وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی کاروباری مافی مانەوە لە بەرێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و مافی مانەوە، ٦٧ کەسی بیانییان دەستگیرکردووە کە سەرپێچی یاسای مافی مانەوەیان لە عێراق کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و دواتر دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە.
"تەیف سامی"وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەھۆی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی خەرجییەکانی ھەرێم، ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، کە دەبوایە بەپێی ماددەی ١٠ لە یاسای بودجەی ٢٠٢١، شایستە داراییەکان لەنێوان ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٠ پاکتاو بکرێن، بەڵام ئەو ھەنگاوە نەنراوە.
راشیگەیاندوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ٥٩ی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە داوایکردوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێم رادەستی بەغدا بکرێت و دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە گرێبەستەکانی نەوتی ھەرێم بکات، لەدوای جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکارانە، پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دیاریبکرێت.
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکان کە بە دزی سەدە ناسراوە، توانیویانە زیاتر لە چوار ملیار دیناری تر بگەڕێننەوە لە کۆی ١٧ ملیار دینار کە لەلای یەکێک لە تۆمەتبارەکانە، وتیشی، ھەموو پارانەی دەگەڕێنرێنەوە لە لقێکی بانکی رافیدەین لە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق کۆدەکرێتەوە تا ئەو کاتەی ھەموو پارەکە دەگەڕێنرێتەوە و دواتر رادەستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
وتیشی، لە دوو رۆژی رابردوودا ٨٠ ملیۆن دۆلاری تر لە ئەمریکاوە دەگەڕێننەوە بۆ عێراق کە لەسەردەمی رژێمی پێشوو بە نایاسایی براوەتە دەرەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە وەزیرەکانی حکومەتی عێراق کێشەی بۆ کارەکانیان دروستکردووە و جگە لەوەی سەرۆک وەزیرانیان ئاگادارکردوەتەوە، لە دادگاش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن، بەڵام ناوی وەزیرەکەی ئاشکرا نەکرد.
د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بەیاوەری زیاد خەلیفە ئەلتەمیمی بریکاری باڵای وەزارەتی داد لە سەردانێکدا بۆ بەشەکانی زیندان لە بەشی چاکسازیی عێراق رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ھێنانی کەرەستەی زیندانیان دەکەن لە ڕوی کۆگاکردن و کوالێتی و بڕی کەرەستەکان کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو کڕدراون و تەرخانکراون بە بەمەبەستی دابەشکردن بەسەر زیندانیان و پاسەوانانی چاکسازیی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لیژنەیەکیان بۆ بەدوادچونی ئەو بابەتە پێکھێناوە، کە گەرەنتی ئەوە بکات ھەموو کەلوپەلەکان بگاتە دەست زیندانییەکان.
جەختی لەوەشکردەوە، ھەموو ئەو کەلوپەلانە دەچێتە چوارچێوەی لیستی ئەو کەلوپەلانەی وەزارەتی داد بۆ زیندانییەکان دابینی دەکات، فرۆشتنی قەدەغە دەکرێت لە حانوتی چاکسازییەکان.
بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامە لەکەمترخستنەڕوی دۆلار و لەپێشھاتێکی نوێشدا لەلایەن بانکەکەوە بڕی خستنەڕوی دۆلاری بۆ رۆژی پێنج شەممەی داھاتوو کەمکردەوە کە تەنھا ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری کاشە بەبێ خستنەڕوی دۆلار بەشێوەی حەواڵە کە ئەوەش بەکەمترین بڕی خراوەڕو ئەژمار دەکرێت لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا.
کەمترکردنەوەی خستنەڕوی دۆلار کاریگەری تەواوی لەسەر بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت و ئەوەش لەکاتێکدایە شارەزایانی ئابوری پێیانوایە رەوشەکە کاتییە و ھاوسەنگی بۆ بەھای دۆلار دەگەڕێتەوە.
عودەی عەواد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی رۆژی سێشەممەدا بە کۆی دەنگ بە ھەمیشەیی کردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەستی ھەموو وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقی پەسەندکردووە کە رەزامەندی وەزارەتی داراییان ھەیە.
وتیشی، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرجەم ئەو مامۆستا وانەبێژانەی سنوری پارێزگای بەغدادیش دەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە وەک وانەبێژ لە خوێندنگەکان وانە دەڵێنەوە.
