پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێودان و سوکایەتیکردن بە یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەپێدراو نییە، هەروەها ئەو کەسانەی ڵایڤ دەکەنەوە پێویستە بەڵێننامە پڕبکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پاراستنی دابونەریت و کلتوری کۆمەڵایەتی و رێگریکردن لە دیاردە نەخوازراوەکان؛ بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێودان و سوکایەتیکردن بە یەکتر یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەڕۆکی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە رەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکانن، دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە و تاوانی جۆراوجۆر، بەوهۆیەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر وادەیەکی دیاریکردووە و بەپێی ئەوەش، پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تایبەت لە پلاتفۆرمی 'تیکتۆک' لایڤ ئەنجام دەدەن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بەمەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی رێنماییەکان.
لەکۆتاییدا، پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە، هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراودا پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرانبەر یاسادا و رێکاری پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.