تەقینەوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆگایەکی کۆنی چەک و تەقەمەنی لە شارۆچکەی "بەنعەفول" لە قەزای "سەیدا" لە باشوری لوبنان ڕوویداوە، دەنگی تەقینەوەکە لە دووری ٥ کیلۆمەترەوە بیستراوە و زیانی بە بیناکە و شوێنەکانی دەوروبەریشی گەیاندووە.
میدیاکانی لوبنانیش ڕایانگەیاندووە، بەھۆی تەقینەوەکە کەسێک کوژراوە کە کوڕی سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکەیە و سەر بە بزووتنەوەی "ئەمەل"ە کە لەلایەن "نەبی بەری" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان سەرۆکایەتی دەکرێت، ھەروەھا ٧ کەسی تر برینداربوون و باری تەندروستی ٤یان مەترسیدارە.
"زیلینسکی" بە سەرکردەکانی جیھانی ڕاگەیاند، ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕووسیاوە ھەیە، ئەگەر پاکێجی نوێی سزاکانیش کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا ئامادەی دەکەن کەرتی نەوت نەگرێتەوە، ھیچ سودی نابێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ.
نیگەرانیشی دەربڕی لەوەی چەکی پێویستیان لەلایەن وڵاتەوە بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر نا دەیانتوانی شاری "ماریۆپوڵ" لە داگیرکەران ڕزگار بکەنەوە.
دوای جیاکردنەوەی ٩٩%ی دەنگەکانی خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، "ماکرۆن" ٢٧.٦% و "لوپێن" ٢٣.٤%ی دەنگەکانیان بەدەستھێنا و لە ٢٤ی ئەم مانگەشدا لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رکابەری دەکەن بۆ وەرگرتنی کورسی دەسەڵات، "ژان لوک میلانشون" کاندیدی چەپی رادیکاڵیش لە پلەی سێیەمدا بووە و ٢١.٩%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
لە دوای راگەیاندنی ئەو ئەنجامانە، کاندیدانی راستڕەو و شیوعی و سۆسیالیست و پارتی سەوز پشتیوانیان بۆ "ماکرۆن" لە خولی دووەمدا دەردەبڕن و داوایان لە لایەنگرانیان کردووە دەنگی پێبدەن، کە ئەو لایەنانە نزیکەی ١٥%ی دەنگەکانی خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەیان پێکھێناوە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، دڵنیا نین لە دانوستانەکانی ڤییەننا دەگەنە رێککەوتن یاخود نا، چونکە تا ئێستا ئەمریکای ئیرادەی پێویستی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پیشان نەداوە، وتیشی، ئەگەر ھێڵە سورەکانیان پشتگوێ بخستایە، چەند مانگێک پێش ئێستا دەگەیشتنە رێککەوتن، بەڵام ھەرگیز ئەو کارە ناکەن و بە پێداگری لەسەر ھێڵە سورەکان بەردەوام دەبن لە دانوستان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، زیاتر لە یەک بابەت لە نێوان واشنتۆن و تاران ماوە، یەکلاببنەوە و ھێشتا ھیچ دەقێکی دیاریکراو نییە کە بتوانن لەبارەیەوە لێدوان بدەن.
کۆمپانیای "ھێنلی ئاند پارتنەرز" بڵاویکردەوە، لە لیستی چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ بەھێزترین پاسپۆرتەکانی جیھان، ئۆکراین پلەیەک ھاتۆتە پێشەوە و لە پلەی ٣٤دایە، ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش بۆیان ھەیە بەبێ ڤیزا گەشت بۆ ١٤٣ وڵات بکەن، بەڵام روسیا چوار پلە پاشەکشەی کردووە و لە پلەی ٤٩دایە و روسییەکان دەتوانن گەشت بۆ ١١٧ وڵات بکەن بەبێ ڤیزا.
ئەو کۆمپانیایە کە بارەگاکەی لە لەندەنە رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین، کایەی ئاسمانی زۆرینەی وڵاتان بەڕووی مۆسکۆ داخراوە و سنورەکانیش بەڕووی پەنابەرە ئۆکراینییەکان کراوەتەوە، چەندین وڵاتیش ڤیزا بە ھاووڵاتی روسی نادەن، بەوەش خواست لەسەر پاسپۆرتی روسی کەمبۆتەوە.