بە پێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق، کۆتایی ئەم ھەفتەیە شەپۆلێکی لە رۆژی پێنجشەممەوە بارانبارین ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.
دەستەی کەشناسی عێراق راشی گەیاندووە، ھیچ مەترسی روودانی لافاو نییە بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، شەپۆلێکی بارانبارینی بەھێز پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.
جەبارعەودە مەعموری سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق زۆربەی کاتەکانی لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە بەغداد و بەرەسمیش داوای لە باڵیۆزخانەکە کردووە بیپارێزن لە بەرامبەر ئەو ھەڕەشە و مەترسییانەی لەسەریەتی.
وتیشی، کازمی ھیچ جۆرە ھەڕەشە و مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵکو تەنھا ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر دۆسێی گەندەڵی لەسەرە و دەستگیرکردنیشی تەنھا فەرمانی دادگاوە، چونکە بەڵگە و زانیاری تەواو و باوەڕپێکراو لەسەر گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی کۆکراوەتەوە.
عەلی موسەوی سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەکاتێکدا لە ناوخۆی عێراق ھەموو جۆرە بەروبوومەکان بەرھەمدەھێنرێت و پێداویستی ناوخۆش پڕدەکاتەوە، بەڵام ھاوردەکردنی ھەمان ئەو جۆرە بەروبوومانە لە دەرەوەی وڵات ھێندە زۆر بووە، کاریگەری خراپی لەسەر بەرھەمی ناوخۆی دروستکردووە و بەرێژەیەکیش کەمبووەتەوە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت.
وتیشی، لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانە و بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی بەروبوومی ناوخۆ، چەندین جار بە نوسراوی رەسمی داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە یاسای پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان کارا بکات و بە جددی جێبەجێی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا سنوورێک بۆ ھاوردەکردنی بەروبوومی دەرەکی دابنێت.
مەزھەر محەمەد راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، ئاماژە داراییەکانی ساڵانەی عێراق دەریدەخەن زیادەیەکی زۆری پارە ھەیە کە دەگاتە ١٥%ی تێکڕای بەرھەمی ناوخۆیی، ئەو رێژە بەرزەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری لە ئابوری نیشتمانی و بەرزکردنەوەی رێژەی یەدەگی دراوی بیانی.
رونیشیکردەوە، لە دەرئەنجامی ئەو رێوشوێنە پتەوانەی لەلایەن دەسەڵاتی نەختینەوە گیراونەتەبەر بۆ جێگیرکردنی بەھای فرۆشی دراو، چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ بۆ ١٤٦ ھەزار دینار جێگیرببێت.
ئەحمەد شرمانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێکی بە ئیمزای ژمارەیەک پەرلەمانتار ئاراستەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووەو رایگەیاندووە دابەزینی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار بۆتە مایەی زیانگەیاندنی راستەوخۆ بە ژیانی ئەو خێزانانەی داھاتیان سنوردارە و داوا دەکات بە پشتیوانیکردنی کۆبوونی خۆراک بارگرانییەکانی سەر ژیانی ئەو توێژە ستەملێکراوە سوک بکرێت، ئەوەش بە زیادکردن و باشکردنی ماددە خۆراکییەکان و پابەندبوون بە دابەشکردنی ١٢ سەبەتەی خۆراکی لە ساڵێکدا.
ھەروەھا داوا دەکات لیژنەیەکی پەرلەمانی سەرپەرشتی و چاودێری سەرجەم قۆناغەکانی گرێبەست و گواستنەوەو دابینکردنی سەرجەم ماددە خۆراکییەکان بکات و تەواوی ئەو بڕە پارەیەش ئاشکرا بکرێت کە بۆ ماددەکانی کۆبوونی خۆراک تەرخان دەکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سودانی پێشوازی لە عەلی رەزا گۆنای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کردووە.
لەو دیدارەدا باڵیۆزی تورکیا بانگھێشتنامەی ئەردۆغانی رادەستی سودانی کردووە بۆ سەردانکردنی ئەنقەرە.
وتیشی، ئەردۆغان ھیوادارە کۆبوونەوەکانی ھاریکاری ستراتیژی نێوان بەغداد و ئەنقەرە بەردەوام بن.
