وەزارەتی نەوتی عێراق ھۆکاری زیادبوونی ھەناردەی نەوت رادەگەیەنێت
کوردسات نیوز
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیادبوونی ئاستی ھەناردەکردنی نەوت لە وڵاتێکی ھەناردەکاری نەوتی وەک عێراق پرسێکی سروشتی و ئاساییە و کاریگەری لەسەر ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئۆپیک پڵەس نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیادبوونی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەھۆی کەمبوونەوەی بەکارھێنانی لەناوخۆدا دروستبووە، ھۆکاری دیکەشی پەیوەندی بە گۆڕانی وەرزەکانی ساڵەوە ھەیە، دووپاتیشیکردەوە، وەکو عێراق پابەندن بە رێککەوتنامەی ئۆپیک پڵەسەوە بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت.
وەزارەتی نەوت راشیگەیاندووە، ئۆپیک پڵەس کەمتەرخەمی ناکات لە بڕیاردان بۆ سەقامگیری و ھاوسەنگ ھێشتنەوەی بازاڕەکانی جیھان و بەپێی پێشبینییەکانیش ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو لەسەر ئاستی جیھان خواست لەسەر نەوت زۆردەبێت.