سەرۆكایەتی كۆماری سوریا لەسەر داواكردنی فیدراڵیزم  هۆشداری دەداتە هەسەدە و دەشڵێت، مافی كورد و سەرجەم پێكهاتەكان لە سوریا پارێزراوە.

سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردەوە، رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە، هەنگاوێكی ئەرێنی بوو بۆ ئارامی و چارەسەری نیشتمانی، بەڵام هەنگاوەكانی ئەم دواییەی هەسەدە، كە داوای فیدراڵیزم و دامەزراندنی واقعێكی جیا لە سوریا دەكات، پێچەوانەی رێككەوتنەكەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەی خاكی سوریا.

ئەوەشی خستەڕو، دژی هەر هەوڵێكن بۆ سەپاندنی قەوارەیەكی جیا بەبێ كۆدەنگی نیشتمانی، چونكە یەكگرتوویی و خاك و گەلی سوریا هێڵی سوورە و هەر سەرپێچییەك بۆ سەریان، دەرچوونە لە یەكڕیزی سوریا.

سەرۆكایەتی كۆماری سوریا هۆشداریش دەدات، لە پەكخستنی دامودەزگا حكومییەكان لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە و قۆرخكاری خزمەتگوزاری و سەرچاوە نیشتمانییەكان لەلایەن هەسەدەوە، دەشڵێت، مافی كورد و سەرجەم پێكهاتەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا پارێزراوە.داواش لە هەسەدە دەكات پابەندی رێككەوتنی نێوانیان بێت.