توماس وایت بەرپرسی ئۆفیسی غەززە لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوونی پەنابەرانی فەڵەستین تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشوری کەرتی غەززە قەیرانی ئاوی دروستکردووە، کە بووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوونی کوشندە.
راشیگەیاند، لە سێ شاری باشووری غەززە، پەمپی ٧٦ بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و ١٥ ئاوەڕۆ راوەستاون، ئەو دۆخەی بەھۆی تەواوبوونی سووتەمەنی سەریھەڵداوە، کاریگەریی لەسەر سەدان ھەزار کەس دروستکردووە.
باسی لەوەشکرد، نەبوونی سووتەمەنی بە واتای نەبوونی ئاو دێت و ئەوەش بووەتە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون لەنێو ئەو کەسانەی پەنایان ھێناوە بۆ قوتابخانەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و حاڵەتەکان ٤٠٪ زیادیانکردووە، ھەروەھا بەھۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە غەززە سکچوون دەبێتە حاڵەتێکی کوشندە.
حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەردۆغان لەو سەردانەیدا چاوی بە ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانک فالتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا لە بەرلین بکەوێت و کۆی پرسە سیاسییەکان تاوتوێ بکرێن، بە تایبەت جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل.
ئەوە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، پێشبینیشدەکرێت دانوستانەکان لەکاتی باسکردنی جەنگی غەززە گرژی تێبکەوێت، بە تایبەت کە ئەردۆغان ھەڵوێستی خۆی بەڕوونی دەربڕیوە و دژایەتی ئیسرائیل دەکات و ئیدانەی ھێرشەکانی ئیسرائیلیشی بۆسەر غەززە کردووە.
پارێزگاری ئامەد لە باکوری کوردستان رایگەیاند، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ھەموو جۆرە خۆپیشاندان و رێپێوان و چالاکییەکی بە کۆمەڵ، قەدەغەکراوە و رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە قەدەغەکردنەکە ھەڵدەگیرێت.
ئەو بڕیارەی پارێزگاری ئامەد لە کاتێکدایە، کە بڕیاربوو پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان"ھەدەپ"رایگەیاندبوو، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی رێپێوان بۆ پشتگیری لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
ھاوکات"تونجەر باکرھان"ھاوسەرۆکی "ھەدەپ"رایگەیاندبوو، بەشداری رێپێوانەکە دەکات.
پەرلەمانی نەرویژ پێشنیازێکی پەسەندکرد، کە تێیدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات ئامادەکاری بکات بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبێت.
ئەو پێشنیازە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانی نەرویژەوە پەسەندکراوە، سەرباری ئەوەی لەلایەن پارتی کرێکاران و ناوەڕاست کە کەمینەن، خراووەتەڕوو.
چەند وڵاتێکی ئەوروپای باکور وەک، ئایسلەندا و سوید و پۆڵەندا و کۆماری چیک و رۆمانیا دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە.
ئەو بڕیارەی پەرلەمانی نەرویژیش لەکاتێکدایە داواکارییەکان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت زیادیکردووە، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ جەنگی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دابنرێت، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە دەستیپێکردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەردانەیەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سەرەتا لەلایەن فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیاوە لە کۆشکی بێلڤیوی پێشوازی لێکرا و گفتوگۆیان لەبارەی شەڕی غەززە و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کردووە.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیلەوەکردەوە،کە دەبێت بە زووترین کات شەڕ لە کەرتی غەززە رابگیرێت و سەرۆکی ئەڵمانیاش ئاماژەی بەوەدا، کە ئیسرائیل مافی پارێزگاریکردن لەخۆی ھەیە، ھەردوولاش رێککەوتن لەسەر ئەوەی ھەوڵەکانیان یەکبخەنەوە بۆ راگرتنی شەڕی کەرتی غەززە.
دواتریش، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر ھەمان پرس کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە، نابێت ئیسرائیل بەردەوامبێت لە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان و خەڵکی مەدەنی کەرتی غەززە بە پاساوی پارێزگارکردن لەخۆی.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، چەند ئاماژەیەکی بەھێزیان دەستکەوبوو لەبارەی بوونی بارمتەکانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا و ئەمەش ھۆکاری ھەڵکوتانەسەر نەخۆشخانەکە بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت زانیاری ھەیە لەبارەی بارمتەکانەوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەڵگەکان ئاشکرابکات و باشترە زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکرێت.
