موحسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، یاسای بودجە کە بۆ ٣ ساڵ پەسەندکراوە، گرنگترین و باشترین و بێوێنەترین یاسای بودجەیە بەراورد بە یاساکانی ساڵی رابردوو بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بودجەی ھاوشێوە لە عێراق بوونی نەبووە و لە ئاست خواست و بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکاندایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای بودجەی ئەمساڵ بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داھاتی نانەوتی داوە لە پێناو بەھێزکردنی کۆی داھاتی دەوڵەت لەگەڵ پشتیوانیکردنی جوتیاران و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی و دامەزراندنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا ھەژارەکان و پاڵپشتیکردنی کۆبوونی خۆراکی مانگانەی ھاوڵاتیان.
باڵیۆزی سعودیە رایگەیاند، واژۆی رێککەوتنی پڕۆژەیەکی وەبەرھێنانی گەورەمان کردووە لەنێوان سعودیە و عێراق، لە ناوچەی رەفیلی نزیک فڕۆکەخانە کە ئەویش پڕۆەی (جادە بغداد)ـە و ملیارێک دۆلاری تێدەچێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پڕۆژەیەکی گەورە و سەسوڕھێنەرە، دەبێتە مژدەیە بۆ ھەموو عێراقییەکان، کە بریتییە لە گەورەترین مۆڵ لە عێراقدا و کافێ، چێشتخانەی گەورە، ئۆفیسی کارکردنی بارزگانی بۆ گەورەترین کۆمپانیاکانی عێراق، ٤٠٠ شوقەی نیشتەجێبوون و ٢٥٠٠ ڤێلا لەخۆی دەگرێت".
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، وەزارەتی دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەرایەتییەکان و رێکخراوە مرۆییەکان لە عێراق، بۆ تاوتوێکردنی بۆچوونی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کامپی ھۆل لە سوریا کۆبوونەوە و دەیانەوێت کۆتایی بە پرسی ھاووڵاتیانی عێراق لە کامپی ھۆل بھێنن.
وتیشی، داوایان لە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ئەو وڵاتانەی ھاووڵاتیان لە کامپی ھۆل ھەیە بیگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەو کامپە دابخەن، چونکە بووەتە شوێنێکی مەترسیدار.
راشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق ١٠ کاروانی خۆراکی بۆ ئەو خێزانە عێراقییانە دابینکردووە، کە لە کامپی ھۆل گەڕاونەتەوە، کە ژمارەیان ھەزار و ٣٩٣ خێزانە و پێکھاتوون لە پێنج ھەزار و ٥٦٩ کەس.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات ١ جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ماددانەی کە ھێشتا پەسەندنەکراون.
لە میانەی دانیشتنەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجە، لە کۆی ٦٧ ماددەی پرۆژەیاساکە ٣٦ ماددە پەسەندکراون، لە نێویاندا ئەو ماددانەی تایبەتبوون بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق، کە زۆرترین مشتومڕی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکاندا لە عێراق دروستکردبوو.
شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ١٨ ماددەی پرۆژەیاسای بوودجە دا، دواتر لە ماددەی ٤٢دا کە تایبەتبوو بە زیادکردنی باج بۆ سەر بەنزین، غاز و نەوتی رەش مشتومڕ دروستبوو و سەرەنجام سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا بە ھەڵپەساردنی کۆبوونەوەکە.
ھاوکات ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدانی لەسەر ماددەکانی ١٤،١٥، ١٦ و ١٧ دواخست، یەکێک لە بڕگەکانی ماددەی ١٤ تایبەتە بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و بەھۆی ھەوڵەکان بۆ لابردنی، گرژی و ئاڵۆزی لەپەرلەمان لێکەوتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەکانی ١٨، ١٩، ٢٠،٢١ و ٢٣ و ٢٤ی پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد، ماددەی ٢١ی پڕۆژەیاسای بودجە تایبەتە بە باجەکان، ماددەی ٢٢ی پڕۆژە یاساکەش لابرا و دەنگنەدرا لەسەر دانانی باج بەڕێژەی ١٠٪ لەسەر کارتی مۆبایل.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە عێراق رۆژانە ٤٣٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی ئەمریکا کردووە بەوپێیەش رۆژانە ٢٨٢ ھەزار بەرمیلی زیاد کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر رۆژانە ١٤٨ ھەزار بەرمیلی ھەناردە کردووە.