ئەمڕۆ کارڵ نیھامەر راوێژکاری باڵای نەمسا سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رەوشی ئۆکراین و ھەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەو وڵاتە تاوتوێ دەکەن، ئەوەش بۆ یەکەمجارە دوای سەرھەڵدانی شەڕی ئۆکراین، سەرکردەیەکی ئەوروپا لەگەڵ پوتن کۆدەبێتەوە.
راوێژکاری نەمسا دەیەوێت لە نێوان روسیا و ئۆکراین رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت و رۆژی شەممەش لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکراین لە کیێڤ کۆبووەوە.
لە شاری "فرانکفۆرت" نزیکەی ٨٠٠ رەوەندی روسی خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە وڵاتەکەیان رێکخست و ئاڵای روسیایان بەرز کردەوە، لە شاری "ھانۆڤەر"یش خۆپیشاندانی پشتیوانی و ناڕەزایی بەرمبەر روسیا بەڕێوەچوو، بە شێوەیەک ٣٥٠ ئۆتۆمبێل بۆ پشتیوانی روسیا رێگەکانیان گرت و ٣ ھەزار و ٥٠٠ کەسی تریش بۆ پشتیوانی لە ئۆکراین رژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمنیش بڵاوکرابوونەوە.
لە بەرامبەردا، "ئەندریە میلنیک" باڵیۆزی ئۆکراین لە ئەڵمانیا رایگەیاند، رێگەپێدان لەلایەن لێپرسراوانی ئەڵمانیاوە بۆ رێکخستنی ئەو خۆپیشاندانانە شەرمەزارییە و ئاماژەیەکە بۆ شکستی سیاسەتی حکومەتی بەرلین بەرامبەر مۆسکۆ، کە ھەر لەسەرەتاوە دوو دڵییان پێوە دیار بووە.
لە ئەڵمانیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار روسی و ٣٢٥ ھەزار ئۆکراینی دەژین، لە سەرەتای جەنگیشەوە لانی کەم ٣١٦ ھەزار پەنابەری تری ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
ئێرینا ڤێرشچوک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، رایگەیاند، ١٢ سەرباز و ١٤ ھاووڵاتیی ئۆکراینی کە نۆ کەسیان ژنن، بە دیل بە دیل و ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوەکان، لە لایەن روسیاوە ئازادکراون، لای خۆشیەوە، حکوومەتی روسیا، ئازادکردنی ١٤ دەریاوانی روسی راگەیاند، کە لە کەشتی "ئازۆف کۆنکۆد"ی مەدەنیدا بوون و لەسەرەتای ھێرشی روسیا بۆ سەر بەندەری ماریۆپوڵ لە لایەن سوپای ئۆکراینەوە دەستگیرکرا بوون.
ئەوە دووەمین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانە لە نێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجامبدرێت، کاتێک سەرەتای ئەممانگە، سەرۆکایەتیی ئۆکراین رایگەیاند، ٨٦ سەربازی ئۆکراینی بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک روسیی ئازادکراون.
میدیاکانی سوریا رایانگەیاندووە، بۆردوومانەکەی ئیسرائیل لە باکوری لوبنانەوە ئاڕاستە کراوە و ناوچەی "مەسایف"ی ریفی حەمای لە ناوەڕاستی سوریا کردۆتە ئامانج و بەرگری ئاسمانی سوریاش چەند مووشەکێکی خستۆتە خوارەوە.
روانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە دەنگی چەندین تەقینەوە بیستراوە، راشیگەیاند، سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان لەو ناوچەیە بوونیان ھەیە و ھیچ زانیارییەکیش سەبارەت بە زیانی گیانی ئەو بۆردوومانە نەخراوەتەڕوو.
"زیلینسکی" لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، دوژمنکاری روسیا تەنھا بۆ سەر ئۆکراین نییە بەڵکو بۆ لەناوبردنی ژیان و ئازادییانە، وتیشی روسیا دەیەوێت پڕۆژەی ئەوروپی بکاتە ئامانج.
"زیلینسکی باسی لەوەشکرد، کە وڵاتان ھەموو کار دەکەن بۆ راگرتنی جەنگ و و گەڕانەوەی ئاشتی بە زووترین کات.
کەمێک پێش ئێستا و سەعات ٩:٠٠ بنکەکانی دەنگدان لە فەڕەنسا بۆ خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، داخران و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن ٢٨.٨%ی دەنگەکان، مارین لۆپێن ٢٣.٣%ی دەنگەکان و ژۆن مێلونشۆنیش ٢٠.١%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
تاوەکو سەعات ٥ی پاش نیوەڕۆ، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکەدا سەدا ٦٥ بوو، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧ سەدا ٦٩ بوو.
ژمارەی کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا ١٢ کاندیدە و بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵ لە کۆی ٦٧ ملیۆن دانیشتوی فڕەنسا، ٤٨ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار سەروی تەمەن ١٨ ساڵ مافی دەنگدانیان ھەیە.
بڕیارە پاش کەمێکی دیکە ئیمانوێل ماکرۆن گوتارێک پێشکەش بکات لەبارەی ئەنجامە بەراییەکان و بەدەستھێنانی ٢٨.٨%ی دەنگەکان قسە بکات.
سەرۆکی فەڕەنسا چەندین دەسەڵاتی فراوانی ھەیە، چەند دەسەڵاتێکیشی لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە بوارەکانی بەرگری و دیبلۆماسی ھاوبەشی پێکراون، لە گرنگترین ئەو دەسەڵاتانەشی پێیدراوە، تەنھا خۆی دەتوانێت بڕیاری بەکارھێنانی ھێزی ئەتۆمی بدات، بەڵام بڕیاری راگەیاندنی جەنگ بە دەست پەرلەمانە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی رێگەیان پێدەدرێت فەریزەی حەج جێبەجێ ئەنجام بدەن، بەرزکراوەتەوە بۆ ملیۆنێک کەس بەو کەسانەشی دانیشتوی سعودیەن و دەبێت ئەو کەسانەش تەمەنیان لە خوار ٦٥ ساڵان بێت و پشکنینی کۆرۆنایان ئەنجدام دابێت کە ٧٢ سەعات بەسەر پشکنینکەدا تێپەڕ نەبووبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٩ رێگە بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دراوە بۆ حەجکردن، لەساڵی ٢٠٢٠یش بەھۆی کۆرۆناوە تەنھا رێگە بە ھەزار کەس درا کە دانیشتوی سعودیە بوون، لە ساڵی ٢٠٢١یش رێگە بە ٦٠ ھەزار کەس درا بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسین، لە ئێستاشدا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی حاجیان بەرزکراوەتەوە بۆ یەک ملیۆن کەس.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کرایە سەر وێستگەی شەمەندەفەری شاری "کراماتۆرسک" لە ھەرێمی دۆنێتسک، لە رێگەی مووشەکی بالیستیی کورتمەوداوە ئەنجامدراوە و بەشێکە لە دڕندەیی روسیا لە ھێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکراین و پاساوەکانی مۆسکۆش بۆ بەشدارنەبوونی لەو ھێرشە رازیکەر نین.
رۆژی ھەینی ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر، لە شاری "کراماتۆرسک" لە ھەرێمی دۆنێتسک و بەھۆیەوە لانیکەم ٥٠ کەس کوژران، روسیا و ئۆکراینیش یەکتری بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، تا ئێستا لانیکەم ھەزار و ٦٢٦ مەدەنی کوژراون و دوو ھەزار و ٢٦٧ دیکەش برینداربوون.
ئاشکراشیکردووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکراین ١٦٩ منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٣٠٦ی تریش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێدەچێت ئاماری قوربانیانی شەڕی ئۆکراین زۆر زیاتر لەو ئامارانە بێت کە تۆمارکراون و بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، روسیا سوپاکەی لە ئۆکراین رێکدەخاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژەنەڕاڵ "ئەلیکساندەر دڤۆرنیکۆڤ"ی تەمەن ٦٠ ساڵی بۆ سەرپەرشتیکردنی سوپاکەی لە جەنگی ئۆکراین دیاری کردووە.
ھەرچەندە تائێستا روسیا بە رەسمیی ھیچی لەبارەی دانانی ئەو ژەنەڕاڵە نەوتووە و ھەواڵەکەی پشتڕاست یان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام بە پێی ھەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، ئەو ژەنەڕاڵە، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە سوریا، دەستی بە ئەرکە نوێیەکەی کردووە و ئامانج لە دانانیشی باشکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان یەکەکانی سوپای روسیایە لە ئۆکراین.