سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، ھێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا لە شارۆچکەی قائیمی ئەنبار، کە بووە ھۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کەسێک، پێشێلکاری سەروەری عێراقە، ھەرچەندە حکومەتی عێراق چەندین جار ئەنجامدانی کاری لەو جۆرەی رەتکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ھێرشانە کاریگەرییان لەسەر رەوشی ناوچەکە ھەیە و عێراق ئارەزوی رێکخستنەوەی کاری ھاوپەیمانانە، بەڵام ئەو ھێرشەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی گفتوگۆکان ھەیە و توندوتیژی ھیچ بەرھەمێکی نییە جگە لە ئازار و نەھامەتی.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا جارێکی تر پێشێلی سەروەری عێراقی کردەوە و ھێرشی کردوەتەسەر ھێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی عەکاشات و قائیم لە پارێزگای ئەنبار.
بۆردومانەکە بە دوژمنکارانە ناودەبات و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکەوە بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی ١٦ کەس کوژراون و ٢٥ کەسی تریش برینداربوون و زیان بەر باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبونی ھاوڵاتییان کەتووە.
دەشڵێت، لایەنی ئەمریکا راستیەکانی شێواندووە و رایگەیاندووە کە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغداد کردووە، بەڵام ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و ھیچ ھەماھەنگییەک لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە.
وتیشی، ئەم بۆردومانە زیان بە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەگەیەنێت و ناوچەکە بەرەو ئاگر رادەکێشێت و رەتیدەکەنەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کە ئەرکەکانیان تەواو بووە زیان بە ئاسایشی عێراق دەگەیەنێت و بیانویەکە بۆ ھێرشکردنەسەر عێراق.
ئەبو ئالا وەلائی، سەرۆکی گروپی چەکداری سەید شوھەدا رایگەیاند، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی کە ھێرشیان کردوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، تائێستاش ئامادەن بۆ ئەوەی چالاکی زیاتر ئەنجام بدەن، ھۆشداریشی داوەتە کوەیت و سعودیە و ئوردن کە رێگەیان بە ئەمریکاداوە لە خاکی وڵاتەکانیانەوە ھێرشبکاتەسەر عێراق و مقاوەمەش دەتوانێت وەڵام بداتەوە، داواشیکردووە پێویستە رێز لە دراوسێیەتی و رۆڵی عێراق بگیرێت.
ئەبو ئالا وەلائی داواش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات وەزیری دەرەوەی عێراق بانگھێشت بکات بۆئەوەی داوای روونکردنەوە لەو سێ وڵاتە بکات کە رێگەیان بە ھێرشکردنەسەر عێراق داوە، دەشڵێت، گرنگە بە گفتوگۆ و دانوستان کۆتایی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بھێندرێت.
مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنی دارایی بە ئاژانسی ھەواڵی رەسمی عێراقی ڕاگەیاند: ھێشتا گفتوگۆی بڕگەو مادە دەستنیشانکراوەکانی یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند نەکراون، بەپێویستیشی زانی ھەنگاوەکان خێرا بکرێن بۆئەوەی کورتھێنان لە مووچەی فەرمانبەراندا دروست نەبێت.
دەشڵێت یەکێک لەو ماددانەی ھەمواردەکرێتەوە مادەی ٧٧ ە کە باس لەوە دەکات ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت بەپێی نرخی نەوت پێداچوونەوە بە داھاتەکاندا بکات.
مستەفا کەرعاوی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، پرسی ھەموارکردنەوەی بڕگەو مادەکانی یاسای بودجە، پەیوەستە بە بازاڕی نەوت و داھاتی نەوتی ھەناردەکراو، قەبارەی خەرجییەکان و ڕێژەی کورتھێنان.
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، لە چەند وەزارەتێک خەرجی پێویست بۆ پرۆژەو پێداویستییە خێراکان دابین نەکراوەو دەبێت لەمساڵدا ھەمووی خەرج بکرێت.
جەختیشی کردەوە، بەپێی مادەیەک لە بودجەدا، ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت بڕە پارەیەک زیاد بکات بۆ کورتھێنانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ یان تەرخانکردنی پارە بۆ بوارەکانی کارەبا و بازرگانی.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە کوتلەکانی مقاومەی عێراقە وتی، بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان بۆسەر ھیزەکانی ئەمریکاو ھیوای خواست کە حزبوڵاش دەست بەھێرشەکانیان بکەنەوە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.
کەعبی دووپاتیکردەوە، ناوەستن لە ھێرشەکان تا دوو ئامانج بەدینەیەت، یەکەمیان کشانەوەی ئەمریکایە لە عێراق و دووەمیان راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیلە بۆسەر کەرتی غەززە.
