دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئێران و سەرکەوتنی ئیبراھیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانن لەوەی کە ئێرانییەکان نەیانتوانیوە بەشداری لە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاکدا بکەن و سەرۆکی خۆیان ھەڵبژێرن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکە و ھاوکارییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لەم بارەیەوە.
عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران ئەنجامی ھەڵبژانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە ٤٨% و بەپێی ئەنجامەکانیش ئیبراھیم رەئیسی ١٧ ملیۆن و ٩٢٦ ھەزار و ٣٤٥ دەنگی بەدەستھێناوە و بوو بە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، وتیشی، ٣ ملیۆن ٧٢٦ ھەزار و ٨٧٠ دەنگی بەتاڵ ھەبووە.
لیئور ھایات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی فراوانبوونی رۆڵی ئێران لەسەردەمی ئیبراھیم رەئیسیدا ھۆشداری دا و ئاماژەی بەوە کرد، ئیبراھیم رەئیسی توندڕەوترین سەرۆکی ئێرانە و رۆڵی ھەبووە لە لەسێدارەدانی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردوە، رەئیسی وەک کەسایەتییەکی توندڕەو ھەوڵی خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دەدات و ھەڵبژاردنیشی نیازی خراپی ئێران دەردەخات، ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران رابگیرێت و توانا موشەکییەکانیشی ھەڵبوەشێنرێتەوە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ئیبراھیم رەئیسی زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەوڵەتە گەورەکان و دەبێت رێگە لە تاران بگیرێت ببێت بە خاوەنی چەکی کۆکوژ و وتیشی، ئێرانییەکان سەرۆکی نوێیان ھەڵنەبژارد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی ئاکپارتی لە شاری ئەنتاڵیا وتی، پێشتر بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتنی ئەندامەکەی ھەدەپەی کردووە و ئێستاش جارێکی دیکە ئیدانەی دەکاتەوە، جیاوازیش ناکەن لەنێوان ھاوڵاتیانی وڵاتەکەیان و ھەرکەسێک رووبەڕووی زیان ببێتەوە لێکۆڵینەوەی پێویستی لەبارەوە دەکەن.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ ھێرشبەرەکەدا دەکرێت و ھەرشتێک پەیوەندی بە ھێرشەکەوە ھەبێت ئاشکرای دەکەن.
کۆتایی ھەفتەی رابردوو کەسێک لە شاری ئیزمیر ھێرشی کردە سەر بارەگای ھەدەپە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ھەدەپە بە ناوی دەنیز پۆریاز گیانی لەدەستدا، بکوژەکەش لە دانپێدانانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ھەرکەسێکی دیکە لە بارەگاکەدا بوایە دەیکوشت.
ھاوپەیمانی سەربازیی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە "یەمەن" بەرپەرچی ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی حوسییەکانیان داوەتەوە، کە حوسییەکان بەرەو باشوری سعودیە ئاڕاستەیان کردبوو.
لەلایەکی ترەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ھێزەکانی حکومەت و حوسییەکان لە شاری "مەئرەب" دەیان کەس کوژران و برینداربوون.
"تۆمسۆن فێری" وتەبێژی پڕۆگرامی خۆراکی جیھانیش دەڵێت، ئەو کەسانەی بەدەست برسیەتییەوە دەناڵێنن ژمارەیان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەگەر بە خێرایی ھاوکاری و خۆراکی بە پەلەیان پێنەگەیەنرێت، ئاستی مەترسییەکە زیاتر دەبێت و لە ئێستاشدا زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ لە جیھاندا بە دەست برسیەتی قورسەوە دەناڵێنن.
لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بەردەم مەترسی برسیەتی قورسدان بۆ ٤١ ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ئەم ژمارەیە ٣٤ ملیۆن کەس بووە.
"سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەبارەت بە ڕووداوی تەقەکردن و سوتاندنی بارەگای ناوەندی ھەدەپە لە ئیزمیر و کوژرانی ئەندامێکیان لە ناو بارەگاکە ڕایگەیاند، ئازاری بەرخۆدانیان زۆر گەورەیە و ئەوان ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەناسن و دەزانن ئامانجیان چییە و ناکەونە بەر ھێرشی ئەوان و ھەرگیز دەست لە خەباتی دیموکراسی و ئاشتیخوازانە ھەڵناگرن.
جەختیشیکردووەتەوە، حسابی ھەموو ئەو کارانە لە بەردەم یاسادا دەکەن و خوازیارن ھەمووان پێکەوە کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و ئازاد مسۆگەر بکەن.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، لەلایەن چەکدارێکەوە ھێرشکرایە سەر بارەگای ناوەندی ھەدەپە لە شاری ئیزمیر، بەھۆیەوە ئەندامێکی ئەو حزبە بە ناوی دەنیز پۆیزار کوژرا.
(ئەنگێلا مێرکڵ) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی فەڕەنسا، لە بەرلین ڕایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ (تورکیا و ڕووسیا)، گەورەترین ئاستەنگن لە بەردەم یەکێتی ئەوروپا، بەڵام سەقامگیری و ئاسایشی یەکێتییەکە ئەوە دەخوازێت مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا بکرێت.
