تالیب یەساری، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، لیژنەکەیان دوای پشووی وەرزی یاسادانان کار لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەکی گرنگ دەکات لەنێویاندا پڕۆژەیاسای تاوانە ئەلکترۆنییەکان و یاسای وەزارەتی ناوخۆ و یاسای ئەفسەرانی پۆلیس و چەند یاسایەکی دیکەی گرنگ.
وتیشی، لەنێو لیژنەکەیاندا ھەوڵ ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی چەند یاسایەکی گرنگ وەک یاسای ئاسایشی نیشتمانی و یاسای دەزگای ھەواڵگری.
یەساری ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەیاسای تاوانە ئەلکرۆنییەکان خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و ئامادەیە بۆ دەنگدان لەدوای پشووی یاسادانان.
عەبدولئەمیر رەبیھاوی، راوێژکاری بازرگانی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، کۆمپانیا خزمەتگوزاری و ھونەری و ئەندازیارییەکانی ئێران دەرفەتێکی نوێیان بۆ رەخساوە لەبازاڕی کاری عێراقدا بوونیان ھەبێت و کار لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی نیشتمانی بکەن.
وتیشی، بەپێی ئامارەکان ساڵانە ٤ ھەزار و ٥٠٠ کاڵای جۆراوجۆر ھەناردەی عێراق دەکرێن و ساڵی رابردووش قەبارەی ھەناردە لە ئێرانەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە ١٠ ملیار و ٢٣٦ ملیۆن دۆلار کە لەرابردوودا ھاوشێوەی نەبووە.
نێردەی حەجی عێراق رایگەیاند لە کۆی ٣٧ ھەزار عێراقی کە ئەمساڵ بەشداری فەریزەی حەج دەکەن، تائێستا ٣٢ ھەزار و ١١٨ کەسیان گەیشتوونەتە سعودیە.
لەو ژمارەیەش، ٢٠ ھەزار و ٥٥٣ کەسیان دوای ئەوەی سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەریان لە شاری مەدینە کردووە، یەکەم پایەی فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە شاری مەککە و ١١ ھەزار و ٥٦٥ کەسەکەی دیکەیش بۆ بەجێگەیاندنی یەکەم پایەی فەریزەی حەج لە شاری مەدینەن.
بەڕێکەوتنی کاروانی حاجیانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بۆ سعودیە بەردەوامە و دوێنێش یەکەم کاروانی حاجیان لە سلێمانییەوە گەیشتە ئەو وڵاتە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونە سەر کێوی ئوحد لە مەدینە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، کە سبەی پێنجشەممە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بەسەردانێک دەگاتە بەغداد.
راشیگەیاندوو، سەردانەکەی میری قەتەر بۆ بەغداد، رەھەندی سیاسی و ئابووری گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵات.
چاوەڕان دەکرێت ، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لەمیانی سەردانەکەی بۆ بەغداد، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی ھەرێمی کوردستانی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە و داوایکردووە جێبەجێی بکات.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوان چاوەڕوانی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەن و لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە داھاتی ناوخۆ لە بەردەستیانە، خشتەی مووچەی مانگی ئایار رادەگەینن و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەن.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامی نزمی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکاندا چەند ھۆکارێکی ھەیە دیارترینیان دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و زۆری خواست لەسەر دۆلار و بەرزی خەرجییەکان بەدراوی عێراقی لەلایەن ھاووڵاتیان و بازرگانان و حکومەت.
رونیشیکردەوە، عێراق لەئێستادا خاوەنی یەدەگێکی زۆرباشە لە دراوی قورس کە بەرزترین ئاستە لە مێژووی وڵاتەکەدا.
مەزھەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، دوای پەسەندکردنی بودجە و جێگیرکردنی بەھای دۆلارێک بە ١٣٠٠ دینار، لە رۆژانی داھاتوودا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار روو لە بەرزبوونەوە دەکات تاکو دەگاتە بەھای رەسمی.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەھۆی سزاکانی وڵاتەکەیەوە نزیکەی سێ ملیار دۆلاری ئێران لە عێراق بلۆککراوە، تەنھا بەو مەرجەش رێگە بەدەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەدەن مامەڵە بەو پارەیەوە بکەن ئەگەر لە بواری مامەڵەی مرۆیی بەکاری بھێنێت و پێویستە بە ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بێت.
وتیشی، بەھیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادەن ئەو پارەیەی وڵاتەکەیان کە لە عێراق بلۆککراوە لەو مامەڵانەدا بەکاری بھێنن کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە.
ئەم لێدوانەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمریکا عێراقی بەخشیووە لەسزاکان، بڕیاریانداوە لە چوارچێوەی قەرزی غازدا نزیکەی ٢.٧٦ ملیار دۆلار بدەنە ئێران.
محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، یاسای بودجە دوای ئەو گۆڕانکاریانەی تیایدا کرا، پێویستە دووبارە بنوسرێتەوە، چاوەڕێشدەکرێت ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران یاساکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار بکات بۆ ئیمزاکردنی.
بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆک کۆمار لە ماوەی ١٥ رۆژدا ئیمزا لەسەر ئەو یاسایانە دەکات کە ئەنجومەنی نوێنەران ئاڕاستەی دەکات.
دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار ئیمزا لەسەر یاساکە دەکات، وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاودەکاتەوە، حکومەتیش دەڵێت، یەکەم ھەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بودجە بریتی دەبێت لە بەگەڕخستنەوەی شەش ھەزار پڕۆژە کە بەھۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن تیایاندا راگیرابوو.
