ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بەرزبووەوە
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥
ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەكەی بەندەر عەباسی ئێران بەرزبووەوە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیەنرا و تاوەکو ئێستاش ئاگری هەندێك ناوچە بە تەواوەتیی كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە تاران باسی لەوەکرد، ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی بەندەری رەجایی بەندەر عەباس بۆ 25 کەس بەرزبووەوە و ژمارەی بریندارەکانیش بوو بە هەزار و 86 کەس.
وتیشی، هێشتا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و لە هەندێک شوێندا ئاگر ماوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ژمارەیەك لە بریندارەكانی روداوەكە بۆ شارەكانی دیكە گواستراونەتەوە و ژمارەیەك كەسیش بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە.
لەوبارەیەوە، پارێزگاری هورموزگان رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگری تەقینەوەكانن.
دوێنێ شەممە، ژمارەیەك تەقینەوەی گەورە لە بەندەر رەجایی لە شاری بەندەر عەباس سەر بە پارێزگای هورموزگان رویدا، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش بڵاوی كردوەتەوە، ئەو ماددەی كە تەقیوەتەوە سوتەمەنیی موشەكی بالیستی بووە كە لە وڵاتی چینەوە هاوردەی ئێران كراوە.