دوای سوتانی دارستانەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا، ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی ھەرێمی دەریای ڕەشی لە باکوری تورکیا گرتووەتەوە و بەوھۆیەشەوە لافاو لە شارەکانی کاستامۆنۆ و بارتن و سینۆپی دروستبووە.
ڕۆژنامەی (جمھوریەت)ی تورکیا ئاشکرایکردووە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و دابەزینی بەھای لیرە، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکەپە)، پلانی ھەیە بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ، (١٠٠) گرتووخانەی نوێ دروست بکات، بەمەش ژمارەی گرتووخانەکان لە تورکیا دەگاتە (٢٣١) گرتووخانە.
سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە ژمارەی زیندانیکراوەکان گەیشتووەتە ٣٠٠ ھەزار کەس، کە زۆرینەیان لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستبەسەرکراون.
زەبیحەڵڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزەکانیان ناوچەی "غەزنی"یان لە باشوری کابوڵی پایتەخت کۆنترۆڵکردووە، گرتوخانەی قەندەھاریشیان شکاندووە و سەدان بەندکراوەکانیشیان بۆ ناوچەیەکی ئارام گواستووەتەوە.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، پێشڕەوییەکانی تاڵیبان ئاماژەیە بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن لە گۆڕەپانی شەڕدا، بۆیە پێویستە ھەنگاوەکان بۆ کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ رێککەوتنێکی ئاشتی لە ئەفغانستان خێراتربکرێت.
پرۆس ئیلوارد راوێژکاری سەرۆکی جێبەجێکاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، پێویستە سەرکردەکانی جیھان و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان، ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ کۆتاییھێنان بەو نادادپەروەری و نا یەکسانیەی لە دابەشکردنی ڤاکسینەکان لە نێو وڵاتاندا ھەن.
راشیگەیاندووە، ٢٠ کەس لە جیھاندا توانای چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیان ھەیە، ئەوانیش ئەو کەسانەن کە سەرۆکایەتی کۆمپانیا گەورەکانی تایبەت بە دابەشکردنی ڤاکسینەکان دەکەن.
لێپرسراوەکەی تەندروستی جیھانی وتیشی، پێویستە ئەو کەسانە کار بکەن بۆ ئەوەی تا کۆتایی مانگی ئەیلول ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و گرەنتی ئەوە بکەن رێژەی لە سەدا ١٠ ی دانیشتوانی ھەر وڵاتێک لە جیھاندا ڤاکسین وەربگرن.
سەرچاوەکانی ھەواڵی تورکیا ئاشکرایان کرد، شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین لە کەناراوەکانی باکوری تورکیا، بووەتە ھۆی دروستبونی لافاوێکی بەھێز لە ناوچەکەدا.
موئامەر یانک سەرۆکی شارەوانی ناوچەی بۆزکورتیش رایگەیاندووە، بەھۆی لافاوەکەوە لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا پردێک لە ناوچەی بارتین روخاوە و بەوھۆیەوە ١٣ کەس برینداربوون و کارەبا لە ١٢ گوند بڕاوە.
ئەو لافاوەی تورکیا لە کاتێکدایە لە دوو ھەفتەی رابردوودا، ئاگرێکی بەھێز دارستانەکانی گرتەوە و بەو ھۆیەوە روبەرێکی فراوانی دارستانەکان سوتان و ھەشت کەسیش گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئامارێک لەلایەن ئاژانسی ھەواڵی رەسمی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنانەدا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ ەوە دژی شانە نوستوەکانی داعش لە عێراق دەستیان پێکردوە، تا کۆتایی مانگی رابردوو، ٤٢٤ تیرۆریست دەستگیرکراون و ٢٥٢ تیرۆریستیش کوژراون،لەو ماوەیەشدا ٦٤٢ بۆردومانی ئاسمانی لە دژی شانە نوستوەکانی داعش ئەنجامدراوە.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا بڕێکی زۆر چەک و بۆمبی چێندراو پشتێنەی بۆمبرێژکراو و موشەک دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دەزگا پەیوەندیدارەکانی تورکیا رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان و ئامادەکاریش بۆ رێکخستنی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان دەکەن.
راشیگەیاندووە، دەکرێت لە داھاتوودا خۆی پێشوازی لە سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان بکات.
پێشتر ئەردۆغان رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ کۆنترۆڵ دەکات لە دوای کشانەوی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لە بەرامبەریشدا بزووتنەوەی تاڵیبان ھۆشداری داوەتە تورکیا لە دانانی ھەر ھێزێک بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ و بڕیارەکەی ناتۆشی بۆ ھێشتنەوەی ھێزێک لە فڕۆکەخانە، بە بەردەوامیی داگیرکردنی ئەفغانستان ناو بردووە.
ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، پێویستە ئێران لە زووترین کاتدا بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا بەو ئامانجەی ئەو دەستکەوتانەی بۆ ژیانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە دانوستانەکاندا بەدیھاتووە لە دەست نەچن.
دەشڵێت، دەبێت ئێران دەرفەتی دانوستانەکانی ڤییەننا لە دەست نەدات و بزانێت کە ناکرێت تا ھەتایە ئەو دانوستانە درێژ بکرێتەوە.
دوو رۆژ بەر لە ئێستاش ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ھەمان داوای لە ئێران کرد و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران رایگەیاند، پێویستە تاران بە زوویی بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا و لە بەرامبەریشدا رەئیسی دوپاتیکردەوە کە پێویستە لە دانوستانەکاندا مافەکانی ئێران پارێزراو بن.
حکومەتی سوریا ڕێگا نادات خواردن و سوتومەنی و دەرمان بگاتە ئەو ناوچەیە، ھاوسەرۆکی کاروباری کشتوکاڵی ھەرێمی عەفرینیش ھۆشداری ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدات.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، لە ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا پۆلیسی تورکیا، (بەلما نێرگز) ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە موش دەستگیرکردووە و لە لقی بەرەنگابوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری موش دەستبەسەرکراوە،.
ھەرچەندە ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە بڕیاری داواکاری گشتی ٤ ڕۆژ بە دەستبەسەری دەمێنێتەوە.
ھاوکات لە ھەڵمەتێکی تردا لە شاری مێرسین لە باکوری کوردستان پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی ئاکدەنیز، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، دەستگیرکراوەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرسین کراون.