(ئیمانوێل ماکرۆن)یش ڕایگەیاند، لەسەر پرسی کۆچبەران و شەڕی ناوخۆ لە لیبیا و داھاتووی سوریا، ناکۆکییان لەگەڵ تورکیا زۆرە. وتیشی، دەبێت ھێڵێکی ھاوبەش بدۆزرێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ڕووسیا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەبێت ئیدارەکەی (جۆو بایدن) لەسەر بنەمای ھاوپەیمان و ھاوبەشێکی ستراتیژی، پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەھێزتر بکاتەوە.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکردووە، وەزارەتی بەرگری بڕیاریداوە بە کشاندنەوەی ھەشت سیستمی بەرگری مووشەکی (پاتریۆت)، لە (عێراق و کوەیت و سعودیە و ئوردن)، بەم نزیکانەش پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا زانیارییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاند، پڕۆسەکە بە ھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ ئەو چوار وڵاتە، بە جۆرێک کاریگەری نابێت لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، دەشڵێت، توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە لە ئاستێکی باڵادا دەمێنێتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ھەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی تاقیکردنەوەی موشەکێکی بە ناوی ئاتماجا بڵاوکردەوە و نوسیوویەتی، موشەکەکە بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە و ئامانجەکەی خۆی پێکاوە. خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و فەرماندەکانی ھێزی دەریایی و وشکانی و ئاسمانی سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکەیان کرد.
موشەکە نوێیەکەی تورکیا لەسەر کەشتییەکی ناو کەنارە ئاوییەکانی شاری سینۆپ تاقیکرایەوە و ئەمەش دواین تاقیکردنەوەی بوو کە بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە، بڕیارە لە داھاتوویەتی نزیکدا ڕادەستی ھێزە دەریاییەکانی تورکیا بکرێت.
میدیاکانی ڕۆژئاڤا بڵاویانکردەوە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە ڕێکارێکی ئەمنی تونددا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات زیندانیانی داعشیان لە گرتووخانەی (سەناعە) لە حەسەکە گواستووەتەوە بۆ شارۆچکەی (شەدادییە)، کە زۆرینەیان عێراقین و لە نێویشیاندا داعشی بە ڕەچەڵەک بیانی تێدایە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ڕەققە دەستگیرکراون.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، لە گرتووخانەی (سەناعە) نزیکەی پێنچ ھەزار تیرۆریستی داعش زیندانی کراون کە لە نێویاندا دەیان گەورە تیرۆریستی عێراقی و سوری و بیانی ھەیە، ھۆکاری گواستنەوەشیان بۆ شارۆچکەی (شەدادییە) ئەمنییە و پەیوەندی بەو پەلامارانەی ماوەی ڕابردووە ھەیە، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی تورکیا ئەنجامدراوە بۆ شکاندنی گرتووخانەکە.
بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، دژ بە مانەوەی ھەر ھێزێکی بیانین لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بیەوێت بە ناوی ئاسایشی فڕۆکەخانەوە ھێزی سەربازیی لێرە بھێڵنەوە، ئەفغانییەکان ڕێگە بەمە نادەن و وەک داگیرکەر سەیری دەکرێن.
(عومەر خان) سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش ڕایگەیاند، دوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان، ڕێگە بە ئەمریکا نادەن ھیچ بنکەیەکی سەربازیی لە پاکستان بەکاربھێنێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، (جەیک سولیڤان) ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، (بایدن و ئەردۆغان) ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ، تورکیا ئەرکی ئەمنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بگرێتە ئەستۆ.
میدیاکانی ئیسڕائیل ڕایانگەیاندووە، تا ئێستا بینامین ناتانیاھۆ ئامادە نییە ئەو خانووە چۆڵ بکات کە تایبەتە بە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و ڕادەستی نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی ناکات.
خانووەکە لە شەقامی بفلۆرە لە قودسی خۆرھەڵات و بینێتیش بە ناتانیاھۆی وتووە پێویستە لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا چۆڵی بکات و ڕادەستی بکات، چاودێرانیش دەڵێن ئەم ھەنگاوەی ناتانیاھۆ بۆ دروستکردنی ڕێگرییە لە بەردەم کابینەی نوێدا.
تا ئێستا ھیچ یاسایەک نییە سەرۆک وەزیرانی پێشوو ناچار بکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا نووسینگە و خانوەکەی ڕادەستی سەرۆک وەزیری نوێ بکات، بۆیە ھاوپەیمانییەکەی بێنێت بە نیازە پڕۆژەیاسایەک بدەنە پەرلەمان تا سەرۆک وەزیران ناچار بکەن لە ماوەیەکی دیاریکراودا باڵەخانە و خانووی تایبەت بە سەرۆکایەتی چۆڵ بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی، لە ماوەی ١٥٠ ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا ٣٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینیان بە ئەمریکییەکان داوە و ئەمەش بە ھەنگاوێکی گرنگ ناو دەبات.
وتیشی، ئەم ھەنگاوە پەیوەندی بە دەرفەت و چانسەوە نییە، بەڵکو ئەنجامی ھەوڵ و ماندووبوونی زانایان و کۆمپانیاکان و حکومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەکانی ئەمریکایە.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لە واشنتۆن و ٢٦ ویلایەتی دیکەدا زیاتر لە ٥٠٪ی ئەمریکییەکان کوتراون و نزیکن لەوەی بە ئامانجەکەیان بگەن کە پێدانی ڤاکسینە بە ٧٠٪ی دانیشتووان.
ئەمریکا لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تۆمارکردووە و تا ئێستا ٣٧ ملیۆن و ٣٩٣ ھەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٦١٧ ھەزار کەس گیانیان لە دەستداوە.