ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٢٥٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەستی ھێزەکانیان کردووە، بەوەش تاکو ئێستا ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە خۆیان ڕادەست کردووە، گەیشتووەتە ٥٥٠ تیرۆریست.
ھەر ئەمڕۆ شەڕڤانانی ھەسەدە لە ھەڵمەتێکدا ٩ بارمتەیان لە گرتووخانەی سناعە ڕزگار کرد، کە فەرمانبەری گرتووخانەکە بوون و لە لایەن داعشەوە دەستگیرکرا بوون، لە گەڕەکی "زھور"یش، ھەڵمەتی پاککردنەوە دژی ئەو داعشانە ئەنجامدرا کە لە ماڵەکاندا خۆیان حەشارداوە، لە ئەنجامدا ٥ تیرۆریستی داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێوە بوو کوژراون، لە گەڕەکی "غوێران"ی خۆرھەڵات، ٩ تیرۆریست و لە باشوری "حەسەکە"ش ٣ بەکرێگرتە کە پیلانیان ھەبووە بۆ ھاوکاری تیرۆریستانی ناو گرتووخانەی "سناعە" کوژراون.
ھەسەدە ڕاشیگەیاند، ھەڵمەتە ئەمنی و سەربازییەکانیان زۆر بە وردی لە گرتووخانەی "سناعە" و دەوروبەری و لە ڕیفی دێرەزوور و ڕەققە بەردەوامن.
رۆبەرت مالی ئاماژەی بەوە کردوە، ئەتۆمی ئێران و دەستگیرکراوە ئەمریکییەکان لە ئێران دوو دۆسێی جیاوازن، بەڵام ئاسان نییە لە ڤییەننا بگەنە رێککەوتن و رێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکەنەوە ئەگەر چوار ئەمریکی بێ تاوان لە گرتوخانەکانی ئێراندا بن.
ئاشکراشیکردوە، لە کاتێکدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران ھەیە لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی، سەرلەنوێش دانوستانی نا راستەوخۆ دەکەن بۆ گرەنتیکردنی ئازادکردنی ئەمریکییەکان لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە.
دۆسێی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر گویزەل دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ھات لەگەڵ گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کە ھاوڕێی سەردەمی خوێندنی بووە و لە کاتی پڕۆسەی ئاشتیدا سەردانی قەندیلی کردووە و بینیویەتی.
لە سەرجەم دۆسێکاندا تۆمەتی "ئەندامبوون و پشتیوانیکردن لە پەکەکە" دراوەتە پاڵ پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە.
دواین دانیشتنی پڕۆسەی دادگایکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لەبارەی ئەو سکاڵایە بەڕێوەچوو کە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ بە تۆمەتی سوکایەتی پێکردنی لە دژی دەمیرتاش تۆماری کردبوو.
دەمیرتاش کە لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد رەخنەی لە داودئۆغڵو گرت و وتی، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە کەچی تا ئێستا ئەم سکاڵایەی نەکشاندوەتەوە، ئەمە چ جۆرە سیاسەتێکە پەیڕەوی دەکات. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا دادوەر بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە داودئۆغڵو، سزای ١١ مانگ و ٢٠ رۆژ زیندانیکردنی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند.
خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ھەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر یەپەگە و رێکخراوی گولەن،رای گشتیی تورکیای بەرامبەر ئەمریکا شێواند و بڕیارەکانی لە بارەی سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی رووسی و پشتییوانیەکانی بۆ یەپەگە، کاریگەری خراپیان لەسەر پەیوەندییەکانیان ھەبووە.
راشیگەیاند، بۆ تورکیا پەیوەندیە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە سوریا و کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ ھێڵی سوورن و خواستیان ئەوەیە، ئەمریکا ھاوکارییەکانی بۆ یەپەگە و پەکەکە لە سوریا بپچڕێنێت.
وەزارەتی دارایی کۆریای باشور ڕایگەیاند، بڕی ١٨ ملیۆن دۆلاری بلۆککراوی ئێرانی لە بانکەکانی وڵاتەکەی بەکارھێناوە بۆ شایستە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەسەر ئێران کەڵەکە بووە، ئەوەش ڕێگە دەدات بە ئێران جارێکی دیکە مافی دەنگدانی بۆ بگەڕێتەوە لە ڕێکخراوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بە ھاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، دوای ئەوەی ئێران داوایەکی بە پەلەی پێشکەش کردووە بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارانەی لەسەری کەڵەکە بوون.
وەزارەتی دارایی کۆریای باشور جەختیشیکردەوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی ئەو بڕە پارەیە بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران ڕاستەوخۆ مافی دەنگدانی بۆ دەگەڕێتەوە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێشتر حکومەتی ئێران ڕایگەیاندبوو بەھۆی گەمارۆ ئابوری و داراییەکانی سەری، ناتوانێت ئەرکە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین بکات.
ئەحمەد تاھیری فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە باندێکی چەکداری قاچاخچی بەنیازن کاروانێکی گەورەی ماددەی ھۆشبەر لە شاری سنوریی سەراوانەوە بگوازنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاستی ئێران، ھێزەکانیان چوونەتە ئەو شوێنە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەو باندە و ھێزەکانیان روویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانیان توانیویانە ئەندامێکی ئەو باندە دەستگیر بکەن و دەستیشیان گرتووە بەسەر تۆنێک و ١٠٣ کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی تریاک و حەشیش.
فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکانی سیستان و بەلوچستان راشیگەیاند، بەباشترین شێوە کۆنتڕۆڵی خاڵە سنورییەکان دەکەن و لە روبەڕوبونەوەی قاچاخچیانی ماددەی ھۆشبەر درێغی ناکەن.
"عەبدولکەریم عومەر" ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند، بەھۆی ئەوەی ڕای گشتی نێودەوڵەتی ئەرکی خۆی بەجێناگەیەنێت، ڕووداوەکەی حەسەکە ھاتووەتە ئاراوە، پەلامارەکانی سەر ھەرێمەکە و سیاسەتەکانی گەمارۆدانیش زەمینەیان بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانە خۆشکردووە و دەرفەت دەدەن بە بەردەوامیدان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش.
جەختیشیکردووەتەوە، زۆرجار داوایان لە وڵاتانی جیھان کردووە ئەرکی خۆیان جیبەجێ بکەن و ھاوکارییان بکەن لە دادگاییکردنی داعشە دەستگیرکراوەکان، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.
ڕاشیگەیاند، بە داخستنی دەروازەکانی تەل کۆچەر و سیمالکا، ڕەوشی ئابوری ناوچەکە خراپ بوو، داعش ئەوەش وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ سەر لە نوێ خۆڕێکخستنەوە.
لە وەڵامی ڕوبەرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کە ڕایگەیاندبوو، کات بەرەو تەواوبوون دەچێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ڕاوێژکاری تیمی وتووێژکاری دۆسیەی ئەتۆمی ئێران داوای لە واشنتۆن کرد سەرجەم گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵبگرێت، جەختیشیکردەوە، تاران بە ھیچ شێوەیەک ھەڕەشە قبوڵ ناکات.
ڕۆبەرت مالی لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندبوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ھاوتا ئەڵمانی و بەریتانییەکەی ڕێککەوتوون، لە بارەی پێویستی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی پلانی کاری ھاوبەش سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.