هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەرداتابەیسی سەرەکی کۆمپانیای گۆگڵ و هاککەرەکانیش توانیویانە دەستیان بە داتاکانی دوو ملیار و500 ملیۆن بەکارهێنەری جیمەیڵ بگات.

رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، گروپێکی هاککەر بەناوی شاینی هەنتەرز، توانیویانە دزە بکەنە ناو داتاکانی گوگڵ کڵاودەوە پاش ئەوەی توانیویانە کارمەندێکی کۆمپانیاکە فریوبدەن، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو فایلی بازرگانیان دەستکەوتووە کە ناوی چەندین کۆمپانیا و ژمارەی پەیوەندیدار بەو کۆمپانیانەی تێدابووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ژمارەی ئەو کارمەندانەوە توانیویانە پەیوەندی و کورتەنامە بۆ کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانە بنێرن تاکو بتوانن دەست بەسەر هەژمارەکانیاندا بگرن.

جەیمس نایت، شارەزای بواری پاراستنی ئەلیکترۆنی رایگەیاندوە، دزەکردنی ئەو هاککەرانە بۆ نێو داتابەیسی گوگڵ کڵاود، رەنگە زیانێکی زۆر بە هەر بەکارهێنەرێک بگەیەنێت کە هەژماری جیمەیڵی هەبێت، چونکە هاککەرەکان خۆیان وەک کارمەندی گۆگڵ نیشان داوە بۆ فریودانی بەکارهێنەرانی جیمەیل و داوای وشەی نهێنی هەژمارەکانیان لێکردون.