فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی بڵاویکردەوە، لایەنە دادوەرییەکان لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان لەو دۆسیانەی کردوویانە، ٥٢ فەرمانی بانگھێشتکردن و دەستگیرکردنیان بۆ ٥٢ بەرپرسی باڵا دەرکردووە.
رونیشیکردووەتەوە، لەنێو ئەو کەسانەی فەرمانەکانیان بۆ دەرچووە، ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، دوو وەزیری پێشوو و دوو وەزیری پێشووتر، بریکارێکی ئێستای وەزیر و سێ بریکاری پێشوو و سێ پارێزگاری ئێستا و دوو پارێزگاری پێشوو ھەیە.
مەھدی تەقی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوامە، سەرجەم لایەنەکانیش سورن لەسەر ئەوەی ئەمشەو دەنگی لەسەربدرێت و دوانەخرێت.
وتیشی، کەشی گفتوگۆکان ئەرێنییە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
جەختیشیکردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە و کۆدەنگی و رێککەوتنی سیاسی لە ئارادایە بۆ تێپەڕاندنی بودجە بەزووترین کات.
د.لەتیف رەشید لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، پێزانینیان ھەیە بۆ ھەوڵەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەنگاونان سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە .
جەختیشی کردەوە لەوەی، ھەر دواکەوتنێک لە پەسەندکردنی، ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانی حکومەت و چالاکییەکانی دروست دەکات، زیانیش بە پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان دەگەیەنێت. وتیشی، پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گرەنتی کردنی پێداویستییەکان و ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و تەواوکردنیان لە شار و پارێزگاکان.
وتیشی، چاوەڕوانن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکات، بەشێوەیەک لە ئاست چاوەڕوانی گەل و ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاریدا بێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە تویتەر نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە خودا دەپاڕێمەوە بۆ ناردنی شیفا بۆ پاپا فرانسیس پاپا ڤاتیکان، کە پیاوێکی ئاشتیخوازە و حەزی بە برایەتییە.
وتیشی، ھیوادارن بەڕێزیان بە زوترین کات تەندروستیان باشتر ببێت و سەلامەت بن.
ئەمڕۆش ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوەوە و دووپاتی کردەوە، کە ھەموو ئەو فراکسیۆنانەی لە ھاوپەیمانێتییەکەدان و لە رابردوودا پرۆژەیاسای بودجەیان پەسەند کردوە، بەردەوامن لە ھەڵوێستەکەیان و ھەبوونی دەنگی نارازیش حاڵەتێکی تەندروستە.
ھاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش داوا لە فراکسیۆنە کوردستان دەکات، لە بەرامبەر مافەکانی خەڵکی کوردستان یەکدەنگ بن.
نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨_ەوە تاکو ئێستا لە عێراق بەھۆی شەڕ و تەقینەوە و توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە نۆ ھەزار منداڵ بوونەتە قوربانی، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا سێ ھەزار و ١١٩ منداڵ کوژران، پێنج ھەزار و ٩٣٨ منداڵیش برینداربوون و جگە لەوانەش ژمارەیەکی زۆر منداڵ جەستیان شێواوە بە لە دەستدانی ئەندامێکی جەستەیان.
راشیگەیاندووە، بەپێی ئەو ئامارە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا تێکڕا ھەموو رۆژێک لە عێراق منداڵێک کوژراوە، یاخود برینداربووە یان ئەندامێکی جەستەی لەدەستداوە.
یونامی داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە، پشتیوانی پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە منداڵ بکات، بەجدیش کاریان لەسەر بکات لە پێناو زیاتر پاراستنی منداڵان و دابینکردنی مافەکانیان و سزادانی ھەموو ئەو کەسانەی مافەکانی منداڵان پێشێل دەکەن.
عەباس عامری ئەمینداری گشتی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان راگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی گرنگ و دورودرێژی ئەنجامدا و رۆژی پێنجشەممەش دەنگ لەسەر گرنگترین پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دەدرێت کە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥_ە.
وتیشی، بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەتوانرێت خزمەتی زیاتری عێراقییەکان بکرێت و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش جێبەجێ بکرێن.
دوای ماوەیەک لە وەستانی کارەکانیان، بڕیاروایە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکی لایەنەکان لەسەر بڕگە و ماددەکانی پڕۆژەیاساکە بکات.
ھاوکات عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی، داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، پەلەبکەن لە دیاریکردنی وادەیەک لەم ھەفتەیەدا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا یوسف کیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی لە تویتێکدا رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ ئیمزای پەرلەمانتارانیان کۆکردووەتەوە، تاکو ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی چوارشەممە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە.
ھیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئاوەدانکردنەوەی شنگال بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە سەبارەت بە ئیدارەدانی وەستاوە.
وتیشی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە دەستپێکردنی ھەڵمەتێک بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و تەرخانکردنی ٥٠ ملیار دیناری عێراق، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم رێگرن.
راشیگەیاند، ژێرخانی ئابوری شنگال زیانی بەرکەوتووە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان زۆر خراپە و ئەوەش ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھۆی پەلامارەکانی داعش ئاوارە بوون.
ھیومن رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشداوە، ١٢ گروپی چەکداری کێبڕکێ دەکەن لەسەر کۆنترۆڵکردنی قەزای شنگال و گرتنە دەستی دەسەڵات.
ھیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایی بوودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران قۆناغێکی نوێ لە عێراق لەسەر بنەمای ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان لە عێراق دەستپێدەکات.
ھیواشی خواست رۆژی پێنجشەممە، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق دابینبکەن.
ئێلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ سودانی رایگەیاند، وڵاتەکەی خۆشحاڵە بە ھاریکارییەکانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دەشڵێت، ئەمریکا نایەوێت ھیچ مامەڵەیەک بە بازاڕی دراوەوە بکات، لەبەرئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری ھەیە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دوپاتیشی کردەوە، پشتیوانی ھەوڵەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی دراو، بە تایبەتی کە ژمارەیەک کۆمپانیا لە رێگەی بەڵگەنامەی تەزویرەوە کا بۆ ناردنەدەرەوەی دۆلار بە ناوی جیاجیا دەکەن.
تیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە دەستێوەردانی وەزیری دارایی لە پرۆژەیاسایی بوودجە دەکەن، کە لەئێستادا لیژنەی دارایی کاری لەسەردەکات.
دەشڵێت، بە پێچەوانەوە پشتیوانی خۆی بۆ تەواوی ماددەکانی ناو پرۆژەیاسای بوودجە دەردەبڕێت.
وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەک لە بوودجەی پارێزگاکان و وەزارەتەکانی حکومەتدا بکرێت، ئەوا وەکو وەزارەتی دارایی تانە لە پرۆژەیاسای دەدەن.
ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە تەیف سامی وەزیری دارایی دەستێوەردانی لە پرۆژەیاسای بوودجەدا کردووە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، نوری مالیکی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کۆبووەتەوە و جەختیلەوەکردووەتەوە، کە دەبێت سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروبارەکانی ناوچەکە بە ھەموو شێوەیەک رابگیرێت.
لەبەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، مالیکی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی لە پرسی پەسەندکردنی پرۆژەیاسایی بوودجە تاوتوێکرد و ئاماژەی بەوەشدا، بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق دەستپێدەکات.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، پشیتوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تورکیا سەروەری خاکی عێراق دەپارێزێت و لە ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بە شێوەیەک، کە خزمەت بە گەلی ھەردوو وڵات بکات.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دامەزراوە تەندروستییەکان لە توانایاندایە ھەموو جۆرە پەتایەک کۆنترۆڵ بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێی پلانێکی تەندروستی دەیان حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوونیان کۆنترۆڵ کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەرەتای دووچاربوونیان بە پەتاکە بوون.
دەشڵێت، بەکاریگەری رێکارەکان گیانلەدەستدان بە پەتاکە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ٪٢٥ کەمی کردووە، پێویستە ھاوڵاتیانیش رێکارەکانی خۆپارێزی پەیڕەو بکەن.
ئیمان عەبدولرەزاق، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا پەسەندکردنی بودجە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە ئێستا یەکلاییکردنەوەی بودجە کەوتوەتە تونێلێکی تاریک و لەدەستی لیژنەی داراییدا نەماوە.
باسی لەوەشکردوە، تائێستا ھیچ ھەواڵێک نییە کە ئاماژەبێت بۆ رێککەوتنی سیاسی بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە لەم ھەفتەیەشدا بودجە پەسەند ناکرێت.
یەکێک لە ناکۆکییە دیارەکانی بودجە پەیوەستە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، کەو ئەویش تایبەتە بە شێوازی ھەژمارکردنی ھەناردەی نەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتەکەی لەگەڵ داھاتی دەروازە سنورییەکان.