لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئیسرائیلدا لە کۆی ١٢٠ دەنگ، بە ٦٠ دەنگ حکومەتی نوێی ئیسرائیل پەسەند کراو و نافتالی بێنیت بە سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە ھەڵبژێردرا کە دوو ساڵ لەو پۆستەدا دەبێت و دواتر یائیر لەبید سەرۆکی پارتی ھوناک موستەقبەل کە ھاوپەیمانی نافتالی بێنیتە، لە دوو ساڵی داھاتوودا دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ھەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەھێزتر بکەن.
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، ھێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە ٧٣ کۆچبەری نایاساییان لە ناوچەی دۆشیمە ئالتی لە سنوری پارێزگای ئەنتاڵیا دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا ئەو کۆچبەرانە لە ھەوڵی ئەوەدابوون بە قاچاغ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
پۆلیسی تورکیاش ئاشکرایکردووە، کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی عێراق و ئێران و ئەفغانستان و پاکستان و سوریا بوون، لە ئێستاشدا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەو قاچاغچییانەدا دەگەڕێن کە کۆچبەرەکانیان ھێناوەتە ئەو سنورە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕووسیا كە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە جنێف لەگەڵ بایدن كۆببێتەوە، وەسفی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەكات و دەڵێت، تڕەمپ كەسێكی تایبەت و لێهاتوو بووە. لە بارەی ناوهێنانی لەلایەن بایدنیشەوە بە بكوژ، پوتین وتی، پێشتر تۆمەتی زۆری لەو شێوەیەی گوێ لێبووە، بۆیە هیچ گرنگییەكی پێنادات.
جۆو بایدن بەر لە ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ ئەوروپا وتی، نایانەوێت بكەونە ململانێ لەگەڵ ڕووسیا و هەوڵی جێگیركردنی پەیوەدنییەكانیان دەدەن، بەڵام ئەگەر ڕووسیا ئەو كارانە بكات زیان لە وڵاتەكەی دەدات و بە توندی وەڵام دەدەنەوە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی جی حەوت، لە دوورگەی کۆرنۆواڵ لە بەریتانیا، شاژنە ئێلیزابێس شاژنی ئەو وڵاتە، سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیھانی بینی و وێنەی یادگارییان پێکەوە چرکاند، کە یەکێک لەو سەرکردانە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەوەش یەکەمین جارە جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا چاوی بە شاژنی بەریتانیا بکەوێت.
ھاوکات لە پێشوازی سەرکردەکانی جی حەوتدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا ئامادەبوون، لەوانە شازادە چارلز شازادەی جێنشین و ھاوسەرەکەی، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی لەو جۆرەی ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیایە، دوای کۆچی دوایی شازادە فیلیپ ھاوسەری شاژنی بەریتانیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ.
وەفدەکەی تورکیا کە بە فەرمانی (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆکی تورکیا سەردانی لیبیای کردووە و پێکھاتووە لە (مەولود چاوشئۆغڵو) وەزیری دەرەوە، (خوڵوسی ئاکار) وەزیری بەرگری، (سولیمان سۆیلو) وەزیری ناوخۆ، (یاشار گویلەر) سەرۆک ئەرکانی سوپا، (ھاکان فیدان) سەرۆکی میت و چەند بەرپرسێکی تر.
وەفدی تورکیا لەگەڵ (عەبدولحەمید دیبەیبە)، سەرۆک وەزیرانی لیبیا و (محەمەد مەنفی)، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا کۆدەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لیبیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دەسپێکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.
ئەمڕۆ خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان، وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت، (عەباس عێراقچی) سەرۆکی وەفدی ئێران لە دانوستانەکانی ڤییەنا ڕایگەیاند، لایەنە بەشدارەکانی دانوستانەکان ڕاوێژی خۆیان بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی تەواوەتی و کاراکردنەوەی ڕێکەوتننامەکە کردووە، چونکە زیاتر لە دوو ھەفتەیە دانوستانەکان بە بیانوی ڕاوێژی ناوخۆیی وڵاتە بەشداربووەکان ڕاگیراوە، وتیشی، دانوستانەکان بەردەوامن و بەرەوپێشچوون لە ھەندێک بابەتدا ھەیە.
ڕۆژی ھەینی (وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ڤییەنا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەوەش دوای ھەوڵە دیپلۆماسیەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشە ڕێگەیەکی گشتگیر.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی حەج و عومەرەدا ھاتووە، ئەو کەسانەی بەشداری فەرزەی حەجی ئەمساڵ دەکەن، دەبێت تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٥ ساڵ بێت و ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان وەرگرتبێت و دووریش بن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
ماوەی دوو ساڵە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگە بە ھاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە نادرێت بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوو لە شاری مەککە بکەن.
بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە گەڵ ئەمریکا ئیمزا کراوە، کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەرکە سەربازییەکانیان لە ھاوپەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان ناچاری دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان، ئەمریکا بەرپرسیارێتی کشانەوەی سەرجەم ھێزە بیانییەکان لەو وڵاتە لە ئەستۆ دەگرێت.
راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کاتێکدایە، ئەنقەرە پلانی ھەیە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ھێزەکانی لەو وڵاتە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە ئەستۆ بگرێت.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، کە بڕیارە ئەم ھەفتەیە لە سویسرا بەڕێوەبچێت، دەڵێت، پێویست بە ترس و شپرزەی ناکات.
ترامپ لە نامەکەیدا بۆ بایدن، ھیوای خواستووە بایدن کۆبوونەوەیەکی باش لەگەڵ سەرۆکی روسیا ئەنجامبدات و خەو نەیباتەوە و سڵاوی گەرمی ترامپیش بگەیەنێتە ڤلادیمیر پوتن.
میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی جەنگی لەگەڵ کەشتییەکی پشتیوانی ئێرانی بۆ ئەرکێکی دەگمەن لە دووری وڵات، بەرەو زەریای ئەتڵەسی بەڕێکەوتن، سوپای پاسادارانیش گەشتەکەی بە دورودرێژترین گەشتی ھێزی دەریایی وەسفکرد، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی ئاشکرا بکات.
ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسیش ئاشکرایکردووە، شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە کەناراوەکانی نزیک فەنزوێلا دەبێت، پەنتاگۆنیش رەوانەکردنی ئەو کەشتیانە بە ھەڕەشە بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناوبردووە و ئاشکرای کردووە ئەو کەشتییە چەکی گواستۆتەوە بۆ فەنزوێلا.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنچ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی لەسەر سێ بەرپرسی پێشوو و دوو کۆمپانیای ئێران راگەیاند، ئەوەش بەھۆی ئەنجامی گۆڕانکاری لە مامەڵە و رەفتاری ئەو لایەنانە.
چاوش ئۆغلۆ لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، پێویستە رێککەوتنی کۆچ لەنێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا نوێ بکرێتەوە لەسەر بنەمای دەستکەوت بۆ ھەردوولا.
سەبارەت بە لوتکەی یەکێتی ئەوروپاش، کە بڕیارە بەم نزیکانە رێکبخرێت چاوش ئۆغلۆ وتی، ئەنقەرە نیگەران نییە سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەریدا لەلایەن یەکێتییەکەوە.
لە ساڵی ٢٠١٦ تورکیا و یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنی کۆچیان ئیمزا کرد، بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا پێشوازی لە کۆچبەران و پەنابەرانی سوریا دەکرد لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە لەلایەن یەکێتییەکەوە.
لە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، "بایدن" گەیشتووەتە بەریتانیا و سەردانی سەربازانی ئەمریکی لە خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە کرد و دڵنیایی دایە ھاوپەیمانەکانی سەبارەت بە رۆڵی وڵاتەکەی لە جیھاندا و وتی، ئامانجی سەردانەکەی ئەوەیە بە روسیا و چین بڵێن ئەمریکا بە بەھێزی گەڕاوەتەوە.
بایدن وتیشی، لە سەردانەکەیدا بۆ شاری "ژنێڤ"ی سویسرا لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا کۆدەبێتەوە و ئەوەی بیەوێت پێی دەڵێت و وەڵامیان دەبێت بۆ ھەر دەستوەردانێکی حکومەتی روسیا.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەک بە بۆمبی چێندراو کاروانێکی پۆلیسی سەربازیی روسیای لە پارێزگای "حەسەکە" لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کردە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازێکی روسی کوژرا و سێ سەربازی تریش برینداربوون.
روسیا لە سوریا ھەزاران سەربازی جێگیر کردووە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتەکەی "بەشار ئەسەد"، چەند ھەفتەیەک لەمەوبەریش سێ سەربازی روسی لە تەقینەوەی بۆمبێکدا لە باکوری خۆرئاوای سوریا برینداربوون، کە سەرقاڵی مانۆڕێکی ھاوبەش بوون لەگەڵ ھێزەکانی تورکیا.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ھندستان، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا شەش ھەزار و ١٤٨ توشبوی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە ئەمەش بەرزترین ئاماری گیانلەدەستدانە لە ماوەی یەک رۆژدا لە جیھاندا تۆمار کرابێت، ٩٤ ھەزار و ٥٢ توشبوی نوێش تۆمار کراوە.
بەو شێوەیەش کۆی گشتی ئاماری توشبوانی کۆرۆنا لە ھندستان گەیشتۆتە ٢٩ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس، تا ئێستاش ٣٥٩ ھەزار و ٦٧٦ توشبوو گیانیان لەدەستداوە.