نوسینگەی سودانی راشیگەیاند، پەیوەندییە ئابورییەکان و بەرەوپێشبردنیان، ھەروەھا ھاتووچۆی وەبەرھێنەران و کرێکارانی تورکیا بۆ عێراق و کاراکردنی پڕۆژەکان و پلانەکانی داھاتوو لەنێوان سودانی و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کاتییە و دەگەڕێتەوە سەر بارە ئاساییەکەی، چونکە لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣، بەھای یەک دۆلار بە ھەزار و ٤٥٠ دینار جێگیرکراوە، واتە ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ ھەزار دینار دیاریکراوە.
رەتیشیکردەوە، ئەمریکا سزای بەسەر کەرتی بانکی عێراقدا سەپاندبێت، جەختیشیکردەوە، لیژنەیەکی تایبەت بە دابەزینی بەھای دینار پێکھێنراوە و راسپاردەکانیشی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.
وەزیری دارایی وتیشی، نرخی بەرمیلێک نەوتیش لە بودجەدا لەنێوان ٦٥ بۆ ٧٠ دۆلار دیاریکراوە و تائێستاش کۆی بڕی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەتەواوی نەخەمڵێنراوە، بەڵام گرنگی زۆر دراوە بە کەرتی تەندروستی و ھاوکاریکردنی نەخۆشخانەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەرزکردنەوەی سەرمایەی قەرز بۆ پرۆژە بچوکەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
ئەرشەد حەکیم وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری وردی ھەواڵگری، تۆڕێکی بە قاچاخبردنی نەوت لە پارێزگای بەسرە دەستنیشان کران و لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە سەرجەم ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیرکران کە ژمارەیان ٤٩ کەس بووە و ئەفسەر و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانیشی تێدایە و ماوەی مانگێکە نەوت بە نایاسایی و قاچاخ رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکەن.
ئاشکراشیکردووە، ئەو تۆڕە قاچاخچییە رۆژانە ٢٠ تا ٣٠ تانکەر کە ھەر یەکێکیان ٣٦ تا ٤٤ ھەزار لیتر نەوتیان بارکردووە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و داھاتی رۆژانەشیان کە بەسەر ئەندامانی تۆڕەکەدا دابەشکراوە بە ٤٩٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
بانگی رافیدەین لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ ھەزار و ٥٠٠ دینار بەو کەسانە دەفرۆشێت کە دەیانەوێت گەشت بکەن، بەمەرجێک نابێت بڕەکەی لە ١٠ ھەزار دۆلار زیاتر بێت.
ھەروەھا بانکی ئەلعالەم رایگەیاند، ١٠٠ دۆلار بە نرخی ١٤٦ ھەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشن بە ھاوڵاتییان بەمەرجێک بڕەکەی لە دوو ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت.
بەپێی بڕیارێکی نوێی بانکی ناوەندی عێراق، رێوشوێنەکانی خستەڕووی دۆلاریان لە رێگەی زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی گەشتیارن یان گەشت دەکەن ئاسان دەکرێت، ھەروەھا دەستیشدەکرێت بە زیادکردنی بڕی ئەو دۆلارەی بانکەکان وەریدەگرن.
بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە نزیک ١٦٠ ھەزار دینار، ئەوەش نزمترین بەھا بوو لە مێژووی چاپی نوێی دیناری عێراقیدا، بەڵام لە دوێنێوە بەھای دینار جارێکی دیکە بەرزبوویەوە.
سەڵاح تەمیمی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کۆدەنگی سیاسی بۆ ھەمووارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەیە و ھەموو لایەنەکان کۆکن لەسەرئەوەی یاساکە ھەمووار بکرێتەوە و ھەوڵ و کۆبوونەوەکانیش بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆسیە چڕبوونەتەوە و دوای کۆتاییھاتنی پشووی وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران، یاسای ھەڵبژاردن پەسەند دەکرێت.
دوای ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان نیگەرانی خۆیان بەرامبەر یاسای ھەڵبژاردن دەربڕی و داوای ھەمووارکردنەوەی یاساکەیان کرد، لە کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشدا ھاتووە، کە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و لە ماوەی ساڵێکیشدا ھەڵبژاردن بکرێت.