بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاوی دەکەنەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری چەرنیھیڤ لە باکووری ئۆکراین ڕوویانداوە و سوپای ڕووسیاش بە سەدان تۆپ و مووشەک شارەکەی بۆردومانکردووە، لە شاری سوومی کە دەکەوێتە خۆرھەڵاتی ئۆکراین شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەستیپێکردووە، بەرپرسانی شارەکەش داوا لە مەدەنییەکان دەکەن، لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاند، ڕووسیا لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا ٥٠٠ مووشەکی دژی ئۆکراین بەکارھێناوە، کۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا کە ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارە بوون.