ناتانیاهۆ: ئێران زەبری قورسی بەرکەوتوە، بەڵام هێشتا توانای ماوە
بڵند
٣ی ئابی ٢٠٢٦
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران چیتر وەک پێشتر نین، ئاماژەی بەوەشکردو ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، روبەڕوی وەڵامێکی زۆر قورس دەبێتەوە.
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان، ئاماژەی بە هۆکاری هێرشنەکردنەوەی ئێران کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و دەڵێت؛ خۆشیان دەزانن روبەڕوی هێرشی زۆر توند دەبنەوە، ئەگەر دووبارە هێرش بکەن، زەبرێکی زۆر قورسیان بەردەکەوێت و وەڵامێکی ئاسایی نابێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت؛ ناڵێم ئەوان ناتوانن هێرش بکەن یان ئاستەمە بیکەن، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ هێرشێکیان بە ئاڕاستەی ئێمە ئەنجام نەداوە.
لە کۆتایی گفتوگۆکەشیدا، ناتانیاهۆ باس لەوەدەکات، ئێران لاواز بووە و زەبری زۆر قورسی بەرکەوتووە، بەڵام بێگومان هێشتا هەندێک توانای ماوە و لە ناوچەی کەنداودا دەبینرێت.



