عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، ئاماژە ئەمنییەکان و کارتی دەنگدان بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، زیاتر توندوتۆڵ دەکرێن و پڕۆگرامی وردیان بۆ دابیندەکرێت.
وتیشی، کارتی دەنگدان ناچێتە ناو سندوقی دەنگدان، ئەگەر سندوقەکە بارکۆدەکە بە ھاوشێوە نەخوێنێتەوە، دەنگەکە بە پووچەڵ دادەنرێت.
وتیشی، کۆمیسیۆن راھێنانی بە فەرمانبەرەکانی کردووە، تاکو لە رۆژی دەنگدان ھەڵەکردن کەمبکرێتەوە، ھەروەھا کارمەندی بەرپرس لە رۆژی دەنگدان روونکردنەوە بە دەنگدەر دەدات، چونکە میکانیزمی دەنگدان بۆ ئەم ھەڵبژاردن جیاوازە و دەنگدەر دەنگ بە لیست یان کاندیدی یاخود لیست یان کاندیدی سەربەخۆ دەدات.
بڕیاروایە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٥ پارێزگا (جگەلە ھەرێمی کوردستان)، بەڕێوەبچێت.
لما موسەوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک، لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگەکانی رابردوودا بە سەرکەوتوویی شەش بەشەخۆراکیان لە ئارد بەسەر ھاووڵاتیان دابەشکردووە، ئەوەش دوای گەیشتن بە ئاستی خودبژێوی لە گەنم.
دڵنیایشیدا کە تاکو وەرزی داھاتووی بەبازاڕکردنی گەنم، بڕی گەنمی پێویستیان ھەیە، راشیگەیاند، ئەم ھەفتەیە دەست بە دابەشکردنی حەوتەم بەشەخۆراکی مانگانە دەکرێت.
داواشی لەو ھاووڵاتیان کرد، کە لە پارێزگای دھۆک و کەرکوک و بەغداد و موسەننا و نەجەفن و فۆڕمی ئەلیکترۆنیان وەرگرتووە سەردانی ناوەندەکان بکەن.
مەزھەر محەمەد ساڵح بە میدیای رەسمی حکومەتی عێراقی راگەیاند، بەدووری دەزانن بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣ رووبەڕووی کورتھێنان ببنەوە، ئەوەش بەھۆی بوونی زیادەیەکی دارایی بە بڕی نزیکەی ٢٣ ترلیۆن دینار، ھەروەھا بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان.
دەشڵێت، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا تاکو کۆتایی ساڵی دارایی ٢٠٢٣ بەردەوامبن، ئەوا ئاماژەی بەرز بۆ سەقامگیریی ئابووری دەبێت.
محەمەد نوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستاش دەرگا و دەروازەکانی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق کراوەن و ھۆکارەکەشی ژمارەیەک حزب و بانکەکانیان و بەرزکردنەوە بڕی فرۆشتنی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بۆیە تائێستاش بابەتی دۆلار لە دەرەوەی دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، چونکە چەند لایەنێکی دەرەکی دەستیان بەسەر بانکی ناوەندیدا گرتووە.
وتیشی، سیاسەتی بانکی ناوەندی بەرامبەر دۆلار تائێستا سەرکەوتوو نەبووە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە ھەنگاوی جددی نانێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵوگۆڕی دراو، بۆیە سەرجەم رێکارەکانیشی بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار شکستیان ھێناوە.
حسێن سەعبەری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و زیادکردنی رسوماتەکان پرسیارێکی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە پێی بڕیاری ژمارە ١٨٧ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠٢١، زیادکردنی ٦٦ ھەزار دینار وەک رسوماتی دەرھێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی جگە لە ٢٥ ھەزار دیناری تر کە یاساییە و بەھەمووی دەگاتە ٩١ ھەزار دینار، پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە.
