کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کریملین، لە راگەیەندراوێدا ئاماژەی بەوەکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی مۆسکۆ پایتەخت دەکات و رۆژی سێشەممە چاوی بە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا دەکەوێت.
دەشڵێت، پوتن و سودانی رەوشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشھاتە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەغداد و بەرەو پێشبردنی ئەو پەیوەندییانە تاوتوێ دەکەن.
رۆژی پێنجی ئەم مانگە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆڕبەندی ڤاڵدای کە لە شاری سوچی بەڕێوەچوو رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی دێتە روسیا و خۆشحاڵن بەو سەردانە و پێشوازی لێدەکەن و دەیانەوێت ھەردوولا گفوگۆ لەسەر زیاتر گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەن، وتیشی، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆ ستراتیژین و چەندین بەرژوەندی ھاوبەشیان ھەیە.
سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەرکی سەرشانی عێراقییەکانە و نەیارانی ئەمریکا و لایەنگرانی دۆسیەی فەڵەستینە، کە خۆپیشاندانی ملیۆنی ئاشتیانە لە گۆڕەپانی تەحریر ئەنجام بدەن و ئاڵای ئیسرائیل بسوتێنرێت و ئاڵای فەڵەستین لەپاڵ ئاڵای عێراق بەرزبکرێتەوە.
سەدر راشیگەیاند، خۆپیشاندانەکە رۆژینی ھەینی داھاتوو لە دوای نوێژی ھەینی رێکدەخرێت لەسەرجەم پارێزگاکانەوە، تاوەکو بۆ گەندەڵکاران و ستەمکاران بسەلمێنن کە بەردەوامن لە چاکسازی و بەرەنگاربوونەوە.
کازم فەرتوسی، وتەبێژی کەتائیبی سەید شوھەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، ھەر کاتێک بیانەوێت ھەڵوێست و ناڕەزاییەکیان بەرامبەر ئەمریکا و ھەر وڵاتێکی تر ھەبێت پێویستیان بەھەماھەنگی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی عێراق نییە، لە شەڕی نێوان حەماس و فەڵەستینیشدا ھەڵوێستیان روون و ئاشکرایە و ئەوەی پێیان بکرێت بۆ پشتیوانیکردنی حەماس دەیکەن.
وتیشی، لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی تری چەکداری ناوەوە و دەرەوەی عێراق ھەماھەنگییان ھەیە ئەگەر ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە ھاوکاری ئیسرائیل بکات و دەست لەو شەڕە وەربدات، ھەمان ئەو شەڕە لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وڵاتانی ناوچەکە دەستپێدەکات و لەھەموو لایەکەوە ھێرش دەکەنە سەریان.
"باسم عەبدولکەریم شەمخانی" بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، پڕۆژەی ھەناردەی دەریایی نوێ پێگەی عێراق لە بازاڕی جیھان پتەو دەکات، پێشبینیش دەکەن توانای ھەناردەی نەوتی عێراقی لە ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
وتیشی، کۆمپانیاکەیان پلانی ھەیە بۆ گەشەدان بە بەرھەمھێنانی نەوتی خاو لە کێڵگە مۆڵەتپێدراوەکانیاندا، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە ٤١٦ ملیۆن دۆلار بۆ بنیاتنانی بۆری سێیەمی ھەناردەی دەریایی.
د.لەتیف رەشید رایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەیان پێگەیشت لە شاری حومس، کە چەندین قوربانی و برینداری لێکەوتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند، بەناوی خۆی و گەلی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە ترسنۆکە دەکەن، کە پێچەوانەی ھەموو بەھا مرۆییەکان و فێرکارییە ئاسمانییەکانە. ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکانی ئەو رووداوە خواست.
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە وەلید محەمەد ئیسماعیل باڵیوزی میسر لە عێراق کرد، بەھۆی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە قوڵی پەیوەندی برایانە و ھاوکاری نێوان عێراق و میسر کردەوە، ھەوڵەکانی باڵیۆزی میسری بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و قاھیرە بەرزراگرت وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی داھاتوویدا.
لە بەرامبەردا وەلید محەمەد ئیسماعیل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری کۆماری عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە لە رۆڵی ئەرێنی سەرۆککۆمار لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و میسر.
باسم نەغمیش، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، نەوتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە بڕەکەی دەگاتە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ ھەڵسەنگاندن بۆ وەبەرھێنانکردن لەو نەوتە لە پاڵاوتگە ناوخۆییەکان، لەگەڵ ئەگەری فرۆشتنی نەوتەکە بە ئوردن یاخود سوریا یان لوبنان.
وتیشی، ئێستا عێراق رۆژانە لە ناوخۆدا، وەبەرھێنان لە ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم دەکات، وەک لیژنەی نەوت پێشنیازیشیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە، لیژنەیەک پێکبھێنێت بۆ تاوتوێکردنی وەبەرھێنانی ناوخۆی لە نەوتی ھەرێمی کوردستان.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشنیازێکی تریان ئەوەیە ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی تورکیاوە دەڕۆشت، لە رێگەی باشوورەوە قەرەبوو بکرێتەوە، کارکردنیش بەو ئاڕاستەیە بەردەوامە، لەپێناو ئەوەی زیان لە بودجە نەدات.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لەسەر پرسی فەلەستین کردەوە و رایگەیاند، پشتیووانیی تەواو بۆ گەلی فەلەستین دەردەبڕن و بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە دڕندانەیە دەکەن کە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامدراون.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین.
لەلایەکی ترەوە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، جەخت لە ھەوڵی نەگۆڕی عێراق بەرامبەر گەل و حکومەت و دۆزی فەلەستین دەکەنەوە و لەپاڵ گەلی فەلەستیندا دەوەستن بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی.
باسم عەوادی وتیشی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، لەسەر پێشێلکارییە ترسناکەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەلی فەلەستین ھەڵوێستی ھەبێت، داواشی لە کۆمکاری عەرەبی کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی رەوشی فەلەستین بکات.
ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەڵگەی باوەڕپێکراو لەسەر چەند کەسێک کە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان قاچاخچێتی بە نەوت و بەرھەمەکانییەوە دەکەن و بە شێوەیەکی نایاسایی ھەناردەی دەرەوەی عێراقی دەکەن، ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە چەند چالاکییەکدا سەرجەم ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و رادەستی دادگایان کردوون بۆئەوەی سزا بدرێن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەماوەی ٣٠ رۆژدا ھێزەکانیان دەستیان بەسەر سێ ملیۆن لیتر نەوت و بەرھەمەکانیدا گرتووە کە ئامادەکرابوون بە نایاسایی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن و ٩٠ تانکەر و ھەشت شوێنی کۆکردنەوەی نەوتیش بە نایاساییش دەستیان بەسەردا گیراوە.
نووری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە ھێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، بە شانازییەوە پشتیوانی لە ھێرشەکانی حەماس دەکات و بەدواداچوون بۆ ئەو ھێرشە دەکات، ھێرشەکانیش بە پیرۆز ناودەبات.
راشیگەیاندوە، ئەو ئۆپراسیۆنە لە دەرەوەی توانا و بیرکردنەوەی ئیسرائیلدا نییە، کە چۆن ئەو ھێرشانەی کراوەتەسەر، داواش لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەکات پشتیوانی حەماس بکەن و لەگەڵ گەلی فەڵەستین بوەستن بۆ رزگارکردنی خاکەکەیان.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، تیمەکانیان یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی کۆگاکانی کۆمپانیای گشتی کارەبای بەسرە بە تۆمەتی ساختەکردنی پسوڵەی کەلوپەل و دیارنەمانی بڕی ٥٥٠ ملیۆن دینار دەستگیرکردووە.
لە بەشێکی تری رایگەینراوەکەدا ھاتووە، ئەو لێپرسراوەی کارەبا لە کاتی پشکنینی ماڵەکەی ھەوڵی راکردنی داوە، بەڵام دواتر توانرا دەستگیربکرێت، ئێستاش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بریارە دوای کۆتایھاتنی لێکۆڵینەوەکان بەمەبەستی دادگاییکردن رەوانەی دادگا بکرێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی ھاتنی جەژنی جەمای ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلی ئێزدی دەکەن بە بۆنەی جەژنی جەما و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان، دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییە تاریکپەرستانەی کە کردنیە ئامانج.
ھەروەھا سەرۆککۆمار داوادەکات ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت، بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە عێراق جگە لەوەی بەدەست قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە دەناڵێت، وڵاتانی دراوسێش پابەندی رێککەوتن و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نین بۆ دابینکردنی بەشەئاوی عێراق کە کاریگەری خراپ و زیانی زۆری ھەبووە بە تابەتیش بۆ جوتیاران و گوندنشینان.
وتیشی، پێویستە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جێبەجێبکرێن لەپێناو دابینکردنی بەشەئاوی عێراق بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران کە دوو سەرچاوەی سەرەکین بۆ ئاوی عێراق.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە ھەریەک لە پارێزگاکانی کەربەلا، موسەنا، نەجەف، کەرکوک، واست، سەڵاحەدین و بەسڕە، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە ٢٨٠ تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو بگرن، کە ھەوڵداوە بەسەر ھاووڵاتییاندا ساغبکرێتەوە.
دەزگای ئاسیاشی نیشتمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پارێزگای دیوانییە توانیویانە دەستبگرن بەسەر زیاتر لە ١٢٠ تۆن پەیینی کیمیای، کە رەزامەندی بەکارھێنانی نەبووە و دوو کەسیش بە تۆمەتی ھێنانی ئەو پەیینە کیمیاییە بە قاچاخ دەستگیربکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی نووسینگەکەی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لەو بریندارانەی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش کۆبووەتەوە کە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە و کەمئەندام بوون و رایگەیاندووە، قوربانیدانی ئەوان و سەرجەم ھێزە ئەمنی و چەکدارەکانی دیکەی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش سەقامگیری و ئارامی بۆ وڵات گەڕاندەوە.
سیستانی ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ھەنگاوی زیاتر بنێن بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی ھەموو ئەوانەی لەپێناوی عێراقدا خۆیان کردووەتە قوربانی بەتایبەتیش بریندارانی شەڕی دژ بە داعش.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی غاز و وزە بۆ عێراق، زیاد عەلی وەزیری کارەبا لەگەڵ بابایێڤ وەزیری دەوڵەتی تورکمانستان بۆ کاروباری غاز یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکردووە، بۆ دابینکردنی بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق.
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەداوە، رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و تورکمانستان لەبارەی غاز و وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق، دەستپێشخەرییەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، لەھەمانکاتیشدا دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی بەھەدەردانی غاز لە عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێککەوتنەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی کارەبا لە عێراق دەبێت، راشیگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵ پلانی ھەیە بۆ بەکارھێنانی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا و دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی سووتەمەنی.