راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرشیفێکی گشتیی زەبەلاح، کە ژمارەیەکی زۆر لە دۆسیە نهێنییە ئاشکراکراوەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و تەنە نەناسراوەکان لەخۆدەگرێت، تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بڵاوکردنەوەی هەموو بەڵگەنامەکانی دەرکرد، دیارنەماوە.
داتاکانی سێرڤەری سەرەکیی ماڵپەڕی "زە بلاک ڤۆڵت" (The Black Vault) سڕدراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دیارنەمانی سەدان گێگابایت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و پڕۆژە ئاشکراکراوەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA)یەوە هەیە.
جۆن گرینوۆڵدی کوڕ، توێژەری بواری تەنە فڕیوەکان کە سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات، بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە مۆڵەت و کۆنتڕۆڵەکانی چوونەژوورەوە و دەستکاریکردن لە هەندێک فایلدا گۆڕدراون، وە تۆمارەکانی خاوەندارێتیی دۆسیەکانیش بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستکاری کراون. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرینوۆڵد 3 دەیەی تەمەنی تەرخان کردووە بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان دەربارەی ئەو بەرنامە شاراوە و ڕووداوە نادیارانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەمریکا بە نهێنی کاری کردووە بۆ بەدەستهێنان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای بونەوەرە ئاسمانییەکان.
ئەم ڕووداوە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە رویدا کە ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد هەر شتێک پەیوەندی بە ژیانی بونەوەرە ئاسمانییەکان و دیاردە ئاسمانییەکان و "دەفرە فڕیوەکان"ەوە هەیە، ئاشکرا بکات. گرینوۆڵد رونیکردەوە کە گومانی لە هیچ کارێکی تاوانکاری نییە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی رویداوە سڕینەوەی داتاکان بووە نەک لەناوبردنیان بە یەکجاریی.
دۆسیەی بونەوەرە ئاسمانییەکان جارێکی تر گەڕایەوە نێو باسوخواستەکان، دوای ئەوەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو ڕایگەیاند کە بونەوەرە ئاسمانییەکان "راستەقینەن"، هەرچەندە خۆی نەیبینیون. لە بەرانبەردا ترەمپ رایگەیاند کە ئۆباما بەم قسانەی "زانیاری نهێنی" دزە پێکردووە و وتی: "نەدەبوو ئەوە بکات." هەرچەندە ترەمپ وتی دڵنیا نییە لە راستی و دروستیی بوونی بونەوەرەکان، بەڵام پێی وابوو سەرۆکە دیموکراتەکەی پێشوو "هەڵەیەکی گەورەی کردووە."
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'، باوەڕبوون بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و گومانکردن لە نهێنیپارێزیی حکومەت لەناو بەشێکی زۆری ئەمریکییەکاندا رەگ و ریشەی داکوتاوە. راپرسییەکی دامەزراوەی (YouGov) دەریخستووە کە 56%ی ئەمریکییەکان باوەڕیان بە بوونی بونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە، و 47%پێیان وایە کە ئەوان "بە دڵنیاییەوە" یان "ئەگەری زۆرە" سەردانی زەوییان کردبێت.
شارەزایانی زانستە سیاسییەکانیش پێیان وایە کە ئەم تیۆرییە پیلانگێڕییانە پەیوەست نین بە هیچ ئاراستەیەکی سیاسی دیاریکراوەوە، بەڵکو بۆشایی زانیاری و کەشوهەوا سیاسییە ئاڵۆزەکان، ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە باوەڕانە لەناو کۆمەڵگەدا.