ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کردووە، وەفدەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی (ئیلھام ئەحمەد) بۆ واشنتۆن، و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە ئیدارەکەی (جۆو بایدن) کردووە، یاسای قەیسەر کە سەپێندراوە بەسەر حکومەتی دیمەشقدا، لەسەر ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا سوک بکات، تا ئەو وادەیەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ دیمەشق دەستپێدەکات.
(ئیلھام ئەحمەد) ڕایگەیاندووە، یاسای قەیسەر لێکەوتەی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤای کوردستان ھەیە، داواشی لە کۆنگرێس کردووە جارێکی تر چاو بە سەپاندنی یاساکەدا بخشێنرێتەوە.
ئەمڕۆ ھاوڵاتیانی قەتەر بۆ ھەڵبژاردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەنجومەنی شواری قەتەر لە ٤٥ ئەندام پێکدێت کە ٣٠ کەسیان بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک و ١٥شیان لەلایەن میری قەتەرەوە دیاری دەکرێن.
ئەنجومەنی شورای قەتەر سەربەخۆیە لە یاساداناندا و سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت و بودجەی وڵات دیاری دەکات.
بۆ ئەم خولەی ھەڵبژاردنیش، ١٨٣ کەس خۆیان بۆ نوێنەرایەتی ئەنجومەنی شورای قەتەر کاندید کردووە کە ١٨یان ژنن.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێز ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧٦مین کوبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتان کردووە داعش و خێزانەکانیان لە کامپی ھۆڵ وەربگرنەوە، عەبدولکەریم عومەر ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ئەو دەستپێشخەریەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ئەرێنی وەسفکرد.
ڕۆژی ١٧ی ئەیلول لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە دادگای تورکیا کرد تا کۆتایی مانگی ئەیلول، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات، بە پێچەوانەوە بە پێی یاساکانی دادگای ئەوروپا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تورکیا دەگرنە بەر.
سەڵاحەددین دەمیرتاش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر و بە چەند تۆمەتێک لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانیکراوە.ش
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەکات ئیتر بەرامبەر ئەمریکا ساویلکە نەبن و وریاتر مامەڵەی لەگەڵ بکەن. دەشڵێت، ئەمریکا ھەموو سەرنجی خۆی خستووەتە سەر دژایەتیکردنی چین و تەنھا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە.
ئەم وتانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی پاریس بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی پاریس و واشنتن بکات.
مانگی ڕابردوو بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی ژێر دەریاییە فەڕەنسییەکان لەلایەن ئوسترالیا و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ ئوسترالیا و ئەمریکا و بەریتانیا گرژی تێکەوت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، ھەفتەی رابردوو لە جیھاندا سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە ٥٥ ھەزار توشبوش گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارانەش بەراورد بە ھەفتەی رابردوو بەرێژەی لە سەدا ١٠ کەمیکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کەمبونەوەی ئامارەکانیش زیاتر لە خۆرھەڵاتی ناوەراست و خۆرئاوای زەریای ھێمن و ھەردوو ئەمریکا بوە ، بەڵام لە ئەوروپا و ئەفریقا ئامارەکانی توشبون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا وەک خۆی ماوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریشی داوە لەوەی لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا لە بەشی باکوری گۆی زەوی ئامارەکانی کۆرۆنا دوبارە بەرز بێتەوە .
لە گرتوخانەیەکی لە شاری گوایاکیل لە ئیکوادۆر، شەڕ لە نێوان گروپە مافیاییەکان روویدا و لە ئاکامدا ١١٦ زیندانی کوژراون و ٨٠ش برینداربوون، فەرماندەی پۆلیسی وڵاتەکەش دەڵێت، بەشێک لە زیندانییەکان بە دڕندانەترین شێوە کوژراون.
گویلیرمو لاسو سەرۆکی ئیکوادۆریش باری نائاسایی لە سەرجەم گرتووخانەکانی وڵاتەکە راگەیاند، چەند مانگێکە لە گرتووخانەکانی ئیکوادۆر شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان مافیاکان زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەمساڵدا ٢٢١ زیندانی کوژراون، لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوودا ١٠٣ حاڵەتی کوژران لە گرتووخانەکاندا ھەبووە.