ئیسحاق ھێرتزوگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەن بۆ چوونە ناو ئاگربەستێکی تر لەگەڵ حەماس لە پێناو ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی یارمەتیی زیاتر بۆ غەززە.
ھاوکات پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی تر لانی کەم بۆ ماوەی یەک ھەفتە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ٣٠ بارمتە لەلایەن حەماسەوە.
دەشڵێت، ئیسرائیل سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، لەکاتێکدا حەماس دەڵێت، تاکو شەڕ بەردەوام بێت دانوستانەکان دەستپێناکەنەوە.
ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگیریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پۆڵەندا ھات، کە گفتوگۆیان کرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی راوەستانی شەڕ و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەی زیاتر.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەسەندکردنی ھاوکاریکردنی ئۆکراین بە بڕی ٦١ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە لە ئەمساڵدا بەھیچ شێوەیەک روونادات و لەئێستادا دانووستانکاران لەنێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە دەکەن، کە پەیوەستە بە کاروانی ھاوکارییەکانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین، رێگەخۆشکەرە بۆ کاروانی ھاوکارییەکانی ئەمریکا و چاوەڕوان دەکرێت، لە سەرەتای ساڵی داھاتوو پرسی ناردنی ھاوکاری لە ئەمریکاوە و بۆ ئۆکراین یەکلایی بکرێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا واشنتۆن زیاتر لە ٤٣ ملیار دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشکەشکی کێیڤ کردووە و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش جەخت لە ھاوکاریکردنی ئۆکراین بە زووترین کات دەکاتەوە.
میدیای رەسمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان گەیشتووەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و چاوی بە ئیسماعیل ھەنیە کەوتووە و گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی غەززە و ھێرشەکانی ئیسرائیل کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل ھەنیە رایگەیاند، دوای تیپەڕبوونی ٧٥ رۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕدا، بەڵام ھێشتا بەرگرییەکانی بەھێز و توند دەکەن.
راشیگەیاند، گوومانیان نییە کە ئیسرائیل ھێرشەکانی لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بۆ سەر خەڵکی غەززە فراوان کردووە.
بەپێی میدیای ئێران، ئەوە چوارەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانە بۆ دەوحە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕ لە غەززە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە تاران رایگەیاند، سێ رۆژە بە بڕیاری حکومەتی ئێران، خوێندنگە سەرەتاییەکان لە شاری تاران و دەوروبەری، بەھۆی پیسبوونی ھەواوە داخراون.
راشیگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا تەنھا نۆ رۆژ ھەوای خاوێن لە تاران ھەبووە، لە سەرەتای وەرزی پایزیشەوە رێژەی پیسبوونی ھەوا زۆر زیادیکردووە. ئەوەش وایکردووە حکومەت بڕیاری داخستنی خویندنگەکان بدات.
بە وتەی پەیامنێری کوردسات نیوز، بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی کۆن و بەکارھێنانی نەوتی رەش لە ناوەندە پیشەسازییەکان، ھۆکاری سەرەکیین بۆ پیسبوونی ھەوای تاران و شارە گەورەکانی ئێران.
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ھەماھەنگیدایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارێک، کە تێیدا داوا لە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکرێت رێگە بە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە بدەن و میکانیزمێکی چاودێری بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پێکبھێنن، بۆ ھاوکارییە مرۆییەکانی لە داھاتوودا دەگەیەندرێتە ناوچەکە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممەش کۆبووەوە و دانوستانی چڕی کرد سەبارەت بە ناردنی ھاوکارییەکان، ئێوارەی دووشەممەش بڕیاردانی لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە دواخست، بۆ زانینی رای ئەمریکا لەسەری.
پێشتریش ئەمریکا دژی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەستایەوە کە لەلایەن سەرجەم ئەندامیانەوە پشتیوانی دەکرا، بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
دادگای باڵا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گونجاو نییە بۆ ئەوەی کێبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکات لەو ویلایەتە، بەھۆی ئەوەی رۆڵی ھەبووە و ھانی یاخیبووانی داوە لە ھێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠٢١دا.
ئەو بڕیارەش دوای ئەوە ھات کە لە کۆی حەوت دادوەری دادگای باڵای کۆلۆرادۆ چواریان دەنگیان بەوەدا کە ترەمپ مافی ئەوەی نییە لەو ویلایەتە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارەش، تیمی کەمپینی بانگەشەی ترەمپ رایگەیاند، بڕیارەکە نا دیموکراسیانەیە و تانەی لێدەدەن و لە دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا سکاڵا تۆماردەکەن.
ئەو بڕیارەی دادگای کۆلۆرادۆ یەکەمین جارە دەربکرێت، کە تێیدا کاندیدێک بە نەشیاو بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی وەسف بکرێت، بڕیارەکەش بەپێی ماددەی سێ لە ھەمواری چواردەیەمی دەستوری ئەمریکا دراوە.
لەیس دراغمە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی رێکخستنی پەیوەندییەکانی فەڵەستین رایگەیاندووە، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، مۆلیدەکانی کارەبا تایبەت بە بنکەی سەرەکی ھێڵەکانی پەیوەندی لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بەھۆیەوە سەرجەم ھێڵەکانی ئینتەرنێت وەستاون.
وتیشی، پێدەچێت چارەسەرکردنی کێشەی بچڕانی ھێڵەکانی ئینتەرنێت ماوەیەکی زۆری بوێت، چونکە تیمەکانیان بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ناتوانن بەردەوام کاری تێدا بکەن، بەڵام ئەگەر بۆردومان رێگە بدات تەنھا لەماوەی ١٠ سەعاتدا کێشەکە چارەسەر دەکەن.
رێکخراوی یونسێفی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ھۆشداریداوە لە کەمبوونەوەی دەرمان و ئاو و خۆراکی پێویست بۆ ئاوارەکانی غەززە بەتایبەت بۆ منداڵە ئاوارەکان.
رێکخراوەکە دەڵێت، ھەر منداڵێک رۆژانە کەمتر لە یەک لیتر ئاوی بەردەکەوێت کە پێویستە بەلانی کەمەوە بۆ تەواوی پێداویستییەکانیان بگاتە ١٥ لیتر، ئەوەش وادەکات لە رۆژانی داھاتوودا شاھیدی مردنی زیاتری منداڵە ئاوارەکان بن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نیوەی ئاوارەکانی ناو شاری رەفەح باشوری غەززە، لە منداڵان پێکدێن، ھەربۆیە زۆربەیان دووچاری تینوێتی و برسێتی و سکچوون دەبنەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەسەدان ھەزار کەس ئاوارەی باشوری غەززە بوون، کە نیوەیان منداڵن و گەیشتونەتە شاری رەفەح.
میدیای رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕی کردووە، لە جۆری ھواسونگ ١٨، ئەوەش لە چوارچێوەی مەشق و راھێنانەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو و دەرخستنی تواناکانیان، کە مووشەکەکە توانای ھەیە بگاتە وشکانییەکانی ئەمریکا.
میدیای رەسمی کۆریای باکور لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاویکردەوە، ئەو تاقیکردنەوەیە ئاماژەیەکی روونە بۆ وڵاتە دوژمنەکان کە ھێزی کۆریای باکور وێنەی نییە.
کۆریای باشوریش رایگەیاند، ئەو مووشەکەی پیۆنگ یانگ تاقیکردووەتەوە کیشوەربڕە و بە سوتەمەنی رەق ئیش دەکات، لەگەڵ وڵاتانی ژاپۆن و ئەمریکاش ئیدانەی ئەو تاقیکردنەوەیان کرد.
دەستەی بومەلەرزەزانی ئەمریکی بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری رێختەر ھەرێمی "غانسو"ی لە باکوری رۆژئاوای چین ھەژاند، بەھۆیەوە زۆرێک لە خانووەکان رووخاون و ھاووڵاتیان بەرەو شەقامەکان رایانکرد، ھەروەھا ئاو و کارەبا لە چەند گوندێکیش بڕاوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە ١١٦ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی تریش برینداربوون و بێسەروشوێنن.
شی جین پینگ سەرۆکی چین داوای کردووە ھەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی کەسانی بێسەروشوێن و بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا، پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ١٠ وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور لەژێر ناوی "دەستپێشخەریی ئاسایشی فرەنەتەوەیی" ڕاگەیاند، کە لەنێویاندا وڵاتێکی عەرەبی ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی کە ئازادی کەشتیوانیان دەوێت دەبێت بچنە ناو ھاوپەیمانیەکەوە و رووبەرووی ئەو ئاڵنگاریانە بیبنەوە کە حوسیەکان لەو ناوچەیە دروستیانکردووە.
ئۆستین راشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی بەشداری ئەو ھاوپەیمانیەی کردوە بریتین لە بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ھۆڵەندا، نەرویژ، سیشێل و ئیسپانیا.
تەندروستی غەززە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی بۆردومان و ھێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٢١٤ کەس کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژران بەرزبووەتەوە و تا ئێستا ١٩ ھەزار و ٦٦٧ کەس کوژران و کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ھەروەھا ٥٢ ھەزار و ٥٨٦ کەس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا زیاتر لە حەوت ھەزار کەس بێسەروشوێنن کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، گومان دەکرێت لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا مابنەوە.
سێرگی شوەیگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراین لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢، نزیکەی ٣٨٣ ھەزار سەربازی ئۆکراین کوژراون.
دەشڵێت، ئۆکراین لە ١٥ وڵاتەوە ھاوکاری سەربازی و لۆجیستی وەردەگرێت کە ھەمووی قەرزە و دەبێت دواتر بیداتەوە.
لەلایەکی ترەوە سوپای ئۆکراین ئاماری زیانەکانی سوپای روسیای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ٣٤٨ ھەزار و ٣٠٠ سەربازی روسیا بەھۆی ھێرشەکانی سوپای ئۆکراینەوە کوژراون.
ڕێکخراوەکە کە بارەگای لە نیویۆرکە لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، حکومەتی ئیسرائیل برسیکردنی خەڵکی مەدەنی وەک تاکتیکێکی نوێی شەڕ لە کەرتی غەززە بەکاردەھێنێت کە ئەوەش تاوانە جەنگە.
ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕێگە لە گەیشتنی ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و ھاوکارییە مرۆییەکان دەگرێت بۆ غەززە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە کشتووکاڵیەکان وشک دەکات.
عومەر شاکر، بەڕێوەبەری کاروباری ئیسرائیل – فەلەستین لە ڕێکخراوەکە دەڵێت، زیاتر لە دوو مانگە ئیسرائیل دانیشتوانی غەززەی بێبەش کردووە لە ئاو و خۆراک و کەرەستەی پێویست بۆ مانەوەی خۆیان لە ژیان.
ئەو بەرپرسە پێیوایە کە دەبێت سەرکردەکانی جیھان دەنگیان بەرز بکەن دژی ئەم تاوانە جەنگییە قێزەونە، کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر خەڵکی غەززە ھەیە.
جەواد عوجی، وەزیری نەوتی ئێران ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە کە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی بەنزینخانەکانی سەرانسەری ئێران ھۆکارەکەی ھێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە.
ئەو گروپە ھاکەرە توانیویانە ٧٠٪ی بەنزینخانەکانی ئێران لەکاربخەن، ھاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران کارەکانی گروپەکەی خستە پاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
گروپە ھاکەرەکە لە ڕابردووشدا بەرپرسیارێتی ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانییان دژی بەنزینخانەکانی ئێران و تۆڕەکانی ھێڵی شەمەندەفەر و کارگەکانی پۆڵا ڕاگەیاندبوو.
ساڵی ٢٠٢١ گروپەکە ھێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی لە وێستگەکانی سووتەمەنی ئەنجامدا و بووە ھۆی ئەوەی خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا بۆ وەرگرتنی بەنزین ڕیز بگرن.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل وڵاتێکی بچوکە، بەڵام لەلایەن حەماسەوە ھێرشێکی دڕندانەی کراوەتەسەر و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی ئیسرائیل و بیر لە باشترین رێگا دەکەنەوە بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە و واشنتۆن یارمەتی تەل ئەبیب دەدات بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ئۆستن راشیگەیاند، پێویستە ھاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارەبوون و پێویستیان بە یارمەتی خێرایە.
ھاوکات بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل شەڕی ئێران و ئەو گروپانە دەکات کە لە خۆیەوە نزیکن، بەتایبەت ئەو ھەڕەشانەی کە لە دەریای سووردا ھەیە چونکە ھەڕەشەیە بۆسەر ئازادی گەشتکردن لە جیھاندا.