بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، تایلەند و کەمبۆدیا بە چەکی قورس، ناوچە سنورییەکانی یەکتر بۆردوومان دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داواکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ بەردەوامن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، شەڕ و پێکدادانەکان کە بە خوێناویترینی نێوان ئەودوو وڵاتە دادەنرێت لە ماوەی دەیەی رابردوودا، تا ئێستا کوژرانی لانیکەم 16 کەسی لێکەوتووەتەوە.
سوپای تایلەند رایگەیاندووە، پێکدادانەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگاکانی "ئوبۆن راتچاتانی" و "سورین" دەستیانپێکردووەتەوە و هێزەکانی کەمبۆدیا تۆپخانە و سیستەمی مووشەکی BM-21 ی روسییان بەکارهێناوە.
بەرپرسانی تایلەند ئاماژەیان بەوەشکردووە کە 100هەزار هاووڵاتییان لە ناوچەکانی شەڕەوە بۆ شوێنی ئارام گواستووەتەوە.
سوپای تایلەند لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی کەمبۆدیا بە چەکی قورس و تۆپخانەی مەیدانی و سیستەمی مووشەکی BM-21 بۆردوومانێکی بەردەوامیان ئەنجامداوە." "هێزەکانی تایلەندیش بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامیان داوەتەوە بەپێی دۆخی تاکتیکی."
هەردوو وڵات یەکتر بە دەستپێکردنی شەڕەکە لە رۆژی پێنجشەممەدا تۆمەتبار دەکەن، کە لە ناوچەیەکی سنووریی جێناکۆکدا و بە خێرایی لە شەڕە تەقەی سووکەوە بۆ تۆپبارانی قورس لە لانیکەم شەش ناوچەی جیاوازدا پەرەی سەند.
وەزارەتی تەندروستیی تایلەند بڵاویکردەوە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 15 کەس، کە 14 یان هاووڵاتیی مەدەنین، هەروەها 46 کەسی دیکەش برینداربوون کە 15 یان سەربازن. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ناوخۆیی لە پارێزگای ئۆدار مینچی کەمبۆدیا رایگەیاندووە کە لەلای ئەوان هاووڵاتییەک کوژراوە و پێنجی دیکە برینداربوون و 1500 خێزانیش ئاوارە بوون.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە تایلەند رۆژی چوارشەممە باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا بانگکردەوە و باڵیۆزی ئەو وڵاتەشی دەرکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ برینداربوونی سەربازێکی دیکەی تایلەندی بەهۆی مینێکەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لەلایەن هێزەکانی کەمبۆدیاوە چێنرابێت، بەڵام کەمبۆدیا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
لەبەرامبەر پەرەسەندنەکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هاوپەیمانێکی دێرینی تایلەندە، داوای "راگرتنی دەستبەجێی دوژمنایەتییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و چارەسەری ئاشتیانە"ی کرد.
هەروەها، ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا و سەرۆکی ئێستای کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان)، رایگەیاند کە قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا کردووە و هانیداون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتیانە.