مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی سەردانی بۆ فەرەنسا رایگەیاند، تورکیا وابیر ناکاتەوە کە سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس ٤٠٠، مەترسی لەسەر پەیمانی باکور ئەتڵەسی" ناتۆ" دروستبکات و دەیانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە ئەو بابەتە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە ناتۆ چارەسەربکەن.
ساڵی ٢٠١٩ تورکیا سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس ٤٠٠ی لە روسیا کڕی، ئەوەش نیگەرانی ئەمریکا و ناتۆی لێکەوتەوە، بەھۆیەوە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، تورکیای لە پڕۆگرامی فڕۆکەی ئێف ٣٥ دورخستەوە.
بلینکن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی وتی، چین لەسەر دیاری کردنی سەرچاوەی کۆرۆنا شەفاف نەبووە و لە بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی کردووە.
وتیشی، واشنتۆن سورە لەسەر گەیشتن بە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ئەو ڤایرۆسە چونکە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی تر یاخود سنوردانان بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان.
مانگی رابردووش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەزگای ھەواڵگری وڵاتەکەی راسپارد بە ئامادەکردنی راپۆرتێک لە ماوەی ٩٠ رۆژدا، سەبارەت بە سەرچاوەی کۆرۆنا، وتیشی ئەگەر چین خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت دەبێت تەواوی زانیارییەکان بخاتەڕوو.
بە پێی میدیاکانی تورکیا، داواکاری گشتیی کۆماری لە دادگای باڵای تورکیا، لەسەر داوای داخستنی تەواوەتی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" جارێکی تر دۆسیەی داخستنی ئەو حزبە و لیستی تۆمەتەکانی رەوانەی دادگای دەستووری تورکیا کردوە.
لیستی تۆمەتەکانی دۆسییەی داخستنی "ھەدەپە"لە ٨٥٠ لاپەڕە پێکھاتووە و لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری لە دادگای باڵا، جارێکی تر رەوانەی دادگای دەستووری کراوە، لە لیستەکەشدا داوای قەدەغەکردنی ئەنجامدانی کاری سیاسی لەسەر نزیکەی ٥٠٠ ئەندامی ھەدەپە دەکرێت، ھاوکات داوای دەستبەسەرداگرتنی ھەژمارە بانکییەکانی حزبەکەش کراوە.
دادگای دەستووریی تورکیاش بەپێی ماددەی ٦٩ی دەستور لە دۆسیەکە دەکۆڵیتەوە،لە بری داخستنی ھەتاھەتایی، دەتوانێت بەگوێرەی قورسی بابەتی کردارەکانی دۆسیەکە، بڕیار لەسەر بڕینی تەواو یان بەشێکی ئەو خەرجییە بدات کە حزبەکە لە دەوڵەت وەریدەگرێت.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٥ ھەزار و ٦١٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ١٢٢ تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە، ئامارەکە بەراورد بە ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە چونکە پێشتر ڕۆژانە ٨ ھەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەکرا.
ھەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٢ ملیۆن و ٩٦٦ ھەزار و ٣٦٣ کەس و تا ئێستاش ٨١ ھەزار و ٦٣ تووشبوو گیانیان لە دەستداوە، لە سەەرتای بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە تا ئێستا ٤ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار و ٧٨٤ کەس لە ئێران دۆزی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ٦١٩ ھەزار و ٧٩٥ کەسیش دوو دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئاگر لە کارگەیەکی پۆڵا لە شاری "زەرەند" لە پارێزگای "کرمان" کەوتەوە، سەرباری زۆری ئاگرەکە توانراوە کۆنترۆڵ بکرێت و ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئەو کارگەیەش یەکێکە لە کارگە گەورەکانی پۆڵا لە ئێران و لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادایە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کارگە و پاڵاوتگەکانی ئێران کەوتووەتەوە، بە شێوەیەک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پاڵاوتگەی نەوتی "تاران" گڕی گرت و بەر لەوەش گەورەترین کەشتی لۆجستی وڵاتەکە دوای کەوتنەوەی ئاگر تێیدا لە کەنداوی "عومان" ژێر ئاو کەوت.
تاکو ئێستا زانیاری تەواو لەسەر گروپە چەکدارەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام گومان دەکرێت گروپە توندڕەوەکانی سەر سنوری نەیجەر و مالی بن کە بەردەوام ھێرشی لەم جۆرە ئەنجام دەدەن.
