عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت پابەندن بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ھەناردەیە بۆ ھەموو عێراق زۆر گرنگە.
راشیگەیاند، ئامانجی عێراق زیادکردنی داھاتە نەوتییەکانە، جا لە ڕێی کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بێت یاخود کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان، وەفدێکی ھەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدادیان کردووە و گفتوگۆیان کردووە لەپێناو خێرا دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەکردن.
بە وتەی عاسم جیھاد، دواکەوتنی ھەناردەکردن زیان بە ئابوری نیشتمانی و پڕۆژەیاسای بودجە و داھاتی نەوت دەگەیەنێت، لەگەڵئەوەشدا حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت و ھەرێمی کوردستانیش پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس.
سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویانکردەوە، دەرەنگانی شەوی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە ناوچەی "تەحویلە" لە قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەھۆیەوە سێ کەس کوژران، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن و دایک و باوک و کوڕێکن و کوڕێکی دیکەشیان بریندارە. تەمەنی کوژراوەکانیش لە نێوان ١٧ بۆ ٤٢ ساڵدایە.
بە پێی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو ناوچەیەی ھێرشەکەی تێدا روویداوە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە، لە ئێستاشدا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکھێندراوە و گوماندەکرێت کە ھێرشەکە تاوانکاری بێت نەک کێشە و ناکۆکی مەزھەبی.
لە ماوەی رابردووشدا پارێزگای دیالە روبەڕوی ھێرشی چەکداری بووەوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی بە ھۆکاری ناکۆکی مەزھەبی.
وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەوان تەواوی بەڵگەکانیان پێشکەشکردووە، بڕیاری کۆتاییش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لای دادگا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەی دانیشتنەکەی سبەینێ دەبن.
تا ئێستا پێنج جار دادگای فیدراڵی عێراق، سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە، دوایین کۆبوونەوەش لە ١٥ی ئادار بوو، کە دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئادار دواخرا.
سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگهیاند، کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە سەرجەم پارێزگاکان چارەسەرکرا و داوا له هاوڵاتیان دهكات سەردانی ناوەندەکانی پاسپۆرت بکەن.
ریاز کەعبی، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە چارەسەرکرا و کۆتایی هاتووە و داوا لە هاوڵاتییان دەکات سەردانی ناوەندەکانی پاسپۆرت بکەن بۆ وەرگرتنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت.
زیاتر لە دوو مانگە بەھۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت و چەند گرفتێک لە کارگەی بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغداد، پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان راگیراوە.
لەئێستا وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپی کردووە بۆ بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت.
بەپێی پێگەی رەسمی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆببێتەوە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر دۆسیەکە بۆ شەشەمینجار دواخست بۆ ١٦ی نیسانی داھاتوو.
سەبارەت بە سکاڵاکە، داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.
پێشتریش کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاندبوو، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەوەی رابردوو رۆشت و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەکەیان بۆ دەنێرن. بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، لە ٢٠٠٤_ەوە تائێستا ھەرێم ھیچ بڕێک پارەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ عێراق و بەوەش ئەو پارەیە لای ھەرێم کەڵەکە بووە، کە بڕەکەی زیاترە لە ١٧٠ ملیار دینار.