د.لەتیف رەشید لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ رۆما، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیای كرد و لەگەڵ لۆرێنزۆ فۆنتانا سەرۆكی ئەنجومەنەكە كۆبووەوە و جەختیكردەوە كردەوە لە قوڵیی پەیوەندییە تۆكمە و مێژووییەكانی عێراق و ئیتاڵیا و كاركردن بۆ پتەوكردنیان، هەروەها سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد، بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق لە بوارەكانی سەقامگیری و كلتووری و ئاماژەی بەوەشدا، عێراق قەیرانی ئەمنی تێپەڕاندووە و لە دۆخێكی سەقامگیردا دەژی.
سەرۆككۆمار وتیشی، دوای پەسەندكردنی بودجە، كاری لە پێشینەی حكومەت دەستپێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ و چالاككردن و هاندانی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان و نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی ئابووری دەبێت، هەروەها، هیوای خواست كۆمپانیا ئیتاڵییەكان رۆڵی زیاتر لە عێراق ببین و بەشداری بكەن لە بوارەكانی وزە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و ژینگە و ژێرخانی ئابووری.
لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا، سەردانەكەی سەرۆككۆماری بۆ وڵاتەكەی، بە بەرهەمدار وەسفكرد و جەختی لە پەرۆشی رۆما بۆ پەرەپێدانی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و فراوانكردنی هاریكارییەكانی بەغداد و رۆما كردەوە.
رۆژنامەی مەدا لە سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردووەتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بە درێژایی ماوەی پەسەندکردنی بودجە بێدەنگی ھەڵبژاردووە، بەڵام نیگەرانە لەو گۆڕانکاریانەی لیژنەی دارایی لە یاسای بودجەدا ئەنجامی داون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بێدەنگییەکەی سودانی لە دادگای فیدڕاڵی دەبێت بە کردار و بەگوێرەی ماددەی ١٣ـی دەستوریش دەتوانێت داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھەر بڕگەیەکی زیادە خەرجی لە بودجەدا بکات کە بەشێک نەبووبێت لە رەشنووسەکەی حکومەت.
دەستوری عێراق لە ماددەی ٦٢دا دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریکردووە کە لە یاسای بودجەدا تەنھا دەتوانێت گواستنەوەی خەرجی لە بڕگەیەک بۆ بڕگەیەکی دیکە بکات بە رەزامەندی حکومەتیش دەتوانێت خەرجییەکان زیاد بکات.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی داراییە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، یەکەم دەستکەوتیان لە یاسای بودجەدا ئەوەیە توانیویانە ٧٠٠ ھەزار پلەی وەزیری نوێ پەسەندبکەن کە سەرجەم چین و توێژەکان لێی سودمەند دەبن.
وتیشی، لە بودجەدا ٣ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لە وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگا ھەژارنیشینەکان ئاڵوگۆڕی پێکراوە، ئەو پارەیەش بۆ ئاوەدانکردنەوە و زیادکردنی ھەلی کار خەرجدەکرێتەوە.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەت و پارێزگا و دامەزراوەکان کرد، بەزوویی داتای دامەزراندنە نوێیەکان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکەن.
تەیف سامی لە نوسراوەکەیدا داوادەکات، ناوی سیانی و بڕوانامەی دەرچووە یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان، ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکرێت.
بەپێی یاسای بودجە، ٣٧ ھەزار و ١٠٠ کەس بەگرێبەست لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دادەمەزرێندرێن و لەگەڵ دامەزراندنی ١٥٠ ھەزار کەس بە گرێبەست کە وانەبێژان و خاوەن بڕوانامە و یەکەمی زانکۆکان دەگرێتەوە، بۆ سەرجەم پارێزگاکانیش دەبێت و بەپێی ژمارەی دانیشتووانیشیان دامەزراندنیان بەردەکەوێت و سەرجەم پڕۆسەکانی دامەزراندنیش رادەگیرێت.
"باسم عەوادی" وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "سودانی" سەردانێکی گرنگ بۆ میسر ئەنجام دەدات کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتە، لەگەڵ کاراکردنی لیژنەی ھاوبەشی نێوان بەغداد و قاھیرە بە تایبەت لە بواری ئابوری و وەبەرھێنان، "سودانی" داواش لە کۆمپانیاکانی میسر دەکات بەشدار بن لە ھەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق.
سەرچاوەیەکی حکومیش ئاشکرای کردووە، "سودانی" پرسی نێوەندگیری نێوان تاران و قاھیرە لەگەڵ لێپرسراوانی میسر دەخاتە بەر باس.
ئەوە دووەمین سەردانی "سودانی"یە بۆ میسر لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆک وەزیران، سەردانی یەکەمی لەمانگی ئاداری رابردوودا بوو، کە لەگەڵ ھاوتا میسرییەکەی و "عەبدولفەتاح سیسی" سەرۆکی میسر، کۆبووەوە.
عون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندوە، وەفدێکی تایبەتمەنەدی وەزارەتەکەی مانگی داھاتوو سەردانی تورکیا دەکات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر زیادکردنی پشکی ئاوی عێراق لە ٣٤٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ ٤٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
ئەوەشی خستوەتەڕو، وەفدەکە سەردانی ئەو بەنداوانەش دەکات کە لەسەر ھەردوو روباری دیجلە و فوڕات دروستکراون بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رێژەی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکان و پلانی بەڕێوەبردنیان.
بە پێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ١٣ی ئەم مانگە، سکاڵایەک تاوتوێ دەکرێت کە لەلایەن "عودەی عەواد کازم" ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکراوە، لەسەر ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری نەوتی عێراق و "مەسرور بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێم.
سکاڵاکە سەبارەت بەنادەستوریبوونی کردنەوەی ھەژمارێکە لە سیتی بانکی ئەمریکی بۆ دانانی داھاتی نەوتی ھەرێم، لە دەرەوەی دەسەڵاتی بانکی ناوەندی.