د.بریار ڕشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە دواخستنی دەنگدان لەسەر ئەندامانی نوێی لیژنە ھەمیشەییەکان کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی رەوتی سەدر دەستبەکار بوون لە لیژنەکاندا.
راشیگەیاند، تاکو ئەو ئەندامانە بەسەر لیژنەکاندا دابەش نەبن، ناتوانرێت یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی ھێنا بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پەیوەندییەکان و زانیاری.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی بەغداد دەستیان گرتووە بەسەر ٥٠٠ ملیۆن دیناردا کە بەبێ ئاگاداری خۆیان بەناوی فەرمانبەرانی فەرمانگەکەوە وەرگیراوە، پارەکەش لەیەکێک لە لقەکانی بانکی رافیدەین لە بەغداد لەڕێگەی ٥٩ چەکەوە خەرجکراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە نێو ئەوفەرمانبەرانەی پارەیان وەرگرتووە یاریدەدەری بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەغدادیی تێدایە، لە ئێستاشدا بەپێی یاداشتێکی دادوەری، راپۆرتێکی رەسمی دەستبەسەرداگرتن دۆسییەکە ئاڕاستەی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە تایبەت بە دۆسییەکانی دەستپاکی کراوە.
نوری مالیکی لە وتارێکدا لە بارەگای حزبی دەعوە لە کەربەلا رایگەیاند، ھەندێک بە پەیوەندی لەگەڵ لایەنی دەرەکی، کار بۆ شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان دەکەن، وتیشی، ئەم حکومەتە ھەموو پێکھاتە و لایەنە سیاسیەکان تێیدا بەشدارن و لەو ماوە کەمەدا ناتوانێت ھەموو ئەو کارانە بکات کە لە کارنامەکەیدا ھەیە، ھۆکارەکەشی بۆ پەسەندنەکردنی بودجە دەگەڕێتەوە.
مالیکی داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد، دووربکەونەوە لە پەیوەندیی دەرەکی و رێگە بدەن حکومەتی عێراق رێگەکانی بەدەستھێنانی ئامانجەکانی تەواو بکات.
ئەو وتانەی نوری مالیکی لە کاتێکدایە، رۆژی ھەینی لایەنگرانی رەوتی سەدر دوای چەندین مانگ جارێکیتر نوێژی "ھەینیی یەکگرتوو"یان ئەنجامدا و موقتەدا سەدریش رایگەیاند، نوێژی "ھەینیی یەکگرتوو" بەردەوام دەبێت.
سودانی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ھەفتەی داھاتوو سەردانێکی رەسمی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجام دەدات، بۆ جەختکردنەوە لە بەھێزی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
وتیشی، سودی گەورە دەبینن لە ئەزموونی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی دەستەی دەستپاکی و پەرەدان بە رێکارەکان و سیاسەتی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.
سودانی راشیگەیاند ئامانجیانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەڵمانیا بگەیەننە ئاستێکی باڵاتر.
سەبارەت بە کۆچبەرانیش سودانی ئاماژەی بەودا، ھیچ حکومەتێک ناتوانێت کۆچبەران ناچاری گەڕانەوە بکات، بەڵام پێشنیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش دەکەن بۆ حکومەتی ئەڵمانیا، لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی عێراقییەکان.
وتیشی کۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی لەڕێی ١٣ وێستگەی کارەباوە کارەبا بۆ نزیکەی ٢٣ ملیۆن عێراقی تەرخان دەکات.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆ دەستپێدەکات و لە بڕگەی یەکەمدا بەشێک لە پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.
لە بڕگەی دووەمیشدا دەنگ دەدرێت لەسەر ئەندامانی نوێی لیژنە ھەمیشەییەکان.
ھاوکات بڕگەی سێیەم تایبەتە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەندی و زانیارییەکان.
لە بڕگەی چوارەمیش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری چوارەمی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازی بۆ ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی دەکرێت.
دواتر لە بڕگەی پێنجەم راپۆرتێک لەبارەی راستییەکان سەبارەت بە راپۆرتێکی وەزارەتی ژینگە سەبارەت بە بوونی ماددەی کیمیایی لە پەیین و تۆو.
