فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٨ی دەستوور، لەسەر داوای ٥٠ پەرلەمانتار، ئەمڕۆ دانیشتنێکی نائاسایشی دەکرێت و دوو تەوەرە تاوتوێ دەکرێن کە لە داواکارییەکەی پەرلەمانتارەکاندا ھاتووە کە یەکەمیان بریتییە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و دووەمیشیان ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
بەپێی ماددەی ٥٥ی دەستور، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی رەھای دەنگی پەرلەمانتاران ھەڵدەبژێردرێت کە ٣٢٩ ئەندامە واتا دەنگی (٥٠+١) کە دەکاتە ١٦٥ ئەندام.
ھاوپەیمانی یەکلاکردنەوەی نیشتیمانی سوننەکانیش سێ کەسی دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە بریتین لە مەحمود مەشھەدانی و تەڵاڵ زوبەیعی و سالم عیساوی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کەتائیبی حزبوڵای عێراق کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، بەڵام لەئێستاشدا سزای نوێیان بەسەر ئەو گرووپەدا سەپاندووە سەپاندووە کە سەر بە ئێرانە و لە عێراق کاردەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەھۆی ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە لە حەوتی مانگی رابردووەوە، گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی ٢٧ جار ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا و واشنتۆنیش دەڵێت مقاوەمەی ئیسلامی تەنھا ناوێکی وەھمییە و ئەوەی ھێرشەکان ئەنجام دەدات کەتائیبی حزبوڵای عێراقییە.
ریاز موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتەکەیان سورە لەسەر بابەتی بە ئەلیکترۆنیکردن کۆبوونی خۆراک و تەواوکردنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆبوونی خۆراک لە چوار پارێزگادا دەرکەوتووە نزیکەی یەک ملیۆن ھاووڵاتی ئەو بەرنامەیە نایانگرێتەوە و بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت.
ریاز موسەوی دەشڵێت، بەتەواوکردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆبوونی خۆراک خەڵکی زیاتر ئاشکرادەکرێن کە بەشەخۆراکی مانگانەیان پێنەدرێت و بەمەش پارە دەگەڕێتەوە و ماددەکان باشتردەکرێن و ئەو ھاووڵاتیانەشی شایەنی ئەو بەرنامەیەن مادەکانیان بەدەست دەگات.
ئۆدیل رینۆد باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، عێراق لە بانکی ئەوروپی وەکو ٧٤ەمین ئەندام وەرگیراوە و سەنیگال و غاناش داواکارییان بۆ ئەندامیەتی بانکەکە پێشکەشکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ەوە داواکاری بۆ ئەندامیەتی ئەو بانکە پێشکەشکردووە کە دەتوانێت داواکاری پێشکەشبکات، بۆ ئەوەی پرۆژەکانی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان پارەداربکرێن و لەڕووی سیاسیشەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ گەشەپێدانی ئابورییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو.
لەلای خۆشیەوە، تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، بانکی ئەوروپی دەتوانێت ئاڵوگۆڕی ئەزمونی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان لەگەڵ عێراق ئەنجامبدات لە چەندین بواردا وەکو ژێرخانی سەوزایی، وزەی خۆر، پڕۆژەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و ئابوری دیجیتاڵی.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد حەبار و ئامانج نەجیب شەمعون لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێم تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە ماددەکانی یەک، نۆ، ١٥، ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، بە نادەستوری بناسرێنرێت.
دوایین کۆبوونەوەش کە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامیدا، رۆژی پێنجی ئەم مانگە بوو.
بەھۆی ئەو کۆبوونەوەیەشەوە، وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخراوە، کە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەرگرتنی لیستی کاندید و ھاوپەیمانییەکان دەستپێبکات.
عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران رایگەیاند، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ھیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بە گۆڕینی سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسییە، ھەموو ھەواڵێکیشی لەو بارەیەوە رەتکردەوە.
ئەو رەتکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک، محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخرایەوە.
پێشتریش چەند سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنەوە رایگەیاندبوو، سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدوم دەبێت بگۆڕێت و لەگەڵ یاسا بگونجێت، بەپێی یاسای بانگەشەش، دەبێت ھەموو ئەو پۆستەرانەی وێنەی حەلبوسی تێدایە لاببرێن، ئەگەرنا غەرامە لەسەر ھاوپەیمانییەکە دەسەپێندرێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی فیدراڵ رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ رێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و تورکیا کراوە و تیایدا ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەکراوە بە گرنگی ھاوتاکردنەوەی بەڵگەنامەی گواستنەوەی کاڵا لەنێوان عێراق و تورکیا، بڕیاریشدراوە بە بەستنەوەی ھەناردەی کاڵای تورکی بۆ عێراق بە سیستەمی بانکی، جگە لەوەش گفتوگۆکراوە لەسەر بەکارھێنانی کارپێکردنی بانکی عێراقی لە تورکیا.
بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوەیە، بانکی ناوەندی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئاسنکاری و کەمکردنەوەی رسوماتەکانی حەواڵە لەنێوان عێراق و تورکیا، بە کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لقی بانکەکانی عێراق لە تورکیا و لقی بانکەکانی تورکیا لە عێراق.
ھەروەھا کارتی بانکە عێراقیەکان لە تورکیا لەلایەن بازرگان و گەشتیارانی عێراقەوە بتوانرێت بەکاربھێنرێت.
فارس فاریس، ئەندامی ھاوپەیمانی عەزم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکان لەناوماڵی سوننە بەردەوامە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگرەوەی حەلبوسی، تائێستاش چەند کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە خراونەتەڕوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرەوەی حزبی تەقەدوم دەبێت، کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات.
وتیشی، ھێزە سیاسییە شیعە و کوردییەکان پشتیوانی ھەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، کە ناوماڵی سوننە ھەڵیبژێرێت، چونکە پۆستەکە پشکی سوننەیە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ٣٨ ساڵ چاوەڕوانی، عێراق بووەتەوە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یونسکۆ، ئەوەش دوای ھەڵبژاردنەوەی لە میانی چالاکییەکانی کۆنگرەی ٤٣ی نێودەوڵەتیی یونسکۆ لە پاریس.
لەسەر ئاستی عێراق پێشوازی لە بەئەندامبوونەوەی عێراق لە یونسکۆ کرا، لەو بارەیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد و رایگەیاند، یونسکۆ نموونەی دەسەڵاتێکی زانستی و رۆشنبیرییە لە جیھاندا و گەڕانەوەی عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت و کارنامەی حکومەتدایە بۆ پێگەکەی لە ھەموو ئاستە نێودەوڵەتییەکان.
ھاوکات نەعیم عەبوودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق رایگەیاند، بەئەندامبوونەوەی عێراق لە یونسکۆ، بڕیاری دامەزراوەکان بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکان بەھێزتر دەکات.
دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ماڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، رێز لە دەسەڵاتی دادوەریی دەگرن و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتیشیدەکەنەوە ھیچ شتێک ناوبانگی دادگای عێراقی و سەربەخۆیی و بێلایەنییەکەی لەکەدار بکات.
چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیشی کردەوە لە تەواوکردنی پێداویستییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت.
کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بوو لەدوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەنجامدرا، بۆ تاوتوێکردنی پێشھاتە سیاسییەکان و رەوشی عەززە.
حزبی سیادە کە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەنزیکەوە چاودێری بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسییان کردووە و جەختی دەکاتەوە کە پێویستە رێز لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بگیرێت.
ھەروەھا داوا لە سەرکردە و نوێنەرانی سوننە دەکات بەمەبەستی دیاریکردنی نەخشەڕێگای قۆناغی داھاتووە، بەپەلە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجام بدەن.
لای خۆیەوە ھاوپەیمانی عەزم کە لەلایەن موسەننا سامەڕائییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە نزیکترین ھێزی سوننەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دادەندرێت، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، سەرەڕای بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی، بەڵام ئومێدەوارە پرۆسەی سیاسی و پێکەوەکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات بەردەوام بێت.
سەرچاوەیەکی حکومی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق بە رەسمی رەزامەندیداوە بە سێ بانکی ئەھلی بۆ ھاوردەکردنی دۆلار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کڕیارەکانیان، بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار، لەئێستاشدا بڕی پارەکە بە کاش گەیشتووەتە یەکێک لە بانکەکان.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بانکی دیکەش داواکارییان پێشکەشکردووە و لەئێستادا بانکی بازرگانی عێراقی لە دانوستانی جدیدایە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای نێودەوڵەتی، بۆ گواستنەوەی بڕی ١٢٠ ملیۆن دۆلار لەچەند رۆژی داھاتوودا.
گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دوای رێککەوتنەکەی شاری ئەبوزەبی دێت، کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەنێوان لێپرسراوانی بانکی ناوەندی عێراق و لێپرسراوانی ئەمریکی ئەنجامدرا و بڕیاردرا، ژمارەی ئەو بانکانەی باڵانسی دۆلاریان بەھێزکراوە بۆ ١٠ بانک زیادبکرێت، کە پێنجیان دەتوانن لەڕێی سیتی بانک و پێنجەکەی دیکە لەڕێی جەی پی مۆگانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت.
باسم خەشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، سکاڵایەکی دیکە دژی حەلبوسی لە دادگای باڵای فیدراڵی بەرزدەکاتەوە، کە پەیوەستە بە دامەزراندنی شەش راوێژکار کە مەرجی یاساییان تێدا نییە، حەلبوسیش دامەزراندنیانی پەسەندکردووە، لەکاتێکدا تەنھا ٢٠ بۆ ٣٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر ئەو بابەتە داوە.
ئەو سکاڵا نوێیە دوای ئەوەدێت کە خەشان و لەیس دلێمی توانیان سکاڵایەک دژی حەلبوسی ببەنەوە و بەھۆیەوە لە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران، دووربخرێتەوە، خەشان راشیگەیاندووە، کۆتاییھێنان بە ئەندامێتی حەلبوسی بەڵگەیەکە لەسەر سەربەخۆیی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
محەمەد دەحام فەھداوی سەرکردە لە ھاوپەیمانی ئەنبار رایگەیاندووە، ئەو کەسەی زۆرترین چانسی ھەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەرلەمانتار سالم عیساوییە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی کە ئەندامێتی ھەڵوەشێنردراوەتەوە، وتیشی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەکەی لە بارەی حەلبوسی بوێرانە و ئازایانە بووە و دانیشتووانی پارێزگای ئەنباریشی زۆر خۆشحاڵ کردووە.
عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە، ھەڵبژاردنی جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی دەکەوێتە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەبەرئەوەی بەپێی دەستوور ئەم وەرزی یاسادانان کۆتایی ھاتووە.
شەوی رابردوو، دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر چوونە سەر شەقامەکانی بەغداد و نەجەف و پاریزگاکانی باشور، بۆ رەتکردنەوەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
لایەنگرانی سەدر، وێنەی کاندیدەکانیان دڕاند و دروشمیان دژی کوتلە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دەوتەوە.
ئەو خۆپیشاندانە دوای ئەوەدێت کە دوو رۆژ لەمەوبەر سەدر داوای لەلایەنگرانی کرد بایکۆتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، کە بڕیارە رۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت.
سەدر لە داواکەیدا وتی، بایکۆتی ھەڵبژاردن ئەو دڵخۆش دەکات و دوژمنان توڕە دەکات، ھەروەھا شەرعیەتدان بەو پڕۆسەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی کەمدەکاتەوە.