پەرلەمانتارانی مەسیحی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پێکھاتەی مەسیحی ھەمیشە لەبیرکراو و پەراوێزخراو بووە لە نێوان کوتلە گەورەکاندا، پارتی مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستانی خستبووە ژێر ھەژمونی خۆی و لە ڕابردووشدا نوێنەرایەتی مەسیحییەکانی زەوتکردبوو، کاتێکیش بزوتنەوەی بابلیون لە دەشتی نەینەوا بە تەنھا ڕووبەڕووی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بووەوە بارزانی بەجێیھێشتن و فرۆشتنی بە دڕندەکانی سەردەم.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، تەوقەیان لەگەڵ نوری مالکی کرد و چونە پاڵ ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بەڵام ئەوانیش غەدریان لێکردن و پەراوێزیان خستن و لەسەرەتای ڕێگادا مەسیحییەکانیان فرۆشت، ئێستاش بۆ سەپاندنی ھێز و دەسەڵاتی پارتی بەسەر نوێنەرانی مەسیحی و ھەوڵدان بۆ زەوتکردنی دوو کورسی تایبەت بە مەسیحییەکان، لە نیوە شەودا و بە ڕوو قایمییەوە، بەبێ دەنگدان و دوور لە کۆدەنگی، یاسا و ماددەی دووەمی دەستوریان پێشێلکرد و بە ئارەزووی خۆیان کڕین و فرۆشتنیان کرد.
پەرلەمانتارە مەسیحییەکان جەختیشیان کردووەتەوە، زانراوە کە زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی یاسای ھەڵبژاردنیان ڕەتکردوەتەوە چونکە پێچەوانەی ئیرادەی مەرجەعیەتە، بۆیە رایدەگەیەنین کە یاسا دەکەنە ناوبژیوانی نێوان خۆیان و بارزانی و مالیکی، ئەگەر ئەوانیش پێیانوایە مەسیحیەکان پشتیان نییە و بە ئارەزوی خۆیان دەتوانن یاری بکەن، بە بیریان دەھێننەوە مەسیحییەکان تەنھا ژمارە نین، بەڵکو خاک و مافیان زۆرینەن.
وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قوناغەی کەیسی ناوبژیوانیدا چەند ئەندامێکی دەستەی ناوبژیوانی لە کۆی پێنج داوا چوار داوای عێراقیان رەتکردوەتەوە و زۆربەی ھەرە زۆری داواکارییەکانی تورکیا قبوڵ کراون و داوایان لە عێراقیش کردوە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە تورکیا قەرەبوو بکاتەوە و کێشەکەش پەیوەستە بە ناکۆکییەکی چەندین ساڵەی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر داھاتی نەوت.
راشیگەیاندوە، لەگەڵ عێراق و ھەرێم لە ھەوڵدان بۆئەوەی بە دۆستانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، وەزارەتی وزەی تورکیا ئامادەیی خۆشی دەربڕیووە بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی ھەر ھاوکارییەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
حەمید رەزا محەمەدی، سەرپەرشیاری مەزارە پیرۆزەکانی لە رێکخراوی حەج و گەشتی ئێران رایگەیاند، سەردانی گەشتیارانی ئێران بۆ مەزارگە و ناوچە پیرۆزەکانی عێراق بە رێژەی ٧٠ زیادیکردووە، لە ١٥ ئەم مانگەوە تائێستا زیاتر لە ٤٥٠ کاروانی گەشتیاریی لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە عێراق.
وتیشی، سەرجەم ئەو گەشتیارانە بە وشکانی و لەرێگەی دەروازەکانی میھران و شەلامچە و خەسرەوییەوە گەشتیان بۆ عێراق کردووە.
فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی بەغداد بە ھاوکاری ھێزەکانی دەزگای ھەواڵگری و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەڵگەی پێویست، لەگەڕەکی کەڕادە تۆمەتبارێکیان لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکردووە کە بڕی ٣٦٥ ھەزار دۆلار و ٣١ ملیۆن دیناری پێبووە و بەنیازبووە لەناو بازاڕەکانی بەغداد و شارەکانی تری عێراق ساغیان بکاتەوە.
وتیشی، دراوە ساختەکە، ٣٠٠ ھەزاری لە جۆری ١٠٠ دۆلاری و ٦٥ ھەزارەکەشی لە جۆری پەنجا دۆلاری بووە، دینارەکەش ٢٥ ملیۆنی لە جۆری ٢٥ ھەزاری و ٤ ملیۆنی لە جۆری ١٠ ھەزاری و دوو ملیۆنیشی لە جۆری پێنج ھەزار دیناری بووە.
باران بارینەکە زیقار و نەجەف و بابل و دیوانیە و ئەنبار و واست و میسان و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە و لە نەجەف لافاو دروست بووە و ئاستی ئاوی باراناو لە شەقامەکان بەرزبووەتەوەو ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و دوکان و خانووەکان ژێرئاو کەوتوون و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ھاوکات ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە راگرتنی دەوام لەسەرجەم پارێزگاکان بەھۆی خراپی کەشوھەواوە، بێجگە لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.
دەستەی کەشناسی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلی باران بارین تا ئێوارەی دووشەممە بەردەوام دەبێت و بارانەکە لەنێوان مامناوەند تا بەخۆڕ دەبێت.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی ھاوڵاتیانی کردووە دەڵێت، لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەگشتی و پارێزگانی ناوەڕاست و باشوو بەتایبەتی بارانێکی زۆر باریووە و جگە لەوەی بووەتە ھۆی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە ماڵان و ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆ، لە زۆربەی پارێزگاکان کێشە و گرفتی بۆ تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەباش دروستکردووە و بەشێکی زۆری ئەو تاوەرانە بە تەزووی کارەبا بارگاوی بوون.
وەزیری کارەبای عێراق، داواشی لە ھاووڵاتیان کردووە لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتییان بە ھیچ شێوەیەک لەو تاوەرانە نزیک نەبووە و خۆیانی لێبپارێزن تا ئەو کاتەی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا کێشەکان چارەسەر دەکەن.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی پەسەندکرد، چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ رایانگەیاند، ھەڕەشەی دەرکردنیان لێکراوە لەسەر ئەوەی دژی یاساکە بوون، لە ناسریەش بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان لە دژی پەسەندکردنی ئەو یاسایەو داوایان دەکرد ھەڵبوەشێنرێتەوە.
کوتلەی ئیمتیداد، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر ھێنانەناوەوەی ھێزی ئەمنی بۆ ناو ھۆڵی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و کردنەدەرەوەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و ناڕازی لە یاسای ھەڵبژاردن، لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵا لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار دەکەن.
عوسمان غانمی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، چەند دۆسێیەکی تایبەت بە گەندەڵی ئاشکراکردووە و باسی لەوەشکردووە کە بەڵگەی راست و دروست و باوەڕپێکراویشی لەلایەن بۆ سەلماندنی ئەو گەندەڵییانە لەبەردەم دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
دوای چاپێکەوتنەکە دەستەی دەستپاکی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی عوسمان غانمی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق کردووە و داوای لێکردووە بچێتە بەردەم بەڕێوەبەری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی و بەڵگەکانی رادەست بکات، یاخود وەفدێکی دەستەکە دەچنە ماڵەکەی بۆئەوەی بەڵگەکانی لێوەربگرن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئاشکرایکردووە، فرۆکە جەنگییەکانی عێراق چوار ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە و بەھۆیانەوە سێ چەکداری داعش کوژراون.
فەرماندەیی ھەڵمەتە ھاوبەشەکانیش ئاشکرای کردووە، ھێرشەکان لەبەر رۆشنایی زانیاریی وردی ھەواڵگری کراون و ناوچەکانی دەوروبەری دەریای حەمرین و شاخی حەمرینیان کردوەتە ئامانج.
ھەروەک ئاماژە کراوە بەوەی کە تیرۆریستانی لە ناوچەیەکی سنووری نێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین مەترسی ئەمنییان دروست کردوە.
نوسینەگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، متمانەیان بە رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق نییە و لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیویانە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لێپرسراوی باڵای حکومی پێشوو دەرکراوە، کە ئەوەش لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی ھەموو ئەو کەسانەیە کە لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقدا کاریان کردووە، ھەر بۆیە دەبێت ئەم تۆمەتانە لە لایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتییەوە دوور لە دەمارگیری چارەسەر بکرێن.