ھەروەھا راپۆرتی لیژنەی تەندروستی و ژینگە کە بەشداربوون لە کۆنگرەی گۆڕانکارییەکانی کەش وھەوا، دەخرێتەڕوو.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ لە ھەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان و بابل و نەجەف و موسەننا و زیقار و دیوانییە و واست لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمییە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیاندنی پشووی لە ناوەندەکانی خوێندن رەتکردەوە.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما ھەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان کاریگەریی شەپۆلەکە تاکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
وەزیری بەرگریی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەموو رێکارە ئیدارییەکانی دوو لیوا ھاوبەشەکە تەواوبوون و لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە ئەو دوو لیوایە دەستبەکار دەبن.
سابت محەمەد لەبارەی سنوورەکانەوە وتی، لە رێگەی فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنور پلانی تۆکمەیان بۆ پاراستن و توندوتۆڵکردنی سنورەکان و بنبڕکردنی بەزاندنی سنوورەکان داناوە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندی کەرخ بە تۆمەتی گۆڕینی ناونیشان بۆ دەستکەوتنی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فەرمانبەرێکی پێشووی دەستەی دەستپاکی دەرچووە.
راشیگەیاند، ھەمان دادگا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و زیادبوونی سامانەکەی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارێکی ھەڵاتوو و ھاوسەرەکەی دەرکردووە کە بەھەمان شێوە فەرمانبەری پێشووی دەستەی دەستپاکییە.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆسەیەکی گەورەی دزیکردنی ئاشکراکرد، کە دزین و دیارنەمانی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بوو لە پارەی دەستەی گشتیی باجەکان، لە ماوەی رابردووشدا گەڕاندنەوەی بڕێکی کەمی ئەو پارەیە راگەیەندرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی فەرمانیکردووە بە دەست لەکارکێشانەوەی زوھێر عەلی شەعلان لە پۆستی پارێزگای دیوانیە.
راشیگەیاند، زوھێر عەلی بە گوومانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، دۆسێیەکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵیدا کراوەتەوە، ھەرئەوەش ھۆکاری دوورخستنەوەیەتی لە پۆستەکەی.
زوھێر عەلی شەعلان، تەمەنی ٥٤ ساڵە و لە پێنجی ئابی ساڵی ٢٠١٩وە پۆستی پارێزگای دیوانیەی وەرگرتووە، لە ماوەی رابردووشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڕەشەی دوورخستنەوەی ئەو پارێزگارانەی کرد بوو، کە تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە.
نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی بڕیاری نوێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ٤٠٠ ملیار دینارەکە بانکی ( تی بی ئای ) رەوانەی دەکات بۆ ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عیراقیش کەفالەتی ئەو بڕە پارەیە دەکات کە دەنێردرێت بۆ ھەرێم تاوەکو ئیقراری بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەکرێت و بە رەسمی ئەو بڕە پارەیە وەک پشکی ھەرێم لە بودجەدا جێی دەکرێتەوە .
ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەردوو مانگی ١١ و ١٢ ی ساڵی رابردوو بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا پارەکە نەنێردراوە.
دوای ھەفتەیەک لەو بڕیارە،تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێکدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ھۆکاری نەناردنی پارەکەی گەڕاندەوە بۆ پاکتاونەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەغدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٢٠ لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی ھەرێم.
لە دیدارەکەدا ، سەرۆک کۆمار باسی لە سەردانەکانی بۆ پارێزگاکانی بەسرە و نەینەوا کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە بارودۆخی ئەو پارێزگایانە لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە و بەدواداچوونکردن بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و زانکۆ و دادگا و ڕێگاوبان و پردەکان بەدەست ھاتوون .
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کە حکومەت پلانی لەبەردەستدایە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی دۆخی ئەمنی و ئابووری، ئەویش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی وەبەرھێنان و کەرتی تایبەت، ھەروەھا دەرکردنی قانون و ئاسانکاریکردنی پێویست بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە ھاوڵاتیان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە سەر پێویستی درێژەدان بە ھەوڵەکان بۆ ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و کۆتای ھێنان بە دۆسییەی ئاوارەبون لە زووترین کاتدا، ئەویش بەھۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە ئاوارەکان تێیدا دەژین.
لای خۆیەوە باڵیۆزی بریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ویستی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھاریکاری و دۆستایەتی لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاری دراو سەد دۆلار بە ١٥٩ ھەزارو ٥٠٠ دینار بوو، لەکاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ سەد دۆلار بۆ ١٦١ ھەزارو ٥٠٠ دینار بەرزبوویەوە، لەکاتی داخستنی بازاڕیشدا بەھای ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٩ ھەزار و ٥٠٠ دینار بووە.
ھۆکاری ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ بانکی ناوەندی عێراق دەگەڕێتەوە، کە بۆ ئەمڕۆ سێشەممە ٧١ ملیۆن دۆلاری خستۆتەروو کە ٣٨ ملیۆن دۆلاری بە حەواڵەو ٣٣ ملیۆن دۆلاری بە کاش بووە.
لای خۆیەوە، ئیحسان شەمەری راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، لە دوو ھەفتەی داھاتوودا بەھای دینار دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٧ ھەزار دینار دادەبەزێت.
ھاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند رێوشوێنێکی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار راگەیاند، لەناویاندا پابەندکردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت بە مامەڵەکردن بە دینار و دیاریکردنی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریی بە دینار، لەگەڵ یەکخستنی پێناسەی گومرگی بەجۆرێک لە خزمەت سەقامگیریی نرخی دراودا بێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا لەسەر چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی دابەزینی بەھای دیناری لە بەرامبەر دۆلار تاوتوێکرد و چوار بڕیاری دەکرد، کە یەکەمیان پابەندکردنی دامەزراوە حکومییەکانە بە فرۆشتنی ھەموو جۆرە پێداویستی و شتومەکێک بە ھاوڵاتیان بە دینار و ئەگەر بەدۆلاریش بێت پێویستە ھەر دۆلارێک بە ھەزار و ٤٧٠ دینار ھەژمار بکرێت.
لە بڕیاری دووەمدا ئاماژە بەوەکراوە، فرۆشتنی پێداویستی و شتومەک بە دینار، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت و بازرگانان و کۆمپانیا وەبەرھێنانەکانی فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە.
بڕیاری سێیەمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریتییە لەوەی کە بانکی ناوەندی دۆلار بە ھەزار و ٤٦٠ دینار بەوانە بفرۆشێت کە لە بڕیاری پێشوودا ناویان ھاتووە.
لە بڕیاری چوارەمیشدا ھاتووە، پێویستە لە ماوەی ھەفتەیەکدا بانکی ناوەندی کارئاسانی بکات بۆ ئەو ناوەند و دامەزراوانەی لە بڕیاری یەکەم و دووەمدا ئاماژەیان پێکراوە بۆئەوەی بە ئاسانی دۆلاریان بە نرخی رەسمی دەستبکەوێت و گرەنتی ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی تایبەتیش بکات لەگەڵ دەرەوەی عێراق.
لیژنەی باڵای ھاوبەشی دادوەریی عێراق و ئێران چوارەم کۆبوونەوەیان لە تاران ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق.
لیژنەکە لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و زانیاری وردیان ئاڵوگۆڕکردووە و رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی ھەردوو وڵات دەکرێن بۆئەوەی بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بکرێت، بەتایبەتی لەبارەی ئەو کەسانەی تۆمەتباران بە کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیس.
راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە دۆسێی چەند تۆمەتبارێک کۆتایی ھاتووە و تەنھا بڕیاری دادگایان ماوە و بەھیچ شێوەیەک تۆمەتبارانی ئەو دۆسێیە بەبێ سزای قورس رزگاریان نابێت.
لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری، بۆیان دەرکەوتووە سەرپەرشتیارانی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، گەندەڵی زۆری کردووە و پارەیەکی زۆریشی بەھەدەر داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم بەڵگە و زانیارییەکانی تایبەت بە گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە لەلایەن سەرپەشتیارانی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، ئاراستەی دەستەی دەستپاکی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە بۆئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی ئەو سندوقەدا بکەن.
"ئەحمەد تەھا روبەیعی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکات و چەندین پرسی گرنگ ھەیە کە دەبێت ئەنجومەنەکە تاوتوێیان بکات، لەوانە، پڕۆژەیاسای بودجە.
وتیشی چەندین پڕۆژە یاسای گرنگی تر خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت، وەک، بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران و یاسای دەستەی نیشتمانی چاودێری ئەتۆمی و ھەروەھا ھەمواری یاسای کۆمپانیاکان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا، چەندین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجومەنەکەدان وەک، روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری.