وەزارەتی تەندروستی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە ، سێ ھاوڵاتی لە شارەکانی تەبرێز و یەزد و شەھرکورد، بە ئۆمیکرۆن گیانیان لە دەستداوە، لە ئەھوازیش چەند کەسێک دوای تووشبوونیان بە ئۆمیکرۆن باری تەندروستیان لە مەترسیدایە.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تا ئێستاش ١١٦٢کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردوەتەوە، لە رێگەی ١٦ فرۆکەی بارھەڵگری جەنگییەوە دەستیان کردوە بە کشانەوەی سوپا و کەرەستە سەربازییەکانیان لە کازاخستان.
ھێزەکەی رووسیا ٦ی ئەم مانگە لەسەر داواکاریی سەرۆکی کازاخستان و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاسایشی بەکۆمەڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران چونە شاری ئەڵماتی و ئەرکی پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان پێ سپێردرا، لە ئێستاشدا و دوای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە رووسیا ھێزەکانی کشاندوەتەوە.
گرانبوونی نرخی سووتەمەنی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی رژاندە سەر شەقامەکان و بەھۆی توندوتیژییەکانەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤ لە دیاربەکر کە خۆپیشاندان بۆ کۆبانێ بەڕێوەچوو دواتر پێکدادانی چەکداری ڕوویدا، ڕۆژنامەنووسێکی کورد بە ناوی "ڕۆژھات دۆغروو" لە ناو جەرگەی ئەو ڕووداوەدا بوو، لەو کاتەدا گولـلەیەکی بەرکەوتوو و گەیەنرایە نەخۆشخانە، دواتر کە چارەسەری وەردەگرت بەڵام ئێستا و لە دوای ٧ ساڵ خراوەتە زیندانەوە و سزایی زیندانی ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ڕۆژھات دۆغروو تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە چەکی ڕووبەڕووی کەسێک کردووەتەوە بەڵام بەڵگەی ڕەسمی نییە. لە ئێستادا بڕیارەکەی دادگا لەناوخۆی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرگریکارانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا تووشی شۆک کردووە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری ھاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، سەرەڕای کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام تا ئێستا ناکۆکیی قوڵ لە نێوان مۆسکۆ و ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان ھەیە لە بارەی دۆسیەی ئۆکراین و سەرجەم ئەندامانی ناتۆش لە ھەڵوێستەکانیان لە بارەی مۆسکۆ ھاوبەش و یەکگرتوون.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی لە بڵاوبوونەوەی ھێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوری ئۆکراین نیگەرانن بەڵام ھەوڵی تەواو دەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن و نەکەونە ململانێوە لەگەڵ مۆسکۆ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە بارەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ئۆکراین ڕایگەیاندووە، ھۆشدارییان بە ڕووسیا داوە ئەگەر ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین باجێکی گەورە دەدات.
سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، "پیۆنگ یانگ" مووشەکەکەی لە کەناراوەکانی خۆرھەڵاتەوە ئاڕاستەی دەریا کردووە و ھەفتەیەک لەمەوبەریش مووشەکێکی تری تاقیکردەوە کە خێراییەکەی لە خێرای دەنگ زیاتر بووە، ئەوەش دووەمین مووشەکە کە ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاقیبکاتەوە.
ھاوکات ھێزە کەناراوەکانی ژاپۆن ڕایانگەیاندووە، ئاگاداری تاقیکردنەوەی مووشەکێکی کۆریای باکور بوون، کە ھاوشێوەی مووشەکی بالیستی بووە.
ئەو تاقیکردنەوەیەش تەنھا چەند سەعاتێک دوای ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئێرلەندا و ئەلبانیا ھات، کە داوایان لە کۆریای باکور کردبوو چالاکییەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی ناوچەکە ڕابگرێت.