کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەھای ١٢.٢٣ ملیار دۆلار خۆراک و بە بەھای ١٢.٤٦ پیشەسازیی خۆراکیان ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە و ئاردیش لە پلەی یەکەمی ئەو ماددە خۆراکییانە بووە کە ھەناردەی کراون.
دەشڵێت لەماوەی ئەو شەش مانگەدا داھاتی ھەناردەی ئارد ٦٨٣ ملیۆن دۆلار بووەو دوای ئەویش رۆنی زەیت دێت کە لەو ماوەیەدا داھاتەکەی ٤٩٤ ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق لەسەر ئاستی وڵاتان گەورەترین کڕیاری ماددە خۆراکییەکان بووە لە تورکیا و لەو ماوەیەدا بە بەھای ١.٤ ملیار دۆلار خۆراکی لە تورکیا کڕیووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارێکیدا لەگەڵ تۆم تۆگندھات وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گرنگ گفتوگۆیان کردووە، لەنێویاندا روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی.
سودانی پشتیوانییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە گرنگ وەسف کردووە و ھەماھەنگی ئەو وڵاتەشی بە گرنگزانی بۆ کێوماڵکردنی ئەو تاوانانەی لە سنورەکانەوە دەکرێن، بەتایبەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مادەی ھۆشبەرەو ئەو مادانەی کاریگەریی لەسەر ژیری مرۆڤ جێدەھێڵن.
لەبەرامبەردا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا دووپاتیکردووەتەوە، کە پشتیوانی لە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن بە پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیای نوێ و پشتیوانی ھەموو ئەو ھێزانەش دەکەن کە رۆڵیان ھەیە لە پاراستنی ئاسیش و ئارامی عێراق.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بە سەردانێکی رەسمی کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت گەیشتە ئەنقەرە.
ھاوکات باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەزیری نەوت لەسەردانەکەیدا، ژمارەیەک پرسی گرنگ تایبەت بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لە بواری نەوت و غاز و وزە، ھەروەھا دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە بەندەری جەیھانی تورکیا لەگەڵ لێپرسراوانی تورکیا تاوتوێ دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری نەوت، لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا و ژمارەیەک لێپرسراوانی دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە.
لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە تائێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە و بەو ھۆیەوە تائێستا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بەر ھەرێم کەوتووە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا یەکەم قۆناغی دانوستان لە بەغداد لەنێوان تورکیا ھەرێم و عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەڕێوەچوو، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە و بڕیاردرا کۆبوونەوەی داھاتوو لە ئەنقەرە بێت.

ھاوپەیمانی سەربەخۆکان، داوایەکی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە و تیایدا داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات بە بیانووی کێشەی کەمی ژمارەی دەنگدەران و کاندیدەکان.
ھاوپەیمانێتییەکە لە داواکارییەکەیدا دەڵێت، پێویستە ھەمووان لە شکۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان تێبگەن، چونکە راپرسییەکان پەیوەست بەو ھەڵبژاردنەوە ئاماژە بۆ پاشەکشێی گەورەی ژمارەی دەنگدەران دەکات، بۆیە ئەو پاشەکشێیە ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ پێشھاتە نوێیەکان و پێویستە بڕیار بدرێت تا پڕۆسەکەی سەرکەوتوو بێت.
ھاوپەیمانی سەربەخۆکان ئەوەش بەپێویست دەزانێت کە دەنگدەران متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە تا کەمی دەنگدەر کاریگەریی لەسەر شەرعیەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دروستنەکات.
ئەو داواکاریەش لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
عادل عەبدولمەھدی، لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"دا بڵاوبووەتەوە، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە، کە تۆمەتباری دەکەن، بەوەی لە ماوەی دەسەڵاتیی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ژێر ھەژموونی ئێراندا بووە.
عادل عەبدولمەھدی لە وتارەکەیدا، باس لە خەرجییەکانی کڕینی غاز لە ئێران و ھەروەھا ئەو قەرزانە دەکات، کە کەوتوونەتە سەر عێراق بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە، دەشڵێت، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ تاکو مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، (کە ئەوکات حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بووە)، بە بەھای ١٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، عێراق چەکی لە ئەمریکا کڕیووە، ئەوەش دوو ھێندە زیاترە لە خەرجییەکانی کڕینی غاز لە ئێران لە ھەمان ماوەدا.