وتیشی، لە دەرھێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیدا جگە لەوەی بە نایاسایی بڕێکی زۆر پارە لە ھاوڵاتیان وەردەگیرێت، قەرەباڵغییەکی زۆریش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسۆرت دروستبووەو ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆ گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن.
حامید موسەوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی ھەوڵی شکستپێھێنانی حکومەتەکەی سودانی و ھەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەدەن، لە خەیاڵدا دەژین و ئەو بارودۆخە نابین.
وتیشی محەمەد شیاع سودانی بە رێنماییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کارەکانی دەکات و ھەماھەنگی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەکەدا دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارەکان.
پەرلەمانتارەکەی فەتح دووپاتیشی کردەوە، کە ھەموو یەک شەممەیەک چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆدەبێتەوە و رۆژانی دووشەممەش کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت دەکرێت، پاشان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.
سەبھان مەلا جیاد راوێژکاری سیاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، تێلیگرام وەڵامی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دەداتەوە و ھاوکاریی دەکات لە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی لە پشت دزەپێکردنی زانیاریی ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانەوە.
وزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە بەرامبەر دزە پێکردنی زانیارییەکان داوایەکی ئاراستەی تێلیگرام کرد، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامبداتەوە، ھەربۆیە وەزارەتی پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی کاتی کارپێکردنی بە ئەپی تێلیگرام راگرت، رۆژی ھەینیش سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە رایگەیاند، تێلیگرام رەزامەندی بۆ ھاوکارییکردنیان دەربری.
شەشی ئەم مانگە بە ھۆکاری پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانی و دزەکردنی زانیاریی، ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام لە عێراق قەدەغە کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای سەڵاحەدین لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ھێزێکی تایبەتی شانەی چالاکییە ھەواڵگرییەکانی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق دوای چەندین رۆژ چاودێریکردنی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەی پێویست، لە قەزای شەرگات سەربە پارێزگا سەڵاحەدین گەورە تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردووە کە لێپرسراوی دیوانی جوند بووە لەناو گرووپی تیرۆریستی داعش.
راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆریستە بە پێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووەو لەنێوان ھەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا ھاتوچۆی کردووە، سەرەچاوەیەکی سەرەکی کۆکردنەوەی پارە و خۆراک بووە بۆ پاشماوەکانی داعش.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی عێراق لەسەر بینا و باڵەخانەکانی دامەزراوە حکومییەکان لە بەغداد چەندین جۆر چەک و سیستمی دژە مووشەکی زەمینی جێگیرکردووە.
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش وتویەتی ئەو ھەنگاوەی گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناو بەغداد، پارێزگاریکردنە لە دامەزراوە حکومییەکان کە ناوبەناو دەکرێنە ئامانج و لەلایەن گرووپە نەناسراوەکانەوە مووشەکیان ئاراستە دەکرێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی و لە بەرنامەی کارەکەشیدا جەختیانکردوەتەوە لەسەر ئەوەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی توانای گەنجان و چارەسەرکردنی کێشە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان کاری لە پێشینەی حکومەتەکەی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ کە رۆژی جیھانیی گەنجانە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، کە تەنھا تایبەت دەبێت بە گەنجان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکانیان و چۆنێتی کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
نەوتی خاوی برێت ٤١ سەنت بەرزبوەوەو یەک بەرمیلی گەیشتوەتە ٨٦ دۆلار و ٨١ سەنت، نەوتی خاوی خۆرئاوای تەکساسیش گەیشتوەتە ٨٣ دۆلار و ١٩ سەنت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، خواست لەسەر نەوت ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە و گەیشتوەتە ١٠٣ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئاستی بەرھەمھێنانیش کەمبووەتەوە.
د.نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران کران بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتار.
وتیشی، سەبارەت بەو رێکارانەی وەزارەت گرتویەتیەبەر بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە رێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی کۆکردنەوەی داھاتی گشتی لەباج و رسومات، پرسیار لە وەزیری دارایی کرا، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، ئەو سیستمە نوێیە ھەنگاوی باشی بڕیوە، ئەگەر سیستمەکە تەواو بکرێت ئەوا دەبێتە ھۆی نەھێشتنی گەندەڵی لە کۆکردنەوەی ھەموو جۆرەکانی داھات.
