ئەمڕۆ محەمەد موش، وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی بەغداد دەکات، رۆژی ٢٦ی مانگیش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنوری گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لە سەردانەکەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان وەزیری بازرگانی تورکیا بەشداری لە کۆڕبەندی کاری عێراقی-تورکیادا دەکات و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەشدا لەگەڵ بازرگان و بەرپرسانی بازرگانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا کۆدەبێتەوە و باس لە ھەڵگرتنی ڤیزای بازرگانانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێت تاکو بەبێ ڤیزا سەردانی تورکیا بکەن.
لە ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا نۆ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و تاکو مانگی ھەشتی ئەمساڵیش قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە شەش ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
سەید ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە میانی سەردانێکی بۆ پارێزگای ورمێ و لە شاری پیرانشار رایگەیاند، سەرجەم گروپەکانی دژە شۆڕش و پشتیوانانیان بزانن، لە ئەگەری مەترسی دروستکردن بۆسەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە.
ناوبراو جەختی لە چەک کردن و دەرکردنی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، بەپێی ئەو ریککەوتنانەی کراوە، پێویستە بەرپرسانی عێراق بەزووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن.
لە چەند ھەفتەی رابردوودا بەرپرسانی باڵای سەربازی و حکومی ئێران بەردەوام ھەڕەشەی چەک داماڵین و دەرکردنی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانیان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
ئێبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ، داوای لە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی کرد، بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، ھەنگاو بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان و خوێندنی ناوپۆل بنێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی مامۆستایان و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە و دایک و باوکی خوێندکاران ڤاکسینیان وەرگرتووە و بەپێ ئەو بەرنامەی دانراوە، تا چەند رۆژی تر، ٧٠٪ی سەرجەم دانیشتوانی ئێران، پێکوتەی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا وەردەگرن.
رۆژنامەی گاردیان بە پشتبەستن بە ئامارە رەسمییەکانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بڵاویکردوەتەوە، سوپای بەریتانیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە شەڕی ئەفغانستاندا، تێوەگلاوە لە کوشتنی بە ھەڵەی ٨٦ منداڵ و ٢٠٠ کەسی تری مەدەنی.
راشیگەیاندووە، حکومەتی بەریتانیا کەسوکاری ھەر کوژراوێکی بە بڕی ٣ ھەزار و ٢٦٦ دۆلار قەرەبوو کردوەتەوە.
رۆژنامە بەریتانیاکە راشیگەیاندووە، حکومەتی بەریتانیا ھەندێک جار قەرەبووی زیانە ماددییەکانیشی بۆ خەڵکی ئەفغانستان کردوەتەوە، بەجۆرێک لە ماوەی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠، ٩٠٨ دۆلاری وەک قەرەبوو بۆ کوشتنی حەوت ئاژەڵ پێشکەشکردووە.
کۆشکی سپی و کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بڵاویانکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رێککەوتن لەسەر بەردەوامیان بە گفتوگۆکان لەسەر بابەتە ھاوبەشەکانی نێوانیان.
ھەروەھا ماکرۆن بڕیاریداوە ھەفتەی داھاتوو فلیپ ئیتیان باڵیۆزی وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە واشنتۆن، کە بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی فڕۆشتنی ژێر دەریایی بە ئوسترالیا، باڵیۆزەکەی لە واشنتۆن و لەندەن بانگھێشت کردبوەوە. بڕیاریشە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە، بایدن و ماکرۆن لە ئەوروپا کۆببنەوە.
وتیشی، پەیوەندییەکانیان گرنگی بۆ ناوچەکە ھەیە و عێراق کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی گەلان و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و گۆڕانی کەش و ھەوا.
جەختیشی کردەوە، ئاسایش و ئارامی عێراق بنەمایەکی گرنگی سەقامگیری ناوچەکەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانی بۆ ئاسایش و ئارامی عێراق دووپاتکردەوە و بەگرنگییەوە باسی لە ھەوڵە دیبلۆماسییەکانی عێراق کرد بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.