیکردەوە، لە رۆژانی داھاتوودا ھێندە دۆلار دەخرێتەڕوو کە تەواوی خواست پڕدەکاتەوە. ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە بانکەکان ھاوشێوەی ئەزمونی بانکەکانی لوبنان چەکی پارەی ھاووڵاتیان بە دینار ناگۆڕنەوە و رایگەیاند، ئەو زانیارییانە دوورن لەراستییەوە و بە رێژەیەکی زۆر دینار لە بانک و گەنجینەکانی بانکی ناوەندی ھەیە.
بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراویدا رایگەیاند، رێوشوێنەکانی خستەڕووی دۆلاریان ئاسانکردووە، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی گەشتیارن یان گەشت دەکەن، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی پشکی دەروازەی بانکەکان، ھەروەھا دەستیش دەکرێت بە زیادکردنی بڕی ئەو دۆلارەی بانکەکان وەریدەگرن.
بانکی ناوەندی خشتەیەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی لقی ئەو بانکانەی تێدایە کە ھاووڵاتییان دەتوانن دۆلاریان لێ بکڕن بە نرخی رەسمی کە ١٤٦ ھەزار و ٥٠٠ دینارە، ئەو پرۆسەیەش لە سبەینێوە دەستپێدەکات و رۆژانی سەری ساڵ و رۆژانی دواتریش کاری پێدەکرێت.
بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە نزیک ١٦٠ ھەزار دینار، ئەوەش نزمترین بەھا بوو لە مێژووی چاپی نوێی دیناری عێراقیدا، بەڵام ئەمڕۆ بەھای دینار بەرزبوویەوە و لە کاتی داخستنی بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بە ١٥٣ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە بۆسەیەکدا بە بەشداری ھێزی تایبەت و ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا، تۆمەتبار (ئەحمەد حەسەن جەواد) کە ناسراوە بە (ئەحمەد ڕۆمی) لە شاری کەرکوک دەستگیر کرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەحمەد ڕۆمی ھەڕەشە بووە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دیالە و تۆمەتبارە بە کوشتنی ١٠٠ کەس، پێشتر بە ماددەی ٤ی تیرۆر داوا کراو بوو، بەڵام لە پارێزگای دیالە ھەڵاتبوو بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک و لەوێ خۆی حەشاردا بوو.
رائید مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، ئیمزای ٦٥ پەرلەمانتاریان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکردووەتەوە، داواشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبن.
ھاوکات فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکی ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و رایگەیاند، ئیمزایان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار رێکبخرێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و ئابووریی عێراق بکرێت.
حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر لە تویتیکدا رایگەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی بەھای دینار و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر بژێوی ھاووڵاتیان، داوای رێکاری بەپەلە و گەڕاندنەوەی بەھای دینار بۆ ئاستی پێشتری دەکەن.
عەبادی وتیشی، ئەوان پێش دوو ساڵ ھۆشدارییان لە کەمبوونەوەی بەھای دینار دابوو، ئێستاش ھۆشداری لە بەردەوامبوونی سیاسەتی خوێنبەربوونی ئابووری دەدەن.
بە وتەی حەیدەر عەبادی، ئەمساڵ داھاتی نەوت ١٥٠ ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە ئەوە یەکسانە بە کۆی گشتی داھاتی نەوت لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧.
لەلایەکی ترەوە رائید مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، ئیمزای ٦٥ پەرلەمانتاریان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆکردووەتەوە، داواشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبن، ھەروەھا فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکیان ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و رایگەیاندووە، ئیمزایان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبارەی لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی بەھای دینار کۆکردووەتەوە.
بازاڕەکانی دراو لە عێراق ناجێگیرە، لە ئێستادا بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە ١٦٠ ھەزار دینار، بەراورد بە دوێنێ نزیکەی دوو ھەزار دینار بەھای لەدەستداوە.
بانکی ناوەندی عێراقیش رایگەیاند، دوای پشووەکانی سەری ساڵ و لە رۆژی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ١٢٧ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
ماوەی زیاتر لە دوو ھەفتەیە بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینی بەردەوامدایە، ئەوەش دوای ئەوەدێت کە بانکی ناوەندی عێراق بەراورد بە مانگی رابردوو بە رێژەی زیاتر لە ٤٠% خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە، ئەو کارەش بووە بە ھۆکاری نزمبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دۆلار.
بانکی ناوەندیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ فشاری کاتی لە ئەنجامی ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی دەگەڕێتەوە، داواشی لە بانکەکان کرد بەرپرسیارێتی ھەڵبگرن و کارئاسانی بۆ کڕیارەکانیان بکەن، داواشی لە بازرگانان کرد دۆلار لە بانکی ناوەندی بکڕن بە نرخی دیاریکراوی خۆی.
لەلایەکی ترەوە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە، پێویستە بانکی ناوەندی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەنگۆی نایاسایی و ھەر شتێک کە زیان بە بازاڕی ناوخۆیی بگەیەنێت و ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
ھاوکات پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، قەیرانی دراوی بیانی قەیرانێکی لەناکاوی تەکنیکییە، لەگەڵیدا کارکردن بە سەکۆیەکی نوێی ئەلیکترۆنی و دواکەوتنی حەواڵەکان بەھۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە.
کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا دەنگی داوە لەسەر بە ھەمیشەیی کردنی ٢٨٠ ھەزار مامۆستای وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە و بڕیارەکەش ئەو وانەبێژانە دەگرێتەوە کە رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقیان ھەیە.
عودەی عەواد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە ٣ ھەزار و ٢٧٣ فەرمانبەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە تائێستا بە شێوەی گرێبەست کاریان کردووە، بکرێنە فەرمانبەری ھەمیشەیی کۆمیسیۆن.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی وزاری، فەرمانێکی لەبارەی زیاتر کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران دەرکردووە و سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانیشی راسپاردووە، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ ئەو ھێزانە دابین بکەن کە رەوانەی سەر سنورەکان دەکرێن بۆئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی باشتر ھەموو سنورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران بپارێزن.
وتیشی، رێکارەکانی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکان، بۆ دژایەتی ھیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو زیاتر پاراستنی ئاسایش و ئارامییە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی ھەیە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی.
عودەی عەبدولھادی سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق سێ جار کۆبوونەوە و دانوستانی رەسمی لەگەڵ روسیادا کردوە، بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس٤٠٠ی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەمریکا رێگەی نەداوە و شکستی بە ھەر سێ ھەوڵەکە ھێناوە.
وتیشی، پلانەکانی ئەمریکا روون و ئاشکران و نایەوێت عێراق ببێتە خاوەنی ھێزێکی پێشکەوتوو بە تایبەتی لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، کە ئەوەش بووەتە ھۆکاری سەرەکی بە بەردەوامی پێشێلکردنی ئاسمان و سەروەری عێراق، چونکە خاوەنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو نییە.