
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە نوسراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندیدار بە چاودێریکردنی جێبەجیێکردنی یاسای زمانە رەسمییەکان، دەبێت لەسەر تابلۆکانی ناوەوە و دەرەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکوک، ھەر چوار زمانی پێکھاتەکانی شارەکە بەکاربھێندرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە زمانەکانی کوردی و تورکمانی لە خوێندنگەکان چاپبکات، کە خوێندن تیایاندا بەو دوو زمانەیە. ھەروەھا مامۆستای تایبەت بە زمانی کوردی و سریانی و تورکمان بۆ ئەو خوێندنگانە دابینبکرێت.
ھەروەھا رایگەیاندووە، دەبێت ئەو بڕیارە کارگێڕییانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ پارێزگای کەرکوک دەردەچن، بە زمانی عەرەبی و کوردی بن.
ھەروەھا زمانی کوردی، لە کۆمپیوتەرەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت و باری شارستانی و نشینگە لە پارێزگای کەرکوک و پارێزگا تێکەڵەکان زیادبکرێن، نوسراوی فۆرمەکانیش لە فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگای کەرکوک، بە ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بن.
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە، بەبڕیاری راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک، زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و فەرمانگەکان قەدەغە و سنورداردەکرا.
عەتوان عەتوانی رایگەیاند، کۆی قەبارەی بودجە دەگاتە ١٦٠ ترلیۆن دینار، ٦٠ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە ٦٥ دۆلار ھەژمارکراوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لەکۆتایی ھەفتەی داھاتوودا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەدوای کۆتاییھاتنی یەکجارەکی دانووستانەکان لەگەڵ ھەرێم.
بە وتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی، دانوستانەکانی دوێنێ ئەرێنی بوون و لەو بڕوایەدایە ھەرێم لە فرۆشتنی نەوتەکەی بڕێک پارە رادەستی بەغداد دەکات، دواتریش ھەمووان روو لە پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن.
پێشتریش فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم، لە بەغداد بە کوردسات نیوز رایگەیاند، لەسەر بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣، ھەرێم و بەغداد گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی، بەڵام کاتی ماوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. باسیلەوەشکرد، بە بڕیاری سیاسی پشکی ھەرێم کەمکراوەتەوە بۆ ١٢.٦٧.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە مانگی شوباتی رابردوودا ٩٢ ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار و ٦١٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە تێکڕای رۆژانە لە مانگی رابردوودا دەکاتە سێ ملیۆن و ٢٩٥ ھەزار بەرمیل و ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە ٧٦ دۆلار و ٧٥ سەنت فرۆشراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی داھاتی نەوت لەمانگی شوباتی رابردوودا حەوت ملیار و ٨١ ملیۆن دۆلار بووە.
راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو لە کێڵەگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ٨٩ ملیۆن و ١٤٠ ھەزار و ٤٤٨ بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و لە کێڵەگە نەوتییەکانی کەرکوکیشەوە لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە دوو ملیۆن و ٨٣٤ ھەزار و ٣٩٣ بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە کراوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، پێویستە وەزیر، لێپرسراو و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە رووی مەیدانییەوە ئامادەبن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، کاتێکیش کەسێک دەبێتە وەزیر یان ھەر پۆستێکی حکومی وەردەگرێت، نابێت پەیوەندی بە لایەنە سیاییەکانەوە بمێنێت.
وتیشی، پێویستە ھەموو وەزارەتەکان سەرجەم رێنماییەکانی ئەم دواییەی تایبەت بە خانەنشینان جێبەجێ بکەن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە، ھیچ ئاماژەیەکی سەرەتایی لە وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەکەی نەبینیووە بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بە پێی کارنامەی حکومەت.
عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، زۆربەی لایەنە سیاسییە دیار و سەرەکییەکانی عێراق کوتلە گەورەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ھیچ کێشە و ناکۆکییەکیان لەسەر تێپەڕاندن و پەسەندکردنی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان نییە، ھەموویان کۆکن لەسەرئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بکات.
وتیشی، لەکۆی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر داوای تەنھا ٥٤ پەرلەمانتار، دەنگدان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دواخراوە بۆ رۆژی شەممە، کەئەوەش تەنھا بۆ موجامەلە و رازیکردنی ئەو ژمارە کەمەی پەرلەمانتاران و ھەندێک لایەنی سیاسییە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ھێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری بازگە و رێگە دەرەکییەکانی پۆلیسی پارێزگای موسڵ، توانیویانە ڕێگە لە بەقاچاخ بردنی ١٦٢ ھەزار دۆلار بۆ دەرەوە بگرێت، کەسێکیش بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆلار دەستگیرکراوە.
راشیگەیاندوە، راپۆرتی رەسمی دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارەیە، لەگەڵ تۆمەتبارەکە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکردنی تاوانی ڕێکخراو کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
مەزھەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، دەسەڵاتی نەختینەیی عێراق بەوپەڕی لێھاتووییەوە مامەڵە بە یەدەگی بیانییەوە دەکات.
دەشڵێت، نیوەی دراوی یەدەگی عێراقی دۆلاری ئەمریکییە و لە %٥٠ کەی تری یەدەگی بیانی پێک دێت لە پاوەن و یۆرۆ و یوانی چینی و یەنی ژاپۆنی.
خالید شیمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، پرسی کەمبوونەوەی ئاو لەعێراق بووەتە مەترسی و وەزارەتەکەشی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و موسڵی بە ئاراستەی روباری دیجلە بەرداوەتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکە و بەردەوامیشن لە نەھێشتنی زیادەڕەوییەکان بۆئەوەی ئاو بەشێوەیەکی یەکسان بگاتە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بەتایبەتیش پارێزگانی بەسرە و میسان و موسەننا و زیقار.
ئاماژەی بەوەشکردوە، محەمەد شیاع سودانی داوایکردووە ھەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا و سوریا و ئێران.
لەلایەکی تریشەوە لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی تایبەت بە دۆسێی ئاو لە عێراق، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بانگھێشت دەکەن.
بزوتنەوەی ئیمتیداد، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە بەردەوامی ھەڵوێستەکانی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەندێ لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە بەرامبەر یاسای ھەڵبژاردن کە لایەنەکانی ناو دەسەڵات ھەوڵی ھەموارکردنی دەدەن، پشتیوانی خۆی بۆ ئەو خۆپیشاندانە رادەگەیەنێت، کە ئەمڕۆ بۆ رەتکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن لە بەردەم دەروازەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
بزوتنەوەی ئیمتیداد،ھۆشداریشی داوە لەو ھەموارەی بۆ یاسای ھەڵبژاردنکراوە و بە ئیستیفزازێکی گەورە، بۆ گەل ناویبردووە.
محەمەد خوزاعی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە ئاژانسی رەسمی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتەکەی بڕیارێکی ئاراستەی ئاژانسی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری ھەواڵگری و چەند لایەنێکی تری پەیوەندیدار کردووە بۆ قەدەغەکردن و رێگرتن لە ھاوردەکردنی ھەموو جۆرە مریشکێک، لە وڵاتانی تورکیا و رۆمانیا و نەمسا و پۆلیڤیا، چونکە لەو وڵاتانە ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، مریشکی ناوخۆی عێراق، ھیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و تیمەکانیشیان سەردانی کێڵگەکانی پەلەوەریان کردووە وھەموو جۆرە پشکنینێکیان ئەنجامداوە، جەختیشیکردووەتەوە، رێگرتن لە ھاوردەکردنی مریشک، لەو چوار وڵاتەوە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخەکەی لە ناوخۆی عێراقدا نابێت، ھەر کەسێکیش سەرپێچی بکات سزادەدرێت.
عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی نەخوێندەواری لە نێوان ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو ١٥ ساڵەوەیە، گەیشتووەتە نزیکەی ١٢%، ئەو رێژەیە لە نێو ژناندا نزیکەی ١٨%یە و لە پیاواندا ٩%یە. لە گوندەکانیشدا بۆ نزیکەی ٢٠% بەرزدەبێتەوە و لە شارەکاندا ١١%یە.
ھنداوی ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەکە بەراورد بە دە ساڵی رابردوو دابەزیوە، ھۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە دەچنە خوێندنگەکان کە رێژەیان ٩٤%یە، رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردەش لە روبەڕوبوونەوەی نەخوێندەواری رۆڵی زۆری ھەبووە.
موعین کازمی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، بە رۆژنامەی مەدای راگەیاندووە، ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە کورد و سوننەشی تێدایە، سورن لەسەر تێپەڕاندنی ھەموو یاسایانەی لە بەرنامەی کاری حکومەتدا لەسەری رێککەوتوون، جەختیشیکردەوە، گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەوەستاوە و ئەنجامەکانیشی ئەرێنین کە کاریگەری دەبێت، لەسەر پەلەکردن لە تێپەڕاندنی ھەردوو یاسای بودجە و نەوت و غاز.
ئەو پەرلەمانتارەی چوارچێوەی ھەماھەنگی راشیگەیاندووە، ھەرێم و عێراق چەند ئەرکێکیان دەکەوێتە سەرشان و پێویستە ھەردوولا پابەند بن بە جێبەجێکردنیان، ئاماژەکانیش ئەرێنین کە رەوشەکە بە رێگایەکی راستدا دەڕوات و دواخستنی پەسەندکردنی بودجەش سەرەتای کۆتایی ھێنانە بە کێشەکان، کە راستەوخۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت وغازیشی بەدوادادێت.
کازم عەلی سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاندووە، فرەبازنەیی زیانێکی زۆر بە دەنگدەر دەگەیەنێت و نابێتە ھۆی دەرچوونی پەرلەمانتارێک کە نوێنەری راستەقینەی گەل بێت، ئەوانەشی ئێستا پەرلەمانتارن بە ھەموویان نوێنەرایەتی دوو ملیۆن دەنگدەر ناکەن و ھۆکارەکەشی فرەبازنەییە.
ناوبراو ئاماژەیبەوەداوە، فرەبازنەیی نادادپەروەری و ستەمێکی گەورەی لە دەنگدەران کردووە، بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای کەرکوک کە فرەپێکھاتەیە، بۆیە دەوڵەتی یاسا دژی فرە بازنەییە و رەتیدەکاتەوە، جەختیشیکردوەتەوە، پێویستە بەپەلە رێککەوتن لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بکرێت و ھەموو لایەنەکان ھەڵوێستی خۆیان ئاشکرابکەن، پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت.
بڕیارە، گۆتێرێس رۆژی چوارشەممە دەگاتە بەغدادی پایتەخت و رۆژی پێنجشەممەش، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
لە سەردانەکەیدا بڕیارە، گۆتێرێس لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، ھەروەھا کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا، بەسەربکاتەوە.
پێشتریش گۆتێرێس، پێشوازیکردبوو لە پێکھێنانی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی، محەمەد شیاع سودانی.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بۆ رۆژی شەممە دواخرا، دواتریش کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی شەممە ھەڵگیرا.
ھەر ئەمڕۆ، لە دژی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، گەڕانەوە بۆ سیستمی سانت لیگۆ، لەناوچەی عەلاوی لەبەغداد خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران دروشمیان دژی ھەوڵەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بەرزکردەوە، داوایان لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد گوێڕایەڵی بانگەوازەکەی مەرجەعیەت بن کە گەڕانەوەی بۆ سیستمی سانت لیگۆ رەتکردووەتەوە، ھەروەھا خۆپیشاندانەکەیان گەیاندە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران و ھێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەیپێکرا.
خالید شەمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کێشەی ئاوی عێراق کراوەتە کێشەی سیاسی وەک فشارێکی سیاسی بەرامبەر بە عێراق بەکاردەھێنرێت لەبەر ئەوەی لە ٧٠% سەرچاوەی ئاوی عێراق لە وڵاتانی دراوسێوە دێت، تەنھا لە ٣٠% سەرچاوەکەی لە ناوخۆوەیە.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق راشیگەیاند، ئەو کۆنفرانسەی لە نیویۆرک بۆ ئاو دەبەسترێت، ئەگەر سەرۆککۆمار و وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان تێیدا بەشداربن، رۆڵی کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو لە عێراقدا.