عیراق نزیكبوونەوەی كاتی كۆتاییهاتنی پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای لەگەڵ سعودیە رایگەیاند
لازیا عەلی
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزارەتی كارەبای عیراق نزیكبوونەوەی كاتی كۆتاییهاتنی پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای وڵاتەكەی بە سعودییەوە رایگەیاند، كە دوو هەزار مێگاوات كارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دابین دەكات.
وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبا لەگەڵ سعودیە بە توانای دوو هەزار مێگاوات لە كۆتاییهاتن نزیكبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە كۆی 221 تاوەر، 218 تاوەریان جێگیر كراون و تەنها سێ تاوەر ماون لەسەر شەتولعەرەب دابندرێن.
ئەحمەد توركی جەیاد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاماژەی بەوە كرد هەماهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لە پێشینەی كارەكان بێت.
هەروەها روونی كردەوە كە ئێستا عیراق دو هەزار و 650 مێگاوات كارەبا لە رێگەی توركیا، ئوردن و وێستگەكانی هەرێمەوە هاوردە دەكات.