ھێمای بۆ ئەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکەن حزبوڵا بگەڕێتەوەو دەست بەھێرشەکانی بکاتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو حزبوڵای عێراق بڕیاریدا ھێرشەکانی بۆسەر ئەمریکا لە عێراق و سوریا رابگرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بڕی ١٠٣ ملیۆن و ٥٠٨ ھەزر و ٤٣٨ بەرمیل ھەناردەی دەرەوە کراوە کە داھاتەکەی ھەشت ملیار و ٢٥ ملیۆن و ٦١٦ ھەزار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی ١٠٢ ملیۆن و ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق و یەک ملیۆن و ١٩ ھەزار و ١٣٢ بەرمیل نەوت لە کێڵگەی گەیارە ھەناردەکراوە و ٤٦٤ ھەزار و ٣٠٦ بەرمیل نەوت بۆ ئەردەن رەوانە کراوە.
دەشڵێت، لە مانگی رابردوودا رۆژانە بە تێکڕای سێ ملیۆن و ٣٣٨ ھەزار و ٩٣٢ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و ھەر بەرمیلێک بە ٧٧ دۆلار و ٥٣٦ سەنت فرۆشراوە.
موحەیبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی تورکیا لەگەڵ عەبدولقادر ئۆغڵۆ ھاوتا تورکییەکەی کۆبوەوە لەبارەی کارەکانی جێبەجێکردنی رێگاکانی گواستنەوە.
سەعداوای داوای لە تورکیا کردووە ئاسانکاری بکرێت لە رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان و نوسینگەی پێدانی ڤیزا لە فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە.
سەعداوی رایگەیاندووە، کۆمپانیا جیھانیەکان کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێی دەرفەتی وەبەرھێنان دەکەن لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و عێراق سورە لەسەر بەدیھێنانی سەرجەم داواکارییەکانی پڕۆژەکە.
لە بەرامبەردا ئۆغڵۆ دەستپێشخەری بەغدادی بە گرنگ زانیوە و داوایکردووە عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا- عێراق زیادبکات.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەلەفزیۆنی رەسمی عێراقی راگەیاند، پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا گۆڕانکاری بەسەردانایەت کە ١٢.٦٧٪ و کێشەی موچەی فەرمانبەران دەکرێت لە ھەمواری یاساکە چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت، گرفتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت بەشێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت ئەویش دابەشکردنی راستەوخۆی مووچەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەکو سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق.
موعین کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کاتەدا حکومەتی ھەرێم پێویستە ناو، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرێتی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ حکومەتی عێراقی بنێرێت بۆ ئەوەی ئەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە.
وتیشی، داوا لە حکومەتی ھەرێم کراوە دۆسیەی تەواوی موچەخۆران بنێرێت، بەڵام تائێستا بەدەستیان نەگەیشتووە.
لە راگەیەندراوێکدا ھێڵی ئاسمانی عێراق گەشتیارانی لە ھەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆی لە ٣ی ئەم مانگەوە تا کاتێکی نادیار ئاگادارکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ داخستنی رێڕەوی ئاسمانی روسیا گەڕێندراوەتەوە کە ھاوسنورە لەگەڵ ئۆکراین.
داواش لەو گەشتیارانە دەکات کە پێشوەختە بلیتی گەشتەکانیان بڕیوە، سەردانی نوسینگەکانی کۆمپانیاکە بکەن لە بەغداد بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پارەی بلیتەکانیان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بڕیاریدا ھەر پەرلەمانتارێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی پابەندی دەوامی رۆژانەی پەرلەمان نەبێت، بڕی یەک ملیۆن دینار بۆ ھەر ڕۆژێک ببڕدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق ٣٠ ملیۆن دینارەو بڕیارەکەش لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەمانەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارەکەش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگی لەسەر دراو بەزۆرینە پەسەند کرا.
دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر چوار پڕۆژە یاسا، لەنێویشیاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە و ھەمواری خاوەندارێتی موڵکیەت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ بن فەرحان ئالسعود وەزیری دەرەوەی سعودیە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و ھەردوولا ھێرشی ئەم دواییەی سەر سەربازانی ئەمریکا و لێکەوتەکانیان لە ئوردن تاوتوێ کرد.
ھەروەھا بژاردە جیاوازەکان پەیوەست بە رەوشی ئەمنی و سەربازی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو پەیوەندییەدا جەختی کردەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگی نێوان بەغداد و ریاز لەپێناو دوورخستنەوەی جەنگی گشتگیر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سودانی بۆ کاروباری دارایی بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندووە، رەوشی داھاتووی دارایی عێراق جێگیرەو بازاڕی نەوتیش ھێشتا زیاتر ١٠% لە سەرووی ئەو نرخەوەیە کە لە بودجەدا دیاری کراوە.
ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تا ئێستا جێگیرە، ئاستی خەرجییەکانیش تیایدا نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارەو خەرجیی وەبەرھێنانیش لەسەدا ٢٥ی کۆی خەرجییەکانی پێکھێناوە.
بەوتەی مەزھەر محەمەد، ھەناردەی نەوت بەڕێژەی دیاریکراوی خۆی جێگیرە کە نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەیە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە بڕی ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بازاڕی وزەدا بە ھۆی زیادبوونی پێداویستییە بەردەوامەکان، خواست لەسەر نەوتی خاو بەگشتی زۆرە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن ئابوری) ئاماژەی بەوەکرد، لەمکاتەدا وڵاتەکەی سەرنجی لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامییە و سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتیش سەرنجیان لەسەر وەبەرھێنانی بیانی و چالاککردنەوەی جوڵەی ئابورییە کە چەند ساڵێکی زۆربوو وڵات لێی بێبەش بوو بوو.
ئەوەشی خستوەتەڕو، پێویستییان بە ھاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە تا ھانی پڕۆژەی گرنگی وەبەرھێنان لە وڵاتدا بدەن، لەم بوارەشدا عێراق رێککەوتنی لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، قەتەر، چین، فەڕەنسا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەدا ئیمزاکردووە تا لە کەرتی وزە و کەرتەکانی تردا وەبەرھێنان بکەن.
سەرەتای پانێڵەکە، کە حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت و زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا و ژمارەیەک لە لێپرسراو و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەیبون و د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختیکردەوە، ئایندەی وزە لایەنێکی بنچینەیی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و لە داھاتوی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتدا، کاری لەسەردەکەن.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار
"بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز....
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
بەیانیتان باش
بەخێربێن بۆ کۆشکی بەغداد
سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبونتان لەم چالاکییە گرنگەدا، کە بە زنجیرەیەک چالاکی پەیوەست بە ئایندە دەستمانپێکردوە، وەک ژینگە، سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ، پیشەسازی، فێرکردن، تەندروستی، رۆشنبیری و ئابووری. کە لەڕێگەیەوە سەرنج دەخەینەسەر درێژەدان بە کارلێکی نێوان بۆچوونی شارەزایان لە لایەک و ئەوانەی بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی پلاندانانی ستراتیژیی گشتی.
ئایندەی وزە لایەنێکی بنەڕەتی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش کاریان لەسەردەکەن بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و داھاتووی ئەو وڵاتانەدا، ھەروەک پەیوەندی بە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوتیشەوە ھەیە.
وەک تێبینی دەکەین، ھەوڵەکانی جیھان لەمڕۆدا بە ئاراستەی پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە و ژیانە، ئەم ھەوڵانەش لەپێناو پەرەپێدانی تواناکانی کارکردنە بە وزەی نوێبوەوە و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی سووتەمەنی بەردینە تا ئەوپەڕی بتوانرێت. ھەموو ئەم بایەخپێدانانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە پرسەکانی وزە و سوتەمەنیەوە ھەیە. ھەموو ئەم کێشە و ئاڵنگاریانە بابەتێکە، کە شایەنی کاری زۆر جددی و بەرھەمدارە لەلایەن ئێمەوە بۆ بەرژەوەندی ئایندەی ئابوری و کشتوکاڵی و پیشەسازی وڵات.
عێراق پابەندە بە زۆرێک لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە پەیوەندییان بە ژینگە و پاراستنیەوە ھەیە، پێش ئەوەش پەرۆشی خۆمان بۆ بەھێزکردنی ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە دووپاتدەکەینەوە، ھەروەھا ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا، پەرۆشییەکی گەورەمان ھەیە بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەرەپێدانی کار لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک ببێتەھۆی ئەوەی لە بنەڕەتەوە پشتبەستن بە نەوت بۆ بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، کەمبکاتەوە.
ئەرکی توێژەران و شارەزایان بریتییە لە ئامادەکردنی پلان و ئامانجەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرەپێدانی کارەکانیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت، کە ھەوڵدەدات پێشکەوتن لەم بوارانەدا بەدەستبھێنێت.
لەوە زیاتر درێژە بە بابەتەکە نادەم، بۆئەوەی دەرفەت بە وەزیرە بەڕێزەکان و پسپۆڕەکانی ئەم بوارە بدەم بیرۆکەی فراوانتر بخەنەڕو، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم راسپاردەی گرنگ و کاریگەر لە بواری پسپۆڕیتاندا ئامادەبکەن.
زۆر سوپاس بۆ قبوڵکردنی بانگھێشتنامەکەمان و بەشداریکردن لەم چالاکییەدا. ھەروەک لە سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارمان داوە بەردەوام بین لە رێکخستنی سیمینار و پێشکەشکردنی راسپاردە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریی ئابوری و زانستی.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت".
پاشان بەڕێز حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاڵنگاریەکانی بەردەم وڵات کرد بەھۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەواوە، جەختی لەوە کردەوە، کە وەزارەتی نەوت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەرھەمھێنانی بۆ دوو ھێندە واتە بۆ (٤.٧) ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد کردوە، بەجۆرێک عێراق لەو ماوەیەدا یەک لەسەر پێنجی ئەو زیادبوونە جیھانییەی لە بەرھەمھێناندا بەدەستھاتووە، پێکدەھێنێت.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکاندا ئاماژە بە پەسندکردنی سوتەمەنی نوێبوەوە وەک یەکێک لە پایەکانی گۆڕانکاری کراوە، کە پێشتر و ساڵانێکە لە دیدگای نیشتمانی و وەزاریمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دۆسێی وزەی عێراقی لە لێواری قۆناغێکی گرنگدایە، کە تێیدا پێویستە ستراتیژیەتێکی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی دابنێین، بۆئەوەی گۆڕانکارییەکە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەمان.
دواتر وەزیری کارەبا وتەیەکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە، کە عێراق بە یەکێک لە پایە بنچینەییەکانی وزە دادەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا خاوەندارێتی دەوڵەت بۆ سەرچاوەکانی وزە، بەتایبەتی کارەبا، کاریگەری لەسەر خێرایی خولانەوەی چەرخی ئابوری نیشتمانی ھەیە، جگە لەو سودە ئابووری و سیاسیانەی پشتگیری لە سەقامگیری دەکەن.
ھەروەک رونیکردەوە، وەزارەتی کارەبا لەڕێگەی پلانەکانییەوە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا بەوپێیەی یەکێکە لە پێکھاتە گرنگەکانی ئاسایشی وزە لە عێراق و یەکێکە لە پایەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردن لە دابینکردنی کارەبا.
دواتر بەڕێز د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم پانێڵە لە بارودۆخێکی جیھانیی ناوازە و خێراتربوونی روداوە ئەمنییەکاندا بەڕێوەدەچێت، کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت و بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری جیھانی بەگشتی و لەسەر دۆسێی وزە و ئایندەی بە تایبەتی.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار رونیکردەوە، ئایندەی وزە لە وڵاتەکەماندا زۆر پێویستی بە ھەنگاوی زانستی و پراکتیکی ھەیە، کە ھاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو روداوانەی لە جیھاندا بە گشتی و لە ناوچەکەمان و وڵاتەکەماندا بە تایبەتی دێنە پێش، ھەروەھا پێویستی بە چەندین دیالۆگ ھەیە، کە جددی و متمانەپێکراو و بەرپرسیارانە بن و ھەماھەنگی تەواویش بکرێت لەگەڵ ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتییەکانیانەوە، بۆ پێشخستنی دۆسیەیەک، کە بە گرنگترین دۆسیە دادەنرێت و کاریگەری لەسەر ئابوری و سیاسەت و ژیانی ھاووڵاتی ھەیە.
ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە دۆسێی وزە لە پێش ھەموو دۆسیەکانی دیکەوەیە، بەھۆی گرنگییە سیاسی و ئابورییە گەورەکانی بۆ ئێستای وڵات و ئایندەی نەوەکانی، بۆئەوەی عێراق بتوانێت جێگەی شیاوی خۆی بگرێتەوە و رۆڵی سەرەکی ھەبێت لە ناوچەکەدا. لەم روانگەیەشەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار راسپاردەی دەرکردوە بۆ رێکخستنی سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ پەرەپێدانی کاری دامەزراوە و فەرمانگەکانی دەوڵەت.
