ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، چین بەڵگەکانی سەبارەت بە دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەی "وھان"ەوە لەناوبردووە و رێکخراوی تەندروستی جیھانیش پشتیوانی کردووە و رێگەی پێداون.
وتیشی، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتوو نابن.
ترامپ چینیشی تۆمەتبار کرد بەوەی زیانی گەورەی بە جیھان و ئەمریکا گەیاندووە و دەبێت باجەکەی بدات.
پێشتر ترامپ داوای لە چین کردبوو بە بڕی ١٠ ترلیۆن دۆلار قەرەبوو بدات و بەرپرسیارێتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناشی خستە ئەستۆی ئەو وڵاتە.
یەک سەعات دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکای فراوانتر کرد، جۆ بایدن بڕیاریدا مارک کالابریا سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵی بۆ پارەدارکردنی دانیشتوان لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و کالابریاش لەبارەی لابردنییەوە وتی، رێز لە بڕیارەکەی دادگا و سەرۆکی وڵاتەکەی دەگرێت.
مارک کالابریا لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دانرا و دواتریش ئەنجومەنی پیران متمانەی پێبەخشی بۆئەوەی پێنج ساڵ ئەم پۆستە بەڕێوەببات.
بەپێی دەسەڵاتە نوێیەکان کە دادگا رەزامەندی لەسەر دەربڕیون، سەرۆکی ئەمریکا ھەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵی بۆ پارەدارکردنی دانیشتوان لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، شێواز و کاتی ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، بەشێکن لەو بابەتانەی لە ڤییەننا تاوتوێ دەکرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر ھەڵگرتنی سزاکان بەندە بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و دوپاتیکردووەتەوە تا بە تەواوی نەگەنە رێککەوتن سزاکان ھەڵناگرن.
ئەوەش لەکاتێکدایە نوسینگەی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندوە، ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ڤییەننادا، رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ھەڵگرتنی سەرجەم ئەو سزایانەی پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە ھەیە و ناوی بەشێک لە بەرپرسە ئێرانییەکانیش لە لیستی سزاکان دەردەھێنێت.
"ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس" سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە ئەنجومەنەکە کرد پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان لەڕێی سنورەکانەوە بۆ سوریا، بۆ ساڵێکی تر درێژ بکاتەوە. وتیشی، لەگەڵ چەندین وڵات داوایان لە روسیا کردووە لە دژی درێژکردنەوەی ئەو بڕیارە نەوەستێتەوە و دەروازەی "بابلھەوا" لە نێوان تورکیا و سوریا بە کراوەیی بھێڵنەوە، کە تاکە دەروازەی گەیاندنی ھاوکارییەکانە بۆ پارێزگای "ئیدلب".
بەڵام روسیا پێیوایە گەیاندنی ئەو ھاوکارییانە پێویست نین و دەبێت لەڕێی حکومەتی "دیمەشق"ەوە بێت، مافی بەکارھێنانی ڤیتۆشی ھەیە لە ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی درێژکردنەوەی گەیاندنی ھاوکارییەکان.
جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، بڕیاری خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی تارانەوە دەرکراوە، بۆیە ئەم بەرپرسانە ناتوانن لەم بەرپرسیارێتییە ھەڵبێن و تاوانەکە بخەنە ئەستۆی کارمەندە ئاساییەکان.
حکومەتی کەنەداش جەخت دەکاتەوە، سەرجەم ھەڵبژاردەکان لەبەردەمیاندا کراوەیە، لەوانەش ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای لاھای و سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی ئێراندا.
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی نەفەرھەڵگری ئۆکراینی کە زۆربەی سەرنشینەکانی کەنەدی بوون، بەھۆی پێکانی بە موشەک لە ئاسمانی تاران کەوتە خراوەوە و بەھۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و چەند دۆسێیەک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، لەوانەش رەوشی خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و چالاکییەکانی تورکیا لەو ناوچەیەدا، لەگەڵ پەیوەدنییەکانی ئەنقەرە و وڵاتانی ئەوروپا.
یەکێکی دیکە لە دۆسێکانی لوتکەکە بابەتی کۆچبەرانە لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن، ئەوروپا پلانی ھەیە بڕی سێ میار و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ بە تورکیا بدات بۆ بابەتی کۆچبەران، چونکە نزیکەی چوار ملیۆن سوری لە تورکیا دەژین و ئەنقەرەش داوای ھاوکاریی دارایی لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات.
بەشار جەعفەری جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، قسەکانی سەدات پەکەر، مافیای بەناوبانگی تورکیا کە وتبووی لە تورکیاوە چەند بارھەڵگرێک چەک و تەقەمەنی رەوانەی بەرەی نوسرە کراوە، راست و دروستن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەیەوێت بە ھەموان بڵێت سەرجەم زانیارییەکانی سەدات پەکەر راست و دروستن و پێشتریش لەبارەی رۆڵی خراپی تورکیا لە سوریا قسەی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان کردووە. وتیشی، خێزانی ئەردۆغان راستەوخۆ سەرپەرشتی بردنی نەوت و غازی سروشتی سوریایان کردووە.
لە چەند ھەفتەی رابردوودا سەدات پەکەر کە لە تورکیا ھەڵاتووە، چەند نھێنییەکی ئاشکرا کرد و لە یەکێک لە ڤیدیۆکانیدا وتی، جگە لە تورکمانەکانی سوریا، چەند بارھەڵگرێک چەکی تورکی رەوانەی بەرەی نوسرەش کراوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، ٣٣ پێگەی ئەلکترۆنی کە لەلایەن یەکێتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆی ئێرانەوە بەکاردێن لەگەڵ ٣ پێگەی تر کە کەتائیبی حزبوڵای عێراق کە ئێران پشتگیرییان دەکات داخستووە، کە "پرێس تی ڤی و عالەم و کەوسەر و نەبەو و مەسیرە و لوئلوئە" و چەندین کەناڵ و ماڵپەری تر دەگرێتەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پێگانە چالاکی گومانلێکراویان ھەیە و زانیاری نادروست بڵاودەکەنەوە. لەبەرامبەریشدا حکومەتی ئێرانیش وتویەتی، ئەو پێگانەیان بەھۆکاری نادیار لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە و وێنەی وەزارەتی داد و بازرگانی ئەمریکایان لەسەرە.
حکومەتی مەدرید بڕیاریدا بە ئازادکردنی (٩) لێپرسراوی باڵای ھەرێمی کەتەلۆنیا، کە لە ساڵی (٢٠١٧) لەسەر دۆسێی جیابوونەوەی ئەو ھەرێمە لە ئیسپانیا ڕووبەڕووی سزای زیندانی بوونەوە.
(پیدرۆ شانجیز) سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند: بڕیارەکە بۆ نیشاندانی نیاز پاکییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەسیاسییەکانی نێوان (مەدرید و بەرشەلۆنا)، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دژی بڕیاری لێبوردنەکەن و رایانگەیاند: ئەو بڕیارە بەس نییە و دەبێت مەدرید زەمینە سازی بکات بۆ ئەنجامدانی راپرسییەکی تر بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ھەرێمی کەتەلۆنیا.
جوان باچون وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاندوە ، لەسەر داوای کۆمارییەکان ، دەنگدان لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای رێگەدان بە سەرۆک بۆ بەکارھێنانی ھێزی سەربازی کە ماوەی ٢٠ ساڵە رێگەی پێدراوەو لە رێیەوە ئەمریکا جەنگی عێراقی ھەڵگیرساندوە ، دواخراوە ، ھۆکاری دواخستنیشی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و وتوێژی زیاتر گەراندۆتەوە لەگەڵ دیبلۆماتکاران و لێپرسراوانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ زانینی کاریگەرییەکانی ئەو ھەنگاوە .
ھەفتەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پشتگیری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یاساکە دەربری ، بەڵام پەسەندکردنی کۆتایی ھەڵوەشاندنەوەی یاساکە دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە بێت کە زۆرینە دیموکراتەکان پشتگیری ئەو ھەنگاوە دەکەن و کۆمارییەکانیش لە دژی دەوەستن .
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە ، ژەنەراڵ "کینیز ماکێنزی" فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا سەردانی کەشتی "ئێچ ئێم ئێس کوین ئیلیزابێسی" کردوە کە گەورەترین کەشتی فرۆکە ھەڵگرە و لەمەودوا بەشدار دەبێت لەو ئۆپراسیۆنانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی شانە نوستوەکانی داعش ئەنجامی دەدات .
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا پێشوازی لەو ھەنگاوە کردوە و رایگەیاندوە ئەو فرۆکانەی لەو کەشتیەوە پێیان دەگات ،، لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش بەکاردەھێنرێن و دوپاتیشکراوەتەوە کە تەواوی ئۆپراسیۆنەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن .
حەسەن رۆحانی، کە مانگی ھەشتی ئەمساڵ ماوەکەی وەک سەرۆک کۆماری ئێران کۆتایی دێت، بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، دەتوانن لە ئەمڕۆوە دەسەڵاتی تەواوەتی بدەن بە دانوستانکارەکانیان، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لە ڤییەنا بۆ لابردنی سزاکانی وڵاتەکەیان. لەلایەکی ترەوە نوسینگەی رۆحانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر لابردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، لە چوارچێوەی ھەر رێککەوتنێک کە لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمییەوە لە ڤییەنا ئیمزا بکرێت.
تائێستا وڵاتانی ئەندامی رێکەوتننامەی ئەتۆمی شەش خولی دانوستانیان لە ڤییەنا لەبارەی رێککەوتننامەکەوە ئەنجامداوە و ئەنجامی بەرچاوی نەبووە، بەڵام نوێنەرانی چین و روسیا لە دانوستانەکان باس لە بەرەو پێشچوون دەکەن.
جیران ئۆزکان نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە واشنتۆن رایگەیاند، بە پیێ ئەو زانیاریانەی لە کوشکی سپییەوە پێیان دراوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەژنێف و برۆکسل داوای لێکردوون ھێرش نەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە.
وتیشی، لێپرسراوانی کۆشکی سپی جەختیان کردووەتەوە بایدن گرنگی بە دوسیەی کورد دەدات بە تایبەتیش ھاوپەیمانیی لەگەڵ ھەسەدە لە سوریا.
ئاشکراشیکرد، ئەمریکا بە گرنگییەوە لە سەقامگیری و ئاسایشی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا دەڕوانێت و کار دەکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی لەو ناوچەیە.
ڕاپرسییەکە لەلایەن زانکۆی "مۆنماوس"ی ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە و ٦١٪ی بەشداربووان پێیان وابووە سەرکەوتنی "بایدن" دادپەروەرانە بووە و ٣٢٪ش وتوویانە سەرکەوتنەکەی شەفاف نەبووە و گومانیان لێی ھەیە و دەڵێن کاتی ئەوەیە "بایدن" بەرەو پێش بچێت و ھەنگاوی جدی بنێت. ھاوکات ٧٪ی بەشداربووانیش دەنگیان نەداوە.
ئەو ڕاپرسییە لە ماوەی نێوان ٩ بۆ ١٤ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و نزیکەی ھەزار کەس بەشداربوون.