بەپێی ئەو ئامارانەی لێپرسراوانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ٣٤ کەس لە ئەمریکا بەھۆی بەفربارینەوە گیانیان لەدەستداوە، شاری "بوفالو"ش لە ویلایەتی "نیویۆرک" زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
ھاوکات لە کەنەداش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ھەرێمی "ئونتاریۆ" و "کیبیک" زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
لێپرسراوانی ویلایەتەکانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، ھەزاران گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێندراونەتەوە و بەشێکی زۆر لە ھاووڵاتیان ناتوانن بۆ بەسەربردنی سەری ساڵ بچنە لای خێزانەکانیان، کارەباش لە زۆرینەی شوێنەکان بڕاوە.
لەلایەکی ترەوە لە نەمسا بەھۆی ھەرەسھێنانی بەفر لە ناوچەیەکی تایبەت بە خلیسکێنەی سەر بەفر، دوو کەس بێسەروشوێنن و چەندین فڕۆکە و ھەلیکۆپتەر بۆ دۆزینەوەیان ئامادەکراون.
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسەدا کرا کە ڕۆژی ھەینی ھێرشی بۆ سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا و دەوروبەری ئەنجامدا و سێ کوردی کوشت و سێ کەسی تریشی بریندار کرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نوسینگەی داواکاری گشتی پاریس ئاشکرایکرد کە گومانلێکراوەکە تۆمەتی ھەوڵی کوشتن و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی ئاڕاستە کراوە و تۆمەتبارەکەش دوای دەستگیکردنی دانیناوە بەوەی کە کەسێکی رەگەزپەرستە.
رۆژنامەی دی وێڵتی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئەڵمانیا لە پێشەوەی وڵاتانی ئەوروپایە کە زۆرترین داوای مافی پەنابەرێتی بۆ ھاتووە، بەجۆرێک ئەمساڵ زیاتر لە ١٩٠ ھەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتیان لەو وڵاتە کردووە، کە ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٥٧% زیادیکردووە، بە دوای ئەڵمانیادا فەڕەنسا بە زیاتر لە ١١٥ ھەزار داواکاری و ئیسپانیا بە ١١١ ھەزار داواکاری لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان.
راشیگەیاند، ٢٧%ی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردووە ھاووڵاتیی سووریین و ١٠%یان ھاووڵاتیی تورکیان، ھەروەھا دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ٣٠٢ ھەزار پەنابەریان ئاگادارکردووەتەوە کە خاکی ئەڵمانیا بەجێبھێڵن.
لەلایەکی ترەوە بەپێی ئاماری نوسینگەی فیدڕاڵیی کۆچبەر و پەنابەرانی ئەڵمانیا، لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ١٢ ھەزار و ٦٩٩ کوردی باکووری کوردستان داوای پەنابەرێتییان پێشکەشی ئەڵمانیا کردووە، لەو ژمارەیەش داواکاری سێ ھەزار و ٨٤٧ پەنابەریان رەتکردووەتەوە.
داواکاری گشتی فەڕەنسا رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارەی سێ ھاووڵاتی کوردی لە پاریس کوشت راگیراوە و رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی سەر بە پۆلیس کراوە.
وتیشی، ئەو پزیشکەی پشکنینی بۆ تۆمەتبارەکە کردووە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە رەوشی تەندوستی رێگە نادات لە ناوەندی دەستبەسەرکردن بمێنێتەوە و ھەر کاتێک رەوشی تەندروستی گونجابوو، دەبرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
داواکاری گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە بەردەوامە و تۆمەتبارەکەش کە ناوی ویلیەمە و تەمەنی ٦٩ ساڵە دانی بە تاوانەکە ناوە و پێشتریش پلانی بۆ ھێرشکردنە سەر رەوەندی کوردی داناوە بە پاساوی رق و رەگەزپەرستی.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتێکدا نوسیویەتی، دڵنیان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ھێرشبەرەکانی پاریس ئاشکرادەکەن و داواش دەکات ھاوکارییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر فراوان بکرێت.
دەڵێت ھێرشەکە دۆزی کوردی کردووەتە ئامانج و جێگەی شەرمەزارییە.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای ئیدانەکردنی ھێرشکردنە سەر ناوەندێکی رۆشنبیریی کوردی لە پاریس کەبووە ھۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی سێ کەسی تر، ھاوخەمی خۆشیان بۆ رەوەندی کوردی و کەسوکاری قوربانیان و گەلی فەڕەنسا دەردەبڕن.
ھاوکات، ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەوەی روویدا ھێرشێکی مەترسیدار بوو کە پاریس و تەواوی فەڕەنسای ھەژاند و خۆیان بەھاوخەمی کەسوکاری قوربانیان دەزانن.
سەرۆکی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لەبری دەستەواژەی ( ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت) لە ئۆکراین دەستەواژەی ( جەنگ)ی بەکارھێنا و ھیوای خواست جەنگەکە بەزووترین کات کۆتایی بێت.
نیکیتا یوڤیریڤ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارھێنانی دەستەواژەی جەنگ لە لایەن پوتنەوە لەبارەی لەشکرکێشی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراین رایگەیاند، لەبەر بڵاوکردنەوەی ھەواڵی چەواشەکاری ھەوڵدەدات رێوشوێنی یاسایی لە دژی پوتن بگرێتەبەر .
لای خۆشیەوە، نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ٢٤ی شوباتەوە ئەمریکا و جیھان دەزانن ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەتی پوتن لە ئۆکراین جەنگێکی دوژمنکارانەی بێ پاساوە و دوای ٣٠٠ رۆژ پوتن دەستەواژەی جەنگ بەکاردەھێنێت، ھیوادارن ھەنگاوی داھاتووی پوتن داننان بێت بە راستییەکان و کۆتایی بە جەنگەکە بھێنێت.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کالیفۆڕنیا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی ئێرانی کۆبووەتەوە و لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وتویەتی، ھەڵسوکەوت و سیاسیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران بووەتە ھۆی ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بە یەکجاری بمرێت و ئەستەمە بتوانرێت زیندوو بکرێتەوە.
لە بەرامبەریشدا حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ھەموو ھەوڵ و نیەتێکی وڵاتەکەی بۆ ئەوە بووە رێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکرێتەوە و مەرجی سەرەکیشیان ھەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بووە، وتیشی، تائێستاش دەرگایان بۆ گفتوگۆ کرایەوەیە لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام پێویستە وڵاتانی تر ئەو راستەییە بزانن کە بۆ ھەمیشە دەرگایان کراوە نابێت.
رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ریزبەندی بۆ ئەو وڵاتانە کردووە کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ تا ئێستا ھاوکاری ئۆکراینیان کردووەو ئەمریکا بە پێشکەشکردنی ٤٧ ملیار یۆرۆ زۆرترین ھاوکاری سەربازی پێشکەش بەو وڵاتە کردووە.
ھەروەھا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە بڕی ١٦ ملیار یۆرۆ ھاوکاری ئۆکراینیان کردووەو کۆی ھاوکارییەکانی سندوقی یەکێتی ئەوروپاش گەیشتۆتە ٣٠ ملیار یۆرۆ.
ژمارەکان کە لەلایەن پەیمانگای ئابوری جیھانییەوە ئاشکراکراون ، پشتیوانییە نھێنییەکان و خەرجی داڵدەدانی ئاوارەکانی ئۆکراین و ھاوکاری رێکخراوە مرۆییەکان ناگرێتەوە.
وەزارەتی ئابوری ئەڵمانیا رایگەیاند، وەک پشتیوانییەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران، گەرەنتی قەرزی ھەناردەو وەبەرھێنانی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەتەواوەتی ھەڵًدەپەسێرێت، تەنھا بۆ حاڵەتەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ چاوپۆشی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھۆی مەترسی لە رادەبەدەری رەوشی ئێران پلانی ئابوری و بەتایبەت گفتوگۆکان لەبارەی کێشەکانی وزە رادەگرێت.
لەلایەکی تریشەوە ٤٣ پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات لە پەرلەمانی ئەڵمانیا داوایانکرد، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان. بەوتەی ژمارەیەک پەرلەمانتار ، دەسەڵات لە ئێران بە سەرکوتکردنی گەلەکەی بەرگری لەمانەوەی دەکات و شەرعیەتی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی شاری تسینگتاو کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠ ملیۆن کەسە ئاشکرایکرد، رۆژانە ٤٩٠بۆ ٥٣٠ ھەزار تووشبووی کۆرۆنا لە شارەکەیاندا تۆمار دەکرێت و تا کۆتایی پشووی ئەم ھەفتەیە تێکڕای توشبوون بەرێژەی لەسەدا ١٠ بەرز دەبێتەوە.
بە بڕوای پسپۆڕانی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەکان، لەسەرەتای مانگی داھاتوو تەشەنەی کۆرۆنا لە چین بە گشتی و لە شارە گەورەکانی وەک بەیجین دەگاتە لوتکە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەسەڵاتدارانی چین لەژێر فشاری ناڕەزایی ھاووڵاتیان، دەستبەرداری رێکارە بنەڕەتییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەوەش وایکرد جارێکی تر ئامارەکان توشبوون بە کۆرۆنا روو لەبەرزبوونەوە بکەن.
بۆ ئیدانەکردنی ھێرشەکەی دوێنێی سەر ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد کایا کە لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە ئەنجامدراو بەھۆیەوە ٣ کورد کوژران و سیانی تریش برینداربوون، بۆ رۆژی دووەم رەوەندی کوردی لە پاریس خۆپیشاندانی دەستپێکردو بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم داوای لە پۆلیسی ئەو وڵاتەکرد لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە و پاڵنەرەکانی بکات و پارێزگاری لە رەوەندی کوردی لە فەرەنسا بکات.
ھاوکات میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە، ئەنجامدەری ھێرشەکە کە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵە لەکاتی دەستگیرکردنیدا وتوویەتی کەسێکی رەگەزپەرستە بۆیە ئەو کارەی کردووە، سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئاشکرایکرد، ئەمرۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامبووە بۆ زانینی پاڵنەری کارەکەی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا جانتایەکی بچوکی پێبوە کە دوو بۆ سێ مەخزەنی پڕ لە فیشەکی تێدا بووە.
رێکخراوی یونیسێف ئاشکرایکردوە، بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ژینگەو جەنگ و کەمی دانەوێڵە، لە ھەرسێ وڵاتی سۆماڵ و کینیا و ئەسیوبیا ٢٠ ملیۆن منداڵ رووبەرووی برسێتی توند و نەخۆشی و تیونێتی بوونەتەوە لەکاتێکدا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا تەنھا ١٠ ملیۆن منداڵ بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەرسێ وڵات نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ دووچاری بەدخۆراکی توند بوون پێویستیان بە چارەسەرە ، ٢ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵیش بەھۆی وشکە ساڵییەوە ناچنە قوتابخانەو ٤ ملیۆن منداڵی تریش رووبەرووی مەترسی وازھێنان لە قوتابخانە بوونەتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، شەپۆلێکی بەھێزی بەفربارین زۆربەی ویلایەت و شارەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە و لە ویلایەتەکانی شیکاگۆ و ئۆکلاھۆما و ئۆھایۆ و کنتاکی و میسوری و کانساس چەندین رووداوی ھاتوچۆ تۆمارکراون و بەھۆیانەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی بەفربارینەوە لە ٢٤ سەعاتی رابردوو لە ئەمریکا ٥ ھەزار و ٧٠٠ گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنراونەتەوە.
میدیاکانی کەنەداش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە شارەکانی ئۆنتاریۆ و کیبیک و ئۆتاوا و تۆرینتۆی بەفرێکی زۆر باریووە و بووەتە ھۆی راگرتنی خوێندن و دەوامی فەرمانگە حکومییەکان و داخستنی زۆربەی رێگە سەرەکییەکان لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە چوار ھەزار گەشتی ئاسمانی.
جینگ شوان، جێگری نوێنەری ھەمیشەیی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەخنەی لە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا گرت و جەختی کردەوە لە گرنگی راگرتنی ئەو ھێرشانە.
نوێنەری چین وتیشی، سوریا خاوەن سەروەری خۆیەتی، بەڵام تورکیا دەیان جار ھێرش و ئۆپراسیۆنی بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و سەروەری خاکەکەی بەزاندووە.
لە بەرامبەردا، "فریدون ھادی سینیرلی ئۆغلۆ" نوێنەری تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی، ھیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە رێنماییان بکات و تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە سنور و گەلەکەی بکات.
لەلایکی ترەوە، ھەردوو پارتی گەلی دەسەڵاتدار و پارتی سەوزی نەمسا پێشنیارێکیان بۆ ئیدانەکردنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنورەکانی رەتکردەوە، کە پێشکەشی پەرلەمانی نەمسا کرابوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەوە.
داواکاری گشتی فەڕەنسا رایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو رووداوە کردووەتەوە کە بە رووداوی تیرۆرکردن و کوشتنی بەئەنقەست ناویبردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گومانلێکراوێکی رووداوەکە دەستگیرکراوە کە پیاوێکە و تەمەنی لەنێوان ٦٠-٧٠ ساڵیدایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
وتیشی، ئەو بڕیارە تێچووی زۆری دەوێت و سەرناکەوێت، بە ھەموو شێوەیەکیش پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاساکانی پەنابەرانی نێودەوڵەتییە.
حکومەتی بەریتانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ گرێبەستێکی بە بەھای ١٢٠ ملیۆن جونیەی ئستەرلینی لەگەڵ رواندا ئیمزاکرد، کە بەپێی ئەو گرێبەستە بەریتانیا کۆچبەرانی نایاسایی دەنێرێتە رواندا و لەوێ ھەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکانیان دەکرێت.
لە مانگی حوزەیرانی رابردووشدا کە بڕیاربوو یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بنێرێنە رواندا، لە کۆتا ساتدا دواخرا، دوای ئەوەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستوەردانی لە بابەتەکە کرد.