دەشڵێت، سعودیە لەنێوان ١٠ گەورەترین ھەناردەکاری نەوتدا کۆتا وڵات بووە و دواین پلەی وەرگرتووە.
باسم نەغیمش غەریباوی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چوار کێشەی درێژخایەن ساڵانە لە نێوان ھەرێم و بەغداد دووبارە دەبنەوە لەوانە پرۆژە یاسای بودجە کە ساڵانە پەسەندکردنی دوادەکەوێت، ھۆکارەکەشی ئەوەیە لەسەر چەند پرۆژە یاسایەکی ناکۆکی لەسەر وەک یاسای نەوت و غاز و ماددەی ١٤٠ و داھاتە نانەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتوون و بە پەسەندکردنیان کێشە گەورەکە چارەسەر دەبێت.
رونیشیکردەوە، دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە و دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان دەستدەکرێت بە کارکردن بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز کەلە ئێستادا حکومەت کاری لەسەر دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز راشیگەیاند، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە بەندەکانی کارنامەی وزاری کە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر پەسەندکردنی رێککەوتووە.
ئاشکراشیکرد، حکومەت بە نزیکەیی کارە ھونەرییەکانی پرۆژەکەی تەواو کردووە، بەڵام ئەو ماددانەی ناکۆکی سیاسییان لەسەرە یەکلانەکراونەتەوەو لیژنەکەیان سەردانی مەیدانی لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکە و وەرگرتنی پاڵپشتی سیاسی پێویست بۆ تێپەڕاندنی.
تورکی عتێبی سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆککن لەسەر کۆتایی ھێنان بەو ناکۆکییانەی بوونەتە مایەی دواخستنی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تر.
وتیشی، دوانیوەڕۆی ئەمرۆ نوێنەرانی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و لایەنەکانی تر کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەنوسی ئەو ماددانەی لە پرۆژە یاسای بودجەدا پەسەندکردنیان دواخراوە.
تورکی عتێبی دووپاتیشیکردەوە، ناکۆکی ھەیە بەڵام دیالۆگ دەبێتە مایەی گەڵاڵەکردنی چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە، ئەوەش بژاردەی ھەموو لایەنێکە بەبێ جیاوازی.
بەپێی پێشنیازێکی سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەیەک بۆ ماددەی یەکی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق زیادکراوە و بریتییە لە کردنەوەی لق بۆ خوێندنی باڵا لە کۆلێژە ئەھلییەکان و سیستمی فێرکردن لە کەرتی تایبەت، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئیمزایان کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن ئەو بڕگەیە ھەڵبوەشێنرێتەوە و بەھیچ شێوەیەک نەخرێتە دەنگدانەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو بابەتە تەنھا پەیوەندی بە دەسەڵاتەکانی ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردەی عێراقەوە ھەیە و بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بودجەوە نییە و نابێـ بخرێتە دەنگدانەوە.
عەلی عەلاق سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئاسانکاریی زۆریان کردوە بۆ جێگیرکردنی بەھای دۆلار و دابەزاندنی بۆ ئەو ئاستەی کە بریاری لەسەر دراو، بەڵام ژمارەیەک لە بازرگانان سوورن لەسەر ئەوەی لە بازارەکانی دەرەوە دۆلار بکڕین، ئەوەش وایکردووە بازاری دراو بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە.
دەشڵێت، ئەو بازرگانانەی کە پارەکانیان سنووردارە پێویستە کۆمپانیای بچوک دروست بکەن، تا بتوانن بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی دۆلار بکڕن و چیتر نەبنە ھۆکاری ئەوەی لە بازاری نارەسمییەوە دۆلار دابین بکەن کە ئەوەش بەردەوام بەھاکەی بەرز دەکاتەوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندی باسی لەوەشکردووە، سنوریان داناوە بۆ راکێشانی پارە لە ڤیزە کارت و ماستەر کارت کە بە ٢٠٠٠ دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات دیاریی کراوە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی تر بەکارنەھێندرێت، بۆ ھەر کڕیارێکیش یەک ماستەر کارت بە پەنجەمۆر و وەرگرتنی بایۆمەتری دروستکراوە و رێگە بە زیاتر نادرێت.
سودانی سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی کردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەکانی حەشد پیرۆزبایی حەوت ساڵەی دامەزراندنی ھێزەکەی کردوو ستایشی دەستکەوتەکانی کرد لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
وتیشی، فەتوای مەرجەعی باڵا پیلانی دوژمنانی شکستپێھێنا و ھاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە، دەرئەنجامەکەی دامەزراندنی ھێزێکی نیشتمانی بوو کە شانبەشانی ھێزە ئەمنییەکانی تر توانی پیلانە تیرۆریستییەکان پوچەڵبکاتەوەو ھۆکارێک بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر گروپی تیرۆریستی داعش.
سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، حەشدی شەعبی یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی و حکومەت لەپرۆسەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای خانەنشینی سەربازیدایە کە مافی سەرجەم کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان لە نێویاندا حەشدی شەعبی گەرەنتی دەکات.
راشیگەیاند،دەرفەتێکی راستەقینەیان ھەیە بۆ سەرکەوتنی دەوڵەت و وەبەرھێنان لە حاڵەتی سەقامگیری بۆ پێداچوونەوەو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان، رونیشیکردەوە، حکومەت تەواوی وردەکاری کێشەکانی دەشتنیشانکردووەو نەخشەرێگایەکی بۆ سێ ساڵ داناوە کە جیاوازی دروستدەکات لە ئەرکەکانیدا.
دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی دوورو درێژ شەوی رابردوو، پرۆژە یاسای بودجە برایە ھۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەر بڕگەو ماددەکانی دەستیپێکرد و ماددەی یەکەمی پەسەندکرد، بە پێی ئەم ماددەیە داھاتی ساڵی دارایی بە ١٣٤ ترلیۆن دینار دیاریکراوە، لەسەر بنەمای فرۆشتنی بەرملێک نەوت بە ٧٠ دۆلار، ھەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیلیی رۆژانە کە لەنێویدا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم ھەژمارکراوە لەسەر بنەمای بەھای فرۆشی١٣٠٠ دینار بۆ ھەر دۆلارێک.
ھاوکات ماددەی دوو کە تایبەت بە خەرجی و کورتھێنان بەھۆی نەبوونی کۆدەنگی فراکسیۆنەکان دواخرا، ھەرچی ماددەی سێیە تایبەت بە دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی بۆ دەرکردنی زەمانی خەرجکردن، زەمانی قەرزی گرێبەستی وەزارەتەکان و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان پەسەندکرا، ماددەی چواریش لە ئەنجامدانی گواستنەوە لە تەرخانکراوی قەرزەکانی عێراق لابرا.
ماددەی پێنجەم لە بارەی پارەی دانراوی ھەژمارە سەرەکییەکانی خەرجکردن بۆ قەرەبووکردنەوەو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و خەرجییەکانی تر و خەرجی پرۆژەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجە بەھەمان شێوە پەسەندکرا.
ماددەی شەشەمیش لەبارەی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەی تەرخانکراوەکانی بودجە لە سەر ئاستی بەش و ماددەکان دەنگی لەسەر درا، ماددەی حەوتەمیش دەڵێت، سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی فیدراڵی ھاوبەشن لە بەکارھێنانی بودجەی یەدەگی فریاگوزاری و پێدانی دەسەڵات بە خەرجکردنی سێ ملیار دینار بۆ ھەر حاڵەتێک دەنگی لەسەر درا.
ماددەی ھەشتیش پەسەندکرا کە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سنوردار دەکات لەبارەی داھات بۆ یەک ساڵ.
سەرۆک کۆمار، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨-٦-٢٠٢٣ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە وەفدێک کە نوێنەرایەتی ھاوڵاتیانی پێکھاتەی شەبەک دەکەن.
لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەوەکردەوە، ھاوڵاتییان یەکسانن لە مافدا ودەبێت پێوەری کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو رەچاوبکرێت بەبێ ھیچ جیاکارییەک لەنێوان ھاوڵاتیاندا، ئاماژەشی بەوەدا شەبەکیش پێکھاتەیەکی گرنگە و ڕۆڵەکانی ھاوشانی پێکھاتەکانی دیکە بەشدارییان کردووە لە پرۆسەی بونیادنانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی جۆراوجۆرەکاندا.
ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پەسەندکردنی بودجە کرد بۆ ئەوەی دەستبکرێت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەلەکەمان و وەگەڕخستنەوەی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان کە کاریگەری ئەرێنییان دەبێت لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان.
سەرۆک کۆمار باسی لە باشترین بەکارھێنانی ئاو کرد لە وەرزە کشتوکاڵییەکاندا و جەختی لە بەکارنەھێنانی کۆگای ستراتیژی ئاو کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە بەردەوامی بەنداوی موسڵ نۆژەن بکرێتەوە و بەنداوەکە لە ئاو بەتاڵ نەکرێت .
سەرۆک ھەروەھا باسی لە کێشەی ئاوارەکان و بارودۆخی تراژیدییان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئازاری ڕاستەقینەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندایە و پێویستە دۆسیەکانیان چارەسەر بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان دوای نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان.
لەبەرامبەردا، شاندی شەباک سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ھەڵوێستەکانی بەڕێزیشیان لە داواکانی و پشتگیریکردنی لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ زامنکردنی مافەکانی عێراقییەکان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، ھاوکات متمانەیان بەسەرۆک کۆمار دوپاتکردەوە لە پاراستنی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و ھەمەچەشنی لە عێراقدا. ھەروەھا شاندەکە ڕونکردنەوەیەکیان سەبارت بە بارودۆخی شەبەک لەوڵات و پێشنیارێکی کۆمەڵایەتییان سەبارەت بە پەرەپێدان لە ھەندێک جومگەی گرنگدا پێشکەش کرد.
ئەندامانی شاندەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە دۆخی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی موسڵ جێگیرن لەڕوی ئاسایشەوە باش و پارێزراون و جەختیان لەنەبوونی خزمەتگوزاری پێویست کردەوە بۆ ھاوڵاتیان و ھیوایان خواست کە کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دڵنیایی دەدەن بەرپرسیار نین لەو زانیاری و لێدوانە نادروستانەی ھەندێک لە پەرمانتاران دوای سەردانیکردنیان بۆ وەزارەت بڵاوی دەکەنەوە.
دەشڵێت، وەزارەتی دارایی پەیوەندیدار نییە بەو ھەموارانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون و ئەو پڕۆژەیە ئێستا لە ئەستۆی ئەنجومەنی نوێنەراندایە.
سودانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی بانکی جی پی مۆرگان گفتوگۆیانکرد لەبارەی پشتیوانیکردنی کەرتی بانکی، بانکی ناوەندی عێراق، کەرتی تایبەت و چۆنیەتی فراوانکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و زیادکردنی داھاتی نانەوتی کە یەکێکە لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حکومەت کە لەچوارچێوەی پلانێکی چاکسازی ئابوری و ئیداری کاری لەسەر دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە رۆڵی بانکی جی پی مۆرگان کرد لە دامەزراندنی بانکی بازرگانی عێراق کە ئێستا یەکێکە لە پەنجەرە بانکییەکانی بازرگانی عێراق لەگەڵ جیھاندا.
دووپاتیشیکردەوە، عێراقی داھاتوو لەسەر جوڵەیەکی گەورەی ئاوەدانییە لەسەرجەم کەرتەکاندا.
سودانی وتیشی، حکومەت بەردەوامە لە ھەنگاوەکانی چاکسازی لە سیستمی بانکی و راستکردنەوەی جوڵەی پارە و پاڵپشتی بازرگانی جیھانی، رونیشیکردەوە، حکومەت بۆ سێ ساڵ بودجەی ئامادەکردووە کە یەکەمجارە روودەدات و لە رێگەی بودجەوە پاڵپشتی کەرتی تایبەت دەکات لە رێگەی سندوقی عێراق بۆ پەرەپێدان، یاخود لە رێگەی پرۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سعودیە رایگەیاند، حکومەتی عێراق گرنگیی تایبەت بە کەمپی ھۆل دەدات و لە پێشینەی کارەکانیدایە، ھەروەھا پێویستە چارەسەرێکی راستەقینە بۆ ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە.
وتیشی، نزیکەی سێ ھەزار تیرۆریستی عێراقی لە سوریا دەستبەسەرن.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق نزیکەی ھەزار و ٤٠٠ کەسی لە کەسوکارەکانی داعش، لە کەمپی ھۆلەوە گەڕاندووەتەوە بۆ کەمپی جەدعە، کە ژمارەیان نزیکەی پێنج ھەزار کەسە، ٦٨٠ خێزانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.