لە دوای ھێرشەکە ڕۆچێ کۆبارێ سەرۆکی بورکینا فاسۆ سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و وتی، پێویستە لە بەرامبەر ھێزە شەیتانییەکاندا بوەستنەوە.
ھۆشدارییەکەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئیسڕائیل ھاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کۆتایھاتنی دەسەڵاتە ١٢ ساڵییەکەی بنیامین ناتانیاھۆ و بە ڕاشکاوی بە ھەموو لایەکی ڕاگەیاندووە کە ڕێگا بە ھیچ وتار و کارێک نادەن توندوتیژی بخاتە وڵاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا پەرلەمانی ئیسڕائیل متمانە بە حکومەتی نوێ بدات کە لە ھاوپەیمانی نێوان "یایر لاپید" سەرکردەی پارتی (یەش عەتید) و "نافتالی بینێت" سەرۆکی پارتی (یەمینا) دروستبووە.
"سەدات پەکر" ڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی "ئەردۆغان" و دەڵێت، خزمێکی نزیکی سەرۆکی تورکیا تێوەگلاوە بە ناردنی چەک بۆ بەرەی "نوسڕە" کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی "قاعیدە" لە سوریا ھەبووە.
لە بەشێک لە ڤیدیۆکەدا کە ماوەکەی نزیکەی ١٣ خولەکە، ئەو خزمەی "ئەردۆغان" بۆ "سەدات"ی دووپاتکردووەتەوە کە بەشداری لە دابینکردنی چەک بۆ گروپە توندڕەوەکانی سوریا کردووە.
ئەو گەورە مافیایەی تورکیا، بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ی ئەو وڵاتە، چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە و ئێستا لە شاری دوبەی لە ئیماڕات دەژی، ھەشت تۆماری ڤیدیۆیی لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە، و وەک خۆی دەڵێت، دۆسیەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و کەسە نزیکەکانی حکومەتی تورکیا ئاشکرا دەکات.
بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاڤا، شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندەکانی "مەزن و خراب شەمس و مەیاسێ"یان لە ناوچەی شێراوا سەر بە عەفرین لە ڕۆژئاڤای کوردستان تۆپباران کردووە.
ھەر بە پێی زانیارییەکان، بەھۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، ھاووڵاتیەک گیانی لە دەستداوە، زیانی ماددی زۆریش بەر گوندەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.
پڕۆسەی ڕادەستکردنی ژن و منداڵەکان لە بارەگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە قامشلۆ بەڕێوەدەچێت و دواتر ڕەوانەی ھۆڵەندا دەکرێنەوە، بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکانیش، لە نێو ڕادەستکراوەکاندا ھیچ چەکدارێکی داعش بوونی نییە.
ڕۆژئاڤای کوردستان بەردەوام داوای لە وڵاتانی جیھان کردووە ھاوڵاتییەکانیان لە کامپی ھۆل ببنەوە، بەڵام کەمترین وڵات بەدەم داواکارییەکەی ئیدارەی ڕۆژئاڤاوە ھاتوون.
(محمەد جەواد زەریف) ڕایگەیاند، لە پێناو بەرەوپێشچوونی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا، پێویستە ئەمریکا بە تەواوی بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جەنگی ئابوری لەگەڵ تاران ڕابگرێت.
عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوە و گەورە دانوستکاری ئێرانیش لە گفتوگۆکانی ڤیەننا ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە بۆ سوککردنی سزاکان بە جۆرێک تاران کاردانەوەی بۆی ھەبێت، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا واشنتۆن خستوویەتیەڕوو بۆ ھەڵگرتنی سزاکان، ئێرانی قایل نەکردووە.
بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی سوریا، لە ھێرشەکەی داعشدا حەسەن عەبدوڵا زادە کوژراوە کە ڕاوێژکاری قاسم سولەیمانی و ڕاوێژکاری سوپای پاسداران بووە لە سوریا و لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشوری شاری دیمەشق وەک ئەفسەر کاری کردووە.
ھەر لە ھێرشەکەی داعشدا ٢٥ چەکداری دیکە کوژراون و لە نێو کوژراوەکانیشدا نزار عەباس فەھود ھەیە کە لیوا بووە لەناو ھێزەکانی حکومەتی سوریا.