میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، کازمی سەرۆکی کوتلەکانی بانگھێشت کردووە بۆ ئەنجامدانی خولی دووەمی گفتوگۆی نیشتمانی، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و دۆزینەوەی رێگە چارە بۆ قەیرانەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێی داواکارییەکەی کازمی، خولی دووەمی گفتوگۆی نیشتمانی رۆژی دووشەممەی داھاتوو بەڕێوەدەچێت و وردەکاری زیاتر نەخراوەتەڕوو.
١٦ی ئابی رابردوو، کازمی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە کۆشکی حکومی لە بەغداد کۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەشدا رەوتی سەدر بەشداری نەکرد و رایانگەیاند بەشداری کۆبوونەوە نھێنییەکان ناکەن کە بەرژەوەندی گەلی تێدا نییە.
"حەلبوسی" لە ١٠ خاڵدا بڵاویکردووەتەوە، دەبێت وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ئەنجومەنی پارێزگاکان تا کۆتایی ساڵی داھاتوو دیاری بکرێت. ھەروەھا سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت و حکومەتی داھاتوو تەواوی دەسەڵاتەکانی ھەبێت و جێی متمانەی گەل و ھێزە سیاسییەکان بێت.
داواشیکردووە، پێداچوونەوە بە ماددەی ٧٦ی دەستور بکرێت و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بگۆڕێت یاخود وەک خۆی بمێنێتەوە، ھەروەک، یاسای بودجە پەسەند بکرێت و یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستور ئامادەبکرێت.
لە دوایین خاڵیشدا حەلبوسی داوایکردووە، پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکبخرێت و ھەماھەنگی بکەن لە بارەی یاسای نەوت و غاز.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی داوەتەوە لەبارەی ئەو ١٠ خاڵەی دیاریکردووە بۆ گفتوگۆی نیشتیمانی و ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆی نیشتیمانی وتوێژی نێوان دوو لایەن نییە پێشمەرجی بۆ دیاری بکرێت، ئەوەی ئێستا ھەیە گفتوگۆی نیشتیمانییە و ھەموو لایەنەکان بەشداری تێدا دەکەن و پێویستە لە ئەنجامی گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسەکان بڕیار بدرێت و ھیچ لایەنێکیش بۆی نییە بۆچوونی خۆی بەسەر لایەنەکانی تردا بسەپێنێت.
ھاوپەیمانی فەتحیش کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاندووە، مەرجەکانی حەلبوسی بۆ گفتوگۆی نیشتیمانی خۆسەپاندن و فەرمانکردنە بەسەر پێکھاتەی شیعەدا و ئەوەش لە ھیچ ھێز و لایەنێک قبوڵ ناکەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە میدیاکان چەند ڕوونکردنەوە و ڕاگەیەندراوێکیان بە ناوی سیستانییەوە بڵاوکردوەتەوە لەبارەی رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و ئاڵۆزییەکانی شەقام، کە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە و ھیچ پەیوەندییەکیان بە سیستانییەوە نییە.
وتیشی، سیستانی چەند ساڵێکە بڕیاریداوە بەھیچ شێوەیەک تێکەڵی سیاسەت نەبێت و لەو ماوەیەشدا ھەموو جۆرە دەستوەردانێکی لە بواری سیاسەتدا راگرتووە، بۆیە لە ئێستا بەدواوە ھەر میدیایەکی عێراقی ڕاگەیەندراو یان ڕوونکردنەوە و ھەر بابەتێک بە ناوی سیستانییەوە بڵاوبکاتەوە، بە قورسی باجەکەی دەدات.

چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەماڵی نوری مالکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئێستای عێراق و ئاڵۆزییەکانی شەقام و دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام ھیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی تێدا نەدراوە.
میدیاکانی عێراقیش لە زاری سەرچاوەیەکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەوە بڵاویانکردوەتەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە کۆبوونەوەکەیاندا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستپێکردنی رێکارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بۆ دوای رێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن دوابخرێت.
باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و کشانەوەی موقتەدا سەدریش لە پڕۆسەی سیاسی، ئاڵۆزییەکانی عێراق زیاتر بووە، چونکە پێشتر خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی ھێمنانە دەکران، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە توندوتیژی و شەڕ و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان کە کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە جگە لە زیانە ماددییەکانیش.
وتیشی، ئەوەی ئێستا خۆپیشاندەران دەیکەن شەڕێکە لەبری موقتەدا سەدر لە دژی چوارچێوەی ھەماھەنگی، کە پێویستە بە زوترین کات کۆتایی پێبھێنرێت و رێگە نەدرێت لەوە زیاتر خوێنی عێراقییەکان بڕژێت.
“ئەلکسەندەر کینشاک” بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیی پیشانداوە ھاوکاری ھاوبەشە عێراقییەکانی لە بواری بەکارھێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆم و بەرھەمەکانی تیشکدانەوە بکات و لە زانکۆ روسیییە تایبەتمەندەکان مەشق و راھێنان بە کادرانی عێراق بکات.
بەرپرسەکەی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەی روسئەتۆمی سەر بە حکومەتی روسیا و ئاژانسی عێراقی بۆ چاودێری ماددە تیشکدەرەکان کە دوو دامەزراوەی تایبەتمەندن لە بوارەکەدا بە شێوەیەکی ھاوبەش کاردەکەن بۆ نوێکردنەوەی چوارچێوەی کاری پێکەوەیی و ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ھەماھەنگی لە بواری بەکارھێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆم.
بە پێی ئامارێکی رۆژنامەی( دادوەری) کە ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەریدەکات ، لە ساڵی رابردوودا جگە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ٢٥٩٤ حاڵەتی جیابوونەوەی ژنانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەکە ١٤٩٨ حالەت بووە، زۆرترین رێژەی جیابوونەوەش لە پارێزگای نەینەوا بووە کە ١١٥٥ حاڵەت بووە. بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٠دا (٤٤٢) حاڵەت تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ رێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ٧١٣ حاڵەت.
بە بڕوای دادوەری باری کەسێتی لە بەغداد، حاڵەتەکانی جیابوونەوە بە گشتی لە عێراق بەرزە بە دیاریکراویش لە نێو کچانی خوار تەمەنی یاسایی، دادوەران بە پێی یاسای باری کەسێتی مامەڵە دەکەن،کە تەمەنی ھاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ دیاریکردووە، رێگەش دەدەن بە ھاوسەرگیری کچانی تەمەن ١٥ ساڵ بە رەزامەندی سەرپەرشتیارانیان.
خاوەن بەنزینخانەکانی عێراق دەڵێن، حکومەت لەو ھەنگاوەدا تەنھا وشەی موحەسەنی لەسەر جۆری بەنزینەکە گۆڕیوە بۆ سۆپەر، ئەویش لەپێناو زیادکردنی نرخی بەنزیندا.
خاون بەنزیخانەکان باس لەوە دەکەن، ئەو جۆرە بەنزینەی کە حکومەت ئاشکرایکرد، پێویستی بە چاودێریکردنی ورد ھەیە، چونکە بابەتەکە مەترسیدارە و دەبێتە فشاری زیاتر لەسەر ھاوڵاتیان.
جەختیش دەکەنەوە، حکومەت بەھێواشی کارەکانی خۆی ڕایی دەکات، بۆ ئەوەی ڕای گشتی ئامادە و ڕازی بکات بەوەی، کەمترین نرخی لیترێک بەنزین ٦٠٠ دینار دەبێت.
بە وتەی خاوەن بەنزینخانەکان، قەیرانی بەنزین کە ناوبەناو سەرھەڵداتەوە، تەنھا بەھۆی زیادبوونی خواستەوە نییە لەسەری، بەڵکو بەھۆی کەمی دابینکردنی بەنزینەوەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی ئابی ڕابردوودا بڕی ھەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە ١٠١ ملیۆن و ٨٥٩ ھەزار و ٥٢٨ بەرمیل، لەو بڕەش داھاتی نۆ ملیار و ٧٨٤ ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستبەر کردووە.
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوەکردووە، زۆربەی بەرھەمەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراق بەرھەمھاتووە و، تەنھا یەک ملیۆن و ١٠٩ ھەزار بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە بووە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزار بەرمیل ھەناردە کراوە، ھەر بەرمیلێکیش بە ٩٦ دۆلار و پێنج سەنت فرۆشراوە.
کۆبوونەوەکەی دادگای فیدراڵی تایبەتە بە داواکاری "موقتەدا سەدر" بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەروەھا چەندین سکاڵای تر سەبارەت بە شکستھێنانی ئەنجومەنەکە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تێپەڕاندنی وادەی دەستوری بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکرێت.
دادگای فیدراڵی عێراق سێ جار کۆبوونەوەی سەبارەت بە بڕیاردان لە چارەنووسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواخستووە، یەکەم جا بڕیاربوو کۆبوونەوەکە ١٧ی ٨ بەڕێوەبچێت، دواتر دواخرا بۆ ٣٠ی ٨ و دوێنێش جارێکی تر بۆ ئەمڕۆ دواخرایەوە.
پێشتریش ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
لەسەر پێکدادانەکەی شاری بەسڕە لەنێوان ھێزەکانی سەرایا سەلام و عەسائیب ئەھلی حەق و کوژرانی فەرماندەیەکی سەرایا سەلام، وەزیرەکەی سەدر ھۆشداری توند دەداتە قەیس خەزعەلی و داوا دەکات میلیشیاکانی بێدەنگ بکات و خۆشی لێیان بێبەری بکات.
لەو بارەیەوە "ساڵح محەمەد عێراقی" وەزیرەکەی سەدر لە تویتێکدا ھۆشداری توندی دایە خەزعەلی و رایگەیاند، دەبێت میلیشیاکانی بێدەنگ بکات و خۆی لە بکوژ و تاوانباران بێبەری بکات. داواشی لێکرد دەست لە خوێنرشتن ھەڵبگرێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقیش لەسەر رووداوەکانی بەسرە رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر تاوانێکی کوشتن بووە لەناوەندی پارێزگاکە، ھێزە ئەمنییەکانیش چەند گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشی ئەمنی بەسرە لەژێر کۆنترۆڵدایە و ھێزی ئەمنی لە پارێزگاکە بڵاوکراونەتەوە.
لەسەر پێکدادانەکانی شاری بەسڕە، "ساڵح محەمەد عێراقی" وەزیرەکەی سەدر لە تویتێکدا ھۆشداری توندی دایە خەزعەلی و رایگەیاند، دەبێت میلیشیاکانی بێدەنگ بکات و خۆی لە بکوژ و تاوانباران بێبەری بکات. داواشی لێکرد دەست لە خوێنرشتن ھەڵبگرێت.
"خەزعەلی"یش بە توتێک وەڵامی وەزیرەکەی سەدری دایەوە و نوسی، وەڵامی ئەو قسانە ناداتەوە کە ئاڕاستەی کراون.
وتیشی، چەندین کەس ھەن دەیانەوێت رەوشەکە خراپتر بکەن، داواشی لە گروپی عەسائیب ئەھلی حەق کرد تەواوی بارەگاکانیان تا کاتێکی نادیار دابخەن، ھەر کەسێک دەیەوێت بارەگاکانیان بسوتێنێت با بیسوتێنێت.