بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمڕۆ، ١٠٤ ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، کە ٥٨ ملیۆن دۆلاری بە حەواڵە، ٤٥ ملیۆن دۆلاریشی بەکاش بوو.
پاش خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەھای دینار زیاتر دابەزی، ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٦ ھەزار دینار، لەکاتێکدا لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێم و عێراق ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ ھەزار و ٢٥٠ دینار بوو.
ھاوکات لەکاتی داخستنی بازاڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ ھەزار و ٥٠٠ دینار جێگیربوو.
ناجێگیری بەھای دینار لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەردەوامن لە گرتنەبەری رێوشوێنەکانیان بۆ جێگیرکردنی بەھای دینار، بەڵام تائێستا جیاوازی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی ئازاد بەراورد بە نرخی رەسمی ٢٠ بۆ ٢٥ ھەزار دینارە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەتی نوێی عێراقن، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە نوسینگەی ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان کۆکبوون لەسەر پێویستی دەرچوواندنی ئەو یاسانەی لە کارنامەی حکومەتدا باسکراون، ھەروەھا پاڵپشتی خۆیان بۆ چاکسازییە سیاسییەکان و بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاساکەدا تاوتوێکراون. گفتوگۆش لەبارەی دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق کراوە.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاستی داھاتی ئاو لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو بۆ ئاودێریی کشتوکاڵی لە وەرزی زستان، کەمیکردووە.
راشیگەیاند، رێکاریان بۆ بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاو لە بەنداوی دوکان گرتووەتەبەر، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی داھاتی ئاوی رووباری دیجلە، دڵنیاییشدا کە ئاوی پێویست لە رووباری دیجلە و فورات بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە لە بەردەستدایە.
دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێران و رێکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لە رووبارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عێراق، لەو بارەیەوە خالید شەمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، گلدانەوەی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و جگە لە دیجلە و فورات، لە رووبارەکانیش تریش ئاو کەمبووەتەوە.
وتیشی، داھاتی ئاوی عێراق بە کرداریی ٣٠%ە و بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێوە ٧٠%ی پشکی ئاو ناگاتە عێراق، چونکە رێژەی ٧٠%ی ئاوی عێراق لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دێت و ئە وڵاتانەش سیاسەتی تایبەتیان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکان ھەیە، لە ساڵانی رابردووشدا حکومەتەکانی عێراق ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەبارەی پشکی ئاو نەکردووە.
بە وتەی خالید شەمال، عێراق لە سێ ساڵی رابردوودا بەھۆی کەمبوونەوەی بڕی بارانبارینەوە دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە، ئەوەش ھانیداون سوود لە ئاوی کۆگاکراو وەربگرن، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لەم کابینەیەدا، ئاستی ئاوی کۆگاکراوی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە، کە ٨ ملیار مەتر سێجایە.
لە چەند ساڵی رابردوودا ئاستی بارانبارین لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کەمبووەوە و وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەک راگەیەندرا، ھاوکات ئاستی ئاوی رووبار و زۆنگاو و بەنداوەکانیش کەمیانکرد.
سەرچاوەکە بە "کوردسات نیوز" ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت پڕۆژەی بودجە تاوتوێ بکرێت و دوای پەسەندکردنی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
وتیشی ئەگەر ھەیە پشکی ھەرێم لە پڕۆژەی بودجە لەنێوان ٩-١٠ ملیار دۆلاردا بێت.
لای خۆیەوە، "عەلی بەنداوی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە لە پەسەندکردن نزیکبووەتەوە، بەڵام گۆڕانکاری لە بەھای دۆلار و دینار وایکرد پێداچوونەوەی زیاتری پێدا بکەن.
باسی لەوەشکرد، دانوستانەکان سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا بەردەوامە و پێدەچێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەوەی پشکی ھەرێم ١٤% بێت.
"عەلی بەنداوی" وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاساکە دواناخات و بەلەبەرچاوکردنی رەوشی سیاسی و دارایی بە زووترین کات پەسەندی دەکات، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لوما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ماددە خۆراکییەکان رایگەیاند، سەبەتەی خۆراک بۆ مانگی رەمەزان ئامادەیە، پێنج رۆژ پێش ھاتنی مانگی رەمەزان لە سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت .
ئاماژەی بەوەشکرد، ماددەکانی سەبەتەی خۆراک ھەمان ئەو ماددانەیە کە مانگانە دابەشدەکرێت، بەڵام چەند ماددەیەکی تری وەک مریشک و ھێلکەی بۆ زیادکراوە.