عادل عەبدولمەھدی یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی عێراق، لە ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، بەھۆی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
رۆژنامەی "مەدا" ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە واشنتۆن بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سودانی و بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بڕیارە مانگی ئەیلولی داھاتوو لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئاڵۆزی رەوشی عێراق و دۆسیەی ئێران، بڕیاردراوە ئەو دیدارە لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیە نێودەوڵەتییە بێت، بەڵام تا ئێستا دۆسیە و بابەتەکانی کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و سودانی دیاری نەکراوە.
سەرچاوەیەکی نزیکیش لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندووە، سودانی سێ جار بانگھێشتنامەی بۆ سەردانیکردنی واشنتۆن رەتکردووەتەوە، چونکە دڵنیا نەبووە لە نیازی ئەمریکا، ئەگەرچی گرنگی بە ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەدات.
فراس مسلماوی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی رایگەیاند لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ پێداچونەوە بە بڕگەی ٦٧ لە یاساکانی ساڵی ٢٠١٧ کە تایبەتە بە دامەزراندی سێ یەکەمەکان.
وتیشی ئەو لیژنە ھەوڵدەدات ئەو بڕگەیە بگۆڕێت بۆ ئەوەی ھەر ١٠ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکان بتوانن ھاوشێوەی سێ یەکەمەکە دابمەزرێنرێن.
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتوانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیبوو.
عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پاڵپشتی دینار بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، لیژنەکەیان بڕیاریداوە بە کردنەوەی ئەژمارێکی بازرگانی لە بانکی تی بی ئای، بۆ ئەوانەی ناسنامەی ژووری بازرگانی بەغدادیان پێیە رێگەیان پێدەدرێت مانگانە ١٠٠ ھەزار دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرن.
وتیشی، ئەو رێکارە لەپێناو رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بازاڕی رەش، بازرگانانیش پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە، کە بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغدادەوە دەکرێت و جێبەجێکردنیشی دەستیپێکردووە، کاریگەرییەکانیشی لە ماوەی داھاتوودا دەردەکەوێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری داتای نیشتمانی لە سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لەئێستادا سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق نزیکەی ٣٠٠ خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاوڵاتییان دەکەن، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەکانی مامەڵەکردن بە دراوە بیانییەکانەوە، کە ئەمەش رۆڵی گرنگی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان لە فەرمانگە حکومییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی دراو، دەتوانێت چارەسەری کێشەی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێرق جەختیشیکردەوە، حکومەت ھەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییانەی رووی لە عێراق کردووە.
ھاوپەیمانی وەتەنیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ویستیان بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن چونکە ئەنجومەنی خزمەتگوزارین، بەڵام لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان بڕیاریاندا بە بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنەکە، چونکە گەندەڵی و ھەژموونی بیانی بەسەر ژینگەی ھەڵبژاردنەوەکە ھەیە، لەگەڵ فشاری سیاسی کە رۆڵی گەورەی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی دیموکراسی ساختەدا ھەیە.
راشیگەیاند، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە فۆڕمە کۆنەکەی پشتگوێخستنی داواکاری گەلە کە "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەوڵی بەدیھێنانی دەدات، بەڵام گەندەڵی بەھێزترە لە ئیرادەی سەرۆک وەزیران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو بڕیارە دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ حزبە ھاوپەیمانەکان کە ھاوپەیمانی وەتەنیەی لەگڵ بنیاتنرا دراوە، لەپێناو رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی شۆڕشگێڕان و دادپەروەری.
ھاوپەیمانی وەتەنیە دووپاتیشی کردەوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان پراکتیزەیەکی دیموکراسییە کە گوزارشت لە بەشداریی خەڵک دەکات لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان، بەڵام ئیستغلالکردنیان لەلایەن ھێزەکانی گەندەڵی و مافیاکانەوە دڵنیای کردنەوە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ناردنی پێنج ھەزار کەس بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.
وتیشی، ھەفتەی رابردوو وەفدێکی خوێندنی باڵای ھەرێم، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات کۆبوونەتەوە، بڕیاردراوە دابەشکردنی ئەو پێنج ھەزار کورسییە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو ٥ ھەزار کورسییەی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیەندراوە، بۆ چوار ساڵە و لە قۆناغی یەکەمدا ٤٠٠ کورسی دابینکراوە، لەئێستادا فۆرمی پێشکەشکردن راگەیەنراوە، دوا وادەی پێشکەشکردنیش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دەبێت،
بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و نوێنەری وڵاتان، لە رێورەسمێکدا لە یادی ٢٠ ساڵەی تەقینەوەکەی بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان کرایەوە.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەیادی تەقینەوەکەدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جگە لە دەربڕی ھاوسۆزی خۆی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ئاژانسەکانی جەختیشیکردەوە، لەسەر گرنگی بەھێزکردنی بەدەنگەوەھاتنی مرۆیی رەوشەکە ھەر چۆنێک بێت و تیرۆر ھەمووان دەکاتە ئامانج بەرپرسیارێتیی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەیی و بەردەوامیکاری ھاوبەش بۆ لاوازکردنی کاریگەری ئایدۆلۆژیا لە ھەموو شوێنێک .
لە ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠٠٣ ھێرشێکی خۆکوژی کرایەسەر بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەغداد و بەھۆیەوە سێرجیۆ ڤیێرا دیملۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ٢١ کەسی دیکە کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تر برینداربوون.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەرجەم ئەفسەران بە پلەی مولازم دەبێت لە یەکی مانگی ئەیلوول تاکو یەکی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی پزیشکی خۆیان بکێشن، تاکو پلە بەرزکردنەوەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بیانگرێتەوە.
بە پێی نوسراوەکە، ھەر ئەفسەرێک کێشی لە دوو کیلۆوە لە کێشی ئاسایی زیاتر بێت، پلە بەرزکردنەوەی ساڵانەی رادەگیرێت.
ھەروەھا ئەوانەشی پلەیان عەمید یاخود لیوایە، ئەگەر کێشیان لە پێنج کیلۆوە لە سەروو کێشی ئاساییەوە بێت، مۆڵەتی یەک ساڵیان پێدەرێت، تاکو کێشیان کەمبکەنەوە، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و خانەنشین دەکرێن.
ھەروەھا ئەوانەی پلەیان عەقیدە بۆ ماوەی دوو مانگ دەخرێنە راھێنانی ناوەندی چاکسازیی پۆلیسەوە بە پێچەوانەوە خانەنشین دەکرێن.
لە سەرەتای کابینەکەی محەمەد شیاع سودانیەوە، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق، دەستیان بە لێپرسینەوە لەو ئەفسەر و پلەدارانە کردووە، کە کێشیان لە سەروو کێشی دیاریکراوە و داوایان لێدەکرێت کێشیان کەمبکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی زۆر و ئەنجامدانی چەندین جۆر پشکنین، دەرکەوتووە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسێکی کۆرۆنا لە ئەمریکا و دانیمارک و ئیسرائیل بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ وڵاتەیان لە ئەنجامی بەدواداچوون و پشکنینەکان ئاگادار کردووەتەوە، ھۆشداریشیان پێداون کە پێویستە زۆر بە وردی چاودێری ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا بکەن و ھاوڵاتیانیشیان لە مەترسییەکانی ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا ئاگادار بکەنەوە.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی کارکردنی منداڵانی عێراق دەگاتە لەسەدا حەوت و بە رێژەیەکی نزم دادەنرێت، بەڵام واتای ئەوەیە ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار منداڵی عێراقی لە مافەکانیان بێبەشن.
وتیشی، بە پێی توێژینەوەکان منداڵان گیرۆدەی جیاکاری رەگەزین لە بوارەکانی خوێندن و کاتبەسەربردن بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان و ئەرکی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە بیانپارێزێت.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە پێویستی دەزانێت منداڵان چێژ لە ژیانی منداڵێتی ببینن و تەنھا مافی خوێندن و تەندروستی بۆ دەستبەرنەکرێت، بەڵکو پێویستە لە توندوتیژی خێزانی و دامەزراوەکانی فێرکاری و کۆمەڵگە بپارێزرێن.
ساڵح خەرابشە وەزیری وزەی ئوردن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان وڵاتەکەی و عێراق بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت و قۆناغی یەکەم بە بەستنەوەی کارەبای ھەردوو ناوچەی (ریشە و روتبە) دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە ئامادەبێت.
وتیشی، قۆناغی دووەم بەستنەوەی کارەبای ھەردوو ناوچەی ریشە و قائیم دەبێت بە توانای ٤٠٠ کیلۆڤۆڵت و پێدەچێت لەم مانگەدا تەواو ببێت.
ھەروەھا وەزیری وزەی ئوردن جەختیکردەوە لە گرنگی رێککەوتنی ئوردن و عێراق لەسەر زیادکردنی بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی لە ١٠ ھەزار بەرمیلەوە بۆ ١٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە.
رونیشیکردەوە، نەوتی ھەناردەکراو لە عێراقەوە لەسەدا حەوتی پێداوییستییەکانی وڵاتەکەیان دەستبەر دەکات.