مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، چالاکییەکانیان دژی سەربازانی ئەمریکا بەردەوام تا ئەوکاتەی دوایین سەرباز عێراق جێدەھێڵێت و ئەگەر حکومەتی عێراقیش دەیەوێت گفتوگۆی رۆیشتن لە وڵاتدا بکەن، ئەوان رێگری ناکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئەمریکا وەڵامی ھەبێت ئەوان توندتر وەڵام دەدەنەوە و چالاکییەکانیان فراوانتر دەکەن.
دەشڵێن، ئەوەی دەیکەین ئەرکێکی ئاینی و نیشتیمانییە کە بۆ گەلی عێراقی دەکەین و ئەو چالاکییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکاش سەرەتای بەریەککەوتنێکی نوێیە و لە رۆژانی داھاتودا کاری دیکەمان دەبێت.
محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی پێکھاتە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان، گفتوگۆیان لەسەر ھێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە عێراق کرد، لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق دەکاتە ئامانج.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە بکرێت لەگەڵ کەسە کەمتەرخەمەکانی ئەو ھێزەی پارستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیەیان پێ سپێدراوە و تیرۆریستان لە ھێرشەکەدا بەکاریان ھێناوە بۆ ئەوەی سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، ھێرشکردنە سەر ھەر نێردەیەکی بیانی یان بنکەیەکی دیپلۆماسی تاوانێکی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرەکەی بە ئەوپەڕی سزا دەگەیەنێت، ھەرگیز کەم تەرخەم نابن لە ڕووبەڕووبوونەوەی لە یاسا دەرچووەکان کە ئاسایشی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و زیان بە ناوبانگی دەرەوەی دەگەیەنن.
بانکی بازرگانی عێراق رایگەیاند، یەکەمین کاروانی دۆلاری ئەمریکی کە لە دەرەوەی عێراقەوە ھاوردەکراوە گەیشتوەتە بانکەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کارە لە چوارچێوەی پلانی بانکی ناوەندییە بۆ پشتیوانی کەرتی بانکی و دابینکردنی داواکاری بەشداربوانی بانکە بۆ راکێشان و بەکارھێنانی دۆلار و جێگیرکردنی بەھای دۆلارە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بانکی ناوەندی رێککەوتنی لەگەڵ بانکی فیدڕالی ئەمریکا کرد بۆ ھاوردەکردنی دۆلار بۆ سێ بانکی عێراقی.
بەپێی رێککەوتنەکە بانکەکان دەتوانن بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بە یەک کاروان ھاوردەبکەن بەمەبەستی دابینکردنی دۆلار.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لە پەیامێکدا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان جەختدەکاتەوە بەشداری کارای ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردن جگەلەوەی دەبێتەھۆی چەسپاندنی دەستور و بنەماکانی دیموکراسیی، ھاوکات گرنگترین ھۆکاریشە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و دەربڕینی ویستی ئازادانەی ھاوڵاتیان.
سەرۆککۆمار داوا لە سەرجەم ھاوڵاتیان دەکات بەشدارییەکی چالاکانە و گرنگ بکەن لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا، چونکە بەشداری کارای ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردن و چاودێری بەردەوامییان بۆ دەسەڵاتە جیاجیاکان، ھاوکار دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتێکی باشتر و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا داواشی لە ھەموو ئەوانەکردووە کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنن بەردەوام بن لەھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی پرۆسەیەکی سەرکەوتووی ھەڵبژاردن کە ویستی دەنگدەران بەدیبێنێت و دادپەروەری و یەکسانی و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور و یاساکانەوە مسۆگەر بکات.