ھەروەھا نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دابەشکردنی ماددە خۆراکییەکان بە پێی کۆبوون، بەشی یەکەم دابەشکراوەو بەشی دووەم تاکو دوو ھەفتەی تر کۆتایی دێت، لە مانگی رەمەزانیشدا بەشی سێییەمی ماددە خۆراکییەکان دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم راشیگەیاند، لە بەشی سێیەمدا ماددەکانی وەک مریشک و ھێلکە زیاد دەکرێت، بە نرخێکی ھەرزانتر لە بازاڕ لە گەڕەکە ھەژارەکاندا دەدرێت بە ھاووڵاتیان.
لە راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پێکھێنانی لیژنەی شارەزایانی تایبەت بە دیاریکردنی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای مافەکان مرۆڤ دەدرێت، پرۆژەیاسای ھاندانی ئاڵگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سعودیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پرۆژە یاسای ھەمواری دووەمی یاسای تۆڕەکانی راگەیاندنی عێراقی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، ھەروەک خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت، ھەر ھەمان رۆژ چەند پێشنیاز و پرۆژەی یاسایەکی تریش قسەیان لەسەر دەکرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق، ھەفتەی رابردوو لە رۆژی یەکشەممە تا پێنج شەممە بڕی ٧١٠ ملیۆن و ٩٤٨ ھەزارو ٨٧ دۆلاری بە تێکڕای رۆژانەی ١٤٢ ملیۆن و ١٨٩ ھەزارو ٨٧دۆلار خستۆتەبازاڕەوە، بەراورد بە ھەفتەی پێشووتر بڕی خستنەڕوو بەرێژەی ٢١.٩٨% کەمیکردووە.
بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ سەنەدات و پاکتاوی نێودەوڵەتی کارتی ئەلکترۆنی ھەر سەد دۆلارێک بە ١٣٠ ھەزارو ٥٠٠ دینار دەفرۆشێت بۆ حەواڵە، نەقدیش سەد دۆلار بە ١٣١ ھەزار دینار دەفرۆشێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی سودانی، بڕیاریشیداوە بڕی ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ فەرمانبەر خەرجبکرێت لە رۆژی دەستھەڵگرتنی لە فەرمانگەکەی، مۆڵەتە کەڵەکەبووەکانی دوای دەستھەڵگرتن بەنەقدی پێدەرێت، شەش مانگ پێش خانەنشینبوونی ھەر فەرمانبەرێکیش مامەڵەی خانەنشینبوونەکەی دەستپێدەکات تاکو ھیچ دواکەوتنێک لە رێوشوێنەکاندا روونەدات، گەرەنتی پێدانی مووچەی خانەنشینی بکرێت لەکاتی خۆیدا.
ھەر بەپێی بڕیارەکان، ساڵانە یەکجار بۆ گەشتکردن لە ھێلی ئاسمانی عێراق داشکاندنی بە رێژەی ٢٥% بۆ خانەنشینان دەکرێت، ئەولەیەت دەدرێتە خانەنشینان بۆ چارەسەر لە دەرەوە لەسەر ئەرکی دەوڵەت.
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی ١٥ڕۆژە بە نوسرای رەسمی داوایان لە ھێڵی ئاسمانی عێراق کردووە، نرخی فرۆشتنی تکتی گەشتەکان بەنرخی بانکی ناوەندیی عێراق بدرێت بە ھاوڵاتیان، ھەروەھا داوایان کردوە کاتی گەشتەکان و خزمەتگوزارییەکان رێکبخرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانی عێراق، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندوون، لەمەودوا فرۆشتنی تکتی گەشتی فرۆکە بە دیناری عێراقی دەبێت و بەپێی ئەو نرخەش مامەڵە لەگەڵ دۆلار دەکەن کە بانکی ناوەندی عێراق دیاری کردوە، ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٢ ھەزار دینار دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو، بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانی عێراق، بانگھێشتی لیژنەکەیان بکەن بۆ گفتوگۆکردن، لەسەر رێکخستنەوەی گەشتەکان، بە تایبەت گەشتی ناوخۆیی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانی کۆنگرەی یەکێتیی پەرلەمانە عەرەبییەکان لە بەغداد رایگەیاند، بڕیاریانداوە وەفدێکی یەکێتیی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی سەردانی سوریا بکات و پاڵپشتییەکان بۆ گەلی سوریا دووپاتبکاتەوە.
حەلبوسی داواشیکرد، پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی عەرەبی بڕیاری کۆتایی لەبارەی گەڕاندنەوەی سوریا بۆ جیھانی عەرەبی بدەن، ھەروەھا کار لەسەر سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا بکەن.
رۆژی شەممە، خولی ٣٤ی کۆنگرەی یەکێتیی پەرلەمانە عەرەبییەکان لە بەغداد دەستیپێکرد و رۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت، لە کۆنگرەکەشدا سەرۆکی پەرلەمانی سوریا بەشدارە.

ئەحمەد سەحاف كوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ١٢٧ھاووڵاتیی عێراقی لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی تورکیا گواستراونەتەوە، کە زۆرینەیان خەڵکی موسڵن، راشیگەیاند، ٢٢ ھاووڵاتی عێراقیی بەھۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە، رەوشی تەندروستیی سەرجەمیان جێگیرە و جگەلە یەک کەسیان نەبێت، کە لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە لەژێر چاودێری چڕدایە، سەرجەمیان نەخۆشخانەیان جێھێشتووە.
پێشتر و لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، ١١ ھاووڵاتیی عێراقی بەھۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکدا پێنج تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری وادی عوزێم لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، ئۆپراسیۆنەکەش ٤٨ کیلۆمەتر لە باشووری قەزای خورماتووەوە ئەنجامدراوە.
ھاوکات لە راگەیەنراویکی تردا شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، پێنج ئەندامی داعش دەستگیرکراون، کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەشداربووە لە بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل.
عەلی لامی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەیدا، گۆڕانکاری لە نرخی بەرمیلێک نەوتدا بکات لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ کە پێشتر نرخی یەک بەرمیل بە ٦٥ بۆ ٧٠ دۆلار دیاریکرابوو، بەڵام دوای دەستکاریکردنی لەو کۆبوونەوەیەدا، نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٥ بۆ ٦٠ دۆلار دیاری دەکرێت.
وتیشی، ئەوە دوا گۆڕانگاری دەبێت کە ئەنجومەنی وەزیران لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ٢٠٢٣دا بیکات و بەوەش ھیچ رێگرییەک لە بەردەمیدا نامێنێت و پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا دوای گفتوگۆ و راپۆرتی کۆتایی، دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد لە تویتێکدا رایگەیاند، دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین ساڵێک بەرلەئێستا، جگە لەوەی زیانی گیانی و ماددی زۆری بە ئۆکراین گەیاندووە، زیانی زۆری بە ھەموو وڵاتانی جیھانیش گەیاندووە، چونکە روسیا لە رێگەی دستپێکردنی ئەو شەڕەوە بووە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەھەموو وڵاتانی جیھاندا و کاریگەری و لێکەوتەی خراپیشی لێکەوتەوە، بەتایبەتیش لە وڵاتە ھەژارەکان.
باڵیۆزی ئەمریکا، لە بەغداد باسی لەوەشکردووە، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان، ھێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراین کاریگەری خراپی لەسەر ھەموو تاکێکی عێراقیش دروستکردووە، چونکە بەجۆرێک نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە، ھەندێک لە عێراقییەکان توانای کڕینیان نییە، چونکە داھاتیان کەم و سنوردارە.
حاکم زاملی، سەرکردە لە رەوتی سەدرکە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات، گرتەیەکی ڤیدیۆیی عەبدولمەھدی کەربەلایی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقی بڵاوکردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ دەربڕینی ھەڵوێستی رەوتی سەدر لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ، کە تیایدا دەڵێت بەھەموو شێوەیەک لەدژی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنن بەو شێوەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵی بۆ دەدات.
دەشڵێت، ھەڵوێستیان ئەوەیە کە لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی دژی لیستی داخراو و یەک بازنەیین.
ئەوەش یەکەم جارە، سەرکردەیەکی رەوتی سەدر لە دوای کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی، ھەڵوێستی رەوتەکەی لەسەر پرسێکی سیاسی ئاشکرابکات، کە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانە.
فەیسەڵ نائلی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی داھاتوو حکومەت پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات و ھەوڵیش دەدات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم، بەر لەوەی پڕۆژە یاساکە رەوانە بکات.
ئەحمەد فەواز ئەندامی لیژنەی یاساییش دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، جەختیشیکردەوە لە گرنگی پەسەندکردنی لەپێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژە راگیراوەکان.
وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی زیادکردن و ھەموارکردنی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکەی ھەیە و کوتلە سیاسییەکانیش لێکتێگەیشتنی زۆریان کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم.