رێکخراوی عیراقی سەوز، هۆشداریی دا لەبارەی رێکار و پڕۆژەی حکومی کە بە وتەی رێکخراوەکە هەڕەشە لە رەز، باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و ئاستەنگ لەبەردم هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون لە وڵاتدا دروست دەکەن.
رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاوی کردەوە، بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان رێکاری وەک تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بڕینەوەی درەختەکانیان گرتووەتە بەر.
جەختیشی کردەوە: ئەم هەنگاوانە پێچەوانەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و بڕیارەکانی پێشووی حکومەتن کە بەڕوونی جەخت لەسەر راگرتنی تێکدانی باخەکان و قەدەغەکردنی گۆڕینی رەگەزی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: کۆمپانیای گشتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە و گەیاندن (سەر بە وەزارەتی گواستنەوە) گردبەستێکی وەبەرهێنانی درێژخایەنی لەگەڵ کەرتی تایبەت ئیمزا کردووە بۆ دروستکردنی کۆگای فرەمەبەست لەسەر زەویی باخێک لە بەغدا، سەرەڕای ئەوەی باخەکە تا ئێستاش کشتوکاڵی تێدا دەکرێت و بەشە ئاوی هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەرهەمەکان و تێکدانی زەوییەکە.
لە لایەکی ترەوە، رێکخراوەکە ئاشکرای کرد کە فەرمانگەی رێگاوبان و پردەکان (سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) پێشنیازی رێڕەوێکی کردووە بۆ دروستکردنی رێگایەک بەرەو شارۆچکەی "عەلی وەردی" لە ناوچەی نهروانی بەغداد. جەختیشی کردەوە ئەم نەخشەیە دەبێتە هۆی تێکدانی باخ و زەویی کشتوکاڵی و رووخاندنی ماڵی جووتیارانی ناوچەکە.
سەبارەت بە دۆسیەی بەبیابانبوون، رێکخراوی "عێراقی سەوز" ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو تۆمەتبار کرد بەوەی توێژینەوەی پێویستی لەسەر هۆکارەکانی بەبیابانبوون و لێکەوتەکانی دابەزینی ئاستی رووبارەکان و کەمبوونەوەی رووبەری ئاوییەکان ناکات.
هاوکات رەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان گرت لە راگرتنی دیاردەی بەبیابانبوون.