حكومەتی دانپێدانراوی یەمەن باری نائاسایی راگەیاند و داوا لە هێزەكانی ئیماراتیش دەكات لە ماوەی 24 سەعاتدا وڵاتەكەی بەجێبهێڵن.
رەشاد عەلیمی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەمەن رایگەیاند، رێككەوتنی بەرگری هاوبەش لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشایەوە و داواشی لە هێزەكانی ئەو وڵاتە كرد لە ماوەی 24 سەعاتدا یەمەن بەجێبهێڵن، چونكە رۆڵی ئیماراتییەكان بووەتە دژایەتیكردنی گەلی یەمەن.
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەمەن گەمارۆشی خستەسەر هاتووچۆی ئاسمانی و دەریایی و وشكانی بۆ 72 سەعات و باری نائاسایی بۆ ماوەی 90 رۆژ راگەیاند و ئەگەری درێژكردنەوەشی هەیە.
وتیشی، بە پشتیوانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە بەهێزن و ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەشی راگەیەنراوە ئەو بابەتانە ناگرێتەوە كە لەو هاوپەیمانییەوە هەناردە دەكرێن.
بڕیاری حكومەتی یەمەن لە دوای پێشڕەوی هێزەكانی سەر بە ئەنجومەنی راگوزەری باشور دێت، كە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەكرێن.
هاوپەیمانی عەرەبیش بە سەركردایەتی سعودیە هێرشێكی سنورداری كردە سەر بەندەری موكەلا و كەرەستەی سەربازیی دوو كەشتییان كردە ئامانج، كە لە ئیماراتەوە بەرەو یەمەن بەڕێكەوتبوون.
سعودیەش هیوای خواستووە ئیمارات پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان بپارێزێت و رایگەیاند، پشتیوانی ئەبوزەبی لە ئەنجومەنی راگوزەریی لەگەڵ بنەماكانی هاوپەیمانی ناگونجێت.
عەلی شەمخانی راوێژكاری رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وەڵامی توندی هەر دەستدرێژییەك دەدەنەوە، ئەگەر بكرێتە سەر وڵاتەكەیان.
شەمخانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، ناتوانرێت توانای مووشەكی و بەرگری ئێران كۆنترۆڵ بكرێت و پێویستیان بە مۆڵەتپێدانی كەس نییە.
وتیشی، هەر دەستدرێژی و دوژمنكارییەك روبەڕووی ئێران ببێتەوە، وەڵامی توندی دەدەنەوە، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هۆشدارییەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە وتبووی، ئەگەر ئێران هەوڵی خۆ پڕچەككردنەوە و بەهێزكردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی بدات، بەخێرایی لەناوی دەبەن.
پێشتریش، ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتبووی، تاران چاودێری جموجوڵەكانی ئیسرائیل دەكات و ئامادەباشی زیاتر دەكەن.
بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە رێوڕەسمێکدا لە دیمەشق دراوی نوێی سوریا راگەیەندرا، کە تێیدا وێنەی سەرکردەکان لابراوە و دوو سفر لە بەهاکەی کەمکراوەتەوە.
ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆنگرەکان لە دیمەشق، بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع و عەبدولقادر حوسریە، پارێزگاری بانک (بانقی) ناوەندیی سوریا، پەردە لەسەر دراوی نوێی وڵاتەکە لادرا.
سەرۆکی سوریا لە وتارێکدا رایگەیاند، گۆڕینی دراو ناونیشانە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناغی رابردوو و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ کە گەلی سوریا خوازیارییەتی.
ئەحمەد شەرع روونیکردەوە، لابردنی دوو سفر لە دراوە کۆنەکە مانای چاکبوونی راستەوخۆی ئابووری نییە، بەڵکو بۆ ئاسانکارییە لە مامەڵەکردندا، چونکە چاکبوونی ئابووری بەندە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی بێکاری.
سەبارەت بە دیزاینەکە، سەرۆکی سوریا ئاشکرای کرد: "شێوەی دراوە نوێیەکە گوزارشتە لە ناسنامەی نیشتمانی و دوورکەوتنەوە لە پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان، بۆیە پەنامان بۆ هێما نیشتمانییەکان بردووە، چونکە کەسەکان دەڕۆن و دەگۆڕێن".
سەرۆکی سوریا داواشی لە هاووڵاتیان کرد تووشی شڵەژان نەبن و پەلە نەکەن لە گۆڕینەوەی پارە کۆنەکانیان، چونکە پرۆسەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی دەبێت و پەلەکردن زیان بە بەهای لیرە دەگەیەنێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەوروبەری سەدی تشرینیان تۆپباران کردووە و سێ چەکداری هەسەدە بریندار بوون.
کەناڵی روناهی لە زاری هەسەدەوە بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تۆپخانە و چەکی قورس دەوروبەری ناوچە نیشتەجێبووەکانی سەدی تشرینیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی تۆپبارانەکەوە سێ چەکداری هەسەدە بریندار بوون.
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بە رەسمی کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا و هەواڵی کوژرانی وتەبێژە سەربازییەکەی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی هەواڵێکی بەپەلەی کەناڵی "الحدث"، کەمێک لەمەوبەر کەتائیبی قەسام لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی سەربازیی هێزەکانیانی راگەیاند.
ئەم راگەیەندراوە دوای ماوەیەک لە بێدەنگی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز دێت لەسەر چارەنووسی ناوبراو، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرابوو.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە روبەڕوبونەوەی پۆلیس و ژمارەیەک گومانلێکراوی سەر بە رێکخراوی داعش لە ناوچەی یالۆڤا لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە، حەوت ئەفسەری پۆلیس تورکیا بریندارن.
ئەمڕۆ دوو شەممە، کەناڵی دەوڵەتی تورکیا، تی ئاڕ تی بڵاویکردەوە، لە ناوچەی یالۆڤا لە باکووری رۆژئاوای تورکیا لە کاتی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ کەسانێک، کە گومانی ئەوەیان لێکراوە داعشبن ، حەوت ئەفسەری پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان، پۆلیسی شاری یالۆڤا ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە وخانویەکیان کردووەتە ئامانج، کە گومانیان هەبوە ئەندامانی داعشی تێدا بوو بێت، لەکاتی هەڵکوتانە سەر خانوەکە، روبەڕوبونەوەی چەکداری دروست بوە و حەوت پۆلیس بریندار بوون.
میدیاکانی تورکیا، تا ئێستا لەبارەی رەوشی تەندروستی پۆلیسە بریندارەکانەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوەتەوە، هەروەها ئاماژەیان بە ژمارەی چەکدارەکان و چارەنوسی ئەوانیش نەکردوە.
جارێکیتر عەلەوییەکانی سوریا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوای مافی چارەی خۆنوسین و جیابونەوە لە سوریا دەکەن، لە خۆپیشاندانەکاندا، گرژی دروست بوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سوریا و تەقەیان لەیەکتری کرد، بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوابەدوای "دەسەڵاتی باڵای مەعنەوی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان" و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوییەکان، بۆ خۆپیشاندان لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا، سەدان خۆپیشاندەر لە شارەکانی لازقییە و تەرتوس لەژێر دروشمی "چارەی خۆنوسین" رژانە سەر شەقامەکان و گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارەعەلەویەکان.
میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردوەتەوە، لە خۆپیشاندانی عەلەوییەکاندا، لە تەرتوس و لازقییە، هێزەکانی حومەتی سوریا و چەکدارە عەلەوییەکان روبەڕووی یەکتری بونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا، جەگە لە برینداربون، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون ولە بەرانبەریشدا یەکێک لە سەربازەکانی حکومەتی سوریاش کوژراوە و تا ئێستا کوژرانی سێ کەس و برینداربونی زیاتر لە 50 کەس پشتراستکراوەتەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندوە، ژمارەیەک سەربازیان برینداربوون "دوای ئەوەی لە لازقیە و جەبلە لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی ئەسەدەوە هێرشیان کراوەتە سەر".
گەرچی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت کۆنتڕۆڵی رەوشەکیان کردوە، بەڵام بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، خۆپیشاندان و روبەڕوبوەنەوە بەردەوامی هەیە.
دوای بانگەوازی مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان بۆ "مافی چارەی خۆنووسین"، سەدان کەس لە شارەکانی کەناراوەکانی سوریا خۆپیشاندانیان کرد و گرژی لە نێوان لایەنگرانی غەزال و حکومەت دروست بوو.
دوای ئەوەی شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی و مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان داوای خۆپیشاندانی کرد، سەدان کەس لە لازقیە و تەرتوس رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "مافی چارەی خۆنووسین"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادکردنی زیندانییەکانیان کرد.
لە شاری لازقیە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری غەزال و لایەنگرانی حکومەتی سوریا دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوەیان پێکرا و بەربەستێکی مرۆییان لە نێوان هەردوو لادا دروست کرد بۆ رێگری لە پێکدادان.
لە بەرامبەردا، کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ناوچەی قەدموس لە تەرتوس رەتیدەکەنەوە بچنە ژێر باری هیچ داواکارییەک بۆ دابەشکردنی سوریا یان جیابوونەوەی فیدراڵی.
ئەم خۆپیشاندانانە دوای تەقینەوەکەی مزگەوتی حومس دێت کە 8 کوژراوی لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناوچەکانی کەناراوی سوریا زیاد کردووە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمجار لەمساڵدا سەردانی ئەمریکا دەکات و لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکیش جەنگی غەززە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ناتانیاهۆ بە فڕۆکەی "باڵی سەهیۆن" و لەرێگەی ئاسمانێکی پارێزراوەوە بگاتە فلۆریدا، بۆ ئەوەی لە مەترسیی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دوور بێت.
بەپێی میدیاکان، ناتانیاهۆ دەیەوێت بزانێت پلانی ترەمپ بۆ چەککردنی غەززە چییە، چونکە ئیسرائیل ئەوەی کردووەتە مەرجی چوونە قۆناغی دووەمی ئاگربەست، هاوکات خێزانێکی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ خۆی دەبات تا فشار لە ترەمپ بکەن.
سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ داوای رێککەوتنێک دەکات کە تێیدا پیتاندن سفر بێتەوە و فشارە ئابوورییەکان توندتر بکرێن، هەروەها دەیەوێت ئەمریکا پاڵپشتیی لێدانی بەرنامەی موشەکیی ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندووە پێشتر ئەو بەرنامەیەی "لەناوبردووە".
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم داواکارییانەی ناتانیاهۆ لەگەڵ سیاسەتی "یەکەمجار ئەمریکا"ی ترەمپ یەکناگرێتەوە، چونکە بنکە جەماوەرییەکەی ترەمپ دژی جەنگی نوێن، بەڵام هاوکات بەخشەرە گەورەکانی کەمپەینەکەی لایەنگری ئیسرائیلن.
ئاشکرابوونی هەواڵی لێدانی تونێلێکی نهێنی بە درێژایی 5 کیلۆمەتر لەژێر بازاڕی گەورەی تاران، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە چۆن لە شوێنێکی قەرەباڵغی وادا کەس بەو هەموو خۆڵەی نەزانیوە؟
ماڵپەڕی فەرارۆ بڵاویکردەوە، لەژێر سێ سەرای بازاڕی گەورەی تاران کە رۆژانە 10 هەزار کەس تێیدا هاتوچۆ دەکەن و هەزار دوکانی تێدایە، تونێلێکی 5 هەزار مەتری بەشێوەیەکی نایاسایی لێدراوە.
راپۆرتەکە بەسەرهاتەکە دەچوێنێت بە فیلمی (Shawshank Redemption) و دەپرسێت: "ئایا ئامێری ئەم کەسانە تەنیا چەکوش بووە؟ ئایا کارێکی لەم شێوەیە لە دڵی شارێکی قەرەباڵغدا بە بێدەنگی دەکرێت؟".
بەپێی راپۆرتەکە، لێدانی ئەم تونێلە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئابووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و گرنگتر لە هەموویان گیانی خەڵک دروستکردووە، بە تایبەت کە رەنگە کاریگەریی لەسەر درزبردنی دیوارەکان و پایەکانی دەوروبەری هەبووبێت.
هاوکات وەفدی هاوبەشی شارەوانی و داواکاری گشتیی تاران دوای سەردانکردنی بازاڕەکە رایانگەیاند، لەژێر سێ بازاری سەرەکی (ئازادی، نادری و زیبا) تونێل لێدراوە و پایەکانی باڵەخانەکان بۆش کراون بۆ دروستکردنی دوکان و کۆگای نایاسایی.
سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تارانیش ئاشکرای کرد، تونێل و هەڵکۆڵینەکان بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کراون و سەقفی تونێلەکان خوار بوونەتەوە و ستوونەکان درزیان بردووە، لەکاتێکدا رۆژانە 5 بۆ 6 هەزار کەس لەو شوێنە هاتوچۆ دەکەن.
سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەو بە تەنیا ناتوانێت کێشەکانی وڵات چارەسەر بکات، بەڵام بە یەکڕیزی دەتوانن بەسەر سزا و فشارەکاندا زاڵ بن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی رایگەیاند: "چەندین جار وتوومە "من" ناتوانم، بەڵکو "ئێمە" دەتوانین، کێشەکانی وڵات بەو شێوەیە نین کە من بە تەنیا بتوانم چارەسەریان بکەم".
وتیشی: "بە یەکگرتوویی دەتوانین بەسەر کێشەکان و سزا و فشارەکاندا زاڵ بین، ئەگەر لەگەڵ یەکتر بین مەحاڵە دوژمنان بتوانن داگیرمان بکەن".
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 36 مانگی داهاتوودا ئێران بڕوخێنێت، لەکاتێکدا پێشتر دەیانوت لە 12 رۆژدا دەڕوخێت، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بن، تەنانەت دوای 36 هەزار ساڵیش ناتوانن ئەو کارە بکەن.
پزیشکیان جەختیکردەوە، ئەگەر ئێران و وڵاتانی دراوسێ یەکگرتوو بن، ئەمریکا ناتوانێت وڵاتانی ناوچەکە بەو شێوەیە ئیستیغلال بکات.
موهەنەد ئیبراهیم پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، کەمێك پێش ئێستا مەزڵوم کۆبانی گەیشتووەتە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببنەوە.
نوێدەکرێتەوە...
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر ئیدانەی هێرشەکەی حومس دەکات و دەڵێت، ئەم روداوە دەرەنجامی ئەو کەشوهەوایەیە کە بە وتاری رقئامێز و هاندان پەروەردە دەکرێت.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە کاردانەوەی تەقینەوەکەی مزگەوتی ئیمام عەلی لە حومس رایگەیاند، ئەمە کارێکی تاوانکارییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەن.
وتیشی: "ئەم روداوە بەڵایەکی لەناکاو نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو کەشوهەوایەیە کە بە وتاری رقئامێز و هاندان، کۆمەڵگەکان دژی یەکتر دەوەستێنێتەوە".
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە توندوتیژییە لە بۆشاییەوە نایەت، بەڵکو لایەنی تێکدەر دروستی دەکەن کە لە دابەشبوون و پشێویدا بەرەو پێشدەچن.
جەختیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتیی هەمووانە وتاری توند رابگرن و هاووڵاتیان بپارێزن، چونکە "سوریا بە هاندان بونیاد نانرێتەوە، بەڵکو بە متمانە و ئاسایش دەبێت".
کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) داوادەکات "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت و هەمووان بۆ ئازادیی جەستەیی ئەو بەشداری خۆپیشاندانی ئامەد بکەن.
لقەکانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی لە ئامەد، وان، ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و چەندین شاری دیکە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندانی "هیوا و ئازادی" دەربڕی کە بڕیارە 4ی مانگی داهاتوو لە گۆڕەپانی وێستگەی ئامەد بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دابینکردنی ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنی مافی هیوا، مەرجی بنەڕەتیی ئاشتییەکی راستەقینە و بەردەوامە".
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەبێ مافی ئازادبوون بە پێشێلکاریی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە داناوە و داوای لە تورکیا کردووە یاساکانی هەموار بکاتەوە، بەڵام دوای 11 ساڵ هێشتا ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
پارێزەرانی ئازادی داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکەن دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە "مافی هیوا" هەموار بکاتەوە و کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت.
دیمەشق وەڵامی هەسەدە دەداتەوە: واقیعی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دابەشبوون قوڵ دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی سوریا رەخنەی توند لە ئیدارەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەگرێت و رایدەگەیەنێت، قسەکردن لەسەر یەکپارچەیی خاک لەگەڵ بوونی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی جیاواز یەکناگرێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی سانای راگەیاند، جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر یەکپارچەیی سوریا پێچەوانەی ئەو واقیعەیە کە لە باکور و رۆژهەڵاتی وڵات هەیە، چونکە دامەزراوەی ئیداری و ئەمنی و سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت هەن و بە جیا بەڕێوەدەبرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، قسەکردن لەسەر تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان تەنیا لە چوارچێوەی لێدوانی تیۆریدا ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی جێبەجێکردنی بۆ نەنراوە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر جددییەتی پابەندبوون بە رێککەوتنەکەی 10ی ئازار.
سەبارەت بە دۆسیەی سەربازی و نەوت، دیمەشق دەڵێت: "بوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی سوپای سوریا و بەستنەوەیان بە دەرەوە، سەروەریی وڵات پێشێل دەکات، هەروەها تا ئەو کاتەی داهاتی نەوت نەچێتە بودجەی گشتییەوە، قسەکردن لەسەر ئەوەی نەوت موڵکی هەمووانە، بێ متمانەیە".
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێیوایە ئەو لامەرکەزییەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت، لە چوارچێوەی ئیداری دەرچووە بەرەو لامەرکەزیی سیاسی و ئەمنی، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی دەوڵەت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بەبەردەوامی هەسەدە دوپاتی دەکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ سوریایەکی یەکگرتوودان و بەردەوامن لە گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار.