دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق ئاشکرای کرد کە ئەو رێکارانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هاوبەش لەگەڵ ئێران گیراونەتە بەر، رێکاری کاتیین و ئامانجیان رێکخستنەوەی کارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەییە لە ناو هەندێک لە دەروازەکاندا.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند: هاتوچۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە هەردوو دەروازەی زڕباتییە و مەنزرییە بەردەوامە و نەڕاوەستاوە.
ئەم روونکردنەوەیەی بەغداد لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێرانی و میدیا رەسمییەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبوو لەسەر بڕیاری حکومەتی عیراق، بەیانی ئەمڕۆ شەممە هاتوچۆ لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلەمچە و چەزابە راگیرا.
بەپێی راگەیەندراوی تەلەڤزیۆنی رەسمیی ئێران: دواتر دەروازەی چەزابە تەنها بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانە کراوەتەوە کە بەنیازی گەڕانەوە بوون بۆ وڵاتەکەیان.
عەلی زەێدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ شەممە فەرمانی دا بە لادانی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای میسان لە پۆستەکەی، هەروەها بڕیاری دا بە گواستنەوەی بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە بۆ ئەمرە و رەوانەکردنیان بۆ لێکۆڵینەوە.
سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: فەرماندەی گشتی بڕیاری لادانی فەرماندەی پۆلیسی میسانی داوە و فەرمانی کردووە سەرجەم بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە بگوێزرێنەوە بۆ ئەمرە و رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بكرێنەوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارانە لە سەروبەندی خەرقە ئەمنییەکانی دوایی پارێزگاکەدا دراون.
لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەوروپا، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، تاوتوێکردنی هاوکارییە ئەمنی و بەرگرییەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئیمزاکردنی چەندین گرێبەستی سەرەکی لە کەرتەکانی وزە و ژێرخان، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی هەردوو وڵات دەبن لە کۆشکی ئێلیزێ.
کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکات، کە ئەمەش یەکەم سەردانی رەسمیی عەلی زەیدییە بۆ ئەوروپا لەدوای وەرگرتنی پۆستەکەی.
کۆشکی ئێلیزێ ئاشکرایکرد، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە، ئاماژەی بەوەشکرد، ماکرۆن و زەیدی هاوکارییەکان لە کەرتە لەپێشینەکانی وەک وزە، گواستنەوە، ژێرخانی ئابوری، ئاو و تەندروستی تاوتوێ دەکەن، هەروەها بڕیارە چەندین گرێبەستی گرنگ ئیمزا بکەن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی فەرەنسا، تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنی و بەرگرییەکان، لەگەڵ گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دووپات دەکەنەوە، بە شێوازێک کە رێز لە سەروەریی هەردوو وڵات بگرێت.
هاوکات، تێکچوونی باری ئاسایشی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر جوڵەی بازرگانی و دابینکردنی وزە، بەتایبەت هەناردەکردنی نەوتی عیراق، بەشێکی تری کۆبوونەوەکە دەبێت، هەردوو سەرکردە کار دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی وزە و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان.
بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەروازەی سنوریی شەلامجە لە نێوان عیراق و ئێران داخرا و تائێستاش هۆكارەكەی ئاشكرانەكراوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمنی عیراقەوە ئاشكرایكردووە، بەیانی ئەمڕۆ بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەروازەی سنوریی شەلامجە بە روی ئێراندا داخراوە و تائێستاش هۆكارەكەی نەزانراوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیكردووە، هەر بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرجەم فەرمانبەران و ئەو كرێكارانەی لە دەروازەی سنویی شەلامچە كاریانكردووە، نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.
دەروازەی سنووری شەلامجە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای بەسرە و یەكێكە لە دەروازە سنورییەكان بۆ هەناردە و هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەنێوان عیراق و ئێراندا.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، هێزە چەكدارەكانی شەنگال دەست دەكەن بە رادەستكردنی چەكەكانیان و چیای شەنگالیش دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێكی هاوپەیمانی ئێزدییەكان رایگەیاند، هێزە چەكدارەكانی شەنگال دەست بە رادەستكردنی چەكەكانیان بە دەوڵەت دەكەن، چیای شنگالیش بە تەواوی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی و ئیداریی حكومەتی فیدراڵییەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە بە رێكخستنەوە و تێكەڵكردنی ئەندامانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال و یەكەكانی ژنان لەناو دامەزراوە ئەمنییەكانی عیراقدا.
لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە، سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە بە دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر ئێزدییەكان و پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە پێداویستییەكانی قەزاكە و ئەنجامدانی پرۆژەكانی ژێرخان و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی ئاوارەكان راگەیاند.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئارام بۆ ئەو عیراقییانەی لە لیبیان، و ئاماژەی بەوەش کرد تاوەکو ئێستا 388 کۆچبەری عیراقی گەڕێنراونەتەوە.
سەحاف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاند: باڵیۆزخانە زانیاری دەستکەوتووە لەسەر بوونی ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەخت لە ناوچەی تاجوراء." جەختیشی کردەوە کە هەماهەنگیی ئاستبەرز لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لە تەرابلوس هەیە بۆ دۆزینەوەیان و دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆیان، تا ئامادەکاری بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەو ناوچەیەی کۆچبەرەکانی تێدان، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی بەربڵاوە و دەڕوانێت بەسەر دەریادا، تۆڕەکانی قاچاغچییەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سوود لەو ژینگەیە وەردەگرن بۆ خەڵەتاندن و دەستبەسەرکردنی کۆچبەران.
سەحاف رونیشی کردەوە کە باڵیۆزخانە بە هەوڵی بەردەوام سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی (388) کۆچبەر لە ماوەی رابردوودا، لە ناو بارودۆخێکی ئاڵۆز کە هاوڕێی پرۆسەی گەڕانەوە ئارەزوومەندانەکەیان بووە.
جەختیشی کردەوە: وەزارەتی دەرەوە لە بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەردەوامن لە هاوکاری لەگەڵ باڵیۆزخانە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و ئارامی کۆچبەران، لە رێگەی دابینکردنی بلیت و رێکارەکانی پێشوازیکردن لە فرۆکەخانەی هەولێر.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئاشکرای کرد کە نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی تایبەت بە هاووڵاتییان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو دەمێنێتەوە.
لە بەیاننامەیەکی کۆمپانیاکەدا هاتووە: ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە گۆڕانی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان بڵاوبوونەتەوە، جێبەجێکردنیان تایبەتە بە فەرمانگە دەوڵەتییەکان و کەرتەکانی تر، بە هیچ شێوەیەک ئەو سووتەمەنییەی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت ناگرێتەوە.
کۆمپانیاکە روونیشی کردەوە کە بەرهەمە نەوتییەکانی تایبەت بە هاووڵاتییان لەسەر هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی پێشووی خۆیان دەمێننەوە.
دەزگای دژەتیرۆری عیراق ئەمڕۆ هەینی کوژرانی دوو چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە ناوچەی 'وادی ئەلشای' لەڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئاماژە بەوە کراوە: هێزە ئاسمانییەکان، بەپشتبەستن بە زانیاریی وردی دەزگای دژەتیرۆر، هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا دوو چەکداری پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعشیان لە ناوچەی وادی شای کوشتووە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای رەسمیدا سەردانی وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات.
عەبودی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراق ئاماژەی بەوەکرد: سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی رەسمی پاریس و بەرلین ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی هەوڵە دووقۆڵییەکان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی عیراق و ئەوروپا.
ناوبراو روونیشیکردەوە،: کۆبوونەوەکان سەرنج دەخەنە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی، وزە، پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، جگە لە دۆسیە سیاسی و ئاسایشییەکان و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
وتەبێژی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو: ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە گۆڕینی لێکتێگەیشتنەکانە بۆ هاوبەشی کردەیی و راکێشانی کۆمپانیا ئەوروپییەکان بۆ بەشداری لە پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکاندا، لەگەڵ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی عیراق.
دەستەی گشتیی گومرگی عیراق رێکارێکی نوێی ئاسانکاریی بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی رەسمی بڕیاری درێژکردنەوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بڕیاری ژمارە (468)ی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی وەزیران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی وادەی چوونەناووەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕیاری ژمارە (215)ی ساڵی 2009 دەیانگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو کە بڕیارەکە گشتاندنی بۆ کراوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و مەرزە گومرگییەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و ئاسانکاری لە خێراکردنی راییکردنی مامەڵەکاندا.
لەلایەن خۆیەوە سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ جەختی کردەوە کە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە مەرزەکاندا دەکەن، تاوەکو رێگری و ئاستەنگەکانی بەردەم هاووڵاتییان و بازرگانان لاببرێن بە بێ ئەوەی کەمتەرخەمی لە رێکارەکانی وردبینی و چاودێریی گومرگیدا بێتە ئاراوە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا لەلایەن فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە چەند بڕیار و ئاڕاستەیەکی نوێی ئاسایشی و سەربازی لە وڵاتدا ئاشکرا کرا، بە پلەی یەکەم دیاریکردنی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند: رۆژی 30ی ئەم مانگە (ئەیلوول) وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی "عەزمی پۆڵاین" لە عیراق.
ئاماژەی بەوەش کرد: رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە دوای ئەو رێکەوتەوە دەچێتە قۆناغی هاوکاری و تەواوکارییەوه.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک، نەعمان جەختی کردەوە: داعش لە عیراق کۆتایی هاتووە وهیچ مەترسییەکی نەماوە.
وە راشیگەیاند: حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ نادات، ئاماژەی بەوەش دا: پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەپێی روانگەی حکومەت بەڕێوەدەچێت و هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان نییە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد: ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بەرزبووەتەوە و رۆتین تێپەڕێنراوە، بە شێوەیەک هەرێمی کوردستان داواکراوان راستەوخۆ رادەستی سەنتەری هەماهەنگی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد: سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە پێشینەی کارەکانی فەرماندەی گشتییە و بەم زووانە بەرهەمی نوێ لە کۆریای باشور، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەگاتە دەست هێزەکان.
وەفدێكی باڵای هەرێم لە بەغدادە و لەگەڵ وەفدێكی حكومەتی عیراق لەبارەی جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان.
وەفدەكەی حكومەتی هەرێم پێكدێت لە وەزیرانی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەكان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریكاری وەزارەتی پلاندانان.
بریاریشە ئەمڕۆ وەفدەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەكانی پلاندانان و نەوت كۆببێتەوە، بەئامانجی گەیشتن بە تێگەیشتن و رێككەوتنێكی هاوبەش و جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2027دا.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بەڵێنیداوە، تەواوی كێشە و گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكات بەتایبەتیش دۆسێی ئەسیكۆدا.
هاوكات، بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیجی نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی كارەبای عیراق نزیكبوونەوەی كاتی كۆتاییهاتنی پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای وڵاتەكەی بە سعودییەوە رایگەیاند، كە دوو هەزار مێگاوات كارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دابین دەكات.
وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبا لەگەڵ سعودیە بە توانای دوو هەزار مێگاوات لە كۆتاییهاتن نزیكبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە كۆی 221 تاوەر، 218 تاوەریان جێگیر كراون و تەنها سێ تاوەر ماون لەسەر شەتولعەرەب دابندرێن.
ئەحمەد توركی جەیاد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاماژەی بەوە كرد هەماهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لە پێشینەی كارەكان بێت.
هەروەها روونی كردەوە كە ئێستا عیراق دو هەزار و 650 مێگاوات كارەبا لە رێگەی توركیا، ئوردن و وێستگەكانی هەرێمەوە هاوردە دەكات.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق ئامادەکردنی رەشنووسی دووەمین هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کۆتایی پێهێنا، بە مەبەستی خستنەڕووی بۆ خوێندنەوەی یەکەم لەم وەرزەی یاسادانانەدا.
عوسمان شەیبانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق، راگەیاند: هەمواره پێشنیازکراوەکە بریتییە لە دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانە بۆ کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە نێوان 40 بۆ 42 ساڵیدا، بە مەرجێک ماوەی خزمەتی کردارییان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت.
سەبارەت بە ئاستەنگەکان، ئاماژەی بەوە کرد: دەستەی خانەنشینی بەهۆی نەبوونی تەرخانکراوی داراییەوە دژایەتی رەوانەکردنی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی کردووە بۆ خانەنشینی ئارەزوومەندانە، بەڵام لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە دەستوەردانی کردووە و پڕۆژەیاساکە لەم وەرزەی یاساداناندا دەخرێتە بەردەم خوێندنەوەی یەکەم.
شەیبانی جەختیشی کردەوە: لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پێشکەشکردن و وەرگرتن لە پەیمانگای باڵا، کۆلێژی پۆلیس و پەیمانگای کۆمسیاران لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی رێکارەکان بەپێی پێوەرە روون و شەفافەکان و بەدوور لە بەدەرکردن و واستەکاری.
لە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیی نوێدا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی عیراق لە پارێزگای سەلاحەددین توانیویانە بەرپرسی بەشی موڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تکریت و فەرمانبەرێکی هەمان بەش دەستگیر بکەن، دوای سەلماندنی تێوەگلانیان لە دەستبەسەرداگرتنی زەویی هاووڵاتییان.
بەپێی راگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکە بە هاوکاریی ژمارەیەک فەرمانبەر و راسپێردراو، وەسڵی مامەڵەی تەرخانکردنی زەویی هاووڵاتییانیان بە نرخێکی زۆر کەم کڕیوەتەوە و دواتر خستوویاننەتە نێو لیستی رەسمیی وەجبەکانی دابەشکردنی زەوی، تا ببنە خاوەنیان و بییانفڕۆشنەوە و قازانجەکەی لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و دەستگیرکردنی بەرپرسەکە، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا دەست بەسەر 94 بەڵگەنامەی زەویی سەر بە شارەوانی، کۆمەڵێک وەسڵی وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان، بڕێک پارەی عیراقی و دۆلار، ئۆتۆمبێلێکی نوێ، چەکی سووک و کۆمەڵێک زێڕدا گیراوە.
لە هەمان کاتدا، فەرمانبەرێکی تری هەمان بەش دەستگیرکرا کە لە ماڵەکەیدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی رەسمیی شارەوانی، لەوانە مامەڵەی تەرخانکردنی زەوی و گواستنەوەی موڵکایەتی شاردرابوونەوە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەزاهە، هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەکانی (289/ 298) لە یاسای سزادان راگەیەندراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانیی عیراقی رایگەیاندوە، هێڵەکەیان لە مانگی ئابدا، هەزار و 684 گەشتی راستەوخۆی ئەنجامداوە، کە زیاتر لە 232 هەزار سەرنشینی گواستوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا تالیب، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانیی عیراقی رایگەیاند، هێڵەکەیان لە مانگی رابردودا زۆترین چآلاکی تۆمارکردوە و توانیویانە بە گوێرەی پلانەکان زیاتر بەرەوپێش بچن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم ژمارە زۆرە لەگەشتکردن بە هێڵی ئاسمانیی عراقی دەرخەری پەرەسەندنی خواستە لەسەر گەشتکردن لە رێگەی هێڵەکەوە.
جەختیشیکردوەتوە، ئەم ئەنجامانە بەشێکن لە پلانە کارپێکردنەکان بە ئامانجی فراوانکردنی تۆڕی شوێنەکانی مەبەست و باشترکردنی کارایی خزمەتگوزارییەکان، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەت وبەردەوامیش دەبن لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.