د.نەرمین معروف ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەبارەت بە رێکارەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و ھۆکاری زیادکردنی رسوماتی پاسپۆرت لە ٢٥ ھەزار دینارەوە بۆ ٩١ ھەزار دینار، پرسیار لە وەزارەتی ناوخۆکرا، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکانی"یاسا و دارایی و دەستپاکی و ئاسایش و ناوخۆی راسپارد"، بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو گرێبەستەی کراوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و بەزووترین کات راپۆرت لەوبارەیەوە بدەنە ئەنجومەنی نوێنەران.
وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا لەبارەی ئەو دەنگۆیەی لە کەناڵەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە بڕی ھەزار دۆلاری مانگە بە ھەر ھاووڵاتیەک دووپاتیکردووتەوە وەزارەتەکەیان تا ئێستا ھیچ رێنمایی و راسپاردەیەکی لەو بارەیەوە ئاراستە نەکراوە.
راشیگەیاندوە، لە کاتی دەرچوونی ھەر رێنمایی و راسپاردەیەک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەو مەبەستە لە رێگەی ماڵپەر و سەکۆ رەسمییەکانی وەزارەتەوە بڵاویدەکەنەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سەرجەم ئاوارەکان ئاگادارکرداونەتەوە کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان و سەرجەم پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین دەکرێت، چونکە لە ١٠ی ئەیلولی داھاتوو سەرجەم دۆسێکانی تایبەت بە خێزانە ئاوارەکان دادەخرێت و بە یەکجاری کۆتایی بەو پرسە دەھێنرێت، لەو وادەیەش بەدواوە ئەو ئاوارانەی ناگەڕێنەوە بە دانیشتووی ئەو پارێزگا و ناوچانە ھەژمار دەکرێن کە تائێستا تێیدا دەژین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە تەنھا ئاوارەکانی جەرف نەسر ناگرێتەوە تا ئەو کاتەی کێشەی ناوچەکانیان چارەسەر دەکرێت.
جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی گەرەنتی ئەوەی کردووە پارە ئازادکراوەکانی ئێران کە لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج دەستگیرکراوی ئەمریکی وەریدەگرێتەوە تەنھا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریدەھێنێت.
وتیشی، وڵاتەکەی بە تەواوەتی ئاگادار دەبێت پارە ئازادکراوەکانی ئێران بۆ کوێ دەچن.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی لە کۆریای باشور دەستیپێکردووە و دووپاتیشیکردەوە، چۆنیەتی بەکارھێنانی پارەکان دوای ئازادکردنی لە ژێر سەرپەرشتی تاران خۆیدا دەبێت.
رۆژی پێنج شەممە ئەمریکا و ئێران رێککەوتنێکیان کرد بۆ ئازادکردنی شەش ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێران، لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج دەستگیرکراوی ئەمریکیدا لە ئێران.
رەفیق ساڵحی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٩٠ کیلۆمەتری تێپەڕاندووە، لەگەڵ دامەزراندنی چوار بنکەی سەربازی جێگیر کە بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
وتیشی، تورکیا چەندین بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا کە ھەندێکیان تازەن و لەچوارچێوەی ستراتیژی لەشکرکێشی کە چەندین ساڵە بەردەوامە دروستیکردوون.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، عێراق چەندین کارتی ھەیە بۆ فشارخستنە سەر ئەنقەرە تاکو رێز لە دراوسێیەتی بگرێت لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دوورخستنەوەی ھێزەکانی.
دووپاتیشیکردەوە، بوونی ھەر ھێزێکی بیانی لە عێراق خزمەتی ئاسایش و ئارامی ناکات، سوپا و دامەزراوەکان توانایان ھەیە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن.