کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دوای 52 ساڵ لە مۆندیال یاری ئەنجام دەدات
سام
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دوای 52 ساڵ گەڕاوەتەوە مۆندیال و یەکەم یاری بەرانبەر پرتوگال ئەنجام دەدات.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی 2026 کە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردەیە کۆتا مۆندیال کە بەشداری کرد ساڵی 1974 بوو.
لەوکاتەدا کۆنگۆ ناوی (زائیر) بوو، ئەمەش ویستی سەرۆکی وڵاتەکە بوو کە ناوی (مۆبوتو سێسێ سێکۆ) بوو، بە دیکتاتۆر دەناسرا و هەرچی بویستایە ئەنجامی دەدا.
ئەنجامەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە کۆتا مۆندیال هیچ باش نەبوون، ئەوەش بوو بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی وڵات و دوای مۆندیالیش زۆربەی یاریزانەکان خۆری ژیانی وەرزشییان ئاوابوو.
لە یەکەم یاری مۆندیالدا، هەڵبژاردەکە بەرانبەر سکۆتلەندا بە ئەنجامی (2-0) شکستیهێنا، لە یاری دووەمیشدا بە ئەنجامی (9-0) بەرانبەر یوگۆسلاڤیا شکستیهێنا کە ئەمە یەکێکە لە ئەنجامە قورسەکانی مۆندیال، یاری سێهەمیش بە ئەنجامی (3-0) بەرانبەر بەڕازیل دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە مۆندیالی 1974، هیچ خالێکی بەدەستنەهێنا و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکرد، لە بەرانبەردا 14 گۆڵی لێ تۆمارکرا.
دوای 52 ساڵ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ گەڕاوەتەوە مۆندیال و لە کۆمەڵەی (پرتوگال – کۆڵۆمبیا – ئۆزباکستان)دایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 6ـی 2026، هەڵبژاردەی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لە یەکەم یاری خۆیدا لە مۆندیالی ئەمسال، سەعات 8ـی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان روبەڕوی هەڵبژاردەی پرتوگال دەبێتەوە.



