ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە نزیکەوە ئاگادارە کە عێراق بەدەست کەمیی ئاو و نزمیی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنێت کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و رەوشی ژینگەیی دروستکردووە، پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بۆ عێراق و ھەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوھەوا و کاردانەوەکانیان لەسەر ژیانی گشتی دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە ھەنگاوی جدی حکومەتی عێراق کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ مەسەلەی ئاو و دووپتی کردەوەـ بۆ ئەو کارانەش چاوەروانی پەسەندکردنی پرۆژەی بودجەی گشتییە.
وتیشی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی کاریگەریان گرتووەتە بەر بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و شێوازی پاراستنی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لەعێراق.
لە بەرامبەردا وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ڕێگاخۆشکەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی ھەموو گرفتەکانی دۆسیەی ئاوی نێوان ھەردوو وڵات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا بە فەرمانی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەیەک لە چەند لایەنێکی پەیوەندیدار پێکھێنرا بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو خانوو، باڵەخانانەی مەترسی روخانیان لەسەرە و دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکەش لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، بە راپۆرتێک کۆی زانیارییەکان ئاراستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا.
راشیگەیاندووە، بە پێی ئەو راپۆرتەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، لە ئێستا دوو ھەزارو ٥١٧ باڵەخانە لە عێراق کە بەشێکیان یەکەی نیشتەجێبوونن، مەترسی روخانیان لەسەرە ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێکیان مێژووی دروستکردنیان زۆر کۆنە و بەشێکی تریشیان بەھۆی شەڕەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو بەشداریکرد لە گفتوگۆیەکی راوێژکاری تایبەت بە ھاوکاری نێودەوڵەتی لە بواری ئاو و رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان لە کۆی ١٥٣ وڵات کە خاوەنی ڕووبار و دەریاچە و ئاوی سەرزەویین، ١٠٧_یان تا ساڵی ٢٠٣٠ بە ئاراستەیەکی ڕاست ھەنگاونانێن بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و تەنھا ٣٢ وڵاتیش ھەن کە ٩٠%_یان ڕێکارەکانی ھاوکاری لەبواری ئاودا پیادە دەکەن.
وتیشی، عێراق رووبەڕووی قەیرانی راستەقینەی ئاو بووەتەوە، بەو پێیەی لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەو ئاوەی لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەڕژێت، کە تا ٩٨% ئاوی سەرزەوی بۆ عێراق دابیندەکات، بە ڕێژەی ٣٠%-٤٠% کەمیکردووە و دەبێتە ھۆی وشکەساڵی لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراقدا، کە لە لیستی شوێنەواری جیھانیدا ناسێندراون.
سەرۆککۆماری عێراق ھەر لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو، پێشوازیکرد لە شو دونیۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان فاو، لە دیدارەکەشدا سەرۆککۆمار باسی لە گرنگی کاری ھاوبەش کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بە سود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕێکخراوی فاو لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تائێستا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسێی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکان بەردەوامە و چەندین کەسایەتی دیار و گەورەش تێوەگلاون و چەندین تۆمەتباری تریش ماون کە تائێستا دەستگیرنەکراون چونکە دادگا چاوەڕوانی یەکلابوونەوە و ساغبوونەوەی ئەو بەڵگانەیە کە ئاراستەی تۆمەتبارەکان کراوە.
وتیشی، تائێستا ٤٠٠ ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
لیژنەی ناوەندی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران خۆپیشاندان دەکەن دژی دەنگدان بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و سیستمی سانت لیگۆ و راشیانگەیاند، گەندەڵکاران دەیانەوێت یاسا کۆنەکان بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی زوڵم بکەن و مانەوەی حزبەکانیان مسۆگەربکەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی ویستی گەل و مەرجەعیەت بکەن، کە ئەو سیستمە رەتدەکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، خۆپیشاندانەکە ئێوارە لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکات و تا دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە لە رۆژی شەممە، بەردەوام دەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بڕگە و ماددەیەکی پڕۆژەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد و رۆژی ٦/١١/٢٠٢٣ی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاریکرد، بڕیاریشە رۆژی شەممەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی ماددەکانی دیکەی ھەموارەکە کۆبێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەسەر رێکارەکانی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم بۆ وەرزی ئەمساڵ و رایگەیاند، دەبێت پارەی جوتیاران لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا خەرجبکرێت و بەبێ دواکەوتن و ھاوتەریب لەگەڵ وەرگرتنی بەرھەمەکان، لە ماوەی دوو ھەفتەدا پارەکەی بگاتە دەستی جوتیاران.
سودانی جەختی لە ھەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان کردەوە، بەئامانجی دڵنیابوون لە دزەنەکردنی بەروبوومەکان لە دەرەوەی عێراقەوە، ھەروەھا بۆ رێگریکردن لە دروستکردنی کاریگەری و دەستکاریکردنی بەروبوومی ناوخۆیی.
ھاوکات عەباس عەلیاوی وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بۆ وەرزی ئەمساڵ ھەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جوتیاران دەکڕنەوە و لە ماوەی دوو ھەفتەشدا شایستە داراییەکان رادەستی جوتیاران دەکرێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکانی تورکیا کۆدەبێتەوە کە لە عێراق کاردەکەن بۆ ئەوەی بزانێت کۆسپ و ئاستەنگییەکانی بەردەمیان چییە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی تەواوی داوە بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بۆ ئەوەی مامەڵەی ڤیزای بازرگانانی تورکیا بەبێ دواکەوتن راییبکات، چونکە ئەنقەرە و بەغدا لە قۆناغی داھاتوودا لە بوارەکانی گواستنەوە، وزە و چەندین بواری دیکەدا کاری پێکەوەیی ئەنجام دەدەن.
کۆمپانیاکانی تورکیا، ساڵانە بەبەھای زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار کاڵا ھاوردەی عێراق دەکەن و پلانی ئەوەشیان ھەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ٥٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە، جگە لەوەش دەیان کۆمپانیای تورکی لە عێراق کاردەکەن و بە بەھای ملیاران دۆلار وەبەرھێنانیان ئەنجام داوە.
ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک و بەرەی تورکمانیی عێراقی، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی پەسەندکردنی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، بەھەموو شێوەیەک تێپەڕاندنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەبێ ھەموارکردنەوەی ماددەی ٣٥ کە تایبەتە بە وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکان رەتدەکەنەوە.
دەشڵێن، ھەردوو پێکھاتەی عەرەب و تورکمان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، ماددەی ٣٥ بخەنە ناو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی رێڕەوی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە کەرکوک راستبکەنەوە و پشت بە تۆماری فۆڕمی خۆراک و داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ببەسترێت.
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا، ئاماری دۆسیەکانی گەندەڵی و لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەستکەوتی باشیان ھەبووە و ساڵی رابردوو لێکۆڵینەوەیان لە ٦٣ دۆسێی گەندەڵی کردووە، لەو ژمارەیەش حەوت دۆسیەیان یەکلاییبوونەتەوە و رەوانەی دادگا کراون.
راشیگەیاند، لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات کردووە، بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکەن لە ھەڵمەتەکانی گەڕان بەدوای پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات و ئەم مانگەش لەسەر ھەمان بابەت یاداشتێک لەگەڵ ئیمارات ئیمزا دەکەن.
دوای ئەوەی رۆژی ١٣ی ئادار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی پیشاندا ٤٠٠ ملیار دینار بە شێوەی قەرز لە بانکی بازرگانی بداتە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری سەربەخۆ سکاڵایەکی لە دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، ئەمرۆش دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، سکاڵاکەی مستەفا سەنەدی رەتکردۆتەوە کە داوایکردبوو بڕیارێکی لایەنداری دەربکات و ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم رابگرێت.
ھاوکات لە ماوەی رابردووشدا وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، ٤٠٠ ملیارەکەیان رادەستکراوەو بۆ مووچە تەرخاندەکرێت.
محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام تائێستا نەدراوەتە لیژنەکان.
ھەروەھا مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پرۆژە یاسای بودجە بەبێ دواخستن پەسەنددەکرێت و بەشێوەیەکی سەرەتای ھیچ نیازێک نییە بۆ دەستکاریکردنی ئەو خەرجیانەی حکومەت دیاریکردوون.
راشیگەیاند، قەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بە روکەش گەورەیە، بەڵام حکومەتی سودانی پێیوایە ھاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی وزاری و پێویستە بە نزیکەی وەک خۆی بمێنێتەوە و رەنگە تەنھا ھەندێ گواستنەوە لە خەرجییەکاندا رووبدات.
قەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ١٩٧ ترلیۆن دینارەو پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە ١٢.٦٧ دیاریکراوە.
حامد یونس، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نۆژەنکردنەوە و بە گڕخستنەوەی دامەزراوەکانی نەوت لە عێراق، لەئێستادا دوای چەند ساڵێک کارکردن، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی پاڵاوگەی بێجی لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی کە بەھۆی پەلامارەکانی گروپی تیرۆریستییەوە داعشەوە بە تەواوی وێران ببوو.
وتیشی، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە بڕیارە لە کۆتایی مانگی داھاتوودا ھیچ جۆرە کارکردنێک لە پاڵاوگەی بێجی نەمێنێت و لەسەرەتای مانگی ئایاریش پاڵاوگەکە دەستبەکارکردن دەکاتەوە و لەسەرەتاشدا رۆژانە ٢٠ ھەزار بەرمیل سوتەمەنی بەرھەم دەھێنێت.
بەپێی ئەو بەڵگانەی میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، ئەمیر مەعموری پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر دانیشتنەکەی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکردووە کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر چەند بڕگە و مادەیەکی پرۆژە یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کردووە ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەران بە نادەستووری لە قەڵەم بدات و ھەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە بەوتەی پەرلەمانتارەکە ئەو دانیشتنە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستووری ھەمیشەیی عێراقە.
شەریف سلێمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستا حکومەتی عێراق سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکانیش، دۆسێی ئاوارەکانی یەکلایی نەکردووەتەوە لە کاتێکدا کە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش پلان و بەرنامەی داڕێژراویش بۆ ئەو مەبەستە ھەیە، بەڵام حکومەت ھیچ ھەنگاوێکی جددی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسێی ئاوارەکان.
وتیشی، تائێستا لەسەرتاسەری عێراق زیاتر لە ٨٨٠ ھەزار ئاوارە ھەن کە زۆرینەیان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن لە ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان کە تائێستا تەنھا لە سنوری پارێزگای دھۆک ١٥ کەمپی ئاوارەکان ھەیە و زۆربەی ئاوارەکانیش لەو پارێزگایە ئێزدییەکانن.
رەوتی سەدر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، مستەفا یەعقوبی لێپرسراوی کارگێڕیی حەنانەی ئاگادارکردووەتەوە کە مەحمود جەیاشی و حەیدەر جابری و عەون ئال نەبی و حەسەن عەزاری و جەلیل نوری و ئەحمە موتێری و کازم عیساوی و موئەیەد ئەسەدی ئاگادار بکاتەوە لەمانگی رەمەزاندا عێراق بە جێنەھێڵن و گەشت بۆ وڵاتانی دەرەوە نەکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی رەوتی سەدر ھۆکاری ئەو بڕیاری سەدر چەند بابەتێکی گرنگە پەیوەست بە رەوشی گشتی و تایبەتی و پێویستی بەشداریکردنی ئەو ئەندامانەی نووسینگە تایبەتەکەی لە چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگدا.