حکومەتی بەریتانیا بە بڕی پێنج ملیار پاوەند (6.8 ملیار دۆلار) وەبەرهێنان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی و چەکی لەیزەر و کەشتی ئەتۆمی دەکات و ئەمەش لە دوای هەڕەشەکانی روسیا دێت.
وردەکارەکانی وەبەرهێنانەکە:
بەگوێرەی راگەیاندنی جۆن هیلی، وەزیری بەرگری، ئەم وەبەرهێنانە بریتییە لە:
- چوار ملیار پاوەند بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی ئۆتۆنۆم
- یەک ملیار پاوەندی دیکە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی لەیزەر بۆ پاراستنی کەشتی و سەربازانی بریتانیا
ئەم راگەیاندنە دوای بڵاوبوونەوەی پێداچوونەوەی بەرگری ستراتیژی لە رۆژی دووشەممەدا هات، کە پێشنیاز دەکات گرنگی زیاتر بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بدرێت لە بواری سەربازیدا.
جۆن هیلی ئاشکرای کردووە کە ئەم وەبەرهێنانە دەبێتە مایەی "پێشکەوتنی بەرچاو لە تەکنەلۆژیای بەرگری بریتانیا لە ماوەی دەیان ساڵدا."
وەزیری بەرگری رایگەیاند: "دڵنیایی دەدات کە هێزە چەکدارەکان توانای پێویست و پێشکەوتویان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر گۆڕانکارییەک کە دێتە پێش".
هیلی ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێمە دیدگای پێداچوونەوەی بەرگری ستراتیژی جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی بریتانیا لە پێشەنگی داهێنان لەناو ناتۆدا بێت."
ئەم پلانە لەڕێگەی پشتگیریکردنی پیشەسازی بریتانیا و خێراکردنی گەیاندنی ئامێرەکانی داهاتوو بۆ دەستی سەربازانی هێڵی پێشەوە جێبەجێ دەکرێت.
دامەزراندنی سەنتەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
بەشێک لەم وەبەرهێنانە بۆ دامەزراندنی "سەنتەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" تەرخان دەکرێت، بە ئامانجی خێراکردنی بڵاوکردنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لە سەرجەم لقەکانی هێزە چەکدارەکانی بریتانیا.
بەگوێرەی پێداچوونەوەی بەرگری ستراتیژی، گرنگی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دراوە، وەکو "لەپێشینەی دەستبەجێ" بۆ هێزەکانی بریتانیا.