محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی پێشوازیکردنی لە وەفدێکی ئەنجومەنی کاری عێراقی ئەمریکی رایگەیاند، عێراق لە قۆناغی جێگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییدایە و ئەوەش دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ کاری وەبەرھێنەران و کەرتی تایبەت.

راشیگەیاند، کە حکومەت زنجیرەیەک بریار و رێکاری گرتوەتەبەر بۆ ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی کارکردن لەبەردەم وەبەرھێنەراندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی جیھان ملیاران دۆلار بۆ جێگرەوەی نەوت خەرج دەکەن، بەتایبەتی دوای شەڕی ئۆکراین، ھەربۆیە دەبێت وڵاتانی وابەستە بە نەوت خۆیان بۆ جێگرەوەی نەوت ئامادە بکەن.

سودانی روونیشیکردەوە، عێراق خاوەنی سامانی سروشتیی زۆرە کە تا ئێستا وەبەرھێنانیان لەسەر نەکراوە، ھەروەھا شایستەی ئەوەیە ببێتە وڵاتێکی کشتوکاڵی و پیشەسازی بەھۆی پێگەی ستراتیژییەوە.