بە پێی ماڵپەڕی رەسمی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، لەو سکاڵایەدا کە لەدژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە، داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢دا ھاتووە. تائێستاش شەش جار دادگای فیدراڵی سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە وھیچ بڕیارێک نەدراوە.
ھاوکات دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی دیکە تاوتوێ دەکات، کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر تۆماریکردووە، تێیدا داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.
رۆژنامەی سەباح لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئەنجامی بەدواداچوونێکی خۆی لەسەر گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی حکومەت بڵاوکردەوە و دەڵێت، گۆڕانکارییەکە ئەو وەزیرانە دەگرێتەوە کە سەرکەوتوو نەبوون و لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێدەچێت گۆڕانکارییەکە چوار بۆ پێنج وەزیر و ژمارەیەک بریکاری وەزیری و پلە تایبەتییەکانیش بگرێتەوە، گۆڕانکارییەکانیش مەرجی سەرۆک وەزیرانن بۆ ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ گێڕانەوەی متمانەی ھاووڵاتیان بەکۆی پرۆسەی سیاسی.
سەبارەت بە ھەڵوێستی لایەنەکانیش لەسەر گۆڕانکارییەکان، رۆژنامەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، گۆڕانکارییەکان بەڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ ھێزە سیاسیەکان، چونکە سەرۆک وەزیرانی عێراق مەبەستیەتی حکومەتەکەی سەرکەتوووبێت و متمانە بۆ سیستمی سیاسی بگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، ٢٨٨ ھاووڵاتیان لە سودان گواستووەتەوە، کە لەناویاندا ١٦ ھاووڵاتیی سوری ھەن.
ئەحمەد سەحاف وتیشی، لەگەڵ رەوەندی عێراقی لە سودان لە پەیوەندیدان و تائێستاش ٧٥ داواکاریان بۆ رزگارکردنی ھاووڵاتییەکانیان پێگەیشتووە.
ھەفتەی رابردوو، یەکەمین کاروانی ھاووڵاتیانی عێراقی لە سودانەوە گەیشتنەوە عێراق، کە ژمارەی ٢٣٤ کەس بوو.
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ماتۆڕسکیلانەی کە حکومەت لە سەرپێچیکاران وەریدەگرێت و بۆ ماوەیەک لەلای خۆی دەیھێڵێتەوە و دواتر دەفرۆشرێت و لەلایەن ھاتووچۆوە تابلۆ و ژمارەیان پێدەدرێت، رایگەیاند، کڕین و فڕۆشتنی ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە حەرامن و دروست نین.
لێپرسراوێک لە دۆسێیەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق، قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە ھۆشبەرەکان بە تایبەت حەبی جۆری کبتاگۆنی لە عێراق ئاشکراکرد و رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢١ دەستیان بەسەر یەک ملیۆن حەبی کبتاگۆندا گرتووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢، رێژەکە بۆ پێنج ملیۆن حەبی کبتاگۆن بەرزبووەتەوە، ھەروەھا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەستگیراوە بەسەر ١٠ ملیۆن حەبی ھۆشبەر لە جۆری کبتاگۆن.
وتیشی، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیبەسەر ٣٠٠ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی حەشیش و کریستاڵ گرتووە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بڕیاروایە سەعات یەک و ٣٠ خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە، بەپێی کارنامەکەش، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای ھەموواری یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیدا، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوی ئاسایشی خۆراکی ئیسلامی دەکات، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی عێراق و تونس لەبارەی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان دەکات.
ھەر بە پێی کارنامەکە، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای ھەموواری دووەمی یاسای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پڕۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات.
بەپێی راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوە بۆ ڕەشنووسی یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق کراوە و خوێندنەوە بۆ رەشنووسی یاسای پەیوەستبوونی عێراق بە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک، کراوە و چەند پرۆژەیەکی تریش خوێندنەوەیان بۆ کراوە.
ھەمواری یاسای رزگاربوانی ئێزدی لەلایەن لیژنەکانی شەھیدان، قوربانیان، زیندانیانی سیاسی، ژنان، خێزان، منداڵی و مافی مرۆڤ، پێشکەش کرابوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت - سۆمۆ، عێراق لە مانگی نیساندا ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ ھەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتا بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٨٨ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، مانگی رابردوو بە تێکڕا ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٩ دۆلار و چوار سەنت فرۆشراوە، کۆی گشتی داھاتی فرۆشتنی نەوتیش حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەھۆی راگیرانی ھەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادار کەمیکردووە، بەجۆرێک لە مانگی ئاداردا، عێراق ١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ ھەزار و ٢٧ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە یەک ملیۆن و ٨٧٥ ھەزار و ٦٩٢ بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بووە.
نوسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی بریکارانی ئاسایشی نیشتیمانیدا رەزامەندی دراوە لەسەر ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سوریا لە بواری ئەمنیدا.
راشیگەیاندوە، لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکەی نێوان سوریا و عێراق بۆ زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانە بەتایبەتیش ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری و زیاتر توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و رێگرتن لە ھاتووچۆی گرووپە تیرۆریستییەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی کە لە ھەڵسەنگاندندا دەرنەچوون، لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە و پلەی وەزیفیشیان کەمبکرێتەوە بۆ ئەو پلەیەی کە پێش ئەوەی ببنە بەڕێوەبەری گشتی ھەیانبووە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی حکومی بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، ژمارەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دوور دەخرێنەوە و پلەی وەزیفیشیان کەمدەکرێتەوە، ٥٧ بەڕێوەبەری گشتین.
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە نوسراوێکدا دەستبەسەرداگرتنی ٤٣ موڵکی لابردوە کە بە ناوی نور زوھێر و ھاوسەرەکەیەوە بووە لە پارێزگاکانی بەغداد و بەسرە، دادگا ھۆکاری بریارەکەی گەراندوەتەوە بۆ ئەوەی نور زوھەیر بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دانانی لە ئەژمارێک کە لە بانکی ڕافیدەیندا کراوەتەوە.
نور زوھێر، خاوەنی ھەردوو کۆمپانیای قانیت و موبدیعون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە (٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢) دەستگیرکرا، کاتێک ھەوڵیدا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە ھەڵبێت.
دەسەڵاتی دادوەری عێراق دواتر بڕیاریدا نور زوھێر بە کەفالەت ئازاد بکات لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.
وەعد قەدۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرای کرد، پێش مانگێک یەکێک لە ھۆکارەکانی بەردەم تێنەپەڕاندنی یاسای ھەڵبژاردنەکان، مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بۆ کردنەوەی بنکەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دھۆک.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پارتی دیموکراتی کوردستان سوودمەندە لە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان، چونکە گەرەنتی بەدەستھێنانی دەنگەکانیان دەکات، ھەروەھا رێگەش بە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی ھەرێمەوە بۆ ناوچەکانیان نادرێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی کرێکارانەوە رایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە کرێکارانی عێراق دەکات و بە رێز و پێزانینەوە لە خەبات و شۆڕشیان لە پێناو بنیاتنان و بوژانەوەدا دەڕوانن.
جەختیشی کردەوە لە پشتیوانیکردنی کرێکارانی عێراق، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانەوەی سبەینێیەکی باشتر و داھاتوویەکی گەشەکردوو.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، کۆنگرەکە بە سەرپەرشتی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێ,ەدەچێت، کەتێیدا، چەندین توێژینەوەی زانستنی پێشکەش دەکرێن سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی.
ناوەڕۆکی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە ئاو لەپێناو مرۆڤایەتی و سروشت و دیبلۆماسیەتی ئاو و پارێزگاریکردن لە ژینگە و پاراستنی زەوییەکان لەپێناو گەشەپێدان و ئیدارەدانی ئاو و رێگە داھێنەرەکان.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی عێراق لە نوسراوێکدا داوای لە دادگای لێکۆڵینەوە کردووە بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکی پێشوتری دەزگای ھەواڵگری عێراق بکات کە تۆمەتبارکراوە بە کەمتەرخەمی لە رووداوی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسدا.
سکاڵاکە لەلایەن حسێن مونس سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقی سەربە حزبوڵای عێراق تۆمارکراوە، تیایدا مستەفا کازمی تۆمەتبار دەکات بە کەمتەرخەمی و شکست لە بەڕێوەبردنی دەزگای ھەواڵگریدا، کە بەوتەی ئەو، بووەتە ھۆی بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠_دا.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، کارنامەی کۆبوونەوەکە شەش بڕگەی لەخۆی گرتووە، کە بریتین لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای ھەموواری یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەئەندامبوونی عێراق لە سیستمی بنەڕەتیی لە رێکخراوی ئاسایشی خۆراکی ئیسلامی، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی عێراق و تونس لەبارەی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان.
ھەر بەپێی کارنامەکە ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای ھەموواری دووەمی یاسای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پڕۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات.