ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە ئاشكرای كرد، بەیانیی ئەمڕۆ هەوڵدراوە لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە پەلاماری هێزەكانی ئەمریكا بدرێت لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار، بەڵام سوپای ئەمریكا شكستیان بە هێرشەكە هێناوە.
ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەشكرد، درۆنەكان پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەكەیان خراونەتە خوارەوە، هەروەها رەتیانكردەوە هیچ لایەنێك بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار بكەن.
هێرشەكە لەكاتێكدایە ئەمریكا بەهۆی ترسی لە پەرچەكرداریی گرووپەكانی نزیك لە ئێران، ئاستی ئامادەباشیی هێزەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزكردووەتەوە.
سەرۆککۆمار پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەرانی وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
بەڕێزیان لە میانی پێشوازیکردنی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ئیتاڵیا لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەری وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوسۆزی تەواوی عێراقی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی و دووپاتیکردەوە لەپشتگیریکردنی گەلی فەلەستینی بۆ بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانیان.
سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێکھێنانی پەیوەندیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەھەند وەردەگرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرس وبەرژەوەندییە ھاوبەشەکان .
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەسەر بنەمای ڕۆڵی جەمسەری خۆی ھەوڵ دەدات بناغەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت، چونکە پێی وایە ململانێ و جەنگ و ناکۆکییەکان چارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزیان دەکەن، وتیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە لە ئەنجامی جەنگ و توندوتیژی و تیرۆر و دیکتاتۆرییەت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر بوار ھەبووە بەتایبەتی ژیانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژینگەیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەو پێیەی حکومەت گرنگییەکی زۆری بە سەقامگیری ئەمنی داوە، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی وسنووردارکردنی گەندەڵی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و دەستپێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئاماژەی بەو دۆخە کرد کە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری بونە ھۆکاری ئەوەی شاری موسڵ میوانداری فێستیڤاڵی بەھارەی سازکرد و بەسرە میوانداری جامی کەنداوی عەرەبی ئەنجامدا، ھەروەک لە چلەی ئیمام حسێندا نزیکەی ٢٠ ملیۆن زیارەتکار بەشداریانکرد، بەبێ ھیچ ڕووداو و پێشێلکارییەکی ئەمنی بەڕێوەچون ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیری ئەمنی و پێشکەوتنی شارەکان لە عێراقدا.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە قەیرانی ئاو کرد کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانیەتی، ئەوەش وایکردوە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان کۆنترۆڵی بڕی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیان بکەن کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقۆڵی نییە کە پشکی وڵاتانی ھاوبەش لە ڕووبارەکاندا ڕێکبخات، جگە لە گۆڕانی کەشوھەوا، بە بیابانبوون، وشکەساڵی، خراپی سیستمی بەڕێوەبردن و کەم نەکردنەوەی بەکارھێنانی ئاودا کێشەی دروستکردوە، ھیواشی خواست بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی روبارەکانی عیراق کە گەرەنتی پشکی دادپەروەرانەی عێراق لە ئاو بکات.
لە درێژەی دیدارەکەدا بەڕێزیان باسی لە ڕەشنووسی ئەو یاسایانە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە وەک ڕەشنووسی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەکردایەتی رژێمی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی، ڕەشنووسی یاسای دەستەی باڵای پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان و ڕەشنووسی یاسای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بە گەندەڵی براوەتە دەرەوە، جگە لە ئازادکردنی نزیکەی ٩ ھەزار دەستگیرکراو کە ماوەی سزادانەکانیان بەسەرچووە و ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی رژێمی پێشوی ھەڵوەشاوە.
ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشەو وە ئیرادەیەک لە ھەردوولا ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا.
ھەروەک بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و ھاندانیان بۆ وەبەرھێنان و ھاتنە ناو بازاڕی عێراق، و ھیوای خواست کە وێنەی ڕاستەقینەی عێراق بە وڵاتەکانیان بگەیەنن .
ە بەرامبەردا باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێزیان دەربڕی و ستایشی ھەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکانیان دەربڕی، جەختیان لە خواستی حکومەتەکانیان کرد بۆ بەردەوامبوون لە ھاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو پێشکەوتنانەی لە سەقامگیری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەدیھاتوون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری تایبەت بە پرسی ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کۆبووەتەوە.
ئەوەشھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی رایگەیاندووە، دزەپێکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەردەوامە و ھێشتا تەواوی دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵنەکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، مامەڵەکانی ناوخۆی دراو ھۆکارێکی دیکەن بۆ ناجێگری بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەشێوەیەک، لە بازاڕە دراوەکانی ناوخۆدا یەک دۆلار بە ھەزار و ٦٠٠ دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا بانکی ناوەندیی یەک دۆلار بە ھەزار و ٣١٠ دینار دەفرۆشێت.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامی قاچاخچییەکانی دراوە بیانیەکان و دوای چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی چاودێریکردن، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد توانیان دەستبەسەر ٤٠٠ ھەزار دۆلاردا بگرن کە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی ببرێتە دەرەوەی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزە ئەمنییەکان شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئەوەی بەدوای ھەموو ئەو کەسانەدا بگەڕێن کە سامانی ئەم وڵاتە بەقاچاخ دەبەن بۆ دەرەوەی وڵات زیان بە ئابووری نیشتمانی دەگەیەنن.
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بە ھۆی کەم ئاوی و وشکەساڵی وکەمبونەوەی دارستانەکان زیادبوونی بە بیابانبوون لە دەستدانی زیاتر لە ٦٨% زەویە کشتوکاڵیەکان، زیاتر لە ٦٨ ھەزار خێزان زۆنگاوەکانی باشوریان بەجێھێشتووە و ئاوارەبوون.
راشیگەیاند، زیادبوونی بێ وێنە لە ژمارەی دانیشتووان کە ساڵانە دەگاتە یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەس ھۆکارێکی ترە بۆ ئاوارەبوون لەو ناوچانەدا.
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق ھۆشداریدا لە رێژەی زۆری ئاوارەبوون کە زۆر کێشە بە دوای خۆدا دەھێنێت وەک نەمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و زیادبونی کێشە کۆمەڵاتیەکان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٥٦ کاندیدیان لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوورخستووەتەوە، کە ١٩٧ کەسیان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، (کە دەستەیەکی تایبەتە بە ریشەکێشکردنی بەعس)، دوورخراونەتەوە، ھەروەھا ٥٧ کەسیان بەھۆی دۆسیەی تاوانکاری و کەسێکیش بە تۆمەتی گەندەڵی و کەسێکی تریش بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی تیرۆر دوورخراونەتەوە.
بڕیاروایە رۆژی ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و تائێستا ١٠ ملیۆن کەسیان کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنیش، ٢٩٦ پارت بە ٥٠ ھاوپەیمانێتی، کێبڕکێ لەسەر ٢٧٥ کورسیی ئەنجومەنی ١٥ پارێزگای عێراق دەکەن.
لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەوڵدەدات پێشینەی خانووبەرە بۆ ٧٥ ملیۆن دینار بەرز بکاتەوە، بۆ ھاوکاریکرنی ھاوڵاتیان لە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
مەھدیە لامی ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، لیژنەکەیان پێشنیازێکیان بۆ ھاتووە بۆ ھەموارکردنەوەی ماددەیەکی یاسایی تایبەت بە سندوقی نیشتەجێکردن. وتیشی بڕی ئەو قەرزەی وەک پێشینیەی خانوبەرە لەو سندوقەوە پێشکەش دەکرێت ٦٠ ملیۆن دینارە، بەڵام دەیانەوێت گۆڕانکاری تێدا بکەن و بیگەیەننە ٧٥ ملیۆن دینار بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بتوانن یەکەیەکی نیشتەجێبوونی باش بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دروست بکەن، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزی دیکە ببەن.
رۆژی یەکشەممە سندوقی نیشتەجێکردن دەرگای پێشکەشکردنی قەرزی کردەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێی پێگەی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆیانەوە، بەڵام ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خۆیان پارچە زەوییان ھەیە و زەوییەکانیان بەپێی پێوەرەکان بێت کە دیاریکراوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنەکە ھۆشداری دایە تەواوی کاندیدانی کوتلە و حزبە سیاسییەکان لە بەکارھێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و مزگەوت و پەرستگاکان بە مەبەستی بانگەشە و بەلاڕێدابردنی خەڵک، ئەگەر سەرپێچی بکەن بەپێی ماددەی ٣١ و ٣٢ لە یاسای ھەڵبژاردنەکان سزا دەدرێن.
ھەروەھا ھۆشداریشیدا لە بەکارھێنانی سامانی گشتی بۆ بانگەشەکانیان.
راشیگەیاند، ئێستا بانگەشەی پێشوەختە ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە ١٨ی کانونی یەکەم بەڕێوەدەچێت و دەبێت بانگەشە بەر لە مانگێک لەو وادەیە دەستپێبکات.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی دارایی و کارگێڕی لە کەرتی دارایی و بانکی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد بە بەشداری پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەشێک لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا باسیلەوەکردووە چاکسازی دارایی تەنھا دروشم نییە، بەڵکو ژمارەیەک ھەنگاو و رێوشوێنە کە حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنیان، جەختیلەوەشکردووەتەوە، رووبەڕووی ھەموو ئاستەنگی و گیروگرفتێکی بەردەم جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی دەبنەوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، سودانی بانکی ناوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دارایی راسپارد، ئاسنکاری بۆ سەرجەم رێوشوێنە بانکییەکان بکەن و لەماوەی ھەفتەیەکدا پێشنیاز سەبارەت بەو پرسە ئامادەبکەن، لەنێویاندا چاکسازییە بانکییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی رۆژنامەوانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەران، گفتوگۆ لەبارەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کراوە و شەش بڕیاریان دەرکردووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ ھەر رێکارێکی حکومەت بۆ پشتیووانیکردن لە گەلی فەڵەستین و گەیاندنی ھاوکاریی بۆ کەرتی غەززە دەربڕی.
ھاوکات داوایکرد پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغداد بکەن و ھەڵوێستی گوونجاویان ھەبێت، ھەروەھا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ دەروازە بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سیاسیەتی ھەندێک وڵاتی بۆ کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین رەتکردەوە و داواشی کرد، وڵاتانی جیھان کار بکەن بۆ راگرتنی جەنگ و توندوتیژییەکان لە کەرتی غەززە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و باسیان لە پێشھاتەکانی رەوشی فەڵەستین و رەوشی مرۆیی کەرتی غەززە کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا سودانی و رەئیسی جەختیانکردەوە، لە گرنگی جوڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلکارییە مەترسیدارانەی رووبەڕووی مەدەنییەکانی فەڵەستین دەبێتەوە، ھەروەھا جەختیانکردەوە لە لابردنی گەمارۆی سەر شاری غەززە و دابینکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ مەدەنییەکان و گەیاندنی ھاوکاریی بەپەلەی مرۆییەی بە دانیشتووانی فەڵەستین.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەمدا، دەنگ لەسەر ھەردوو پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتیمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی، کیمیایی، بایۆلۆجی و پڕۆژەیاسای دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەدرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسای دیکەش دەکات کە یەکێکیان پڕۆژەیاسای دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانییە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی فەڵەستین کۆبووەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو، سەرکۆنەی ھێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی دانیشتوان دەکات، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل ھەڵوێستی ھەبێت.
باسی لەوەشکردوە، ھەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف و گەل و حکومەتی عێراق بۆ پشتیوانی فەڵەستین بەرزدەنرخێنن و داوای بەردەوامی خۆپیشاندانەکانیش دەکەن، ھاوکات سوپاسی ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەتەکەی سودانیش دەکات بۆ پاراستنی گەلی فەڵەستین.
چوارچێوەی ھەماھەنگی داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد بەکۆدەنگی فراکسیۆنەکان پشتیوانی پڕۆژەبڕیارێک بکات بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەلی فەڵەستین.
وتیشی، بەپێی دیدگای پلانی گشتگیری گەشەپێدانی شار و دروستکردنی شاری نوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی پایتەخت، رووبەڕووی زیادبوونی دانیشتووانی بەغداد دەبنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستکردنی چوار شاری نیشتەجێبوونی نوێ، کە یەکێکیانی شاری جەواھیرییە لەناو سنوورەکانی بەغداد، ھەروەھا کارەکان بۆ دروستکردنی شاری عەلی وەردی بەردەوامن، دیزاینی قۆناغی یەکەمی شاری سەدریش پەسەندکراوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی شاری بەغداد لە کۆتایی ئەمساڵ نۆ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ئەوەش واتا ٢١٪ی دانیشتووانی عێراق لە بەغداد دەژین، بەڵام ژمارەکە لەو ئاستەدا ناوەستێت و بەردەوام لە زیادبووندایە.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی ھاوڵاتییانی عێراق بە قوربانییانی کەرتی غەززە پێکھێندراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لیژنە ھاوکارییەی پێکھێندراوە، لە بارەگای فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی لە بەغداد لە نزیک گۆڕەپانی عەباس بن فیرناس ھاوکارییەکان لە ھاوڵاتییان وەردەگرێت.
ماوەی حەوت رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززەی ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی نوێترین ئاماری کوژرا و بریندارانی شەڕەکەش، زیاتر لە ١٥٠٠ ھاوڵاتی فەڵەستینی کوژراوە و نزیکەی شەش ھەزار و ٦٠٠ کەسی دیکەش بریندارە.