حزبی سیادە کە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەنزیکەوە چاودێری بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسییان کردووە و جەختی دەکاتەوە کە پێویستە رێز لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بگیرێت.
ھەروەھا داوا لە سەرکردە و نوێنەرانی سوننە دەکات بەمەبەستی دیاریکردنی نەخشەڕێگای قۆناغی داھاتووە، بەپەلە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجام بدەن.
لای خۆیەوە ھاوپەیمانی عەزم کە لەلایەن موسەننا سامەڕائییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە نزیکترین ھێزی سوننەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دادەندرێت، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، سەرەڕای بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی، بەڵام ئومێدەوارە پرۆسەی سیاسی و پێکەوەکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات بەردەوام بێت.
لە دیدارەکەدا، د. لەتیف رەشید سەرۆککۆمار ئاماژەی بە دوایین پێشھاتەکانی وڵات کرد و جەختیلەوەکردەوە، حکومەت کاردەکات بۆ بەھێزکردنی دۆخی ئابوری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتیان.
ھەروەھا لەدیدارەکەدا، پرسی ئاوارەکان و کارکردن بۆ گەڕانەوەیان تاوتوێکرا و ئاماژەدرا بە گرنگی کاری رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان شانبەشانی حکومەتی فیدراڵ لەوبارەیەوە، جگەلەوەش باس لەبەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرا و لەو چوارچێوەیەشدا، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوپاتیکردەوە، کە ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێگەی لیژنەکانییەوە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار، لای خۆشیەوە، جێنین پلاسخارت پشتگیری بۆ دیدگای سەرۆک کۆمار دەربڕی.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد چاویکەوت بە محەمەد حەلبوسی و لە دیدارەکەدا تاوتوێی دواپێشھاتە سیاسیەکان و کارکردن بۆ بەردەوامی سەقامگیری سیاسی کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیران لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر گرنگی گفتوگۆ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کۆی ناکۆکییەکانی ئێستا ئەوەش لە رێگەی پەیوەندی نێوان ھێزە سیاسییەکانەوە کە نوێنەرایەتی سەرەکی پرۆسەی سیاسی دەکەن.
رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە، دوا بەدوای بڕیارەکەش، ناوبراو دادگای فیدراڵی بە پابەندنەبوون بە دەستوورەوە تۆمەتبارکرد و وتی، بڕیارەکە یاسایی نییە.
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ سێشەممە ١٥-١١-٢٠٢٣، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، کە تێیدا وتاری سەرۆککۆمار لەلایەن د.عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانەوە پێشکەشکرا و جەختیکردەوە لەسەر بایەخی بێوێنەی ئەو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەی ئەمجارە، کە بە جێبەجێکردنی داواکاری دەستوریی دادەنرێت و بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت ئەنجامنەدراوە، کە دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣دا بەڕێوەچوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریکردنی گشتی و دەستەبەرکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان لە گرنگترین بنەماکانی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنن، ھەروەھا فراوانکردنی بەشداریکردنی گشتگیر و پراکتیزەکردنی مافە سیاسییەکان ھەنگاوی گرنگن، ھەروەھا باسی لەوەکرد، پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە دیارترین بنەماکانی دیموکراسی، کە لە عیراقی نوێی دیموکراسیدا بەدەستھاتوە و دەرفەت بە گەل دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و بڕیار بدات کێ نوێنەرایەتی بکات و بەدەنگ کێشە و ھیوا و خواستەکانیان بچێت.
د.عەلی شوکری ئاماژەیکرد بە گرنگی رۆڵی کەناڵەکانی راگەیاندن لە ھاندانی بەشداریی دەنگدەران، کە نابێت ئەو رۆڵە لە کۆی گشتی پرۆسەی ھەڵبژاردندا نادیدە بگیرێت، ھەروەھا جەختیکردەوە لەسەر رۆڵێکی دیکەی گرنگی راگەیاندن لە ھێنانەکایەی فەرھەنگی قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمارە:
بەڕێزان، ئامادەبووان..
ئەم کاتەتان باش..
مانگی داھاتو روداوێکی گرنگ لە عیراقدا چاوەڕێمان دەکات، کە ئەویش ھەڵبژاردنە و سازکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەدەر لە ھەرێم لە ١٨-١٢-٢٠٢٣، ئەم ھەڵبژاردنە پڕ بایەخە و دەرفەتێکی گرنگە کە پێویستی بە ھەڵوەستەی جدی ھەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ھەڵبژاردن، ھەروەھا دەستەبەرکردنی بەشداری سیاسیی کاریگەر و پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیە ھەڵبژێردراوەکانە، کە دەتوانێت پارێزگاکان بخاتەوە سەر رێچکەی خۆیان.
بایەخی ناوازەی ئەم ھەڵبژاردنە ناوخۆییانە بریتییە لە جێبەجێکردنی داواکاریی دەستوریی، کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە ساز نەکراوە، دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣دا بو، ھەروەھا لە بەر رۆشنایی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەیە، کە وڵات لەئێستادا بەخۆیەوەدەبینێت.
ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر مافە دەستورییەکانی ھاووڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا، بەجۆرێک کە ھاووڵاتی بەتەنھا سەرچاوەی دەسەڵات بێت و گرنگی بەشداریکردنی بەرفراوان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتودا زامن بکرێت.
لەکاتێکدا ھەوڵەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و کارمەندانی بەرزدەنرخێنین، داوا دەکەین ھەموو ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ سازکردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بە بەشدارییەکی فراوان، کە رەنگدانەوەی ویستی دەنگدەران بێت.
بەشداریکردنی گشتی و زامنکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان لە گرنگترین بنەماکانی سەرکەوتنی ئەم مافە و پتەوکردنی بەشداریی ھەمەلایەنە و پەیڕەوکردنی مافە سیاسییەکانە.
پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە فۆرمە دیارەکانی دیموکراسی، کە لە عیراقی نوێی دیموکراسیدا بەدیھاتوە و رێگا بە ھاووڵاتیان دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و نوێنەری ھەڵبژێرێت، کە بەدەنگ کێشە و ھیوا و خواستەکانیانەوە بچێت.
لێرەدا بایەخی کەناڵەکانی راگەیاندن لە ھاندانی بەشداریکردنی دەنگدەران دەردەکەوێت، کە ناکرێت رۆڵی راگەیاندن لە کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردن جیابکرێتەوە. ھەروەک رۆڵێکی دیکەی گرنگی راگەیاندن لە بیر ناکەین لە چەسپاندنی رۆشنبیریی قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.
ئێمە ھەموو ئەو ھەوڵانە بەرزدەنرخێنین، کە کەناڵەکانی راگەیاندن و دەزگاکانی دیکەی میدیایی لە عیراقدا بە ئەنجامیان گەیاندوە، بەتایبەتی لە روماڵکردنی تەواوی پرۆسەکانی ھەڵبژاردنی رابردو، کە دوای روخانی رژێمی لەناوچو لە ساڵی ٢٠٠٣وە سازکراون، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەسەر رۆڵی گرنگی چاودێریی میدیایی لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، تا ببێتە یەکێک لە ئامرازە پێویستەکان کە بێگەردیی پرۆسەی ھەڵبژاردن بپارێزێت و بەشداریی ھێزە سیاسییەکان و کاندید و دەنگدەران و بەشدارە جیاجیاکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا بەھێز دەکات، ئەم چاودێریکردنەش، بەشدارییەکی بەرچاوی ھەیە لە رێگریکردن لە خراپەکاریی و کاری نایاسایی.
لێرەدا پێویستە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کاربکات بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندندا و ھەموو ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بۆیان دابین بکات، چونکە کەناڵەکانی راگەیاندن ھاوپەیمان و ھاوبەشێکی گرنگن بۆ کۆمسیۆن، کۆمسیۆنیش دەبێت پشت بە ستراتیژیەتێکی میدیایی ببەستێت لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندی ھەمیشەیی و ئەرێنی لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندندا.
رۆڵی میدیا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی لە ھەڵبژاردندا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە و بوەتە ئەو فاکتەرەی، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، تا ئەو رادەیەی ھەندێک کەس لە ئەزموونی وڵاتانی دیموکراسی دیکەدا پێیانوایە رۆڵی میدیا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی نوێنەرایەتی نیوەی ململانێی ھەڵبژاردنەکان دەکات و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.
لەم روانگەیەوە بانگھێشتی سەرۆکایەتی کۆمار ھاتوە بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە لەپێناو بیرخستنەوە و جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی گرنگی میدیا لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا.
دوبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت..
پاشان دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگ و پێشەنگی راگەیاندن دا لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و بەشداریکردنی لە ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی ھۆشیار، کە بایەخ بە رۆشنبیریی ھەڵبژاردن بدات. ھەروەھا رونیکردەوە، کە کۆمسیۆن سورە لەسەر ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن لە وردەکاری کارەکانی بەوپێیەی ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا. بۆ ئەمەش چەند رێوشوێنێکی گرتۆتەبەر تا نزیک بێت و ئاگاداری سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکە بێت لە ئامادەکاریی سەرەتاییەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسندکردنی، سەرەڕای بەشداریکردنی راگەیاندن لەسەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانس و وۆرکشۆپەکاندا.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە کرا، کە لەلایەن ژمارەیەک پسپۆرەوە لەبارەی رۆڵی راگەیاندن لە بەھێزکردنی ئەزمونی ھەڵبژاردندا خرانەڕو.
جێی باسە لە کۆنفرانسەکەدا، جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و راوێژکاران و پسپۆڕانی راگەیاندن ئامادەبون.
گۆڤاری سی ۆڵدی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا جیھان پێشکەوتنی گەورەی لە زۆربەی بوارەکاندا بەدەستھێناوە، بەڵام گەندەڵی ئەو نەخۆشیە کوشندەیەیە کە تائێستاش ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر وڵاتانی جیھان و بووەتە ھۆی لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان و زۆربەی وڵاتانیش سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری زۆر توند، بەڵام نەیانتوانیووە بە تەواوی بەسەریدا سەرکەون کە زیانی زۆری بە کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەیاندووە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە ریزبەندی بۆ ٣٠ گەندەڵترین وڵاتی جیھان کردووە و بەپێی ریزبەندییەکەش سۆماڵ لە پلەی یەکەمدایە و گەندەڵترین وڵاتی جیھانە، عێراقیش لە کۆی ئەو ٣٠ وڵاتە، ٢٣ھەمین گەندەڵترین وڵاتی جیھان.
کەریم علێوی، ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەگوێرەی چەند پێوەر و تایبەتمەندییەک بێت، گرنگترینییان لێھاتووی و کارامەیی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ھەبوونی ھەماھەنگی لەنێوانیاندا تایبەت بە کاروبارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە سەرۆکێکی چالاک ھەیە بۆ کاراکردنی یاسا گرنگەکان بە مەبەستی یاسادانان، ھەروەھا پێویستی بەسەرۆکێکە ڕۆڵی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران کارابکاتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٤ی ئەم مانگە محەمەد حەلبوسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوی رەسمی ئەو پێنج پارێزگایە کە پێکھاتوون لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیوانیە و زیقار و موسەنا و نەجەف، بەھۆی بارانبارین و مەترسی دروستبوونی لافاو سبەینێ پێنج شەممە پشووی رەسمییە.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری کوردسات نیوز، پشووەکەی سبەینێ ئەو ناوەندانەی خوێندن ناگرێتەوە کە تاقیکردنەوەی خولی سێیەمی پۆلی شەشی ئامادەیی ئەنجامدەدەن.
بەپێی بڕیارەکە، ھەریەک لە محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان، د.ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیریی و خالید بەتاڵ نەجم وەزیری پیشەسازی کە ھەرسێکیان سەر بە پێکھاتەی سوننەکانن، لەکاردانەوەی کۆتاییھێنان بە ئەندامیەتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستلەکاردەکشێنەوە.
حزبی تەقەدوم کە خاوەنی ٣٧ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە، ھەروەھا بڕیاریدا پەرلەمانتارەکانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.
ھاوکات بەمەبەستی تاوتوێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سبەینێ چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی حکومەت لە بەغداد کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شوێنگرەوەی حەلبوسی و رێکارەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە لایەنگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی جیاوازییان نیشان داوە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی دەربڕیوە، شەقامی سوننەکانیش بەسەر دژ و لایەنگری بڕیارەکەدا دابەش بوون.
لەیەکەمین کاردانەوەی خۆیشدا ھاوپەیمانی عەزمی سوننەکان پێشوازی لە بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی کرد.
سەرچاوەیەکی حکومی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە میدیاکانی رایگەیاندووە، نوسینگەی سەرۆک وەزیران پاکێجێکی نوێ ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، لەوانە کاراکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکومەت و بانکی ناوەندی و کەرتی تایبەت.
ڕوونیشی کردەوە، حکومەت و بانکی ناوەندی دانوستانی بەردەوام لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام دەدەن بۆ ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات و خستنەڕووی باشترین بژاردە سەبارەت بە پێدانی باج.
وتیشی، حکومەت کاریکردووە لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە خەڵکی ھەژار و داھاتە مامناوەندەکان کاریگەرییان لەسەر نەبێت بەھۆی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، حکومەتی عێراق گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ بانکی ناوەند ئەنجام دەدات لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەوانە ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی پەیوەست بە ھاوردەکردنی دۆلاری کاش بۆ بانکەکانی عێراق.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە کە سەرەتای ئەمساڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزای لەسەر نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوەی کرد و کۆتایی بە ئەندامێتییەکەی ھێنا.
ئەو پەرلەمانتارە داوایکردبوو دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بە ساختەکاری نوسراوە.
دوای تاوتوێکردن و پەسەندکردنی سکاڵاکە، دادگای فیدڕاڵی کۆتایی بە ئەندامیەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و لەیس دلێمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ھێنا.
لەکاتی بڕیارەکە، ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی حەلبوسی لە کۆبوونەوەدا بوو، بەھۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەکاتی ھەڵپەسێردرا و کۆبوونەوەکەی بەجێھێت.
ئەحمەد فوازی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکھێنەری کابینەی ئێستای حکومەتی فیدراڵن، رەزامەندن لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ شەش مانگی داھاتوو.
ئەوەشی خستەڕوو، درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، شەرعیەت دەدات بە کۆمسیۆنەکە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، تەواوی لایەنە سیاسی و فراکسیۆنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، لە قەزای تارمییەی باکووری پارێزگای بەغداد، چەند چەکدارێک ھێرشیانکردووەتەوە سەر بنکەیەکی سوپا و دەسترێژی گولـلەیان لە بنکەکە کردووە، بەھۆیەوە ئەفسەرێکی سوپا گیانیلەدەستداوە و ھاوڵاتییەکیش برینداربووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە راشیگەیاند، پێدەچێت ئەو چەکدارانەی دەسترێژی گوللەیان لە بنکەکەی سوپای فیدراڵ کردووە، سەر بە تیرۆریستانی داعش بن.
سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی کارنامەکەش، کۆبوونەوەکە لە پێنج بڕگە پێکھاتووە و یەکێک لە بڕگەکانیش تایبەتە بە خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیارێک بۆ ھەمواری یاسایی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.
لە کارنامەکەدا ھیچ بڕگەیەکی تیادا نییە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لەکاتێکدا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لەیەکەم دانیشتنی دوای چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کەسێک بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردرێت.
ھومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە لە پۆستەکەی تائێستا چەندین دۆسێی گرنگی ھەڵداوەتەوە و زۆر ژیرانەش دەستی بۆ بابەتە ئاڵۆز و پڕ لەکێشە و ململانێکان بردووە و بە باشی کاری لەسەرکردوون و دووری نێوان حکومەت و عێراقییەکانیشی زۆر کەمکردووەتەوە.
وتیشی، سودانی ئەزموونێکی زۆر و مێژوویەکی دوورودرێژی لە دەستپاکی ھەیە و وەک نوێنەری سەرجەم عێراقییەکان مامەڵە دەکات و پلانی ستراتیژی و گرنگیشی بۆ داھاتووی عێراق ھەیە، داواشی لێکرد دۆسێی رەوتی سەدر بجوڵێنێت بۆئەوەی جارێکی تر بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، خێرایی لە رادەبەدەر و پابەندنەبوونی شۆفێر بە بنەماکانی سەلامەتی بوونەتە ھۆکاری ھەزاران رووداوی ھاتووچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کە ھەزاران قوربانییان لێکەوتووەتەوە و زیانێکی زۆری ماددیشان ھەبووە و ھۆکاری دیکەی زۆربوونی ژمارەی قوربانییەکانیش سەرنشینانی ئۆتۆمبێلن کە لە رێگا دوورەکان پشتێنی سەلامی نابەستن.
راشیگەیاندووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە حەوت ھەزار رووداوی ھاتووچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق روویانداوە و بەپێی توێژینەوەیەکی پسپۆڕانی ھاتووچۆش ٧٠٪ی ئەو رووداوانە بەھۆی بەکارھێنانی مۆبایلەوە بووە لەلایەن شۆفێرانەوە لەکاتی لێخوڕیندا.