سالم عەنبەکی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، تا ئەم ساتە رێککەوتنی ھێزە سیاسیەکان و نوێنەرانی سوننەکان لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کاتی ئەنجامدانی دانیشتن بۆ ئەم بابەتە درەنگە و رێککەوتن لەسەر یەک کاندید، یاخود دوو کاندید نەکراوە بۆیە دانیشتن بۆ دیاریکردنی جێگرەیەک بۆ شوێنی حەلبوسی دەکەوێتە دوای ھەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
دەشڵێت، ئەگەر سوننەکان لەسەر کەمکردنەوەی کاندیدەکان رێکبکەون کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت و نزیکی کاتی ھەڵبژاردن وایکردوە کە ھێزە سیاسیەکان سەرقاڵی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ببن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٤:٣٦ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد بە ١٠ مووشەک کراوەتە ئامانج، مووشەکەکانیش بە دوو قۆناغ ئاڕاستەکراون و پێنج لەو مووشەکانەش لە بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ناوچەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە ھێرشەکە دەستپێکردووە و تائێستا زیانەکانی رووداوەکە دیار نین و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندووە.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زیاتر لە ٣٥ ترلیۆن دینار لە عێراقدا دیارنەماوە و دوو وڵاتی دراوسێی عێراق تەنھا بە دراوی دینار ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراقدا ئەنجامدەدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەژموونی ھێزە سیاسییەکان بەسەر دامەزراوە داراییەکانی وڵاتدا، بەتایبەت بانکی ناوەندیی، وایکردووە ژێرخانی ئابووری عێراق زیانی بەربکەوێت و رێژەی بەقاچاخبردنی پارە لە وڵاتدا بۆ نزیکەی ٧٠٪ بەرزبووەتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، بانکی ناوەندیی شکستی ھێناوە لە گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ بازاڕەکانی دراو، بڕیارەکانیشی زۆرینەی سیاسیین و لە بەرژەوەندی چەند لایەنێکە، کە مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، بڕیاری پابەندبونی عێراق بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسەوە لە چوارچێوەی ھەوڵی ھاوبەش دێت بۆ بەدیھێنانی ھاوسەنگی و سەقامگیری بازاڕی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئۆپیک پڵەس عێراق پابەند دەکات بە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بەشێوەیەکی خۆویستانە و ٢٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە لە یەکی ئەم مانگەوە تا ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ رۆژانە تەنھا چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنێت.
عەممار عەنبەکی، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ رایگەیاند، عێراق دووەم گەورەترین بەرھەمێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەسدا و بڕیارەکانی رێکخراوەکە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵەنگارییەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتە لە جیھاندا.
گرووپی مقاومەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامیان بۆ ئەو ھێرشانەی دەکرێنەسەر کەرتی غەززە، ھێزەکانیان لە ھێرشێکدا بنکەی ھێزەکانی ئەمریکایان لە بیرە نەوتی کۆنیکۆ لە خاکی سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ھێرشەکەدا بە مووشەک ھێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و مووشەکەکانیش بە سەرکەوتیی ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە.
ھاوکات، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری سنووری عێراق، بە مووشەک کراونە ئامانج و تائێستاش زەرەر و زیانەکانی ھێرشەکە دیارنییە.
سابرینا سینگ، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگھێشتی حکومەتی فیدراڵ لە عێراقن و ئەرکیان رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە لەناوچەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی فیدراڵ ھاوکارە لە پاراستنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەو ھێرشانەشی کراونەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشی شکستخواردوو بوون، جەختیلەوەشکردەوە، وەڵامی توندیان بۆ ئەو ھێرشانە دەبێت.
ھاوکات، نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەبێت ھەموو بارەگاکانی دیپلۆماتکاران پارێزراوبن.
راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق گرنگە بۆیان، چونکە عێراق بەرگەی پشێویی و ئاژاوەگێڕی زیاتر ناگرێت، پشێوییەکانیش ھەڕەشەن بۆ سەر ئەو دەستکەوتانەی کە بە ئەستەم بەدەستھاتوون.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەکات و رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لەژێر ھیچ پاساوێکدا قبوڵکراو نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامدەرانی ھێرشەکە پێشێلی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەکەن و بەھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناکەن ، ھێرشەکانیشیان ڕەنگدانەوەی کارنامەی حکومەتی فیدراڵ نییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندی حکومەتی فیدراڵیشی بە پارێزگاریکردنی دیپلۆماتکارانی ھاوپەیمانان لە عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بە ئامانجگرتنەوەی دامەزراوە و دیپلۆماتکارانی ھاوپەیمانان بۆ تێکدانی ناو و ناوبانگی سیاسی عێراق، کردەوەی تیرۆریستین و ھێزە ئەمنییەکان ھەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر، بۆ رێگریکردن لێی.
عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا سەرژمێری ئەزموونی ئەنجامدەدەن و پرۆسەکەش بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە چەند ناوچەیەکدا ئەنجامدەدرێت کە سەرژمێری گشتی دەیانگرێتەوە.
دوێنێ وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لایانە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٣ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەس دەبێت و لەو ژمارەیەش ٥٠.٥ ٪ی دانیشتوان رەگەزی نێرن و ٤٩.٥ ٪یان رەگەزی مێن.
عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەکە تەواوی دانیشتووان دەگرێتەوە، لە تەمەنی یەک رۆژەوە تا پیرترین کەس، ھیچ پرسیارێکیش سەبارەت بە رەچەڵەک و مەزھەب لەخۆناگرێت.
وتیشی، بەھۆی چەندین ھۆکارەوە نەتوانراوە چەند ساڵە سەرژمێری بکرێت، بۆیە گەیشتن بە داتای رەسمی قورس بووە.
دوایین سەرژمێری کە لە عێراق ئەنجامدرا لە ساڵی ١٩٩٧ بوو، بەبێ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیکرد لە میساک بالاسانیان، بالیۆزی کۆماری ئەرمینیا لە عێراق و لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەرمینیا بە تایبەتی لەبوارەکانی ئابووری، بازرگانی، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و گەشتیاری و ھەروەھا بواری پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدی بێنێت.
ھەروەھا بەڕێزیان باسی لە سەردانەکەی بۆ ئەرمینیا کردو ئەو دەرەنجامە گرنگانەی کە لێھاتە ئاراوە، بەتایبەتی لە چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ھەردوو وڵات، جەختیشی لە گرنگی تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی ئەو پرسانە کردەوە کە لەکاتی سەردانەکەدا خرانەروو بە شێوەیەک سوودی ھاوبەش بۆ ھەردو گەلی عێراق و ئەرمینیا دەستەبەر بکات.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەرمینیا جەختی لە پەرۆشی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدان و بنیاتنانی پەیوەندییە پتەوەکان لەگەڵ عێراق لەسەر بناغەی بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو وڵاتی دۆست، ھەروەک ستایشی سەردانەکەی بەڕێزیانی بۆ ئەرمینیا کرد کە بوەھۆی ھاندانی بازرگانان لە یەریڤان و خواستیان بۆ ھاوکاری و کارکردن لە بوارە جیاجیاکان لە عێراق.
حەسەن سلێمان راوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندووە، بۆ رۆژی دەنگدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆمسیۆن گرێبەستیان لەگەڵ ٢٠٠ ھەزار کارمەند کردووە، لەئێستاشدا راھێنانی کارمەندەکانی سەر سندوقی دەنگدان دەستیپێکردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ھەر کارمەندێکی سەر سندوق ئەگەر خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ بێت ٢٥٠ ھەزار دیناری پێدەدرێت، ئەوانەشی فەرمانبەری رەسمی دەوڵەتن ١٥٠ ھەزار دینار و نامەی سوپاس و پێزانینان لەلایەن وەزارەتەکانیانەوە پێدەدرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، روداوەکە لە ناوچەی تاجیاتی باکوری بەغداد رویداوە و تیایدا ژمارەیەک چەکدار دەستڕێژی گولـلەیان لە فازڵ مەرسومی، سەرۆکی حزبی "ئەلداعی ئەلرەبانی" و چوار لە ھاوکارەکانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە روداوەکەدا سەرۆکی حیزبی "ئەلداعی رەبانی" (تەمەن ٥٦ ساڵ) و یەکێک لە ھاوکارەکانی گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە و ھێزە ئەمنییەکان لەرێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، ھەوڵ دەدەن سەرەداوی تۆمەتبارانی رووداوەکە بدۆزنەوە.