ناتانیاھۆ دەشڵێت، ئیسرائیل ھەوڵی ئەوەدەدات ھاووڵاتییانی سڤیل زیانیان بەرنەکەوێت لەکاتی شەڕەکەیان لەگەڵ حەماسدا لە غەززە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، پێش بۆردومانەکان ھاووڵاتیانی غەززە لەرێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداردەکرێنەوە کە ئەو شوێنە جێبھێڵن، بەڵام ھەوڵەکانیان بۆ کوشتن و زیان گەیاندن بە ھاوڵاتییانی سیڤیل سەرکەوتوو نەبوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دوو سەربازەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژراون ھەردووکیان پلەی نەقیبیان ھەبووە و سەر بە لیوای نەگێڤی پیادەبوون.
بە کوژرانی ئەم دوو سەربازە ئیسرائیلییە، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە کاتی ھێرشە زەمینیەکەدا کوژراون بۆ ٥١ سەرباز بەرزبووەوە، بەوەش کۆی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا بۆ ٣٧٠ سەرباز بەرزبووەوە.
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە میانی پێکدادانەکانی لە شەڕەکانی باکوری کەرتی غەززە، دوو سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون.
میدیای رەسمی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ لە میسر دیدار و کۆبوونەوە لەبارەی ھاوکارییە تەندروستییەکان بۆ غەززە و گواستنەوەی برینداران و نەخۆشەکان بۆ تورکیا ئەنجامدرا، فەخرەددین کۆجا وەزیری تەندروستیی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لە تووشبووانی شێرپەنجە گەڕایەوە تورکیا.
راشیگەیاند، نەخۆشەکان دوای گواستنەوەیان لە غەززە کە لەژێر بۆردومانی چڕی ئیسرائیلدا بوون، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی عریش لە میسر و لەوێشەوە بە فڕۆکەکانی سەربە وەزارەتی بەرگریی گواسترانەوە بۆ تورکیا و لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لەلایەن تیمی تەندروستییەوە پێشوازیان لێکرا.
وتیشی، لە میانی گواستنەوەی نەخۆشەکاندا بۆ تورکیا، بەردەوام تیمێکی تەندروستیی کە لە نۆ کەسی شارەزا پێکھاتبوو چاودێری دۆخی نەخۆشەکانیان کردووە.
بنیامین ناتانیاھۆ رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیسرائیل بە وڵاتێکی تیرۆر ناودەبات، بەڵام خۆی پشتیووانی لە "حەماسی تیرۆریست" دەکات و گوندەکانی وڵاتەکەی خۆی بۆردومان دەکات، ھەربۆیە ئیسرائیل ھیچ ئامۆژگارییەکی لێوەرناگرێت.
رۆژی چوارشەممە، ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل وڵاتی تیرۆرە و کۆمەڵکوژیی لە غەززە دەکات، ھەروەھا حەماسی بە حزبێکی سیاسی و جوڵانەوەیەکی رزگاریخوازی نیشتمانی ناوبرد.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کالیفۆڕنیا پێشوازیکرد لە شی جین پینگ، سەرۆکی چین کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دوایین پێشھاتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد، لەنێویشیاندا پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەمریکا جەختیلەوەکردەوە، نابێت رکابەرییەکانی نێوان ئەمریکا و چین فراوانتربێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و ئامانجیانە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا ئاسایی ببێتەوە، بەجۆرێک لە کاتی قەیرانەکان ھەماھەنگییان لەنێواندا ھەبێت.
لەبەرامبەریشدا، سەرۆکی چین خواستی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نیشاندا و وتی، نابێت دوو وڵاتی زلھێزی وەک ئەمریکا و چین دژ یەک بوەستنەوە و بە رەسمی شەڕ دژی یەک رابگەیەنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی ھەیە و ھەڕەشەی بەکارھێنانی دەکات، گرنگ نییە چی ھەیە، بەڵام دەبێت ناتانیاھۆ وازبھێنێت و بڕوات.
راشیگەیاند، ئیسرائیل ستراتیجیەتی لەناوبردنی تەواوی شار و ئەو کەسانەشی تێیدان جێبەجێدەکات، بۆیە بە راشکاوانە و بە دڵێکی ئارامەوە دەڵێت ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆرە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە کوشتار بەو شێوەیەی ئێستا، ئەوا خۆی خۆی بە دەوڵەتێکی تیرۆرستی نەفرەت لێکراو لە سەرتاسەری جیھان دەناسێنێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان دوودڵ نابن چونکە کەسانێک بێزارن لەو لێدوانەی کە ئەندامانی حەماس بەرخۆدان دەکەن و ھەوڵی پاراستنی نیشتمان و ژیانیان دەدەن.
ئاژانسی فرانس پریس بڵاوکردەوە، دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا چوار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆککوماری سوریا دەرکرد، بە تۆمەتی ھاوبەشیکردن لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لە ھێرشەکانی گازی سارین کە لە ٢١ی ئابی ساڵی ٢٠١٣ کردیەسەر غوتەی رۆژھەڵات و موعادمیەی شام لە نزیک دیمەشق بەوھۆیەشەوە زیاتر لە ھەزار کەس کوژران.
دادوەری فەرەنسا جگە لە ئەسەد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای دیکەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەرکردووە لەوانە، برای بەشار ئەسەد کە فەرماندەی فیرقەی چوارەمە لە سوپای سوریا و بەڕێوەبەری لقی ٤٥٠ی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی سوریا، بەسام حەسەن راوێژکاری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی و ئەفسەری پەیوەندی نێوان کۆشکی سەرۆکایەتی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی و چەند کەسێکی دیکە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، ئەمریکا بەپێی سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی پێدەچێت بیەوێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگاتە دەرەوەی سنوری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جگە لە ئاگربەستێکی مرۆیی نایەوێت شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنەش رابگیرێت، چونکە رەنگە بەرژوەندییەکانی لە بەردەوامی شەڕدا بێت نەک ئاشتی.
وتیشی، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تائێستا ھەستیان بەوە نەکردووە ئێران و لوبنان بیانەوێت ببنە بەشێک لەو شەڕە و ھیچ کاتێکیش نەیانویستووە شەڕەکە فراوانتر ببێت.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوانی کەرتەکە بەرزبووەتەوە بۆ ١١ ھەزارو ٥٠٠ کوژراو ھەروەھا ٢٩ ھەزار و ٨٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەنێو کوژراوەکاندا چوار ھەزار و ٧١٠ منداڵ و سێ ھەزارو ١٦٠ ژن ھەیە و ھاوکات بە ھەزاران کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، نەتەوەیەکگرتووەکان ھۆشداری لەنەمانی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە دەدات و رایدەگەیەنێت، دۆخی خەڵکی کەرتی غەززە لەمەترسیدایە.
ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رەوشی کەرتی غەززە بەھۆی ھێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لەو پەڕی خراپیدایە و بەرەو کارەساتی مرۆییش ھەنگاو دەنێت، بەڵام زۆربەی وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراون بێدەنگن و ھیچ ھەڵویستێکیان نییە.
وتیشی، ئەگەر منداڵێک لە ئۆکراین بڕفێنرێت یان بکوژرێت و روسیای لەسەر تۆمەتبار بکرێت، دادگای نێودەوڵەتی تاوان سەدان لێکۆڵینەوە دەکات و لیژنەی بۆ پێکدەھێنێت، بەڵام تەنھا لەماوەی ٤٠ رۆژدا ھەزاران منداڵ لە غەززە کوژراون کەچی ئەو دادگایە بە یەک و شەش باسی ناکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پێویستە پارێزگاریی لە نەخۆشخانەی شیفا بکرێت و لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدان و ھیوادارن ھیچ داگیرکارییەک لە نەخۆشخانەی شیفا روونەدات.
بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، نەخۆشخانەی شیفا، ئاو و کارەبای لێبڕاوە و نەخۆشخانەکە نزیکە لە لەکارکەوتن، لە رۆژی شەممەوە تاکو رۆژی دووشەممە، ٣٤ نەخۆش لە نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستداوە، کە حەوتیان منداڵ بوون.