دواتر پانێڵێک بە سەرپەرشتی بەڕێز سەگڤان موراد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچو، کە تێیدا د.عەبدولباقی خەلەف عەلی راوێژکاری وەزیری نەوت توێژینەوەیەکی بەناونیشانی (نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان) پێشکەشکرد، ھەروەھا توێژینەوەیەکی دیکەی د.عەبدولحەمزە عەبود راوێژکاری وەزیری کارەبا بەناونیشانی (پلانی وەزارەتی کارەبا ٢٠٢٣-٢٠٢٧، پێداویستیەکانی جێبەجێکردن و ئاڵنگاریەکانی ئاسایشی وزە) پێشکەشکرا.
لە میانی پانێڵەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پرسی وزە لە عێراق و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و رێگاکانی روبەڕوبونەوەی و ئەو میکانیزمانەی بۆ پاراستنی وزە پەیڕەودەکرێن.
لە کۆتایی پانێڵەکەشدا، بەڕێوەبەری پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆکایەتی کۆمار دوپاتیکردەوە، دەرئەنجامەکانی پانێڵەکە و ئەو پێشنیارانەی پێشکەشکران، دەگۆڕدرێن بۆ راسپاردە و پێشنیار و لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەنێردرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی ئاگاداربون و سودوەرگرتن و گۆڕینی بۆ بەرنامەی پراکتیکیی پاڵپشت، کە رێگاکان بۆ پراکتیزەکردنی نمونەیی کارادەکەن.
ستیڤن ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند، دۆخی ئەمنی عێراق بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕێت و باشترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و ئەو دۆخەش گونجاوە بۆ بنیاتنانی داھاتوو و وەبەرھێنان لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەندەڵێ لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا ھەیە، بەڵام لە عێراق بووە بە دیاردەیەکی دیار و قوڵ ئەمەش گرفتی نەبوونی متمانە لەلای ھاووڵاتیان دروست دەکات و حکومەتی عێراق ھەوڵی ئەوەی داوە رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و بەریتانیاش ھەوڵی ئەوەی داوە کە یارمەتی عێراق بدات بەتایبەت لە بواری سپیکردنەوەی پارە و دەستگیرکردنی گەندەڵکاراندا.
وتیش، بەریتانیا چوەتە قۆناغی ھاوبەشەوە لەگەڵ عێراق لەندەن دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغداد بەرەوپێش بەرێت و فراوانی بکات نەک تەنیا لەسەر ئاستی ئەمنی، بەڵکو لەسەر ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی وەکو ژینگە و ئابووری.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشھاتە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکانی وڵات تاووتوێکران و سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان لەڕێگای سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە وڵاتدا، بەدیھاتون.
ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی و دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو فەرمانبەرانی دیکە، لەم چوارچێوەیەشدا کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی لەسەر رەوشی ژیان و ئابوری و باری کۆمەڵایەتی رونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە دابەشنەکردنی موچە بوەھۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەشبونی خوێندکاران لە خوێندن.
سەرۆککۆمار گرنگی بەردەوامبوونی راوێژ و ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولای بەپێی دەستور و یاسا دوپاتکردەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان. ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیش کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستور بەتایبەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران و قەرەبوکردنەوەی ھاووڵاتیانی زەرەرمەند، لەم روانگەیەشەوە تیشکی خستەسەر گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بەشێوەیەکی پراکتیکی. ھەروەک سەرۆککۆمار داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد تێڕوانین و پێشنیارەکانیان لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بخەنەڕوو.
سەبارەت بە پەلامارەکانیش بۆسەر ژمارەیەک شار و ناوچەی ھەرێمی کوردستان، سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات کردەوە و رایگەیاند، پێویستە کاری ھاوبەش لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بکرێت بۆ رێگەگرتن لەو پێشێلکارییانە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەقامگیریی ناوخۆیی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
ھاوکات باسی لە گرنگی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی ھەڵوەشاوە کرد، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ھەیە، ھەروەھا ھانی پەرلەمانتارانی دا دۆسێی بەپارێزگابونی ھەڵەبجە بخەنە ناو دانیشتنەکانی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تا دەنگی لەسەربدرێت.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە پشکی ھەرێم لە بودجەدا کرا و گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکانی ناو پەرلەمان بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، دوپاتکرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوە، ئەو ھەوڵانەی خستەڕو، کە لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دراون بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و شارەکانی ھەرێم و پێویستی رێزگرتن لە سیادەی وڵات، سەرەڕای داوای عێراق بۆئەوەی ئەو بابەتە بخرێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
ھەروەھا باسی لەدوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی کرد.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری داد باسی لە پێکھێنانی چەند لیژنەیەکی دارایی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی قەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارە کوردانەی زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ زەوییە جێناکۆکەکان بەگوێرەی یاسا و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.